=KTML_Bold=حکومەتی نوێی عێراق سەر بە کێیە؟=KTML_End=
#نەوزاد هێتوتی#
لە هەر وڵاتێکدا کە هەڵبژاردن دەکرێ، ئەو لایەنەی زۆرینەی دەنگەکان دەبات ئەرکی دروستکردنی حکومەتی پێ دەسپێردرێت. هەر بۆیە ئەوانەی دەبنە دەسەڵاتدار یان حکومەت دروست دەکەن، تارادەیەکی زۆر دیارن. ئەمەش وادەکات کەمتر ئەو پرسیارە بکرێت کە حکومەتی نوێ چ لایەنێکی سیاسی لەخۆدەگرێت؟ یان بەرنامە و پلانەکانی چی دەبن، یاخود چۆن مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە دەکات؟ تەنانەت ئەگەر ناڕوونییەکیش هەبێت لە ئاستێکی زۆر نزمدایە. لەبەرئەوەی لەمیانەی کەمپینەکانی هەڵبژاردندا، هەموو لایەنەکان بەرنامە و پلانەکانی ئایندەی خۆیان سەبارەت بە زۆربەی پرسەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە دەخەنەڕوو، خەڵک تارادەیەکی زۆر بەرنامە و ئەجێندا و ئەکتەرەکان دەزانێ و دەناسێ و لەسەر ئەو بنەمایەش دەنگ دەدات.
بەڵام ئەمە لە عێراق پێچەوانەیە، ئەو پارت و لایەنانەی کە لە دوای هەڵبژاردن حکومەت پێکدێنن، نەک هەر دیار نین، بەڵکو لەلای زۆر کەس و زۆر چاودێری سیاسی پرسیارگەلێک دروست دەبێت بە تایبەتی سەبارەت بە بەرنامە و ئەجێندا سیاسییەکان. چونکە زۆربەی کات ئەوەی بەشداری کەمپینی هەڵبژاردن دەکات و دەنگی زۆرینە دێنێت شتێکە و ئەو لایەن و کەسانەی حکومەت پێکدێنن شتێکی دیکەیە. بگرە هەندێ کات هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نییە. بەدبەختیی خەڵکی عێراق ئەوەیە کە هاوکێشەکان رێک پێچەوانەی عورفەکانە. ئەم دیاردەیە لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا زۆر دووبارە بووەتەوە. بەتایبەتی لەم گەڕەی هەڵبژاردندا، لە کاتێکدا لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن دیارن، کەچی کەسێک بووەتە سەرۆکی پەرلەمان خاوەنی تەنیا 6 کورسییە، سەرۆکی کۆمار خاوەنی دوو کورسییە و سەرۆک وەزیران کە زۆربەی دەسەڵاتەکانی لایە، کەسێکی سەربەخۆیە و هیچ کورسییەکی نییە و تەنانەت بەشداری بانگەشەی هەڵبژاردنیشی نەکردووە.
لێرەدا گرنگە بپرسین بۆچی لە عێراق ئەم جۆرە گەمە و بەزمە سیاسییە هەیە؟ بۆچی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا کۆمەڵێک دەموچاو دەبینین، کەچی لە دروستکردنی حکومەتدا دەموچاوی دیکە دەبینین؟ ئەگەر لە بابەتەکە ورد بینەوە، هۆکارگەلێک هەن کە وا دەکەن ئەم حاڵەتە لە عێراق رووبدات و تەنانەت ببێتە نەریتێکی سیاسی. هۆکارەکە ئەوەیە کە ئەو دەسەڵاتەی هەیە، یان ئەو لایەن و پارتە سیاسییانەی لە ساحەکەدان، زیاتر لەوەی سەربەخۆ بن، یان رەنگدانەوەی بەرژەوەندیی وڵاتەکەیان بن، رەچاوی بەرژەوەندی و ئەجێندای ئەکتەرە دەرەکییەکان دەکەن و بەگوێرەی ئەجێندا و بەرنامەکانی ئەو لایەنانە هەڵسوکەوت دەکەن و کەسەکانیش زیاتر لە ژێر کاریگەریی لایەنە دەرەکییەکاندا بۆ پۆستە سیادی و هەستیارەکان دەستنیشان دەکرین نەک بە گوێرەی رەوایەتی و شەرعیەتی گەل و هەڵبژاردن.
لە عێراقدا ئەوەی ئاشکرایە، دوو دەوڵەت زیاتر لە ململانێ و کێبڕکێی روون و ئاشکرادان لە پێناوی دروستکردنی حکومەتێک لە بەغدا کە لەژێر کاریگەری و دەسەڵاتیاندا بێت. ئەمریکا دوای هەڵبژاردنەکانی 12 ی ئایار هەموو هەوڵێکی دا بۆ ئەوەی بەغدای لەدەست دەرنەچێت. چونکە عێراق پێگەیەکی گرنگی هەیە لە ئاراستەکردنی سیاسەتەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە گشتی و گوشارخستنە سەر ئێران بە تایبەتی. بەڵام ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن کە شێوەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق بەدڵی ئەمریکا نییە. بەتایبەتی بەرپرسانی ئەمریکا زۆر بە ئاشکرا پاڵپشتی حەیدەر عەبادییان دەکرد، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوە بوو عەبادی دووبارە پۆستی سەرۆک وەزیران وەربگرێتەوە، بەڵام دیارە لەم ئەرکەدا سەرکەوتوو نەبوون. تەنانەت لە دیاریکردنی پۆستەکانی تریش گومان دەکرێت زیاتر لە ئێران نزیک بن نەک ئەمریکا.
