=KTML_Bold=#هەولێر# لەنێوان ژینگەیەکی ژیاری و ژیانێکی ژەهراویدا=KTML_End=
#ڕزگار محەمەد عوسمان هەنارەیی#
دەمێکە شارەکان لەسەر ئاستی جیهان بوونەتە جێگەی بایەخی توێژینەوەی ناوەندە ئەکادیمی و زانستییەکان، بەهۆی زۆربوونی خێرای ژمارەی دانیشتووانیان، بە جۆرێک کە لەسەر ئاستی جیهان دیاردەیەکی ناسرووشتی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت لەدوای نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردووەوە. بەگوێرەی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆی ژمارەی دانیشتووانی شارەکان تاوەکو ساڵی (1950) تەنیا 751 ملیۆن کەس بووە، کەچی ئەم ژمارەیە لە ساڵی 1985 بووەتە 2 ملیار و لە سەرەتای ئەم سەدەیە گەیشتووەتە 3 ملیار و ئێستا زیاتر لە 5 ملیار مرۆڤ له سەنتەری شارەکانی جیهاندا دەژین، لە کاتێکدا ڕووبەری شارەکان کەمتر لە (%3)ی کۆی ڕووبەری وشکانی هەموو گۆی زەوییە. ئاشکرایە کۆبوونەوەی ژمارەیەکی زۆری دانیشتووان له ڕووبەرێکی بچووکدا، وێڕای ئەوەی ژینگەیەکی شارستانی بۆ پێشکەشکردنی جۆرەها خزمەتگوزاری بۆ شارنشینان فەراهەم دەکات، لە ڕووی خزمەتگوزاریی فێرکاری و تەندروستی و....هتد، هاوکات کۆمەڵێک گرفتی ژینگەیی جۆراوجۆر دروست دەکات، بەتایبەت گرفتە ژینگەییەکانی وەک، پیسبوونی هەوا، ژاوەژاو، خاک، ئاو....هتد.
=KTML_Bold=رووبەر و دانیشتووانی شاری هەولێر=KTML_End=
ڕووبەر و ژمارەی دانیشتووانی شاری هەولێر، هاوشێوەی شارەکانی جیهان گۆڕانێکی خێرای بەسەردا هاتووه، بەتایبەت لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا. بەراوردکردنی قۆناخەکانی فراوانبوونی ڕووبەری شاری هەولێر ئه و ڕاستییە دەردەخات، کە شارەکە بەشێوەیەکی ناسرووشتی گەشەی کردووه، ئەمەش دەرئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە، بۆ نموونە له ساڵی 1991 ڕووبەری شاری هەولێر تەنیا 80 کیلۆمەتر دووجا و ژمارەی دانیشتووانی کەمتر لە نیو ملیۆن کەس بووە، کەچی له ساڵی 2012 ڕووبەری شارەکە گەیشتووەتە نزیکەی 130 کیلۆمەتر دووجا و دانیشتووانەکەشی نزیکبووەتەوە لە 750 هەزار کەس. ڕووبەری ئێستای شارەکە نزیکەی 150 کیلۆمەتر دووجا و نزیکەی ملیۆنێک و دووسەد هەزار کەسی تێدا دەژی، ئەمەش گرفتی جۆراوجۆری ژینگەیی دروستکردووە کە پیسبوونی هەوا پێشەنگی ئەم گرفتانەیە.
=KTML_Bold=هۆکارەکانی پیسبوونی هەوای هەولێر=KTML_End=
لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا پیسبوونی هەوای شاری هەولێر بووەتە مژاری ڕۆژ و زۆری لەسەر نووسراوه و گوتراوە، بۆیە دەرخستنی گرنگترین هۆکارەکانی ئەم گرفتە پاڵپشت بە فاکتەرە جوگرافییەکانی شارەکە بە پێویست دەزاندرێت کە لە بەشێکی زۆری نووسین و بەرنامەکاندا یان فەرامۆشکراون، یان شرۆڤەیەکی زانستییانەی وردیان بۆ نەکراوه. هەرێمی کوردستان به گشتی خاوەنی پیشەسازیی گەورە نییه، تا ڕۆڵێکی نەرێنییانەی گەورەی هەبێت لەسەر پیسبوونی هەواکەی، وەک پیشەسازییەکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل و کەشتی، ئامێرەکانی ناوماڵ، پیشەسازییە پێترۆکیمیاوییەکان و... هتد. کەواتە پیسبوونی هەوای شارەکانی هەرێمی کوردستان هۆکاری پیشەسازی نییە، بەڵکو هۆکاری سەرەکی پیسبوونی هەوای شارەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی بریتییە لە زۆریی بەکارهێنانی سووتەمەنی به بەردبوو (Fossil fuel)، یان ئەوەی پێی دەگوترێت (وزەی ناپاک) وەک گازوایل و بەنزین لەلایەک و بوونی پیشەسازی پاڵاوتنی نەوت لە لایەکی دیکەوە، بۆیە پاکبوونەوەی هەوای شاری هەولێر لەم دۆخەی ئێستای بەکارهێنانی ئەم ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل و موەلیدەکاندا ئەگەر ئەستەمیش نەبێت نیمچە ئەستەمه.
