=KTML_Bold=درۆن تالادی کورد ناڕووخێنێ=KTML_End=
#مەحموود نەجمەدین#
ئەگەرچی ناسیۆنالیزمی تورکی ئەوەندە تووندە لە دیس دەرچووە، بەتایبەت چینی دەسەڵاتدار و سیاسییەکانیان لەپێناوی مانەوەدا پەیڕەوی سیاسەتی تورکچێتی دەکەن و دان بە بوونی کورددا نانێن، یانژی بەکەم سەیری کورد دەکەن و هەندێک لەو تورکانەی خۆیان بۆ پەرلەمان کاندید دەکەن ئەم مژارە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنن و مەسەلەی دژایەتی کورد دەکەن بە پستڕکی سەرکەوتنیان، هەروەکو هەندێک لە کاندیدەکانی لای خۆمان بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە دەنگدەرانی کوردستان دەخاپێنن. ئەم فێڵ و تەڵەکەیەش لای بەشێک لە سیاسییەکانی تورکیا کارتێکە بەکاری دەهێنن، دەنا بۆخۆیان باش دەزانن داننەنان بە بوونی میللەتێکی وەکو کورد لە تورکیادا ئاسنی سارد کوتانە، چوون کورد هەیە و بەردەوام لە بزووتندایە. ئەمما لەپاڵ سیاسییەکاندا گەلێک نووسەری بوێر و جەرگموکم لە تورکیادا هەبووە و هەیە و مەردانە و نەترسانە نووکی پێنووسەکانیان لە دڵی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیان دەچەقێنن و راستگۆیانە باس لەو ستەمە دەکەن لە کورد دەکرێ. لەوانە رۆماننووس فەرید ئەدگۆ و نووسەری ناودار ئیسماعیل بێشکچی و رۆماننووس ئۆیا بایدار... ئەم نووسەرە بوێرانە و زۆری دیکە بەو راستییە گەیشتوون کورد وەک هەر نەتەوەیەکی سەر ئەم زەمینە دەبێ دان بە بوونیدا بنرێ و مافەکانی پێبدرێ. رۆشنبیرە راستەقینەکان بەو راستییە گەیشتوون شەڕی کورد و تورک لە قازانجی تورکیادا نییە، چون بەو شەڕ و ململانێیەی لە رابردوودا کرا نە کورد کۆتایی هات و نە تورکیش حەسایەوە.
ئۆیا بایدار یەکێک له و نووسەرانەی تورکە خوازیاری ئەوەیە کورد و تورک وەک هاووڵاتیی پلەیەک سەیربکرێن. ئەو خانمە رۆماننووسە تورکە لە رۆمانەکانیدا پەنجەی خستە سەر برینەکانی تورکیا، راستگۆیانە بە دەوڵەتی گوت دەبێ مافەکانی گەلی کورد بدەیت. گفتوگۆی بن شووراکان یەکێکە لە رۆمانەکانی ئەو خانمە و سەڵاحەدین بایەزیدیی وەریگێڕاوە بۆ کوردی و لە بڵاوکراوەکانی وەشانخانەی مادیارە لە سنە. رۆمانەکە لە دووتوێی 183 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەز ئەم رۆمانە دەکەم بە بیانووی مژارێکی گرنگ کە ئەمڕۆ تەنگی بە کورد هەڵچنیوە و ناوچەکەشی شڵەژاندووە.
چیرۆکی ئەم رۆمانە باسوخواسی تورکیایەکی ئاڵۆز و پڕ ئاریشەیە، تورکیایەک هەمیشە پڕە لە شەڕ و ململانێ، شەڕێک لە دوای رووخانی عوسمانلی و لە سەرەتای دروستبوونی کۆمارەکەی ئەتاتورکەوە بەردەوامە. ئۆیا بایداریش وەک ئۆرهان پامووک کە لە رۆمانی بەفردا وێنەی تورکیایەکی نائارام ئاڵدووز دەکات. گفتوگۆی بن شووراکان چیرۆکی چالاکڤانێکی تورکە لەسەروەختی شەڕی خەندەقدا روو لە شاری ئامەد دەکات، ئەو چالاکڤانە هەوڵ دەدات بە دروشمی گرنگ ژیانە رێگا له و شەڕە ماڵوێرانکەرە بگرێت، کە بووەتە هۆی جەرگسووتانی دایکان و کاولبوونی وڵاتەکەیان. شوێن لەم رۆمانەدا ناوچەی سوورە لە ئامەد. سوور، ئه و ناوچەیەی دڵی دیاربەکری کۆنه و بناغەی شارەکەیە، شوێنێکی کەونارایە.
