=KTML_Bold=بازاڕی کار، رێگەیەکی تەمومژاوی بۆ فێرخوازان=KTML_End=
#عەبدولڕەحمان ئەحمەد وەهاب#
لە ئاهەنگی ئەمساڵی دەرچوونی فێرخوازانی زانکۆی ئەمریکیدا لە #سلێمانی#، نووسەری ئەمریکی تۆماس فریدمان بە فێرخوازانی گوت کەوا لەبری ئەوەی بە دوای هەلی کاردا بگەڕێن، باشترە خۆیان پیشە و کارێک دابهێنن. هەفتەیەک دوای ئاهەنگەکە، سایتی (رووداو)یش راپۆرتێکی لەسەر ئەم قسەیەی فریدمان بڵاوکردەوە. راپۆرتەکە بە هەمان شێوەی فریدمان نموونەی هێناوەتەوە کەوا چۆن وا وردە وردە پیشە و کار پێویستیان بە مرۆڤ نامێنێ. لە هەردوو بارەکەشدا ئەوە بە گوێی فێرخوازان و لاوانی کوردستاندا درا کە لەسەریانە خۆیان بۆ دنیا و بازاڕی نوێ ئامادە بکەن.
کارکردن و دامەزراندن و پەیوەستبوون بە پیشەوە بابەتی سەرەکیی قسەوباس و خەم و خولیای فێرخوازان و خانەوادە و کۆمەڵگەن. لە بەرەبەری تەواوبوونی خوێندنی زانکۆش ئەم بابەتانە بە شێوەیەکی سەرەکی چڕدەبنەوە، چونکە ئیدی دەبنە هەنگاوی سەرەکیی پاش خوێندنی زانکۆ. پیشە و کارکردن و دامەزراندن و بەشداریکردن لە کایە ئابوورییەکاندا بەشێکی سەرەکیی مەبەستی پەروەردە و فێرکردن پێکدەهێنن و پێکهاتەی گشتیی فەلسەفە و سیستەمی پەروەردە و خوێندن لە جیهان و لە کوردستانیشدا لە زۆر رووەوە لەسەر بنەمای پێکهێنان و بنیاتنان و فراوانکردنی دەرفەتە ئابوورییەکان دامەزراون.
تێکەڵکردن و بەستنەوەی پەروەردە بە بازاڕی کارەوە زۆرجار وەک واقیعێکی بێ کێشە و پرسیارلێنەکراو مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ئەوەی لەم تێکەڵکردنەدا ناچێتە گفتوگۆ و روونکردنەوەوە، ئەو پڕۆسە سیاسی و ئایدیۆلۆجیانەن کە نەخشی کایە ئابوورییەکان دیاری دەکەن. وتەکانی فریدمان بە شێوەیەکی روون ئەو بۆچوونە سیاسییە دەردەبڕێت کە دەسەڵاتدارانی کوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر لەخۆیان گرتووە و، پێشکەشکردنی فەلسەفەیەکی پەروەردەیی کۆن و ناتەواوە لە بەرگێکی نوێدا. لەم باسەشدا پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن دەکرێتە ئەو پەردەیەی کە رووی ڕاستەقینەی مامەڵە ئابوورییەکان و پێکهاتەی بازاڕی کاری پێ دەشاردرێتەوە.
بەناوی کایەی زانستی و ئەکادیمییەوە پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن روویەکی ناسیاسی و نائایدیۆلۆجی دەداتە کایە ئابوورییەکان، بەمەش کۆمەڵگە تەنها لە رووکەشدا بەشداری کایە ئابوورییەکان دەبێت، کەچی لەڕاستیدا کەمینەیەکی سیاسیی سەرمایەدار دەسەڵاتیان بەسەر کۆی کایە ئابوورییەکاندا دەسەپێنن. تۆماس فریدمان بە دوو خاڵ گوزارشت لە گرێدانی بەهاکانی بازاڕ بە پڕۆسەی پەروەردەوە دەکات. یەکەمیان ئەوەی کە فێرخوازان و لاوان دەبێت بەرپرسیارێتی پێکهێنان و دۆزینەوەی کار و پیشە لە ئەستۆ بگرن. دووەمیان پێوانەکردنی بەهای خوێندنی چەندساڵەی زانکۆ بە وابەستەبوون بە بازاڕی کار و پیشەوە.
