=KTML_Bold=قاقای گریانی نەتەوەیەک=KTML_End=
#مەحموود نەجمەدین#
=KTML_Bold=دەوڵەت وەک چلەی زستان ھەڵیکوتایە سەر شار=KTML_End=
مراد ئۆزیاشار لەو نووسەرە مۆدێرنانەی ئەمڕۆی نێوەندی ئەدەبیاتی تورکیایە، وەکو یەشار کەمال کوردە، بە تورکی و بە کوردی ژان و ناسۆری نەتەوەکەی دەنووسێتەوە. ئەوەی مراد بە شێوازێکی مۆدێرن دەیگێڕێتەوە چیرۆکی کۆڵانەکانی #ئامەد#ە. چیرۆکی ھەژاری و بێنەوای و سڕکردنی نەتەوەی کوردمان بۆ دەنووسێتەوە. لەتوێی زمانێکی باڵای شیعرییدا بە رستە کورتەکانی رووی تاریک و تۆقێنەری ئەو دەوڵەتە زەبەلاحە نیشاندەدات.
مراد لە ھەندێک چیرۆکدا زۆر بەکورتی، بە رستەیەکی کورت وێنەی تراژیدیایەک، یان برینێکی قووڵ ئاڵدووز دەکات. وەک چۆن ھونەرمەندێکی شێوەکار بە ھێڵێکی سوور لەسەر تابلۆکەی وێنەی رووبارێک خوێن دەکێشێ، ئەو بەو چەشنە و بە رستەیەکی کورت وێنای برینێکی قووڵ دەکات و بە یەک رستە دڵی رەقی دەوڵەتێکی زەبەلاح دەسمێ.
ئۆزیاشار کار لەسەر چڕبوونەوەی مانا دەکات. زەردەقاقا بەگشتی چیرۆکی درێژنین، ھەندێکیان زۆرکورتن، ئەمما پەیامێکی گەورەیان ھەڵگرتووە. گێڕانەوە دەچێتە نێو دنیایەکی پڕ لە ئاریشە و ململانێی سیاسی و چیرۆکی حەلاندن و لەناودانی نەتەوەی کورد بەدرێژایی سەدان ساڵ.
زمان لەم بەرھەمەدا کوردییەکی رەوان و جوانە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ توانا و سەلیقەی وەرگێڕ بە کوردییەکی جوان ئەم بەرھەمەی لە تورکییەوە وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی، لەپاڵ ئەو کوردییە جوان و رەوانەدا، زمانی شیعریی بەسەر گێڕانەوەدا زاڵە، لە ناونیشانی کتێبەکەوە زەردەقاقا زمانی شیعریی دەبینرێ، لە ناوەڕۆکیشدا بەر چەندین رستەی شیعریی دەکەوین. زمانی شیعریی لێرەدا بە قازانجی ئەو رستە قورسانەیە، کە ناتوانرێ راستەوخۆ بنووسرێ یانژی بگوترێ. ئەو زمانە شیعرییە لە زۆر چیرۆکدا بە یەک رستەی کورت و خێرا لە زاری کارەکتەرەکانەوە دەچێتە دنیای سیاسەت و باسی گەریلاکانی شاخ. لە چیرۆکێکدا سەبارەت بە گەریلا دەڵێت ئەوانە تیرۆریست نین. ئەم بابەتە لەوانەیە کەمێک سەیربێ، ئەم رستانە چۆن لە قەیچی سانسۆری دەوڵەت رزگاریان بووە!؟. دەوڵەتێکی وەک تورکیا کە ھەمیشە سەرقاڵە بە تیرۆریستکردنی گەریلاوە، کەچی چیرۆکنووسێک دەڵێ گەریلا تیرۆریست نییە. تورکیایەک ھەموو ھەوڵی خۆی خستۆتەگەڕ تاوەکو گەریلا وەک تیرۆریست بناسێنێ، سوپاکەی لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان بە دەبابە و چەکی قورسەوە بە شوێن گەریلادا وێڵن. پەیامی دەوڵەت ھەمیشە لەسەر پرسی بە تیرۆریستناساندنی گەریلایە، کەچی نووسەرێکی کورد بە زمانی تورکی دەڵێ گەریلا تیرۆریست نییە! و کتێبەکەش چاپەمەنیی دۆغان کتێب چاپی کردووە، کە یەکێکە لە چاپەمەنییە ناودارەکانی تورکیا.
