گرنگیی مێژوو لە جیهانی ئەمڕۆدا 03
نووسینی: #کامەران محەمەد قادر#
$پێکهاتنی شوناس$
شوناس، بوونیادێکی فرەلایەنە، کە گێڕانەوە مێژووییەکان پێکی دەهێنن! وەک بەردی بناغەی ئەزموونی مرۆڤایەتی وایە. تاک و کۆمەڵگە لە ڕوانگەی هاوێنەی مێژووەوە بە ئاڵۆزییەکانی پێکهاتنی ناسنامەدا دەڕۆن و ڕەگ و ڕیشەی خۆیان دەدۆزنەوە و لەو هێزانە تێدەگەن کە هەستکردن بە (خود)یان لە ناخیاندا پێکهێناوە. لێرەدا هەوڵدەدەین تیشک بخەینە سەر گرنگیی لێکۆڵینەوەی مێژوویی لە پێکهێنانی شوناسی کەسیی و بەکۆمەڵدا، ئەوەش بە سوودوەرگرتن لە نموونە جیهانییە جۆراوجۆرەکان، بۆ ڕوونکردنەوەی لایەنە جیهانییەکانی پێکهاتنی شوناسەکان لە چوارچێوە جیاوازەکاندا:
$درووستبوونی شوناسی بەکۆمەڵ$
توێژینەوە مێژووییەکان بە تێپەڕاندنی سنوورە نیشتمانیی و کەلتوورییەکان، پێکهاتنی شوناسە بەکۆمەڵەکان لەسەر ئاستی جیهانی ئاشکرا دەکات. بۆ نموونە بزووتنەوەی سەربەخۆیی هیندستان بە سەرۆکایەتی کەسایەتییەکی وەک مەهاتما گاندی، ملیۆنان کەسی بۆ (بەدەستهێنانی چارەی خۆنووسین) و (شانازیکردن بە کەلتوور)ەوە هاندا و شوناسێکی بەکۆمەڵیان درووستکرد، کە ڕەگ و ڕیشەکەی لە خەبات دژی ستەمی کۆلۆنیالیزمییەوە سەرچاوەی گرتبوو. بە هەمان شێوە شۆڕشی چیکۆسلۆڤاکیا و بزووتنەوەی هاوکاریی لە پۆڵەندا نموونەی ئەوەن، کە چۆن کردەوەی بەکۆمەڵ دەتوانێت کۆمەڵگە ڕەنگاوڕەنگەکان لەژێر دیدێکی هاوبەش بۆ ئازادی و دیموکراسی یەکبخات.
$پەرەسەندنی شوناس$
تاکەکان لە ڕێگەی توێژینەوە مێژووییەکانەوە، بەدوای پەرەسەندنی شوناسەکانیان لە سەردەمە مێژووییە جیاوازەکاندا دەگەڕێن، بە هەڵکشان و دابەزینی کاریگەرێتییە کەلتووریی و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان ئاشنادەبن. بۆ نموونە ڕێگای ئاوریشم، کە تۆڕێک بوو لە ڕێڕەوی بازرگانی، ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقای بە یەکەوە دەبەستەوە، ئاڵوگۆڕیی کاڵا و بیرۆکە و کەلتوورەکانی ئاسانتر دەکرد، بەدرێژایی فراوانییە بەرچاوەکەیدا شوناسەکانی پێکهێنا. هەر لە بڵاوبوونەوەی ئایینی بودا لە بەشێکی فراوانی کیشوەری ئاسیا تا بڵاوبوونەوەی ژیاری ئیسلامی بۆ نێو کیشوەری ئەوروپا، بۆیە ڕێگای ئاوریشم وەک گەواهیدەرێک بوو، لەسەر وابەستەیی لە پێکهاتنی شوناسی جیهانییدا.
$کارلێکەکان لەگەڵ گۆڕانە مێژووییەکاندا$
مێژووە کەسیی و خێزانییەکان لەگەڵ پڕۆسە مێژووییە جیهانییەکاندا یەکتردەبڕن، کە شوناسی تاک بە شێوەیەکی قووڵ درووست دەکەن. بۆ نموونە ئەو کۆچە گەورەیەی کە تێیدا ملیۆنان ئەمریکی ئەفریقایی لە (باشووری گوندنشین)ەکانەوە بۆ (ناوەندە شارییەکانی باکوور) گواسترانەوە، سەرلەنوێ چەمکەکانی (شوناس) و (کۆمەڵگە) و (سەربەخۆیی) داڕشتەوە. بە هەمان شێوە قەیرانی ئەو پەنابەرانەی لە سەدەی بیستەم و بیست و یەکەمدا کە بەهۆی جەنگ و ململانێ و ئاوارەییەوە درووست بوو و ڕوویان لە ئەوروپا کرد، جەخت لەسەر شلەژان و ئاڵۆزی شوناس لە جیهانێکدا دەکەنەوە، کە تادێت زیاتر بەیەکدا دەچن و بەریەک دەکەون و تۆختر دەبنەوە.
$تێڕامان و تێگەیشتن لە خود$
قووڵبوونەوە لە گێڕانەوەی مێژوویی کۆمەڵگەکانی جیهان، تێڕامان و تێگەیشتن لە خود بەهێزتر دەکات، لە کاتێکدا تاکەکان سەرکەوتن و خەبات و میراتی باوباپیرانیان لەسەر ئاستی جیهانی ئاشکرا دەکەن. هەر لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکانی کیشوەری ئەمریکاوە تا دەگاتە خەباتی دژە کۆلۆنیالیزم لە ئاسیا و ئەفریقا، تاکەکان (ئیلهام) لە خۆڕاگریی و بوێریی نەوەکانی ڕابردوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی و ستەم سەرکوتکاریی وەردەگرن. دیارە پڕۆسەی (خۆدۆزینەوە و تێڕامان) سنوورە جوگرافی و کەلتوورییەکان تێدەپەڕێنێت، کە لە تێگەیشتنێکی ورد و دەوڵەمەندتری شوناسی کەسیی و بەکۆمەڵدا پشکداریی دەکات.
لە کۆتاییدا، توێژینەوەی مێژوویی بە ئامرازێکی بەهێز بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵۆزییەکانی پێکهاتنی شوناس لەسەر ئاستی جیهانی دادەنرێت. لە ڕێگەی گەڕان بەدوای گێڕانەوە مێژووییە جۆراوجۆرەکان لە ناوچەکانی وەک ئاسیا، ئەوروپا، ئەفریقا و ئەمریکا و… تاد، تاکەکان دیدێکی ورد بۆ پێکهاتن و پەرەسەندن و کارلێکەکانی (گێڕانەوەی شوناسەکان) لە سنووری کات و شوێندا بەدەست دەهێنن. تاکەکان بە دانانی ئەزموونە کەسییەکانیان لە چوارچێوەی مێژوویی فراوانتردا، هەستێکی قووڵتر بە شوناس و پەیوەندارێتی و تێگەیشتن لە خود لە ناخیاندا دەچێنن، کە سنوورە جیوگرافی و کەلتوورییەکان تێدەپەڕێنێت. بەم شێوەیە مێژوو وەک زمانێکی جیهانیی دەردەکەوێت، کە لە ڕێگەیەوە ئێمە بە تابلۆی دەوڵەمەندی ئەزموونەکانی مرۆڤ ئاشنا دەبین و پەیوەندییەکان لەنێو کەلتوور و ژیارە جۆراوجۆرەکاندا درووست دەکەین. [1]