ناو: مەجید
ناوی باوک: سەعید
ساڵی لەدایکبوون: 1921
ساڵی کۆچی دوایی: 1995
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
شوێنی کۆچی دوایی: سلێمانی
$ژیاننامە$
مەجید سەعید ئەحمەد دزکوژ، ساڵی 1921 لە گەڕەکی گۆیژە بازاڕی ئۆرزدی ئێستا لە دایکبووە.
لە بنەماڵەیەکی ناودار و دێرینی شاری سلێمانی، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی هەموو قۆناغەکانی بە زۆر باشە لە شاری سلێمانی تەواوکردووە، یەکێک بووە لە قوتابییە سەرکەوتووەکان.
بۆ بەردەوام بوون لە خوێندن چووەتە شاری بەغدا لەبەر بەرزی نمرەکانی لە کۆلێژی ئەندازیاری وەرگیراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی حەزی کردووە لەگەڵ هاوڕێکانی بێت هەست بەتەنیایی نەکات وازی هێناوە و چووەتە خانەی مامۆستایانی باڵا (دار المعلمین العالی) لە بەغدا ، پسپۆڕی زمانی ئینگلیزی. مامۆستا مەجید لە بەغدایش قوتابییەکی دیار و سەرکەوتوو بووە.
ساڵی 1943 وەک مامۆستا دەستبەکار بووە لە (#پێنجوێن#) پاشان گواستراوەتەوە بۆ سلێمانی قوتابخانەی (فەیسەڵیە) بە مامۆستای وانەی ئینگلیزی، یەکێک بووە لە مامۆستا بەتواناکان وانەی بەشێوەیەک وتوەتەوە قوتابییان زۆر سوودیان لێبینیوە فێری ئینگلیزی کردوون، هەمیشە مامۆستایەکی ڕێکپۆشبووە و زۆر گرنگی بەو بوارە داوە. پاشان لەبەر لێهاتوویی کراوە بە بەڕێوەبەر قوتابخانەی (غازی) کوڕان لە سلێمانی، لە هەمان کاتدا وەک پسپۆڕێکی باشی زمانی ئینگلیزی بووە بە وەرگێڕ هەربیانییەک بهاتایە بۆ شاری سلێمانی مامۆستا مەجید بانگ کراوە بۆ وەرگێڕان.
هەرلەو کاتەوە وەک خولیایەک بۆ زمانەکە و پەرەپێدانی ساڵانە لە هاویندا چووە بۆ خول بۆ زانکۆی ئەمریکی لە بەیرووت و کۆرسی خوێندووە ، یەکەم کەس بووە لەو سەردەمەدا فۆنتێکی زمانی ئەمریکی بە باشی فێر بوو بەکاری دەهێنا و بووە زمانەوانێکی باش تەنانەت وەرگێڕانی بۆ (لێفت نانمۆر و کابتن فیل) کردووە لە گەشتەکەیان دا بۆ کوردستان لەگەڵیدا گەڕاوە.
ساڵی (1954) لە سەردەمی (عومەر عەلی) متسرفی سلێمانی بووە، سەردانی مەکتەبی غازی کردووە کە مامۆستا مەجید بەڕێوەبەر بووە لەو کاتەدا مەکتەبەکە بۆیاخ کراوە و وێنەی مەلیک فیسل داگیراوە تا دیوارەکە وشک بیتەوە لەسەر ئەمە گواستراوەتەوە بۆ #قەڵادزێ# کە دوورترین شارۆچکە بووە لە سلێمانییەوە، پاش دوو ساڵ گەڕاوەتەوە لە خانەی مامۆستایان بووەتە مامۆستا، پاشان گواستراوەتەوە بۆ قوتابخانەی خالیدیە کوڕان و ەک بەڕێوەبەر بەردەوام بووە تا ساڵی 1976 لەسەر داوای خۆی خانەنشین بووە.
زۆر ئارەزووی خوێندنەوە و نووسین بووە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا زۆر بابەتی بە زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بڵاوکردوتەوە، لە گۆڤاری ڕۆژی نوێ و گەلاوێژ نووسینی بڵاوکردووەتەوە.
لەگەڵ مامۆستا (#ئیبراهیم ئەحمەد#) لە ڕۆژنامەی خەبات کاریان کردووە چەند جارێک تووشی گرتن و لێپرسینەوە بووە، هەستی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری زۆر پیرۆز بووە لای لە بەغدا لەگەڵ هاوڕێکانی بیری کوردایەتی و نەتەوایەتی لەناو خوێندکارە کوردەکاندا بڵاوکردووەتەوە.
کاتێک (#شێخ مەحمودی حەفید#)ی نەمر لە بەغدا بووە ئەمان پاسەوانی ماڵەکەیان کردووە، لەگەڵ دامەزراندنی پارتی دیموکرات پەیوەندی هەبووە لە هەموو بۆنە و ئاهەنگە نەتەوەییەکاندا پێشوازی لە میوانە بیانییەکان کردووە، وانەی ئینگلیزی بە #مەلا مستەفا بارزانی# وتووە لە دوکانی میخائیل ساکۆ و سەیدەلییەی ڕەئوف.
ئەندامی دامەزرێنەری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بووە.
ساڵی 1963 لە ڕەشبگیرییەکەی نۆی حوزەیران گیراوە و ماوەیەکی زۆر ماوەتەوە و دوایی ڕەوانەی بەغدا کراوە و لەوێ دەستبەسەر بووە.
ساڵی 1942 ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە لەگەڵ (واحیدە فەخری بەگ واسف بەگ) کە یەکێک بووە لە خانەوادە ناودارەکانی شاری سلێمانی، دوو کوڕ و چوار کچەی هەبووە بەناوەکانی (دلاوەر، کامەران، گوڵاڵە، هێرۆ، چنوور و ئاشتی) .
ساڵی 1995 کۆچی دوایی کردووە لە گردی سەیوان بەخاک سپێردرا.
ئامادەکردنی: نیهایەت مەحمود [1]