بەرپرسیارکردنی لاوان لە دۆزینەوەی کاردا وێنەیەکی ناتەواوی دنیا و ژیان لە هەرێمی کوردستاندا دەنەخشێنێ، وەک بڵێی بێ هیچ رێگری و ململانێی دەسەڵاتی ئایدیۆلۆجی و سیاسی دنیا رووتەختێکی سپی بێت و ئامادە بێت تا لاوان نیگاری داهاتووی خۆیانی لەسەر بکێشن. ئەگەر باسی بەرەنگاربوونەوە و رەخنەکاریی ئەو سیاسەت و تێڕوانینە بۆ جیهان نەکرێت کە بڕیار لەسەر بەهای مەعریفە و توانای فێرخوازەکان دەدات، مانای وایە داوای ئەوە دەکرێت فێرخوازان جیهانی ئەمڕۆ وەک شتێکی تەواو و باش قەبووڵ بکەن یان وەک واقیعێک ملکەچی ببن. ئەوەی فریدمان لە فێرخوازانی داوا دەکات ئەوەیە بە سانایی لە پەراوێزی واقیعدا پیشەی نوێ بۆخۆیان پێکبهێنن. لەم پڕۆسەیەشدا، (رووداو) وەک دەزگایەکی میدیایی فراوانخواز، لە کۆی قسەکانی فریدمان ئەو بەشەی دابڕیوە و کردوویەتی بە راپۆرت بۆ تەواوکردنی ئەو نەخشەی کە کەسە سیاسییەکان دەیکێشن.
ئەوەی زۆر بەم گوتارە دڵخۆشە لە کوردستاندا دەسەڵاتی سیاسیی ئابوورییە، چونکە باسکردنی پێکهێنانی کار و پیشە و داوانەکردنی هەلی کار زۆر ئاسایی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بەهانەیەکە بۆ هەڵاتن لەو بەرپرسیارێتییەی لە دابینکردنی دەرفەتی کار و کردنەوەی دەرگا ئابوورییەکان بە ڕووی گەنجاندا لەئەستۆیانە. هەڵنانی فێرخوازان تا پیشە و کاری خۆیان بنیات بنێن، بێ ئەوەی دەسەڵاتداران لە پڕۆسەی پشتگیری و رێگەپێدان و کردنەوەی دەرگا داخراوەکاندا بەرپرسیار بن، فێرخوازان دەخاتە نێو گێژاوێکی نەبڕاوەوە. لە روویەکەوە رێگریی سیاسەت و گەمەکانی دەسەڵات لە کایە ئابوورییەکاندا لاوان تووشی قەیرانی دووڵی و ماندووبوونێکی بێ هوودە و راکردن بە دوای سەرابدا دەکەن، لە روویەکی دیکەوە نادڵنیایی و بێئاکامیی ساڵانی خوێندن و بێنرخبوونی بڕوانامە و بوونی مەعریفە و تواناکان بۆ لاوان دەسەلمێت و دەگەنە ئەو بڕوایەی کە خوێندن و زانین لە نەخشاندنی کایەکانی ژیاندا هیچ بەهایەکیان نییە. پێکهێنانی بواری کار و پیشەی نوێ تەنها لە کاتێکدا مانای ئیجابی دەداتە لاوان کە هەوڵێک بێت بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و هێز و بەرفراوانکردنی مەوداکانی بەشداریکردن لە پێکهێنانی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریدا، نەک وازهێنان لە بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتداران و پاوانخوازانی بازاڕ و بوارە جیاجیاکانی کارکردن.
فریدمان بەهای کۆی خوێندن و کۆشش و خەرجی فێرخوازان و خانەوادەی فێرخوازان لە کارکردن لە پیشەیەکدا کە هێشتا لە ئارادا نەبێت، بچووک دەکاتەوە. ئەم گوتارە، کە بەهای خوێندن لە بازنەی بازاڕدا بچووک دەکاتەوە، کێشمەکێشە سیاسییەکانی پێکهاتن و برەوپێدانی هەر پیشە و کارێک، نەک تەنها لە جیهاندا بەڵکو لە هەرێمی کوردستانیشدا، دەشارێتەوە. ئەم گوتارە وا دەکات فێرخوازان لە ئەگەری بێئیشیدا یان لە گیرسانەوەیان لە کارێکی نەخوازراودا تەنها گلەیی لە خۆیان و لە خوێندنیان بکەن، نەک لە دەسەڵات و ناوەندەکانی کار و لە سیاسەتەکانی برەوپێدانی کار و پیشە و کایە ئابوورییەکان. کێشەی چوارچێوەدارکردنی پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن بە کایە ئابوورییەکان نەک تەنها مەبەستەکانی پەروەردە لە یەک مەبەستدا بچووک دەکاتەوە بەڵکو توانای دەستێوەردان و بڕیاردان لە ئامانجەکانی پەروەردەدا دەداتە دەسەڵاتە سیاسی و ئایدیۆلۆجییە ئابوورییەکان، بەمەش هێزی ئەو دەسەڵاتانە فرەمەودا دەکات. لە کۆی ئەمەشدا پڕۆسەی پەروەردە، وەک کایەیەکی ئەخلاقی بۆ بەهێزکردنی پێگە مرۆییەکانی وەک ئازادی و عەدالەت و هەماهەنگی، هیچ بەهایەکی نامێنێت تەنها بەو پێوانەیە نەبێت کە دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری بڕیاری لەسەر دەدات.
