=KTML_Bold=گۆڕەشار، گۆڕەوشاری نەتەوەیەک=KTML_End=
#مەحموود نەجمەدین#
ڕاستە رۆمان دەقێکی ئەدەبییە و بارگاوییە بە خەیاڵ و ئەندێشەی نووسەر، ئەمما بە جۆرێکی دیکە وێناکردنی دنیای راستەقینەیە و لە دووتوێی ھونەری گێڕانەوەدا تۆمارێکی دیکەی کەتوارە بە جۆرێکی دیکە نیشتمانێک چێ دەبێت، کە گوزارشتە لەو دۆخەی نووسەر تێیدا دەژی. هەر وەکو لەم رۆمانەدا سەید قادر هیدایەتی لە رێگەی چیرۆکی ئازادەوە وێنەی ئێرانێک نیشان دەدات سیخناخە لە ئاریشەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی... وڵاتێک لە وەهمی زلهێزبووندا گەلەکەی گیرۆدەی کۆمەڵێک ئاریشە کردووە. گۆڕەشار لە ریزی ئەو رۆمانانەیە وێنای سەرزەمینێکە ئینکەبەری لەگەڵ مەرگدا دەکات. ئەم رۆمانە چیرۆکی مەملەکەتێکی وێرانە لە زاری پەرت و پچڕپچڕی کارەکتەرێکەوە خوێنەر دەباتە نێو حیکایەتێکی تاڵ و پڕ لە گاشە و ئاریشەوە.
بەرلەوەی بچمە سەر باسی ناوەڕۆکی ئەم رۆمانە، دەمەوێت باس لەناونیشانەکەی بکەم، کە نووسەر زۆر ژیرانە ھەڵیبژاردووە. خوێنەر ئەگەر وریا نەبێ لەگەڵ گۆڕەوشار دا لێی تێکەڵ دەبێ؟ گۆڕەوشار بە واتای عەزابی نێو گۆڕ دێ. ئەمما گوڕەشار مانایەکی دیکە دەدات، شار وەک گۆڕستانێکی گەورە و تاریک، شار وەک گۆڕ ناونیشانێکە ھەرخۆی ناونیشانی رۆمانەکە پەیامێکی گەورەی ھەڵگرتووە، ئەم رۆمانە لە ناونیشانەوە پێماندەڵێت شوێنی لەدایکبوونی ئەم رۆمانە وڵاتێکی وێران و برسی و ھیلاکە، بە دەست سیاسییەکانییەوە بووە بە گۆڕ، گۆڕ ئەو شوێنەیە نە نانی لێیە، نە ئاو، نە رووناکی... بۆیە نووسەر ناوێکی بۆ رۆمانەکەی داناوە پڕ بە پێستی ئەو دۆخە خراپەیە.
گۆڕەشار چیرۆکی تاریکخانەیەکە لە زەینی کارەکتەرێکەوە پەخش دەکرێ. هاوشێوەی ئەو تاریکخانەیەی تێیدا دەژی. ئەم رۆمانە دەچێتە خانەی رۆمانی سیاسییەوە و رەوتی گێڕانەوە چیرۆکی ئێرانێکە سیاسەت و ئابووری داڕوخاو ورد و وێرانی کردووە. کارەکتەری سەرەکی گەنجێکی بەدبەختی کوردە، نوێنەری نەتەوەیەکی هیلاک و ماندووە، نەتەوەیەک چەندین سەدەیە هاوار دەکات و کەس بەفریای ناکەوێت.