نووسەر لە رۆمانەکەدا چیرۆکی ئەو دایکە جەرگسووتاوانە دەگێڕێتەوە، کە داوای تەرمی کوڕەکانیان دەکەن. لەژێر شووراکان و بەرامبەر بە سوور کە ناوچەیەکی کوردنشینی ئامەدە و زۆربەی خەڵکەکەی کوردی عەلەوی و مەسیحین، ئه و چالاکڤانە لەگەڵ کوردێکدا دەکەوێتە گفتوگۆی چەمکەکانی نەتەوە، ئازادی، شەڕ، زمان، مەرگ، ویژدان… لێرەوە بابەتی سەرەکی دەبێت بە پرسی باکووری کوردستان و مەسەلەی شوناس و مافی کەمینە، لە رێگای دیالۆگی ئه و دوو کەسایەتییەوە باسی ژیانی سەختی تورکیا دەکات و رەخنە لە دەستەڵات دەگرێت بۆچی بارودۆخی کورد لە تورکیادا سەخت و دژوارە.
وەختێ تورک ئامادەنین ماف بدەن بە کورد، کوردیش ناچارە چەک هەڵبگرێ و بچێتە تالادی شەڕەوە و داوای مافی خۆی بکات. وەک لە رۆمانەکەدا هاتووە تورک دەڵێن کوردی باش، کوردی مردووە. ئەم رستەیە زیاتر لە هەشتا ساڵە دۆخی تورکیای شێواندووە. چون کورد نەتەوەیەکی زیندووە و نایەوێت وەک مردوو سەیر بکرێ و مافەکانی خۆی دەوێت.
بەشی زۆری رۆمانەکە گفتوگۆی ئه و دوانەیە و نووسەر کەمتر پەرژاوەتە سەر وێنە و دیمەنی شوێن و کەسەکان. زۆرتر گرنگی بە دیالۆگ داوەو لە رێگای دیالۆگی ئه و دوو کەسەوە دەچێتە نێو مێژووی خوێناوی تورکیاوه و باسی کوشتاری ئەرمەن و دێرسیم دەکات. وەک لە رۆمانەکەدا هاتووە ئێستا لە سوور، لە جیزرە، لە سلۆپی، لە هەزەخ و گەڕەکە هەژارەکانی نووسەیبین، له و دیو خەندەق و مەتەرێزەکان، منداڵە بەردهاوێژەکان کۆمەڵێک ئامانجیان هەیه، کە لە یاخیبوون ئەولاتر دەچێ. ئەوان داوای مافەکانی خۆیان و ئه و خاکانە دەکەن، کە بەڵێنیان پێ درابوو. ئەوان بۆ کەسانی دیکە شەڕ ناکەن، ئه و شەڕەی دەیکەن هی خۆیانە... یان لە بەشێکی دیکەی رۆمانەکەدا دەڵێ باوکم لە بەندیخانەی دیاربەکر بە ئەشکەنجە مرد. دایکم بێجگە لە کوردی زمانێکی دیکەی نەدەزانی. باوکم لەبەر ئەوەی لەگەڵ هاوسەرەکەی بە کوردی قسەی کردبوو ئەشکەنجە درا. باوکم نە پەیوەندی بە رێکخستنەوە هەبوو، نە بە چیا و نە بە تیرۆرەوە. تەنیا لەبەر ئەوەی کوردبوو، ئامادە نەبوو چەکی جاشایەتی بکاتە شان، خرابووە گۆشەی بەندیخانەوە.
