ناو: فاروق
ناوی باوک: عەباس
ڕۆژی لەدایکبوون: #01-11-1961#
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
$ژیاننامە$
فاروق عەباس عەلی، لە (01-11-1961) لە شاری سلێمانی گەڕەکی گۆیژە لە دایک بووە.
خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی زێوەر، ناوەندی لە ناوەندی ئازادی کوڕان و ئامادەیی لە ئامادەیی سلێمانی کوڕان تەواوکردووە، توانیویەتی هەموو قۆناغەکان بەسەرکەوتویی تەواو بکات، لە زۆربەی قۆناغەکاندا یەکەمی قوتابخانەی بووە.
پاشان لە زانکۆی موسڵ وەرگیراوە لە کۆلێژی زانست بەشی فیزیا، لە ساڵی (1985-1986) زانکۆی تەواوکردووە.
لە (04-06-1987) لە بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بەشی تاقیگەکان دامەزراوە خولیای ئامێر و تاقیکردنەوەی فیزیایی بووە، زۆر هەوڵیداوە شارەزایی تەواو لەسەر ئامێر و پێداویستییەکانی تاقیگە هەبێت، لە ساڵانی (1987-1988) هەر ئامێرێک لەکار بکەوتایە دەبوو بنێردرێت بۆ #وەزارەتی پەروەردە# لە بەغدا بۆ چاککردنەوە بەڵام کاک فاروق لە فەرمانگەکەیاندا وەرشەیەکی بچوکی دامەزراندووە بۆ چاککردنەوە ی ئەو ئامێرانەی کە لەکار دەکەوتن بۆ ئەوەی دووبارە سوودیان لێوەربگیرێت و دەگەڕێنرانەوە بۆ قوتابخانەکانیان تەنانەت هەندێک ئامێریش هەبوون لە کار کەوتبوون نێردرابوون بۆ بەغدا بەڵام چاکنەکرابوون توانیویەتی لەو وەرشە بچوکەدا چاکیان بکاتەوە.
لە ساڵی (1993) وەک لێپرسراوی بەشی تاقیگەکان دەسبەکاربووە، ماوەی (31)ساڵ بەڕێوەبەری بەشە بووە و جێی ڕەزامەندیی هەموو ئەو وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییانە بووە کە کاری لەگەڵ کردوون.
لە ماوەی کارکردنی توانی گۆڕانکاری لە بەشەکەیدا بکات چ لە ڕووی شێوازی کارکردن و چ لە ڕووی پەیکەری کارگێڕییەوە
پاش هەوڵدانی زۆری بۆ دابینکردنی ئامێر و پێداویستی تاقیگە توانیویەتی زیاتر لە (600) قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی تاقیگەیان بۆ دابمەزرێنێت و هەموو پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکات، هەروەها خولی تاقیگەیان بۆ بکاتەوە، کە زیاتر لە (2500) مامۆستا و یاریدەدەری تاقیگە بەشداری خولەکانیان کردووە، چەندین خولی تاقیگەی لە دەرەوەی شار کردووەتەوە بۆ پەروەردەکانی (#هەڵەبجە#ی شەهید-#چەمچەماڵ#-#دەربەندیخان#-#شارەزوور#-سەیدسادق)، زۆر هاوکاری پەروەردەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی سلێمانی کردووە، وەک پەروەردەی (کۆیە -#خانەقین#-#گەرمیان#) بۆ بوژاندنەوەی تاقیگەی خوێندنگەکانیان.
لە ساڵی (2004) سەردانی ئێرانی کردووە بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی تاقیگە، لە ساڵی (2005) بۆ جاری دووەم سەردانی ئەو وڵاتەی کردەوە، کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی ئێرانەوە بانگێشتکرابوون، وەفدێک بوون کە لە پێنج کەس پێکهاتبوون، سەرۆکی وەفدەکە بریکاری وەزیر خوا لێخۆش بوو مامۆستا (عومەر شیرەمەڕی) بوو، ئەندامەکانیش بەڕێزان (ئەمیرەخان -مامۆستا حسێن عەبدوڵڵا-ئاڵا کەمال-فاروق عەباس) پاش هەوڵدانێکی زۆر توانییان پێشانگایەک بۆ ئامێرەکانی تاقیگە بکەنەوە، لە ساڵی (2005) لە قوتابخانەی سوورکێو کە ئێستا مۆزەخانەی پەروەردەیە.