=KTML_Bold=دەربارەی زۆری ژمارەی ئۆتۆمبیل و مۆلیدەکان دەکرێت چەند ئامارێک بخرێتەڕوو کە بریتین لە:-=KTML_End=
-هەرێمی کوردستان لەرووی ژمارەی ئۆتۆمبیل بەراورد بە ژمارەی دانیشتوانەکەی لە پێش زۆر لە وڵاتانی حیهانەوەیە، وەک هەریەک لە وڵاتانی (تورکیا، ڕووسیا، کرواتیا، ئێران، ئەردەن ......و هتد)، چونکە بەگوێرەی نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، هەر 1000 کەس لە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 350 ئۆتۆمبیلیان بەردەکەوێت، واتە هەر سێ کەس لە هەرێمی کوردستان ئۆتۆمبیلێکیان بەردەکەوێت، ئەمەش مانای پێشکەوتن نییه، بەڵکو مانای دواکەوتنی کەرتی گواستنەوەی گشتییه، کە ژمارەی ئۆتۆمبیلەکانی هەرێمی کوردستانی زیادکردووە، وێڕای بوونی زیاتر لە 8 هەزار ماتۆڕسکیل له هەرێمی کوردستان، کە شاری هەولێر پشکی شێری ئەم ژمارەیەی بەردەکەوێت.
-دەربارەی ژمارەی مۆلیدەکان، ئامارەکانی پارێزگای #هەولێر# ئاماژە بە بوونی نزیکەی 1500 مۆلیدە دەکەن لەشاری هەولێر، (مۆلیدەی گەڕەکەکان و هۆتێڵ و مۆتێل و خواردنگەکان، کافتریاکان دەگرێتەوە)، ئەم ژمارەیەش بەردەوام لە زیادبوونە، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی ڕووداو، ساڵانە زیاتر لە 500 هەزار مۆلیدەی جۆراوجۆر هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت. ئەگەر ڕووبەری شارەکە بەراورد بکرێت بە ژمارەی مۆلیدەکان، هەر (1) کیلۆمەتر دووجای شارەکە نزیکەی 10 مۆلیدەی بەردەکەوێت، کەواتە هۆکاری پیسبوونی هەوای شارەکە بە پلەی یەکەم ئۆتۆمبیل و مۆلیدەکانن، بۆیە پاکبوونەوەی هەوای هەولێر نیمچە ئەستەمه، بەم سیستەمەی ئێستای کارەبای نیشتمانی و هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل.
=KTML_Bold=ئاستی پیسبوونی هەوای هەولێر=KTML_End=
ئەوەی تاوەکو ئێستا لەسەر پیسبوونی هەوای شاری هەولێر نووسراوە و گوتراوە، کەمێکی نەبێت هەمووی زانیاری تیۆرین و پاڵپشتیی ئامارییان لاوازە یان هەر نییە، چونکە تاوەکو ئێستا تەنیا یەک بنکەی پێوانەی گازە ژەهراوییەکان لە شاری هەولێر هەیە، کە لەلایەن دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەوە سەرپەرشتی دەکرێت؛ ئەویش هەموو گازە ژەهراوییەکان پێوانە ناکات، لێرەوە پێویستە ئاماژە بە چەند سەرنجێک بکرێت دەربارەی ئەم بابەتە:
-کاتێک دەگوترێت هەوای هەولێر پیسە، ئەمە قسەیەکی گشتییه و دروستە، کەس لاریی نییە کە هەوای هەولێر پیسبووە، بەڵام پێویستە ئاماژە بە ئاستی پیسبوونەکەشی بکرێت، ئاخۆ بە چ گازێک پیسبووە؟ بڕەکەی چەندە؟ سنووری ڕێگەپێدراوی نێودەوڵەتی بۆ ئەم گازە چەندە؟ ئایا ئەم گازە لە ئاسمانی شاری هەولێر چەند هێندەی سنووری ڕێگەپێدراوی نێودەوڵەتییە؟ ئایا لە چ شوێنێک و لە چ کاتێک چڕیی گازەکە زیاتر دەبێت؟ کاریگەرییە تەندروستییەکانی ئەم گازە چۆنە؟ و هتد... ئەمانه و چەندین پرسیاری دیکە پێویستی بە بەدواداچوون و وەڵامدانەوە هەیه، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی زاستییانە ئاستی پیسبوونی هەوای شاری هەولێر و کاریگەرییە نەرێنییەکانی دیاری بکرێت.
-باس لەوە دەکرێت کە گەڕەکەکانی باشوور و باشووری ڕۆژئاوای شاری هەولێر، ئاستی پیسبوونیان زۆر زۆرە و مەترسیدارن، گەڕەکەکانی باکووری شارەکە هەوایان پاکترە، ئەمەش زانیارییەکی گشتییە و پێویستی بە پێوانی ئاستی گازەکان هەیە بەشێوەیەکی خولی یان نیمچەخولی، له تەواوی مانگەکانی ساڵ و لە تەواوی گەڕەکەکانی شارەکە، به مەبەستی بەراوردکردنی ئاستی پیسبوونی نێوان گەڕەکەکان لە مانگە جیاوازەکاندا.
