=KTML_Bold=رۆژاڤا پاش بڕیارەکەی ترەمپ=KTML_End=
#نەوزاد هێتوتی#
پاش ئەوەی ئەمریکییەکان دەستبەرداری هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عەرەبی سوننی بوون لە سووریا ، بیریان لە سوودوەرگرتن لە هێزی #یەپەگە# کردەوە، وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ شەڕی دژی #داعش#.
بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وابوو کە بۆ لەناوبردنی داعش لە عێراق، زۆر گرنگە بەرەیەکی تری شەڕ لە سووریا دژی ئەم گرووپە بکرێتەوە. ئەمەش سەرەتای دروستبوونی پەیوەندیی سەربازی بوو لەنێوان ئەمریکا و یەپەگە. ئەم ستراتیژەی ئەمریکا توانی سەرکەوتنی گەورە لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی باکووری سووریا تۆمار بکات و داعش تووشی شکستی گەورە بکات.
بەڵام ئەوەی بەردەوام لە ناوەندە سیاسی و ئەکادیمییەکاندا جێگەی پرسیار و گومان بووە، ئەوە بووە کە ئەمریکا هیچ پرۆژەیەکی سیاسی بۆ چارەسەری پرسی کورد لە سووریا نەبووە و تەنیا لە روانگەیەکی سەربازی و بۆ تێکشکاندنی داعش پەیوەندییان لەگەڵ یەپەگە سازکردووە. ئەمەش بە پێچەوانەی خواست و داواکارییەکانی کورد بووە کە دەیانەوێت ئەمریکا لە ڕوانگەیەکی سیاسی و ستراتیژیی درێژخایەنەوە سەیری پرسی کورد بکات. ئەمریکیییەکان لە زۆربەی لێدوانەکانیاندا زۆر بە راشکاوی ئاماژەیان بەوە کردووە کە پەیوەندییان لەگەڵ یەپەگە پەیوەندییەکی کاتی و تاکتیکییە و مەبەستی سەرەکیش لەوە تێکشکاندنی داعشە. بۆیە هیچ کاتێک، هیچ بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاشکرا باسی ئەوەی نەکردووە کە پاڵپشتی لە کیانێکی سیاسی کوردی لە رۆژئاڤا دەکەن.
ئەوەی زیاتر ئەم ڕوانگەیەی ئەمریکای سەلماند، بڕیاری لەناکاوی ئیدارەی ترەمپ بوو لە 19ی دیسەمبەری 2018، بۆ کشانەوەی بەپەلەی تەواوی هێزەکانی لە سووریا، بەبێ ئەوەی هیچ حسابێک بۆ چارەنووسی کورد و رۆژئاوای کوردستان بکات، یان قسەیەک لەگەڵ بەرپرسەکانی کورد بکات.
بەتایبەت لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا، کورد رووبەڕووی هەڕەشەی راستەقینە دەبێتەوە و ئەگەری زۆر هەیە لەلایەن تورکیا، رژێمی ئەسەد و هاوپەیمانەکانی و داعشەوە هێرشیان بکرێتە سەر و هەوڵی داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان بدەن.
ئەم بڕیارە لەناکاوەی ترەمپ، رووبەڕووی شەپۆلێکی فراوانی گلەیی و ناڕەزایەتی لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمریکا و لەسەر ئاستی دەرەکی، بەتایبەت لەلایەن هاوپەیمانەکانی بووەوە. زۆربەی گلەیی و رەخنەکان بەو ئاراستەیە بوون کە ئەم بڕیارە، لە دەرەوەی ڕاوێژکردن بە بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکا وەک وەزیری بەرگری، وەزیری دەرەوە، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ، کۆنگرێس و هەروەها دۆستەکانی لە ناوچەکەدا دراوە.
لەلایەکی تریشەوە، ئەم بڕیارە، دەبێتە هۆی ئەوەی لایەنە نەیارەکانی ئەمریکا، بە تایبەت ئێران، رووسیا و ئەسەد بەهێزتر ببن و دەبنە تاکە هێزی بڕیاردەر لە گەمەی سیاسی و سەربازیی سووریادا و تەنانەت کاریگەری دەکاتە سەر گۆڕینی هاوسەنگی لە بەرژەوەندیی ئێران لە تەواوی ناوچەکەدا. وێڕای ئەوەی زۆربەی چاودێران پێیانوابووە کە ئەم هەنگاوەی ترەمپ، دەبێتە هۆی دووبارە بەهێزبوونەوەی داعش کە هێشتا بە تەواوەتی لە سووریا تێکنەشکاوە و دەتوانێت دووبارە خۆی رێکبخاتەوە. هەروەها بەشێکی زۆر لە بەرپرس و سیاسییەکانی ئەمریکا و تەنانەت مێدیاکانیان، ئەم سیاسەتەی ترەمپیان بە خیانەت لە کورد پێناسە کرد و پێیانوابوو کە کورد نزیکترین دۆست و هاوبەشی ئەمریکان لە ناوچەکەدا و قوربانییەکی زۆریان داوە لە شەڕی دژی داعش و نابێت بەو ئاسانییە پشتیان تێبکەین.