گۆڕەشار یەکێکە لە رۆمانەکانی سەید قادر هیدایەتی، لە بڵاوکراوەکانی چاپەمەنی خانییە. نووسەر لە دوای رۆمانی گابۆڕ و تۆقی عەزازیل شێوازێکی دیکەی رۆمانووسینی تاقی کردووەتەوە. گۆڕەشار بەشێوەی تاکبێژی دەروونی مەنەلۆگ نووسراوە. ئەم شێوازە لە گێڕانەوە باشترین هێڵی نووسینە بۆ ئەو وڵاتانەی سیستەمی سیاسییان تووندە و پێنووس ناتوانێ بەشێوەیەکی راستەوخۆ قسە لەسەر کاولکارییەکانی ئەو سیستەمانە بکات، هێندە تووند و تۆقێنەرە ماوڵ نادا بنیادەم بە ئارەزووی خۆی قسەی دڵی بکات. بۆیە لە مەنەلۆگدا نووسەر بە ئارەزووی خۆی پێچ و دەوران بە گێڕانەوە دەکات و ژیرانە نووکی تیژی پێنووسەکەی دەکەوێتە جووڵە.
وەگێڕی رۆمانی گۆڕەشار کەسی یەکەمی تاکە، کەسێکی هیلاکە، ماندووە، نەخۆشە، نەخۆشییەکەی پەیوەندی بە گورچیلەوە هەیە. ئەم کەسایەتییە کە لەم رۆمانەدا رۆڵی سەرەکی هەیە، لە راستیدا کەسێکی ئاساییە، بەڵام ئەوەی وای کردووە کەسایەتی ئازاد تووشی دۆخی دەروونی بێت، ئەو سیستەمە سیاسی و کۆمەڵایەتییەیە. راستە ئەم کارەکتەرە گەنجێکی کوردە زمانی دەیگرێ و بە باشی ناتوانێ قسە بکات، بەڵام نەخۆشخانە، قۆتابخانە… هەموو ئەو شوێنانە هۆکارن بۆ ئازاردانی دەروونی ئەو کارەکتەرە. شەڕی ئەم سەدەیە، شەڕی پارە و بازرگانی و دەرمانە، بۆ نموونە دوور نەڕۆین پەیدابوونی نەخۆشی کۆرۆنا کە بەڕادەیەک گەورەکرا زۆر لە خەڵکی وای بۆ دەچوون بەلانی کەمەوە ملیارێک قوربانی لێدەکەوێتەوە، بەڵام دوایی وردە وردە یارییەکان ئاشکرابوون و نەخۆشییەکە بازرگانەکانی دەرمان و کۆمپانیاکان گەورەیان کرد.
ئازاد مرۆڤێکی زیرەکە، گوێ لە گۆرانی دەگرێ، سەیری فیلم دەکات، بەڵام ئەوەتانێ گیرۆدەی دەردێکە دەردی ئەو نییە، کەوتووەتە نێو سیستەمێکەوە دەیهاڕێ. قوتابخانە، نەخۆشخانە، بازاڕ… نوێنەری ئەو سیستمە سەرمایەدارییە بەرێوەی دەبەن، کە مرۆڤەکانی گیرۆدە کردووە. وەک پێشتر گوتم کارەکتەری ئەم رۆمانە زمانی دەیگرێ، ئەمەش بۆ شێوازی گێڕانەوەی مەنەلۆگ گونجاوە. خۆ لە دنیای کەتواریشدا خولیاقەتی ئەو دەوڵەتە دیکتاتۆرانە ترس و بیم یان لاڵیان دەکات یان لاڵەپەت و زمانشکاو هەرگیز ناتوانن قسەی دڵی خۆیان بکەن. هاوشێوەی ئەم کارەکتەرەی لەم رۆمانەدا وێنا کراوە، ئەهڵی خوێندنەوە و فیلمە و بەردەوام لەگەڵ مۆبایلەکەیدا سەرقاڵی گوێگرتنە لە گۆرانی و ناوە ناوە گۆرانییەکان دێنە نێو رەوتی گێڕانەوەوە. ئازاد کارەکتەری سەرەکی و گێڕەرەوە هیتفۆنی لە گوێدایە و لە دنیای خۆیدایە، لە رێگای مۆبایلەکەیەوە جارە جارە گۆرانی و پەیامی تلێگرام دێنە ناو رۆمانەکەوە، کە بەشێک لەو پەیامانە پەیوەستن بە وێرانە خاکی گەمارۆدراوی برسییەوە، نووسەر لە رێگەی کورتە پەیامەکانی تلیگرامەوە