بەگوێرەی هەندێ سەرچاوە، تەنانەت ئەمریکا سەرکەوتوو نەبوو لەوەی لەناو هێزە کوردییەکانیش کەسێکی متمانەپێکراو و نزیک لە خۆی وەک سەرۆک کۆمار دەستنیشان بکات. هەندێک زانیاری ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەمریکییەکان پاڵپشتییان لە فوئاد حوسێن دەکرد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار. مایک پۆمپێیۆ لە رێگای تەلەفۆنەوە، داوای لە #بەرهەم ساڵح# کردبوو کە لە بەرژەوەندیی فوئاد حوسێن بکشێتەوە. ئەمەش لەو روانگەیەوە کە ئەمریکییەکان پێیانوابوو کاندیدی پارتی زیاتر دەتوانێت پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا ئاسایی بکاتەوە و کەمتر لەژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی ئێراندا دەبێت.
بەڵام ئەوەی بەرهەم ساڵحی کردە سەرۆککۆمار، هەوڵە نهێنییەکانی قاسم #سلێمانی# بوو کە بەهیچ شێوەیەک نەیدەویست کەسێکی پارتی یان نزیک لە پارتی ئەو پۆستە وەربگرێت. ئێران و شیعەکان بەهیچ شێوەیەک نەیاندەویست کەسێک ببێتە سەرۆک لە سیاسەتەکانی دەربچێت یان بە قسەیان نەکات. ئەوان کەسێکیان دەویست کە لاواز و لەرزۆک بێت و رەوایەتی لە گەلەکەی وەرنەگرتبێ، بۆ ئەوەی بەو شێوەیە رەفتار بکات کە خۆیان دەیانەوێت. بەتایبەت ئێران لەو قوناغەدا زۆر پێویستی بە کەسێکی لەو شێوەیە هەیە. ئەمە بێجگە لەوەی کە ئێران پاڵپشتی تەواو لە بەرەی 16ی ئۆکتۆبەر دەکات.
لەبەرامبەردا، ئەگەر چی هەوڵەکانی ئێران بۆ دروستکردنی حکومەتێکی سەر بە تاران لە بەغدا زیاتر بەشێوەی نهێنی بووە و لە ترسی ئەمریکا نەیوێراوە بە ئاشکرا پاڵپشتی کاندیدێکی دیاریکراو بکات، بەڵام زۆربەی ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە ئێران گەمەکەی لە ئەمریکا بردووەتەوە و توانیویەتی هەرسێ پۆستی سەرۆک وەزیران، پەرلەمان و کۆمار بباتەوە. بەتایبەت ئێران یەکەم دەوڵەت بوو پیرۆزبایی لە حەلبوسی و بەرهەم ساڵح کرد و خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی لە راسپاردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
تەنانەت رۆژنامەکانی ئێران بەئاشکرا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئێران ئەمجارەش توانیویەتی لە ئەمریکا بباتەوە و ئەوانەی بۆ هەرسێ پۆستی سیادی دیاریکراون زۆر لە ئێرانەوە نزیکن. بە هەمان شێوەش کۆنگرێسمانی کۆمارییەکان مارکۆ رۆبیۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە دەستنیشانکردنی کەسەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، لەگەڵ ئەو ئارگیومێنتە یەک ناگرێتەوە کە گوایە سەرکەوتنی هیچ لایەنێک واتە ئێران و ئەمریکا بەسەر یەکتردا ناسەلمێنێت. پێچەوانەوە رێککەوتن لەسەر پۆستە سیادییەکان سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ئێران و پێشهاتێکی ترسناکە، قاسم سلێمانی رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە دەستنیشانکردنی کەسەکاندا.
بۆ ئەوەی زیاتر روون ببێتەوە ئەو حکومەتە کە لە عێراق لەدایک دەبێت زیاتر خۆی لە کام بەرەدا ساخ دەکاتەوە و ئەجێندای کام لایەن پراکتیزە دەکات، پێویستمان بە کاتێکی زۆر نییە. لە مانگی نۆڤەمبەردا، سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران توندتر دەبن و ئیدارەی ترەمپ بڕیاری داوە هەموو ئەو دەوڵەتانە کە پابەندی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران نابن، بە تایبەت دەوڵەتانی دراوسێی ئێران سزا بدات. ئەوکات دەبێت حکومەتی عێراق خۆی یەکلایی بکاتەوە، ئایا پابەندی سزاکانی سەر ئێران دەبێت یان نا؟ ئایا لە چوارچێوەی ئەجێنداکانی ئێراندا سیاسەت دەکات یان بەرەی ئەمریکا هەڵدەبژێرێت. بێگومان ئەگەر عێراق پابەندی سزاکانی سەر ئێران نەبێت، ئەمریکا بێدەنگ نابێت و تەنانەت ئەگەری زۆر هەیە گەمارۆی ئابووری لەسەر عێراق بسەپێنرێت. بەهەمان ئاراستەش ئەمریکا مەبەستیەتی حکومەتی تازە رووبەڕووی میلیشیا تایفییەکانی ناو عێراق ببێتەوە، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە ئێرانن و ئێستا بەشێکیان لە لیستی تێرۆری ئەمریکادان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=