لە ساڵی (2008) سەرۆکایەتی (وەفد)شاندێکی کرد بۆ وڵاتی تورکیا کە لە (10)کەس پێکهاتبوو بە مەبەستی بەشداربوون لە خولی تاقیگە لەسەر کۆمەڵێک ئامێر کە بۆ خوێندنگەکان دابینکرابوو هەروەها سەردانی وڵاتی چینی کردووە بە مەبەستی سەردانی کارگەکانی درووستکردنی ئامێری تاقیگە و لە نزیکەوە ئاشنا بوون بە ئامێری نوێ و پێشکەوتوو هەروەها سەردانی وڵاتی ئیماراتی کردووە بۆ بەشداری لە پێشانگای ئامێر و پێداویستییەکانی تاقیگە.
لە ساڵانی (1996-2006) سەرەڕای کارەکەی خۆی وەک نوێنەری وەزارەتی پەروەردە کاریکردووە بە تایبەتیی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی (یۆنسکۆ-یونسیف)بۆ کاروباری تاقیگە.
ساڵی (2014) لەلایەن یەکێتی کەمئەندامانی سلێمانییەوە بە سپۆنسەری (ئاسیا سێڵ) خەڵاتی ئاڵتونیی پێ بەخشرا وەک کەمئەندامێکی چالاک و سەرکەوتوو لە کارەکەیدا.
لە ساڵی (2022) لەلایەن دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستانەوە (دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر) سەرۆکی دەستە خەڵاتی ڕێزلێنانی پێ بەخشرا کە لە هەموو بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی سلێمانی تەنیا یەک کەس دەستنیشان کرا ئەویش کاک فاروق بووە.
لە ماوەی کارکردنیدا زیاتر لە (25) ڕێز و سوپاسی ئاڕاستە کراوە لە بەڕێوەبەرێتی گشتی و هەندێک بەڕێوەبەرێتی پەڕوەردەکان و زانکۆی سلێمانی و زانکۆی چەرمۆ و زانکۆی هەڵەبجە و پەروەردەی کۆیە و وەزارەتی پەروەردە لە سەرەتای دامەزراندنی زانکۆی سلێمانی لە سەرەتای نەوەدەکاندا زۆر هاوکاریی کردون بە چاککردنەوەی کۆمەڵێک ئامێری شکاوو لەکارکەوتو کە ئەو کات حکومەتی هەرێم باری دارایی زۆر خراپ بوو هەروەها کۆمەڵێک ئامێر و پێداویستی تاقیگە کە بۆ قۆناغەکانی ئەوان نەدەگونجا پێشکەش بە زانکۆی سلێمانی کران لەگەڵ ئەوەشدا هاوکاری پەیمانگاکانی نابینایان و نابیستانی کردووە، هاوکاری هەندێک ڕێکخراوەیی کردووە بە وانەوتنەوە لە خولەکانیاندا وەک ڕێکخراوی ڕێباز فاوندەیشن.
هەر لە منداڵییەوە خولیای میوزیک هەبووە شانبەشانی خوێندنەکەی لە سەرەتای قۆناغی ناوەندیی دەستی بە ژەنینی ئامێری ئۆکۆردیۆن کرد و لەگەڵ چەند تیپێکی میوزیک کاری کردووە وەک تیپی میوزیکی چالاکی قوتابخانەکان-تیپی ڕۆشنبیری-تیپی کۆمەڵی هونەر و وێژەی کوردی-تیپی نەقابەی کرێکاران، بەشداری چەند ڤیستیڤاڵ و ئاهەنگێکی کردووە لەگەڵ هونەرمەندە بەناوبانگەکان. [1]
ئامادەکردنی: گێلاس کەریم سوارە-رێبوار حەمەوەیس