=KTML_Bold=گرەوکردنێکی ناڕوون و مەتەڵێکی هەڵهێندراو: تاقیکردنەوە گشتی و سەرتاسەرییەکان=KTML_End=
#عەبدولڕەحمان ئەحمەد وەهاب#
تاقیکردنەوە گشتی و سەرتاسەرییە هاوشێوەکان، وەکو تاقیکردنەوەی وەزاریی پۆلی 9 و پۆلی 12 (بەکەلۆری)، گرەوێکی زۆریان لەسەر دەکرێت، چونکە لەنێو سیستمی ژیانی نوێدا دەبنە بنەمای دیاریکردنی رێڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ. تاقیکردنەوەی بەکەلۆریی پۆلی 12 بۆ زۆر کەس بووەتە ئەو ساتە مێژووییەی داهاتووی خۆیان و خانەوادەکانیانی رەنگڕێژ کردووە.
بۆئەوەی بتوانین بە دروستی مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین، دەبێت مێژوو و پێکهاتە و پێگەی ئەم جۆرە تاقیکردنەوانە لەنێو پرۆسەی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیدا بە وردی بناسین. پێش هەر شتێک، ئەم باسە پەیوەستە بە باسوخواسی سیستمی نوێی پەروەردەوە. واتە، تاقیکردنەوە گشتییەکان بەشێکن لە سیستمی پەروەردەیی و ئامراز و پێکهاتەیەکن لە ئامراز و پێکهاتەکانی ئەم سیستمە. ئەم تاقیکردنەوانە کۆمەڵێک سوود و زیانیان هەیە.
هەڵبەت کە باسی سوودی تاقیکردنەوە گشتی و سەرتاسەرییەکان دەکەم، مەبەستم ئەوەیە باسی ئامانج و خواستەکانی پشت دانان و پەیڕەوکردنی ئەم ئامرازە بکەم. تاقیکردنەوە گشتییەکان ئامرازێکی سیستمی نوێی پەروەردەن، کەوایە دەبێت ئەم ئامرازە مرازێک بداتە دەست. بۆیە بەشێکی مرازەکانی تاقیکردنەوەی گشتی و سەرتاسەرییە هاوشێوەکان ئەمانەن:
=KTML_Bold=دانانی پێوەر=KTML_End=
تاقیکردنەوە گشتی و سەرتاسەرییە هاوشێوەکان دەبنە پێوەری گشتگر بۆ بەراوردکردنی ئاستی ئەو خوێندکارانەی لە دەڤەر و جڤاک و پاشخان و ئاستە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانەوە دێن. ئەم بەراوردکردنەیش دەستنیشانکردنی کردارە پەروەردەیی و ستراتیجییە سەرکەوتووەکان ئاسان دەکات.
=KTML_Bold=یەکخستنی پێوەرەکان-ستانداردکردن=KTML_End=
تاقیکردنەوە گشتی و سەرتاسەرییەکان دەبنە یەک پێوەر بۆ بەراوردکردنی ژمارەیەکی زۆری خوێندکار، کە پاشخانی پەروەردەیی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆریان هەیە. هەموو جۆرە خوێندکارێک بە هەمان پێوەر هەڵدەسەنگێندرێت.
=KTML_Bold=هەڵسەنگاندنی گشتگر=KTML_End=
تاقیکردنەوەی سەرتاسەری بەگشتی کۆمەڵێک بابەتی فراوانی خوێندن دەگرێتە خۆی، بەمەیش هەڵسەنگاندنێکی گشتگری ئاستی زانین و کارامەییەکانی خوێندکار دەکات.
=KTML_Bold=لێپرسینەوە و بەدواداچوون=KTML_End=
تاقیکردنەوە گشتی و سەرتاسەرییە هاوشێوەکان ئامرازێکن بۆ لێپرسینەوە لە خوێندنگە و مامۆستایان و بەدواداچوونی ئاستی چالاکی و کارەکانیان. بەرزی و نزمیی ئاستی خوێندکار لە تاقیکردنەوەکاندا نیشانی دەدات کە داخۆ خوێندنگە و مامۆستایان تا چەند توانیویانە پێوەر و ئامانج و نیشانە پەروەردەییەکان بپێکن.