گوشارەکان ترەمپیان ناچار کرد کە سەبارەت بە چۆنێتی کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا نەرمی پێشان بدات و رازی بێت بەوەی هێزەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی لەسەرخۆ و بە بەرنامە پاشەکشە بکەن. بەشێویەک وەک سێناتۆری کۆمارییەکان گراهام ئاماژەی پێکردووە، گەرەنتی سێ خاڵی سەرەکی بکات: یەکەم، دڵنیابوون لە تێکشکاندنی هەمیشەیی داعش. دووەم، ئێران ئەو بۆشاییەی پاش کشانەوەی ئەمریکا پڕناکاتەوە. سێیەم کشانەوەکە بەشێوەیەک بێت زیان بە کورد نەگەیەنێت و پارێزراو بن.
ترمپ لە دووی کانوونی دووەمی 2019 بەشێک لە قسەکانی گراهامی پشتڕاست کردەوە، وێڕای جەختکردن لەسەر ئەوەی کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریا دەکشێنێتەوە، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە کورد دەپارێزن.
هەرچەندە لێدوانەکانی لیندسی گراهام و ترەمپ بۆ پاراستنی رۆژئاوای کوردستان جۆرێک لە گەشبینی دروست کردووە، بە تایبەت بێ پاڵپشتی ئەمریکا، رۆژئاوای کوردستان هیچ بژارەیەکی لەبەردەمدا نییە و ناچارە بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی #عەفرین# روو لە رژێمی ئەسەد و رووسیا بکات. بێگومان ئەمەش وادەکات کە کورد لە پێگەیەکی لاوازەوە گفتوگۆ لەگەڵ رژێمی ئەسەد بکات و پێناچێ دیمەشقیش ئامادە بێت دان بە کیانێکی کوردیدا بنێت.
بەڵام ئەوەی راستی بێت هێزەکانی ئەمریکا چ بەشێوەیەکی خێرا یاخود لەسەرخۆ لە سووریا بکێشنەوە، مەسەلەی پاراستنی کورد وەک ترەمپ ئاماژەی بۆ دەکات، زۆر گومان و پرسیار هەڵدەگرێت. بە تایبەت لە کاتێکدا کە ئەمریکا هیچ پرۆژەیەکی سیاسی نییە بۆ رۆژئاوای کوردستان، چۆن و بە چ شێوەیەک دوای کشاندنەوەی هێزەکانی، دەتوانێت کورد بپارێزێ؟ ئایا ئەمریکا ئامادەیە ناوچەی دژەفڕین لە رۆژئاوای کوردستان دروست بکات، یان لە رێگەی هێزی ئاسمانییەوە پاڵپشتیی کورد بکات؟ بەتایبەت کە رووسیا بەتوندی دژی هەر جۆرە پرۆژەیەکی لەو جۆرەیە و ئامادەیە لە ئەنجوومەنی ئاسایش ڤێتو لەدژی بەکاربهێنێ. ئەمە بەدەر لەوەی ناوچەی دژەفڕین پارەیەکی زۆری تێدەچێت، کێ ئەو خەرجییە لەئەستۆ دەگرێت؟ یان هەندێک سەرچاوە باسی ئەگەری دورستکردنی ناوچەی دابڕاو دەکەن، بەڵام دیار نییە بەبێ هێزەکانی ئەمریکا ئەم ناوچە دابڕاوە چۆن دروست دەکرێت و کام هێز ئەم ناوچەیە دەپارێزێ؟
بەڕاستی ئەو پرسیارەش هەیە، ئەمریکا ناتوانێت هەتا هەتایە کورد بپارێزێ، کەوایە بۆچی پێش کشانەوەی لە سووریا، پێگەی سەربازی و سیاسیی خۆی بەکارناهێنێ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و تەنانەت قەیرانی سووریا بەگشتی، بە شێوەیەک کۆتایی بە شەڕی خوێناوی لەو وڵاتە بهێنێ؟.. بۆچی ئەم پرسە بۆ رووسیا، ئێران و ئەسەد و تورکیا بەجێدەهێڵێ، لە کاتێکدا ئەم دەوڵەتانە هیچ دیفاکتۆیەکی کوردی قەبوڵ ناکەن؟
بۆیە ئەمریکا بە شێوەیەکی خێرا بکشێتەوە یان لەسەرخۆ، بۆ رۆژئاوای کوردستان هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت، ئەگەر لەڕووی سیاسییەوە پاڵپشتیی کورد نەکات و کار نەکات بۆ چارەسەری پرسی کرد لە چوارچێوەی هەرێمێکی فیدراڵی یان هەر فۆرمێکی تر. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=