=KTML_Bold=بۆ مەسعود پزیشکیان عێراق و هەرێمی کوردستانی هەڵبژارد؟=KTML_End=
#عادل باخەوان#
سەرلەبەیانی سبەینێ ، سەرۆککۆماری ئێران دەگاتەو بەغدا و پاشان سەردانی نەجەف و بەسرە دەکات و دواتر دەگاتە #هەولێر#. پرسیارەکان زۆرن بەڵام لە هەموویان گرنگتر ئەوەیە بۆ لەنێو هەموو ولاتانی جیهاندا، پزیشکیان عێراق و هەرێمی کوردستانی بۆ یەکەم سەردان هەڵبژارد ؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، بە کورتی و خێرایی ئەم هەشت خاڵە دەخەمە ڕوو:
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= لەسەر ئاستی جیۆپۆلیتیک، لە 2003 وە تا ئێستا، هیچ دەوڵەتێک وەک عێراق بۆ ئاسایشی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی ئێران گرنگ نیە و نەبوە، تاڕادەیەک کە، یەکێک لەو کەسانەی کە لە ناوەندی بڕیاردان لە عێراقدایە پێیگوتم : ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی پێیگوتوە، بۆ ئێران هەموو دنیا لەلایەک و عێراق لە لاکەی ترە.
=KTML_Bold=دووەم=KTML_End=: لەسەر ئاستی ئایدۆلۆژی، چەند بۆ مەسیحیەکانی جیهان ڤاتیکان مانادار و گرنگە، هێندەش نەجەف بۆ شیعەکانی جیهان بە گشتی و کادرە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەتایبەتی مانادار و گرنگە. هەروەک چۆن هیچ شوێنێک لە کەوندا جێگای ڤاتیکان بۆ مەسیحیەکان ناگرێتەوە، ئاواش هیچ جێگایەک لە کەوندا جێگای نەجەف بۆ شیعەکان ناگرێتەوە.
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End= لەسەر ئاستی ئابوری، پاش ئەوەی دۆنالد ترامپ ڕێکەوتنی لەگەڵ ئێراندا هەڵوەشاندەوە، ئابوری ئەم وڵاتە لە قەیرانێکی ستراکتۆراڵی یەکجار ترسناکدایە و ژمارەکان یەکجار مەترسیدارن. عێراق یەکێکە لەو ڕوبەرە هەرە گەورانەی کە ڕێگادەدات ئێران هەناسەی ئابوری هەڵبمژێت. ئێران، بەچەندین ڕێگای جیاواز و بەچەندین بیانوی جیاوازەوە، عێراقی ئابوری دادەدۆشێت.
=KTML_Bold=چوارەم:=KTML_End=لەسەر ئاستی ئاسایش، عێراقیەکان تەواو وشیارن بەوەی کە هەر چرکە ساتێک ئێران بیەوێت، چ لەڕێگای حەشدەوە، چ لە ڕێگای #داعش#ەوەو زۆر بە ئاسانی دەتوانێت، کۆی ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان تێکبدات. بۆیە زۆر بێگرفت دەتوانێت، مەرجەکانی خۆی لە بواری ئاسایشدا بەسەر عێراق و هەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت.
=KTML_Bold=پێنجەم:=KTML_End= لەسەر ئاستی سنور، لە کۆی ئەو دەوڵەتانەی کە وەک بەشدار لە بەرەی موقاوەمەتدا ڕیزبەند دەکرێن، لوبنان، سوریا، یەمەن، فەلەستین، هیچکامیان سنوریان لەگەڵ ئێراندا نیە. عێراق تاکە وڵاتێکی بەرەی موقاوەمەتە کە زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر سنوری لەگەڵ کۆماری ئسلامیدا هەیە. لەنێو پەیوەندیە نێو دەوڵەتیەکانیدا، زۆر بەدەگمەن پرسێک هەیە لە پرسی سنور بەهادارتربێت.
=KTML_Bold=شەشەم:=KTML_End= سبەینێ، لەسەر خوانی ئێوارە، سەرۆککۆمار لەگەڵ تەواوی سەرکردکانی چوارچێوەی هەمەئاهەنگیدا کۆدەبێتەوە. زیاتر لە هەفتەیەکە، سودانی و مالیکی و زەیدان و خەزعەلی شمشێریان لە یەکتری ڕاکێشاوە، جارێکیتر برا گەورە داوایانلێدەکات کە شمشێرەکانیان بخەنەوە کێلانەکانیان.
=KTML_Bold=حەوتەم:=KTML_End= ڕۆژی پێنجشەمە، دەگاتە پایتەختی هەرێمی کوردستان. ئێران بۆ هەرێمی کوردستان بایەخێکی یەکجار گەورەی هەیە. پێچەوانەکەیشی ڕاستە. فەرمانی یەکەمی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە چۆن هاوسەنگی ڕاگرێت لەنێوان دوو پرسدا، پرسی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان و ڕێزگرتن لەو یاسایانەی کە ئەم پەیوەندیانە ڕێکدەخەن. واتە قەناعەتکردن بە کۆماری ئیسلامی ئێران کە هەرێمی کوردستان درواسێیەکی بێگرفتە و نابێت بە هەڕەشە بەسەر ئاسایشی نیشتمانی ئێرانەوە. پرسی دوهەمیش بریتیە لەوەی کە قوڵایی کولتوری و جیۆپۆلیتیکی باشوری کوردستان، لە چلەکانەوە تا ڕاپەڕین، هەمیشە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە. ئەم ڕاگرتنی ئەم هاوسەنگیە کارێکی ئاسان نیە، بەڵام موستەحیلیش نیە.
=KTML_Bold=هەشتەم:=KTML_End= لە هەرێم، ئایا دەستەبژێری سیاسی لە ئاستی بەرژوەندیە باڵاکانی هەرێمی کوردستاندا دەبن بەوەی کە، گەر تەنها بۆ ڕۆژێکیش بووە، جیاوازیە ناوخۆییەکانیان بخەنە نێوان دوو کەوانەوە و وەک قەوارەی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆککۆماری ئێران بکەن و بە ئێران و جیهانن بڵێن : سەرەڕای هەموو جیاوازیە ناوخۆییەکان، هەروەک چۆن تەشەیوع شیعیەکان کۆدەکاتەوە، ئاواش هەرێمی کوردستان ئێمە کۆدەکاتەوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=