ئەو نموونانەی سەرەوە فەزای رۆمانی گفتوگۆی بن شووراکانە و تەواوی رۆمانەکە به و نەفەسە دەڕوات، رۆمانێکی وشک و برینگە، جگە له و مژارە هیچی دیکەی تێدا نییە، خاڵییە لە باسی عەشق و سێکس و ژیانی ئاسایی کارەکتەرەکان… تەنها و تەنها دیالۆگێکی پڕە لە باسی شەڕ، ململانێ، دانپێدانەنان، چەوسانەوە… تەنانەت خوێنەر نازانێ ئه و دوو کارەکتەرە باکگراوندیان چییە و چۆن ژیاون و سەر بە چ چینێکن. بایدار هاوشێوەی نووسەر و رۆشنبیرە راستەقینەکان دەیەوێت بە سیاسی و دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی بڵێ کێشەی کورد بە شەڕ چارەسەر ناکرێ، ئەنجامی شەڕ ماڵکاولی و جەرگسووتانە. دەبێ کورد و تورک بە گفتوگۆ و شێورومشێور کێشەکان چارەسەر بکەن و تورکیایەکی ئارام چێ بکەن. دەبێ گفتوگۆی بن شووراکان پەرەی پێبدرێ دەنا تورکان ناحەسێنەوە و کوردیش نەتەوەیە، خێڵێکی چکۆلە نییە و سیاسەتی حەلیان و سڕینەوە لە وێزەی نایەت و ئاریشەیەکە لەنێو دڵی تورکیادا و ئیللا بە گفتوگۆ چارەسەر دەبێ، نەک بە شەڕ و لەشکرکێشی، کێشەی کورد بە درۆن چارەسەر ناکرێ. درۆن گەریلایەک یا دوان دەسووتێنێ، ملیۆنان کورد لە وان و دێرسیم و #ئامەد# و #ماردین# تا دەگات بە ئەستەنبوڵ داوی مافی خۆیان دەکەن. درۆن تالادی بەرگریی نەتەوەیەک ناڕووخێنێ، کە پتر لە 20 ملیۆنە.
نەخێر درۆن دەرمانی دەردەکە نییە، بەڵکو برینەکە قووڵتر دەکات. خەیاڵی بێ رکابەری و فیزودەعییەی زلهێزیی ئەگەر وریا نەبی چەند بەهێزبی کاریتەی پشتت دەشکێنێ، ئەوەتانێ شەڕی عەرووس و ئۆکرانیا خەریکە پێچەوانە دەبێتەوە. سا ئەگەر تورکیا پێی وابێ کورد بە درۆن بنبڕ دەکات، خەیاڵپڵاوە، چون کێشەی کورد لە دڵی تورکیادایە. بە بۆردوومانی #قەندیل# چارەسەر ناکرێ. تورکیا دەبێ واز لە درۆن بهێنێ و بە ئاشتەوایی کێشەکە چارەسەر بکات، جا دەیکات؟ نەخێر ئەم ئێستا نایکات، ئێستا خۆی پێ بەهێزە و ئیشی بە کورد نییە و پڕۆسەی ئاشتی لە مجری رۆژی رەشدا هەڵگرتووە و رۆژانی تازە پێڕۆکەیی لەبیرکردووە، کە بە گۆچانەکەی #مام جەلال# چووە ئامەد و کوردی خاپاند، دوای تاڵەبانیش پەنایان بۆ #نێچیرڤان بارزانی# برد تاوەکو بە نێوەندگیریی و میانڕەویی وی درێژە بە پڕۆسەی ئاشتی بدەن. لێ ئەو قۆناغە کۆتایی هات، ئێستێ هەم تورکیا غروور مەستی کردووەو هەم ئەم باشوورەی خۆشمان بەهۆی ناسازیی حزبەکانەوە کەوتووەتە قەیرانێکەوە هەرچەند دەکۆشین لێی دەرناچین، نە ئامۆژگاری دۆستەکان و نە زمانی نوکتە و میانڕەویی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نە نزای دایکانی سەربەرماڵ و نە رەخنەی تووندی رۆشنبیرەکان ئەم ناسازی و بەستەڵەکە ناشکێنێ و عێراقی تازە پێڕۆکەش لووتی فیزی بڵند کردووەو پێی وایە بە سیاسەتی برسیکردن دەتوانی کورد لەناوبدات، ئەم کوردەی سەدامی بردە بەردەم پەتی سێدارە. ئەم ئێستا دۆسێی باشووریش لە مجری سوودانیدایە و قفڵێکی گەورەی لێدراوە. ئەمما دنیا هەروا نابێ دەردی تورکمانەکە دەڵێ ئیشتە هەر دێی لە قەلعە. جارێ چرای ئێمە کزە، بەڵام لەولەب ئامانی نییە هاکا ئاڕاستەی گۆڕی.