-زۆر بە دەگمەن باس لە گوێزرانەوەی گازە ژەهراوییەکان له شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە کراوە، بەتایبەت کاتێک گازە ژەهراوییەکان لە ڕێگەی هەردوو فاکتەری خێرایی و ئاراستەی با دەگوازرێنەوە، ئاراستەی باوی با له شاری هەولێر لە مانگێک بۆ مانگێکی دیکە و لە وەرزێک بۆ وەرزێکی دیکە دەگۆڕێت، به گشتی ئاراستەی باوی با لە شاری هەولێر، ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاته به رێژەی دووبارەبوونەوەی (29%)ی کۆی بایەکان لە شارەکە، واتە بە پلەی یەکەم بایەکان لە ئاراستەی ڕۆژهەڵاتی شارەکەوە بەره و بەشەکانی ڕۆژئاوای هەڵدەکەن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە هەڵکردنی با لە ئاراستەکانی دیکەوە بوونی نییە، بۆ نموونه هەڵکردنی با لە بەشەکانی ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوای شارەکه، پلەی دووەمی وەرگرتووه به رێژەی دووبارەبوونەوەی 27%، بەتایبەت لە مانگەکانی پاییز و زستان، له کاتێکدا زبڵخانەی هەولێر و پاڵاوگە نایاساییەکان و ناوچەی پیشەسازیی باشوور، کارگەی بەرهەمهێنانی شیش لە گوندی تیمار و چەند پیشەسازییەکی دیکە کەوتوونەتە ئه و ئاراستانە، بۆیە بەبێ بوونی داتایەکی ورد لەسەر بڕی پیسکەرەکانی ناو هەوای شارەکە، شیکردنەوەیەکی زانستییانە نییە، ئاماژە بە قەبارەی پیسبوونی بەشەکانی شارەکە بکرێت، یان دەستنیشانی ئه و گەڕەکانە بکرێت کە ئاستی پیسبوونی هەوای زیاترە بەراورد بە گەڕەکەکانی دیکە، به پێچەوانەوە هیچ گەڕەکێکی شاری هەولێر بەدەر نییە لە پیسبوونی هەواکەی بە گازە ژهراوییەکان، بەڵام بە بڕ و ڕێژەی جیاواز.
-خێرایی با لە شاری هەولێر کاریگەریی گەورەی هەیە لەسەر هەڵگرتن و گواستنەوەی گازە ژەهراوییەکان لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە، ئامارە بەردەستەکانی خێرایی با لە شاری هەولێر، ئاماژە بە کەمیی خێرایی با دەکەن بە جۆرێک تێکڕای ساڵانەی خێرایی با لە شارەکە کەمترە لە (2م/چرکە)، بەڵام خێرایی با لەسەر ئاستی مانگەکان جیاوازە بۆ نموونە لە هەردوو مانگی ئازار و مایس ئەم خێراییە بەرزدەبێتەوە بۆ سەرووی (4 مەتر/چرکە). کەواتە بڕی گوێزرانەوەی گازە ژەهراوییەکانی سەر شارەکە بەگوێرەی خێرایی با لە هەموو مانگەکان وەک نییە، بەڵکو جیاوازی کاتی و شوێنی هەیە بە گوێرەی خێرایی و ئاراستەی با.
=KTML_Bold=رێگەچارەی پاکبوونەوەی هەوای هەولێر=KTML_End=
چارەسەرکردنی هەر گرفتێکی ژینگەیی بەگشتی و گرفتی پیسبوونی هەوا بەتایبەت؛ بەبێ بوونی داتای ورد و دروست لەسەر گرفتەگە ئەنجامی زانستی و وردی نابێت، ئەوەی کەس ناتوانێت نکوڵی لێبکات پیسبوونی هەوای شارەکەیه، بەڵام جۆر و بڕی گازە ژەهراوییەکانی هەوای سەر شاری هەولێر، چەندە؟ چۆنە؟ ئەوەیان پێویستی بە پێوانەکردنێکی ڕۆژانه و مانگانه و وەرزانه و ساڵانە هەیە، بۆ ئەوەی لەسەر بنچینەیەکی زانستی ڕێگەچارەی گرفتەکە دابڕێژرێت؛ بۆیە یەکەم ڕێگاچارەی هەنووکەی پیسبوونی هەوای شاری هەولێر دەستنیشانکردنی قەبارەی پیسبوونی هەواکەیە لەرووی کات و شوێنەوە، دوای ئەم هەنگاوە ڕێگەچارە کردارییەکان لەسەر بنچینەی هۆکارەکانی پیسبوونەوە دەستپێدەکات، تا جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە هەولێر ئەگەرچی لەرووی سیما و تایبەتمەندییەوە ژینگەیەکی ژیاری هەبێت، بەڵام هەمیشە هاوشارییەکانی هەوای ژەهراوی هەڵدەمژن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=