=KTML_Bold=کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا؛ هۆکار و لێکەوتەکانی=KTML_End=
#نەوزاد هێتوتی#
دۆناڵد ترەمپ، بە تویتێک لە 19ی کانوونی یەکەمی 2018 دا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا دا. ئەم بڕیارە لەناکاو و چاوەڕواننەکراوەی ترەمپ، زۆربەی بەرپرسانی ئەمریکا، چاودێرانی سیاسی و دۆست و نەیارەکانی، تووشی جۆرێک لە سەرسوڕمان کرد. بەتایبەتی ئەم گۆڕانە بەپەلەیەی سیاسەتی ئەمریکا، بەپێچەوانەی زۆربەی لێدوان و بۆچوونەکانی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپە کە جەختیان لەسەر ئەوە دەکرد، هێشتا کاتی کشانەوە لە سووریا نەهاتووە.
لەم رووەوە، جۆزێف دانفۆرد سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی هێزەکانی ئەمریکا، لە 6ی کانوونی یەکەمی 2018 دا ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا رێگەیەکی دوور و درێژ ماوە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی هاوپەیمانەکانی ئێمەدان و هێزکانی سووریای دیموکرات HSD کە بڕیار وایە ئەرکی پاراستنی ئاسایش لە ئەستۆ بگرن، تەنیا 20%ی راهێنانیان تەواو کردووە. بە هەمان ئاراستەش، جۆن بۆڵتن راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و جیم جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە سووریا، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، زیاتر لە جارێک جەختیان لەسەر ئەوە کردووە کە مانەوەی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە سووریا پەیوەستە بە سێ خاڵی سەرەکییەوە: تێکشکاندنی #داعش#، سەقامگیرکردنی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی HSD و ئیحتیواکردنی ئێران و دەرکردنی میلیشیاکانی لە سووریا.
کەواتە، بۆچی لە کاتێکدا ئەمریکا هیچکام لەو ئامانجانەی سەرەوەی دەستەبەر نەکردووە، بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا دەدات؟ هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم بڕیارەی ترەمپ لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟ لێکەوتە و دەرهاویشتەکانی ئەم بڕیارە چی دەبن؟ کورد و بەتایبەت رۆژئاوای کوردستان لەم هاوکێشەیەدا چییان بەسەردێت؟
وێڕای ئەوەی کە زۆربەی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ، لەوانە وەزیری بەرگری، وەزیری دەرەوە و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لەگەڵ ئەم بڕیارە بەپەلەیەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا نین، بەڵام زۆر هۆکار هەن بۆ ئەم بڕیارەی ترەمپ.
یەکێک لە فاکتەرەکان پەیوەندی بەو بۆچوونەی ترەمپەوە هەیە کە جەخت لەسەر ئەوە دەکات ئەمریکا پارەیەکی زۆری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەرج کردووە و چیتر ئامادە نییە بێ بەرامبەر ئاسایشی دەوڵەتانی ناوچەکە بپارێزێت. ترەمپ لە 20ی کانوونی یەکەمی 2018 دا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە چیتر ئەمریکا رۆڵی پۆلیس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نابینێ و کاتی ئەوە هاتووە ئەو پارەیەی کە ئەمریکا لەو ناوچەیە خەرجی دەکات، بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی ئەمریکا خەرج بکرێت. لەلایەکی تریشەوە، ترەمپ پێیوایە کە لەناوبردنی داعش تەنیا ئەرکی ئەمریکا نییە، کاتی ئەوە هاتووە دەوڵەتانی ناوچەکە خۆیان ئەم ئەرکە لەئەستۆ بگرن. لەگەڵ ئەوەشدا ترەمپ دەیەوێت بە خەڵکی ئەمریکاش بڵێت کە پابەندە بە بەڵێنەکانی کەمپینی هەڵبژاردن لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
بەهەمان ئاراستە، دەکرێت هۆکارێکی تر، پەیوەندی بە هەڕەشەکانی تورکیاوە هەبێت لە رۆژئاوای کوردستان. لە پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان ئەردۆغان و ترەمپدا لە 14ی ئەم مانگە، پێدەچێت تێگەیشتنێک دروست بووبێت بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا. بەپێی هەندێک سەرچاوەش، تورکیا بەڵێنی بە ترەمپ داوە کە لە جیاتی هێزە کوردییەکان شەڕی داعش لە سووریا بکات. هەروەها ترەمپ مەبەستێتی لە رێگەی ئەم بڕیارەوە، تورکیا لە رووسیا دووربخاتەوە و گرێبەستی کڕینی مووشەکی ئێس 400 ی رووسی هەڵبوەشێنێتەوە. لەلایەکی تریشەوە، دەیەوێت تورکیا یارمەتی ئەمریکا بدات لە پرسی سەپاندنی گەمارۆکانی سەر ئێران.
بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع، ئەم بڕیارە بەپەلەیە و بەتایبەت لەم کاتەدا، ئەنجامی پێچەوانەی خواستەکانی ترەمپ دەبێت، کێشە و گرفتی گەورە بۆ سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دروستدەکات و بەرژەوەندییەکانی رووبەڕووی مەترسیی راستەقینە دەکاتەوە کە دەکرێت لێرەدا ئاماژە بە هەندێکیان بکەم:
یەکەم: ئەم بڕیارەی ترەمپ بەشێوەیەکی راستەوخۆ دەبێتە هۆی بەهێزکردنی رووسیا و رژێمی ئەسەد و دەستیان کراوە دەکات لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی خاکی سووریا بە ناوچە کوردییەکانیشەوە. رووسیا و رژێمی ئەسەد دەبنە تاکە هێزی بڕیاردەر لەڕووی سەربازی و سیاسییەوە لەو وڵاتەدا و ئەمەش وا دەکات رژێمی ئەسەد هیچ سازشێک بۆ چارەسەری ئاشتییانەی قەیرانی سووریا پەسەند نەکات.
دووەم: بە دەرچوونی ئەمریکا، ئێران و ئەو میلیشیایانەی پاڵپشتییان دەکات، پێگەیان بەهێزتر دەبێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە یەکێک لە پایەکانی ستراتیژی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بریتییە لە ئیحتیواکردنی ئێران. جیم جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، لە چەندین بۆنەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە میلیشیاکانی ئێران لە سووریا مەترسین لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. هەربۆیە تا ئەو میلیشیایانە دەردەچن، ئەمریکا لە سووریا دەمێنێتەوە. بۆیە گومانی تێدا نییە کە بە دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا، پێگەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بەهێزتر دەبێت و دەستیان کراوە دەبێت بۆئەوەی هەڕەشە لە ئاسایشی ئیسرائیل بکەن. لەلایەکی تریشەوە، میلیشیاکانی هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ناوچە سنوورییەکانی سووریا لەگەڵ عێراق دەدەن. ئەمە لەکاتێکدایە کە زۆربەی سنوورەکانی عێراق لەژێر کۆنترۆڵی ئەو میلیشیایانەدایە. ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ دروستکردنی ئەو کۆریدۆر و هیلالی شیعەیەی کە ئێران خەونی پێوە دەبینێ.
سییەم: کشانەوەی ئەمریکا، دەبێتە هۆی دووبارە بەهێزبوونەوەی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان، بە تایبەت لە ناوچە سنوورییەکانی عێراق و سووریادا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هێشتا داعش لە سووریا بەتەواوەتی تێکنەشکاوە و لە عێراق چالاکی و جموجوڵی هەیە، ئەم بڕیارەی ترەمپ دووبارە بۆشاییەکی گەورەی سیاسی و ئەمنی دروست دەکات، تەنانەت بەدوور نابینرێت کە سیناریۆی هاوشێوەی رووداوەکانی 2014 رووبدات و داعش رووبەرێکی فراوان لە خاکی سووریا و عێراق داگیر بکات.
چوارەم: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا تەگەرەیەکی گەورە دەخاتە بەردەم سیاسەتەکانی لە عێراق. بەتایبەت کە ئێستا ئەمریکا هەوڵەکانی خۆی چڕکردووەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەژموون و کاریگەریی ئێران لە عێراق و ناوچەکەدا و لەڕێگەی گەمارۆی ئابوورییەوە هەۆڵی پەکخستنی تواناکانی ئێران دەدات. بەڵام دەرچوونی ئەمریکا لە سووریا و بەهێزبوونی ئێران لەم وڵاتە، کاریگەریی راستەخۆی دەبێت لەسەر بەهێزبوونی پێگەی ئێران و هاپەیمانەکانی لە عێراقدا. ئێران بە هاوکاریی دۆستەکانی هەوڵی دەرکردنی ئەمریکا لە عێراقیش دەدات. ئەمە بەدەر لەوەی کە ئەمریکا بەو سیاسەتەی ئێستای متمانەی لای زۆربەی هاوپەیمانەکانی لاواز دەبێت و کوردی سووریاش پاڵ دەنێت بۆئەوەی بە یەکجاری بچنە پاڵ ئێران و رژێمی ئەسەد. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=