ئۆیا له و نووسەرە به هەڵوێستانەیە لەسەر حەقگوتن زۆرجار تەفەقای مەترسی بووەتەوه و زیندانی کراوە. بەهۆی نووسینی رۆمانی خودا منداڵانی فەرامۆش کردووە. له قوتابخانەکەی هەڕەشەی دەرکردنی لێکراوە. هەروەها بەهۆی ئەوەی تێزی دکتۆراکەی سەبارەت بە سەرهەڵدانی چینی کرێکاربووە لە تورکیا، لەلایەن دەستەی پڕۆفیسۆرەکانی زانکۆوە رەت کراوەتەوه و ئەوەش بووە هۆی پشێوی و ئاژاوە لەناو زانکۆدا، ساڵی 1971 قۆڵبەست کراوە و لە زانکۆ دوورخراوەتەوە.
ئۆیا بایدار ژنە رۆماننووسی تورک ساڵی 1940 لە ئیستەنبوڵ لە دایکبووە، نووسەر و کۆمەڵناسێکی تورکە. لە قوتابخانەی نۆتردام دی سیۆن خوێندوویەتی، کە قوتابخانەیەکی ناوەندیی کچانی فەڕەنسییە. کاتێک خوێندکاری ئامادەیی بووە یەکەم رۆمانی خۆی بڵاوکردووەتەوە و ماوەیەک وازی لە نووسین هێناوەو لە دنیای سیاسەتدا کاری کردووە. پاش چەند ساڵێک گەڕاوەتەوە بۆ دنیای ئەدەبیات. لە ساڵی 1964 بەشی کۆمەڵناسی زانکۆی ئیستەنبووڵی تەواوکردووە. بایدار لەبەرئەوەی ئەندامی پارتی کرێکارانی تورکیا بووە لە کاتی کودەتاکەی 12ی ئازاری ساڵی 1971 گیراوە. لە کودەتای 12ی ئەیلوولی 1980 بایدار لە تورکیا دەرکراوەو دوانزە ساڵ لە ئەڵمانیا ژیانی بەسەربردووە، ساڵی 1992 گەڕاوەتەوە بۆ تورکیا. ئەم ژنە بوێرە لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا وتار و نووسینەکانی بڵاکردووەتەوە. لە پای ئەو رۆمان و چیرۆکانەی نووسیوێتی چەندین خەڵاتی وەرگرتووە، لەوانە خەڵاتی یونس نادی، خەڵاتی رۆمانی ئۆرهان کەمال، خەڵاتی فەرهەنگی دەریای ناوەڕاست... ئەم نووسەرە جگە لەم رۆمانە کۆمەڵێک بەرهەمی دیکەی نووسیوە، لەوانە رۆمانی گەڕانەوە بۆ هیچ شوێنێک. نامەکانی پشیلە. سێبەری خۆڵەمێشی گەرم. دەروازەی یەهودا...
تالاد: دیواری شەڕ، سەنگەر، مەتەرێز
لەدیس دەرچوون: لە سنوور دەرچوون
پستڕک: پلیکانە
جەرگموکم: ئازا، نەترس
نەکورد کۆتایی هات و نەتورکیش حەسایەوە: ناونیشانی یەکێک لە کتێبەکانمە
شێورومشێور: راوێژ، تەگبیر
حەلیان: توانەوە
مجری: سندوق
تەفەقا: تەفەقابوون، تووشبوون
لەولەب: رۆژگار [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=