من پێموایە ئەم بابەتە پەیوەندی بە تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێتەوە ھەیە، زانست گەیشتووەتە ئاستێکی ئەوەندە بەھێز ئیدی سانسۆر ھیچ رۆڵێکی نییە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی ھەشتاکان لە تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا قەیچی سانسۆر زۆر تیژبووە و چەندین شاکاری ئەدەبی وەک رۆمانی رێگای محەممەد مەولوود مەم لەبەر تیژیی چەقۆی سانسۆر چاپ نەکراون. کەچی لەم رۆژگارەدا چ لە ئێران و چ لە تورکیا ھەندێک کتێب دەخوێنینەوە بەلامانەوە سەیرە چۆن لە قەیچی سانسۆر بە سەلامەتی دەربازبووە!؟. هیچ قسەی تێدا نییە دوژمنانی کورد حەزناکەن کورد هەناسەش بدات. نەک بنووسێ، بەڵام کورد بە باشی هەناسە دەدات و چاکیش دەنووسێ و بەردەوامە. ئەدی ئەم جۆرە نووسینانە کە بە دڵی داگیرکەرنین، چۆن لە ددانی تیژی سانسۆر بەسەلامەتی دەربازبوون؟! ئەز وای دەبینم ئەم بابەتە پەیوەندی بە دنیای تازە و سەردەمی گەشەی زانست و پەیدابوونی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ھەیە، ئیدی ئەم سەردەمە سەردەمی سانسۆر نییە، چونکە ئەگەر دەوڵەت رێگا لە بڵاوکرنەوەی بەرھەمێکی ئەدەبی بگرێ، نووسەری ئەو بەرھەمە زۆر بە ئاسانی دەتوانێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەقەکەی خۆی، وەک خۆی بڵاوبکاتەوە. یانژی ھونەرمەندێک گۆرانییەکی نیشتمانیی دژی دەوڵەتی داگیرکەر بەرھەم بھێنێ، خۆ ئەگەر دەوڵەت رێ لە بڵاوکردنەوەی بگرێ، یوتووب ئاسانترین رێگەیە و بە یەک کلیک بەرھەمەکەی خۆی تێدا بڵاودەکاتەوە و لە زەرفی چەند سەعاتێکدا دنیا دەیبینێ. بۆیە من وای دەبینم دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان ناچارن رێگا بەو کتێبانە بدەن کە دژیان نووسراون، ھەر نەبێ بەوە رووی خۆیانی پێ سپی دەکەنەوە و وا نیشانی دەدەن ئەوان دیموکراتخوازن و دەرگای ئازادیی گوتن و ئازادیی نووسینیان لەسەر کەس دانەخستووە.
لایەنێکی دیکەی ئەم بەرھەمە گێڕانەوەی ژیانی خەڵکە، بەتایبەت شارێکی وەک ئامەد، چیرۆکەکان بە کۆڵان و بازاڕەکانی شاردا دەخولێنەوە و دیمەنی ژیانی کوردەواری و دابونەریت و دۆخی ئابووریی خەڵک نیشاندەدات. چیرۆکی یەکەمی ئەم کتێبە دەڕابە بە رستەیەک دەستپێدەکات کە گوتت ئادەمیزاد یانی چیایەکی سەر بە تەم. ئەم رستەیە زەینی خوێنەر سەرقاڵ دەکات، ئەم چیا سەربەتەمە دەبێ شیبکرێتەوە، بنیادەم لای ئەم چیرۆکنووسە وەک لە چیرۆکەکانی دیکەش بۆمان روون دەبێتەوە رۆحێکی پڕ لە راز و رەمزە. چیرۆکەکە بە پیاسەی کامیل و ھاوڕێکانی دەستپێدەکات. لە شەقامێکی شاردا کۆمەڵێک ھاوڕێ وەڕس و بێزارن و پیاسە دەکەن. بە نوکتە کات بەسەر دەبەن، نوکتەکانیش دەچنە دنیای سیاسەت و ژیانی رۆژانەی خەڵک و باسوخواسی شەڕی سەرباز و گەریلا، ھەندێکجار کۆدێکت پێ دەڵێ، دەبێ لەسەری راوەستی و بیری لێبکەیتەوە. ھەر لەم چیرۆکەدا نووسەر دەڵێ: پۆلیسەکان سەرسووچەکەیان گرتووە، دیسان داوای ناسنامە دەکەن. ناسنامە عەزابێکە تەنھا کورد دەزانێ چەند بە ژانە. ترس و بیمی شوناس نەشتەرێکە دڵی کوردی شەق کردووە. پۆلیسەکان ھەر گیرفانەکانت نا، دڵیشت دەپشکنن. نووسەر بە کورت و کورتاسی و راستگۆیانە دیمەنی واقیعێکی سەپێنراو دەخاتەبەرچاوی خوێنەر، بەڵام زۆر بە وریاییەوە وێنەکانمان نیشاندەدات. وەک لە چیرۆکی (تەنیشت)دا دەڵێت دەوڵەت وەک چلەی زستان ھەڵیکوتایە سەر شار، یانژی بۆ شرۆڤەی کۆمەڵگا و نیشاندانی ئاستی کۆمەڵگاکەی خۆی زۆر بەخێرایی بە رستەیەک دەڵێت پیاوێک دوای 40 ساڵ دوژمنەکەی خۆی دەکوژێت، پاشان خۆی سەرکۆنە دەکات و دەڵێ ئەی ھاوار من بۆچی پەلەم کرد. یان ھەر لەو چیرۆکەدا دەڵێت پڕۆڤەی ژیان سەختە وەکو زستان و دەوڵەت.