جۆرێک لەو کێشە و رووداوانەی ئێران پەخش دەکاتەوە، ئەمەش وا دەکات گۆڕەشار ببێت بە زمانحاڵی سەردەمەکەی خۆی. هەروەها لە دووتوێی چیرۆکی ئازادەوە گەلێک چیرۆک و رووداوی بچووک بەیان دەکرێ، ئەمەش شارەزایی و سەلیقەی نووسەرمان نیشاندەدات، چۆن گێڕانەوە دەست دەگۆڕێ، وەک دەبینین لەسەرەتا تا کۆتایی رۆمانەکە لەو رستە کورتانەوە چۆن گێڕانەوە دابەش دەبێ، گۆشەنیگا لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەڕوات، ئەمە زۆرجار بۆ ئەوەی جۆرێک لە لوغز و پەنهان دروست بکات، لەنیوەی یەکەمی رستەیەکدا پەیامێک دەگات بەخوێنەر و لەنیوەی رستەی دووەمدا بە گۆڕینی گۆشەنیگا پەیامێکی دیکە و بابەتێکی دیکە دێتە ئاراوە.
لە هەر مەملەکەتێک و لەهەر شوێنێکی ئەم دنیایە سیستەمی حوکمڕانی وەختێ ئازادییەکان بەرتەسک دەکاتەوە مەنەلۆگ دێتە پێشێ و بە یارییەکانی پەیامی خۆی دەگەیەنێ. هەندێک جار لە مەنەلۆگدا وشەیەک نەک ئەوەندەی رستەیەک بگرە ئەوەندی چەند رستەیەک لە شەرحیات مانا هەڵدەگرێ. گۆڕەشار سەرلەبەر بەو شێوازە دەڕوات، گێڕەوە بەردەوام دەست دەگۆڕێ، گۆشەنیگا دەگۆڕێ، بۆ نموونە لە گۆڕەشاردا هاتووە سێ ژەمە حەبەکانت دە ئەرێ دەیانخۆم. ل11 یان لە لاپەڕە 20 دا هاتووە ناسرگیان خودا دەکا ئەو کوڕەم چاک دەبێتەوە جا ماشێن چییە هەر زوو زوو لەسەر دیوارەکەوە باز دەداتە خوارێ ئەو سێبەرە ڕەشە. سەرلەبەر رۆمانەکە پڕن لەم جۆرە نموونانە کە جووڵە و وەرسووڕانی گۆشەنیگای کەسەکانە و لە یەک رستەی کورتدا دوو جووڵە، یان دوو بابەت باس دەکات. ئەم شێوازە لە نووسین وای کردووە گێڕانەوە سەرلەبەر رستەی کورت و پچڕ پچڕ و ئاتەران و پاتەرانە. ئەمەش مەرجی سەرەکی شێوەی گێڕانەوەی مەنەلۆگە، کە بە کەسی یەکەم دەگێڕدرێتەوە، دەبێ شێوازی گێڕانەوە ناڕێک و پەرت بێت، تاوەکو لە دووتوێی ئەو پەرتییە وێنای مەملەکەتێکی پەرت و وێران بکات. تەنانەت لە هەندێک شوێندا گێڕەوە وشە بە هەڵە بەکار دەهێنێ. لە مەنەلۆگدا گێڕەوە دەبێ بەجۆرێک بگێڕێتەوە کە ئاخاوتن نەیەتە سەر زار، واتە قسەی ناخ، یان زەینە و نایەتە سەر زمان، جۆرێکە لە خۆخواردنەوە. نابێ هەست بەوە بکرێ ئەو کارەکتەرە بۆ کەسێک قسان دەکات، بەڵکە بۆخۆی و لە ناخی خۆیدا هەڵیت و پەڵیت دەڵێ. سەیدقادریش مەعلومە شارەزای ئەو بوارەیە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و هەر بەو شێوازە کارەکەی کردووە. ئازاد ئەگەرچی کەسێکە لە رووی جەستەییەوە نەخۆشە و ناتەواوە و زمانیشی دەیگرێ، بەڵام کەسایەتییەکی زیرەک و سەرەکییە و بە ئارەزووی خۆی دەگێڕێتەوە و لە دنیای خۆیدایە بەشێویەکی پەرت و لوغزاوی دەرگای ئەو ژوورانە دەکاتەوە کە پڕن لە چیرۆکی تاڵی نەتەوەیەکی خنکێندراو.