=KTML_Bold=بڕیاردان لەسەر بنەمای داتا=KTML_End=
تاقیکردنەوە گشتییەکان داتای وا پێشکێش دەکەن کە بە ئاسانی دەپێورێن. ئەمەیش ئاسانکاری بۆ هەڵسەنگاندنی دەستکەوتەکانی خوێندکار دەکات، بۆشایی و کەموکورتییەکان دەردەخات، زانیاری بۆ دانانی رێسا و سیاسەتی پەروەردەیی بەردەست دەخات و، رێ بۆ تەرخانکردنی سەرچاوە دارایی و مرۆییەکان خۆش دەکات.
=KTML_Bold=نیشاندەری ئامادەیی بۆ زانکۆ=KTML_End=
تاقیکردنەوەی سەرتاسەری دڵنیایی ئەوە دەدات کە خوێندکار بۆ زانکۆ و ئاڵنگارییەکانی خوێندنی باڵا ئامادە کراوە. بۆیە زۆر جار چاوەڕوانییەکانی تاقیکردنەوە گشتییەکان لەگەڵ داواکراوەکانی خوێندنی باڵادا تەریبن.
=KTML_Bold=وەرگرتن لەسەر بنەمای شایستەیی=KTML_End=
تاقیکردنەوە گشتی و سەرتاسەرییە هاوشێوەکان کاری سیستمێکی دادوەرانەی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای شایستەیی بۆ وەرگیران لە زانکۆکاندا ئاسان دەکەن و دەستتێوەردان و لایەنگری و خزمخزمێنە کەم دەکەنەوە.
=KTML_Bold=پێشبینیکردنی سەرکەوتن=KTML_End=
تاقیکردنەوە سەرتاسەرییەکان یارمەتی ئەوە دەدەن پێشبینیی سەرکەوتن لە خوێندنی زانکۆ و کۆلێژەکاندا بکرێت، چونکە ئەم تاقیکردنەوانە ئاستی زانین و بیرکردنەوەی رەخنەیی و کارامەیی لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا نیشان دەدەن.
لە باسی زیانەکانی تاقیکردنەوە گشتی و سەرتاسەرییە هاوشێوەکاندا سەرەتا دەبێت مراز و ئامانجەکانی ئەم سیستمی هەڵسەنگاندن و بڕیاردانە بخەینە بەر تیغی نەشتەرگەری. دەبێت زۆر بە گومانەوە، زۆر بە وردی بزانین تا چەند ئەم ئامانجانە لە خۆیاندا دروست و بێ کێشەن. دەبێت هاتنەپێشی ئەو مرازانە لەنێو مێژووی سەرهەڵدان و تۆکمەبوونی سیستمی مۆدێرنی بەڕێوەبردنی پەروەردەدا دابنێین و بخوێنینەوە. ناکرێت ئامانجە سیاسی و ئابووری و ئایدیۆلۆجییەکانی ئەم مرازانە بە سادەیی فەرامۆش بکەین یان وا دابنێین ئەمانە لە خۆیاندا ئامانجی ماقووڵن.
هەرچۆنێک بێت، لە باسی زیانەکانی تاقیکردنەوەی گشتی و سەرتاسەریدا ئەم خاڵانە جێی سەرنجن:
=KTML_Bold=چوارچێوەدارکردنی پەروەردە=KTML_End=
جەختکردنەوە لە ژمارەیەکی دیاریکراوی تاقیکردنەوە زیان بەو خوێندکارانە دەگەیێنێت کە لە بواری دیکەدا کارامەن یان شێوازی فێربوون و خوێندن و تێگەیشتنیان جودایە. هەر شتێک لە تاقیکردنەوەکاندا نەیەتەوە، گرنگ نییە. هەر لایەنێکی مەعریفە و ئاکار و کارامەیی گەر لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکاندا هاریت نەکات، بێنرخە.