کایە ئابوورییەکان و مامەڵەی بازاڕکاری ناکرێت لەسەر بنەمای ململانێی وەرزشی و کایەی هاوشێوە بیریان لێ بکرێتەوە، چونکە تەنها پلاندانان و بەگەڕخستنی توانا مرۆیی و ماددییەکان ناتوانن سەرکەوتنی بازاڕ مسۆگەر بکەن. مامەڵەی بازاڕکاری، بەتایبەتی لە دنیای ئێستادا، مامەڵەکردنێکی سیاسییە، واتە ئەوە سیاسەت و بەکارهێنانی دەسەڵاتە کە بڕیار لەسەر نرخی بابەتە پێشکەشکراوەکان دەدات. لەم بڕیاردانەشدا توانا و پلاندانان و زیرەکی هێندەی هێز و دەسەڵات کاریگەرییان نییە، چونکە هێزی بڕیاردان لە مامەڵە ئابوورییەکاندا بە شێوەیەکی سەرەکی لە دەسەڵاتەوەیە نەک لە بەهای خودی بابەتە ئابوورییەکانەوە. گرێدانی کایە ئابوورییەکان بە پەروەردەوە لە روویەکەوە سنووردارکردنی پڕۆسەی پەروەردەکردنە و سڕینەوەی مەبەستە مرۆییە ئەخلاقییەکانە بە سوودی فراوانکردنی سەرمایەی کەمینەیەک. لە روویەکی دیکەوە شاردنەوەی رووە سیاسییەکەی بازاڕە بۆ دروستکردنی هێزێکی کارگوزاری دەستەمۆ. ئەمەش دەرفەت دەداتە سیاسی و دەسەڵاتدار و هێزە ئابوورییەکان کە ئەرکەکانی خۆیان بەرامبەر کۆمەڵگە پشتگوێ بخەن و لە هەر حاڵەتێکدا گلەیی لە بێتوانایی و ناکاریگەریی پڕۆسەی پەروەردە بکەن. دەسەڵاتدارانی ئابووری و بازاڕی کار لەبری ئەوەی خۆیان کارمەند و پیشەگەر بۆخۆیان ئامادە بکەن، ئەرکەکە دەخەنە سەرشانی ناوەندەکانی خوێندن. بەمەش دەیانەوێت بە هیچ یان بە کەمترین تێچوو باشترین کارمەندیان دەستبکەوێت. مەبەستە پەروەردەییەکانیش وردە وردە لەناو دەچن و مەبەستەکانی بازاڕکاری و ململانێی تاکەکان بۆ بەدەستهێنانی دەرفەتی کار ئەو دەسەڵاتە قۆرخکارە لە چنگی کەمینەیەکدا دەهێڵنەوە. بۆیە دەبینین لە ئێستادا سیاسەت و بازاڕ بڕیار لە چییەتی و چۆنیەتی پڕۆسەی پەروەردە دەدەن بێ ئەوەی پەروەردەکاران بتوانن نە تانوپۆی کایە پەروەردەییەکان دیاری بکەن و نە لە کایە سیاسی و ئابوورییەکاندا رۆڵێکی ئەوتۆیان هەبێت.
ئەم گوتارە سیاسی و ئابوورییەی لە گەردنی پڕۆسەی پەروەردە و خوێندنەوە پێچراوە، وێنەیەکی ناڕاست و سەرلێشێوێنەر بۆ کێشەی هەژاری لە وڵاتدا دەکێشێت. کێشەی هەژاری کێشەی نەزانی و نەبوونی توانای کارکردن و پسپۆڕی نییە هێندەی کێشەی گەندەڵی و ناعەدالەتی و چەوساندنەوە و گەمەی هێز و دەسەڵاتە لە کایە ئابوورییەکاندا. کە سەرکەوتنی پڕۆسەی پەروەردە بە دەستگیربوون لە کارێک لێکدەدرێتەوە، لە کاتێکدا دەرفەتی کارکردن پەیوەندیی بە گەمە ئابوورییەکان و قۆرخکاری و ئایدیۆلۆجیی سەرمایەدارییەوە هەبێت، ئیدی کاری پەروەردە دەبێتە گەیشتن بە ئامانجێک کە هیچ پەیوەندی بە هەوڵ و توانا پەروەردەییەکانەوە نییە. بۆ نموونە باسی پشتبەستن بە تەکنۆلۆجی و ئامێرەکان و سنووردارکردنی توانا مرۆییەکان لە کارکردندا رێک پێچەوانەی مەبەستی پەروەردەیە کە گەشەپێدان و فراوانکردنی سنوورەکانی توانا مرۆییەکانە.