=KTML_Bold=کارەکتەر=KTML_End=
کارەکتەری سەرەکی ئەم ڕۆمانە بکوژ و ببڕ خۆیەتی، ئەو دنیایەی لە زەینی خۆیدا خەڵقی کردووە و وەک پاڵەوانێک دێ و دەچێ، لەپاڵ ئەودا چەند کەسایەتییەک هەیە، کۆی ئەو کارەکتەرانە لە پەراوێزی ئازاد، کارەکتەری سەرەکیدان.
=KTML_Bold=تێما=KTML_End=
ئەگەر بەدیوێکدا گۆڕەشار چیرۆکی کەسێکی نەخۆشە و بەدەست نەخۆشی گورچیلەوە دەناڵێنێ، بە دیوێکدا چیرۆکی وڵاتێکە بەدەم سەد دەردەوە دەناڵێنێ. چیرۆکی یارییە ترسناکەکانی سەرمایەدارییە. کە مرۆڤ بەرەو دۆخی شێتبوون و سەرلێشێوان و شپرزەیی دەبات. لە رابردوودا لەسەرانسەری جیهاندا ئەو یارییە بێ مانا و ترسێنەرە بە ناوی پەتای کۆرۆناوە مرۆڤایەتی تووشی چ دۆخێک کرد!. بەجۆرێک خەڵکی زیڕەی مەرگی کردبوو، لێ وردە وردە یارییەکە کۆتاییهات و ئەوەی روونە سەرمایەداری و بازاڕی دەرمان و داهێنەری ئەم گەمەیە قازانجێکی خەیاڵی کرد و ئاکامەکەشی بە قەیرانی دارایی شکایەوە، ئەویش یارییەکی دیکەی ئەو بازاڕە رەشەیە و جۆرێکی دیکەیە لە کۆرۆنا بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی لەسەر نەوت دەژین.
لە گۆڕەشاریشدا دیمەنی قێزەونی ئەم یارییە دەبینین، ئەوەی لە پشتی ئەم رستە کورت و هەڵیت و پەڵیتانەوەیە کە ئازاد دەیگێڕێتەوە فیکرێکی گەورەیە، یاخیبوونە، میحنەتە، عەزابە، تەحریمی سیاسەت، ئازارەکانی گەلێکی بەشمەینەتی دیلە، کێشەی برسێتی و نەبوونی، کێشەی گرانی و هەژاری، ئیعدام و هەڵواسین و سەروخوارکردنی دۆلار، بازاڕی گورچیلە، وەکو لە رۆمانەکەدا ئاماژەی پێکراوە کە فرۆشیاری گورچیلە زورترە لە کڕیار. کێشەی کوردبوون و بەدبەختییەکانی وەک لە رۆمانەکەدا هاتووە ئەمریکا لێی بدات یانا چی لە دۆخی کورد دەگۆڕێ. ئەرێ لە عیراق دوای سەدام چی لە دۆخی کورد گۆڕا؟ یارییەکە قورستربوو، دوژمنەکان زۆرتربوون، پەشێوییەکان زیاتر بوون. خەمی ئێمە گەورەتربوو. هەر لەم رۆمانەدا کێشەی #عەفرین# و کەرکووک لەو رستە کورتانەدا رەنگدانەوەی هەیە، وەختێ لە توێی گێڕانەوەدا دەڵێ کەرکووک، عەفرین ئەوەندە بەسە تۆی خوێنەر ئەگەر شارەزا بیت بەم شێوازە لە گێڕانەوە دەزانی مەغزای ناوهێنانی ئەو دوو شوێنە چییە. دنیایەک قسە لە توێی ئەو رستە کورتەدا هەیە، چیرۆکێکی تاڵ هەیە کە زۆردار پێمان دەڵێ بەخۆشی بێت و بە ناخۆشی بێت لەسەر خاکی خۆت دەرتدەکەم، ئەمە تەفسیرێکە و تەفسیری دووەم ئەوەیە #کەرکووک# فرۆشرا و عەفرین بەرگریی کرد... بیانووی رادەستکردنی کەرکووک ئەوەبوو شەڕەکە نابەرانبەرە و شارەکە وێران دەبێ و قوربانی زۆری لێدەکەوێتەوە، بەڵام رادەستکردن ئاکامەکەی شکانی شکۆی نەتەوەیەک بوو. چما جەزایر لەپێناوی چی یەک ملیۆن شەهیدی دا؟
لە جێیەکی دیکەی رۆمانەکەدا دیمەنی مەردایەتی و شەهامەتەکەی بایدەمیرە، کە نووسەر وەک خۆی باسی ڤیدیۆکە دەکات، کاتێ بایدەمیر دەیەوێت بە هەموو پەرلەمانی تورکیا بڵێ ئەوە نەخشەی کوردستانە، بەڵام لە تورکیای داگیرکەردا یاسایەک هەیە هەر کەس باسی نەخشەیەکی جیاواز بکات لە نەخشەی تورکیا بە تۆمەتی بەشکردنی وڵات قوڕی بەسەردا دەکرێ، ئیدی بایدەمیر ژیرانە نەخشەکە داباتەوە نێو دڵی خۆی، ئێمە بەدرێژایی مێژوو کێشەی ئەو نەخشەیەمان هەیە و هەزاران هەزار قوربانیمان بۆ داوە. ئەو دەستوورەش دوژمن بۆ خۆی دایڕشتووە و خاڵی یەکەمی نەخشەیە. نەخشەیەک ئێمە تێیدا کۆیلەین. تەواوی ئەو دەوڵەتانەی داگیرکەرن و ماڵی خەڵکیان داگیرکردووە بە داگیرکەرانی کوردیشەوە خاڵی یەکەمی دەستووری دەوڵەتە داگیرکەرەکەیان پیرۆزی نەخشەی داگیرکارییەکەیانە. ئیدی بایدەمیر لەپێناوی ئەوەی لە پەرلەماندا بمێنێتەوە و درێژە بەخەبات بدات، ناچارە ژیرانە ئەو نەخشەیە بباتەوە نێو دڵی هەموو مرۆڤێکی کورد، ئەوە پەیامێکیشە بۆ تورکەکان کە بەدەرکردنی دڵی هەموو کورد دەتوانن کۆتایی بەو ترسە بهێنن کە لە دڵیاندایە. هەر میللەتێ خاکەکەی داگیربکرێ دڵی داگیر دەکرێ. گەلێک گرفتی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتی لە پشتی ئەو قسانەوەن، کە ئازاد لە زەینی خۆیدا بەو شێوە پەرتەوازەییە دەیانڵێتەوە. ئازاد وێنەیەکی دیکەی بایدەمیرە، ئەوەی بایدەمیر لەنێو پەرلەمانی تورکاندا گوتی مەنەلۆگێکی سیاسی بوو. کە دەبوو هەر بەوجۆرە دەریببڕێت.