=KTML_Bold=تەسکبوونەوەی بەرنامەی خوێندن=KTML_End=
تاقیکردنەوە گشتی و سەرتاسەرییە هاوشێوەکان وا دەکەن بەرنامەی خوێندن ببێتە ئامادەکردنی خوێندکار بۆ تاقیکردنەوە نەک پێشکێشکردنی ئەزموونێکی فراوان و دەوڵەمەندی مەعریفی و پەروەردەیی. کۆی پڕۆسەی پەروەردەکردنیش دەبێتە راهێنانی خوێندکار لەسەر چۆنێتیی وەڵامدانەوەی پرسیارەکان.
=KTML_Bold=پەستانی دەروونی و دڵەڕاوکێ=KTML_End=
تاقیکردنەوە گشتی و سەرتاسەرییە هاوشێوەکان گرەوێکی زۆریان لەسەر دەکرێت و لە بڕیارە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکاندا سەنگی مەحەکن، چونکە ئەنجامی ئەم تاقیکردنەوانە بڕیار لە دەرفەتە پەروەردەیی و ئابوورییەکانی خوێندکار دەدەن. بۆیە پەستانێکی زۆر دەخەنە سەر دەروونی خانەوادە و خوێندکار و تووشی نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکی یەکجار زۆر و بێسوودیان دەکەن. ئەمەیش زۆر جار بە نەرێنی کار دەکاتە سەر کارامەیی و تەندروستیی خوێندکار.
=KTML_Bold=نادادپەروەری=KTML_End=
تاقیکردنەوە سەرتاسەرییەکان تایبەتمەندی و فرەڕەنگیی پاشخانی خوێندکاران و جۆراوجۆریی شێوەکانی فێربوون و خوێندنیان بە هەند وەرناگرن. بەمەیش ئەم جۆرە تاقیکردنەوانە زۆر جار زیان بەو خوێندکارانە دەگەیێنن کە لە جڤاکە چەپێندراو و کەمدەرامەتەکانەوە دێن.
=KTML_Bold=زەقکردنەوەی جیاوازییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان=KTML_End=
ئەو خوێندکارانەی لە خانەوادە دەوڵەمەند و ناسراوەکانەوە دێن دەستیان بە سەرچاوەی باشتر دەگات و دەرفەتی خۆئامادەکردنیان زیاترە، بەمەیش دەرفەتی پێشبڕکێ هەر لە سەرەتاوە نایەکسان دەبێت. ئەنجامی تاقیکردنەوەکان کارکردی زیاتری بەسەر داهاتووی خوێندکارانی کەمدەرامەتەوە هەیە بەراورد بە خوێندکارانی خانەوادە دەوڵەمەند و خاوەن پێگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.
قسەکردن لەسەر تاقیکردنەوە گشتی و سەرتاسەرییە هاوشێوەکان دەبێت پرسیار لە تۆکمەبوونی سیستمەکە و قووڵبوونی رەگەکانی بەنێو هزر و رێسا و گوتاری پەروەردەییدا بکات. دەبێت بە گومانەوە لەو هێزە سیاسییە مێژووییە بڕوانێت کە پێگەی تاقیکردنەوەکانی هێشتووەتەوە و وای کردووە لە باشترین حاڵەتدا جوانکاری بۆ پڕۆسەکە بکرێت و هیچ قسەیەکی جیددی لەبارەی هەڵوەشانەوەیەوە نەکرێت. تەنانەت قسە و کاری جیددی لەبارەی دانانی جیگرەوەوە تا ئێستا نەکراوە و ناکرێت. ئەمەیش خۆی لە خۆیدا نیشانەی دەستەوسان و چۆکدادانە بەرانبەر واقیعی پەروەردەیی لە هەرێمی کوردستاندا. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=