بڕوانن بە یەک رستەی کورت چ ماجەرایەکی خولقاندووە، ھەم شرۆڤەی قورسی ژیانە و ھەم وێنای دەوڵەتێکی تووند، تووند وەک زستان. زەردەقاقا، قاقایەکە سیخناخ لە خەم، لەو دیوی قاقاکانەوە دڵەکان دەسووتێن. پێکەنینێکی زەرد چەشنی پاییز ھەست بە خەمێکی قووڵ دەکەیت. گوتاری سیاسی و پرسی نەتەوە لە توێی زمانێکی بەرزی شیعرییدا زۆر بە باشی کاری لەسەرکراوە. ھەر لە چیرۆکی (تەنیشت)دا، نووسەر لە زاری کوڕ و باوکێکەوە گێڕانەوە دەباتە نێو دیالۆگێکەوە، وەک لە چیرۆکەکەدا ھاتووە:
کوڕەکە ھەڵدەداتێ و بە باوکی دەڵێ ھەژارێتی چەند رۆژ دەخایەنێ؟
باوکی دەڵێ چل کوڕم.
کوڕەکە ئەمجارەشیان دەڵێ ئینجا دوای چل رۆژەکە دەوڵەمەند دەبین باوکە؟.
باوکەکە دەڵێ: نەخێر کوڕم، رادێین.
کورت، ئەمما پڕ مانا
چیرۆکی کامیل، چیرۆکێکی زۆر کورتە، لە 37 وشە پێکدێ، ئەمما پڕواوپڕە لە مانا و گوزارشت، ھاوکات لەباری ھونەرییەوە توانیوێتی وەکو چیرۆک خۆی بسەلمێنێ. لەم چیرۆکە کورتەدا دیالۆگ ھەیە، سێ کارەکتەر ھەیە، کامیل و دایکی و ھاوڕێکەی، لە رێگای تەلەفۆنەوە، نووسەر بە چەند دێڕێک توانیوێتی چیرۆکێکی ئەوەندە سەرنجڕاکێش بنووسێ شایەنی لێکۆڵینەوە و لەسەر وەستان بێ. قوفڵی چیرۆکەکە بە رستەیەکی زۆر کاریگەر تەواو دەبێ، دەڵێ من بڕوام بە دەردی ئەو کەسانە نییە، کە لەپێش دایکیان دەخەون. ئەم رستەیە زەینی خوێنەر رادەگرێت. بە گشتی ئەم بەرھەمە کە کۆمەڵە چیرۆکێکە شیاوی خوێندنەوە و لەسەر وەستانە.
مراد ئۆزیاشار چیرۆکنووسی نەوەی نوێ، ساڵی 1979 لە ئامەد لەدایکبووە و خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی یەحیا کەمال تەواوکردووە و لە قۆناخی ناوەندییەوە حەزی بۆ ئەدەبیات و ھونەری گێڕانەوە بزواوە و دەستی بە نووسین کردووە. دەرچووی زانکۆی دیجلەیە، بەشی زمان و ئەدەبی تورکی. ساڵی 2008 خەڵاتی ھالدون تانەری وەرگرتووە. ساڵی 2009 خەڵاتی یونس نادی وەرگرتووە. مراد چیرۆکەکانی لە بڵاوکراوەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بە ھەردوو زمانی تورکی و کوردی بڵاودەکاتەوە.
کۆمەڵەچیرۆکی زەردەقاقا، نووسینی مراد ئۆزیاشارە، وەرگێڕی بە توانا سەڵاحەدین بایەزید لە تورکییەوە وەریگێڕاوە بۆ کوردی و لە بڵاوکراوەکانی وەشانخانەی مادیارە لە رۆژھەڵاتی کوردستان، کتێبەکە لە دووتوێی 111 لاپەڕەدایە و لە 10 کورتەچیرۆک پێکدێ. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=