بۆیە جێی خۆیەتی بپرسین کە جەختکردنەوەی تۆماس فریدمان و راپۆرتەکەی سایتی (رووداو) لە توانای رۆبۆت و بەرنامە کۆمپیوتەرییەکان و جێگرتنەوەی مرۆڤ، واتە باسکردنی پێویستنەبوونی توانای مرۆڤ لە کارکردن لە کوردستاندا بە سوودی کێ دەشکێتەوە و کێ دڵی پێ خۆشە؟ ئەم قسانە کە لە کوردستاندا دەکرێن، کێن ئەوانەی گوێقوڵاخی ئەم پێشنیازەن و بە روخساری داهاتووی کوردستانی دادەنێن؟ لە کوردستاندا کێن ئەوانەی گیرۆدەی زۆریی لاوانن و پەستانی شەقامیان لەسەرە؟ چ گاڵتەجاڕییەکە بەو فێرخوازانەی زانکۆی ئەمریکی و لاوانی کوردستان دەکرێت کە لەلایەک پێیان بڵێیت نرخی هەوڵ و کۆششی چەندساڵەی خۆتان و خانەوادەتان بە دۆزینەوەی کارەوە بەستراوەتەوە، کەچی باس لە دنیایەک بکەیت کە تیایدا مرۆڤ وردە وردە بەهایەکی ئەوتۆی لە کایە ئابوورییەکاندا نامێنێ؟ ئەمەش بەتایبەتی کە باسی ئەوە نەکرێت ئەم کۆمەڵە مرۆڤە چی بکەن تا بەرەنگاری ئەو هێز و دەسەڵات و رەوتە پاوانخواز و سەرمایەخوازانە ببنەوە کە رۆبۆت و بەرنامەی کۆمپیوتەریان پێ لە مرۆڤ گرنگترە.
هەر پڕۆسەیەکی پەروەردەیی گەر برەودان بە بیر و هۆشیاریی رەخنەگرانە لای فێرخوازان نەکاتە مەبەستێکی سەرەکی و گەر فێرخوازان لە نهێنییەکانی پەیوەندیی هێز و دەسەڵات بە کایە مەعریفی و سیاسی و ئابوورییەکانەوە هۆشیار نەکاتەوە، ئەوا ئاسایی دەبێتە پڕۆسەیەکی چەوسێنەر و خەڵەتێنەری فێرخوازان و، بۆ تەسلیمبوون بە تارمایییەکانی واقیع ئامادەیان دەکات. بۆیە پڕۆسەی پەروەردە دەبێت پڕۆسەیەکی رەخنەگرانە بێت تا ئەو کایە ژێربەژێر و نادیارانە ئاشکرا بکات و بگۆڕێت کە تەنها گرنگی بە خولیا و توانا و دنیای دەوڵەمەند و نوخبەی سیاسی و ئابووری دەدەن و لە دژی هەوڵەکانی هەژاران و بێدەسەڵاتان دەوەستنەوە. ئەوەی لە کوردستاندا گرنگە وەک دەرەنجامی فێربوون و مەبەستی پەروەردە برەوی پێبدرێ، پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی دیمۆکراتیکی رەخنەگرە لەسەر بنەمای بنیاتنانی کۆمەڵگە و گەیشتن بە عەدالەتی کۆمەڵایەتی نەک دابڕینی کۆمەڵگەکان لە یەکدی و فراوانکردنی خەرەندەکانی نێوان دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات و دەوڵەمەند و هەژاران. کاری زانکۆ و ناوەندەکانی دیکەی خوێندنیش لە پڕۆسەیەکی پەروەردەیی رەخنەگرانەدا پێگەیاندنی پیشەوەران و کارمەند و کارگوزاری دەستەمۆکراو بە یاساکانی بازاڕ و جووڵانەوە بەپێی رێنماییەکان نییە، بەڵکو پێگەیاندنی مرۆڤ و کۆمەڵگەی ئیجابی و هۆشیار و رەخنەگرە کە پێکهێنەر و بڕیاردەر و بەشداری کایە جۆربەجۆرەکانی ژیانن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=