بەڵێ مەنەلۆگ ئەگەر بەجۆرێک لە جۆرەکان زمانی هەڵیت و پەڵیت و ترس و بیم و شاردنەوەی راستییەکی نکۆڵیلێکراو بێ، لە هەمان کاتدا ئازادییە، کارەکتەری رۆمان و چیرۆکی مەنەلۆگ زۆر ئازادانە پەی بە هەموو ئەو دەرد و میحنەتانە دەبات و بەو شێوە رەمزییەی خۆی، کە تەنیا خۆی بە تەواوەتی لێی حاڵی دەبێ و دەزانی چی گوتووە و چی دەوێت. دەشێ گەلێک خەڵکی شارەزا بێن شیکاری بۆ قسەکانی ئازاد بکەن، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوانە هەموو بۆچوونن، دیوی راستەقینەی چیرۆکەکە لای ئازاد و خالقی چیرۆکەکەی ئازادە. ئەمەش خاڵی سەرکەوتووی رۆمانی گۆڕەشارە، کە زیاتر لە تەفسیرێک هەڵدەگرێت.
=KTML_Bold=زمان=KTML_End=
زمانی ئەم رۆمانە، زمانی کەسێکە وەک لە کۆمەڵگادا بە راوێژی میللی پێی دەگوترێ لاڵەپەتە، واتە کەسێکی کەمئەندامە، ناتوانێ بە باشی قسە بکات و زمانی دەیگرێ، لە زور شوێندا وشەکان بە هەڵە گۆدەکرێ، هەندێک جار هەمیشە دەبێ بە حەمیشە، خۆشە دەبێ بە خۆسە… ئەمەش لە مەنەلۆگدا گونجاوە، زۆر لەو تێکستانەی بە مەنەلۆگ نووسراون گێڕەوە زۆرجار وشەی بەهەڵە بەکارهێناوە، لە باشوور لە ئەزموونی لەتیف حامیدی جوانەمەرگدا ئەوە بەدی دەکرا، کە بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا و هەر دوانزە چیرۆکی لە پاش بەجێما. کەسایەتی ئازاد کە لە دۆخێکی ناخۆش و خراپدایە وادەخوازێ کە وشەکان تێکەل و پێکەڵ بێ و هەندێکجار دووبارەبوونەوەی رستەکان، ئەوەش هەر لە مەنەلۆگدا دروستە. بە گشتی زمان لەم رۆمانەدا کوردییەکی پوخت و پاراو و جوانە، بەڵام لەو شوێنانەی پێویست دەکات زمان بە گوێرەی ئاستی کارەکتەرەکە بێت، زمانێکی میللەیە و بەو شێوازەی کە شوێن و زادگەی پاڵەوانە راوێژ دەکرێ، بۆ نموونە هەندێک وشە بە جۆرێک گۆ دەکرێ لە موکریان باوە، وەک ماڵتە، جەحەندم… کە ئەمەش دروستە و نووسەر سەرکەوتووبووە لەم دەربڕینەدا، چون بەگوێرەی ئاستی کارەکتەرەکە زمانی گێڕانەوە کاری خۆی دەکات.
=KTML_Bold=فەزا=KTML_End=
فەزای ئەم رۆمانە ئەوەی دەبینرێ کەشی نەخۆشخانە و دەردی کوشندەی گورچیلەیە، ناوە ناوە گێڕانەوە شوێن دەگۆڕێ، دەچێتە قوتابخانە و… چیرۆکی قوتابخانە و چۆنێتی هەڵسوکەوتی مامۆستا و خوێندکار و… ئەو گرفتانە، بەڵام ئەوەی بە چاوی دڵ دەبینرێ فەزای رۆمانەکە ئەوە نییە، بەڵکە فەزایەکی سەخت و ناهەمواری وڵاتێکە بەدەست دەردێک نا سەد دەردەوە دەناڵێنێ. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=