=KTML_Bold=ناوچەی ئارام لە سووریا بۆ کێیە؟=KTML_End=
#نەوزاد هێتوتی#
بڕیاری ترەمپ لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا خستووەتە گومان و دڵەڕاوکەیەکی گەورەوە، هەموویان لە هەوڵی ئەوەدان بزانن زیانەکانی کشانەوەی ئەمریکا بۆ وڵاتەکانیان چی دەبێت و چۆن و بە چ شێوەیەک دەتوانن خۆیان لە لێکەوتە نێگەتیڤەکانی بپارێزن. بڕیارە لەناکاوەکەی ترەمپ ئەگەر بچێتە بواری پراکتیکییەوە، کاریگەریی راستەخۆی لەسەر کۆی هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکانی سووریا دەبێت و مەترسی ئەوەش هەیە کە ئاراستەی گەمە سیاسییەکان لە سووریا بە ئاقارێکی نەخوازراودا ببات، بەشێوەیەک هەڕەشەیەکی راستەقینە لەسەر بەرژەوەندی دۆستەکانی دروست بکات و تەنانەت ناوچەکەش تووشی قەیرانێکی گەورە بکات.
ڕۆژئاوای کوردستان یەکێک لەو پرسە گرنگانەیە کە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەم بڕیارەی ترەمپ و تاوەکو ئێستاش بە تەواوەتی روون نییە، دوای کشانەوەی ئەمریکا، کورد چی دەکەن و چییان بەسەردێت. هەرچەندە ترەمپ لە دووی کانوونی دووەمی 2019 جەختی لەسەر ئەوە کرد کە کشانەوەی ئەمریکا بەشێوەیەک دەبێت کورد پارێزراو بن، بەڵام ئەم هەڵوێستەی جۆرێک لە ناڕوونی و ناڕۆشنی تێدا بوو. بە تایبەت باسی ئەوە نەکراوە کە پاش کشانەوەی هێزەکانیان، چۆن و بە چ میکانیزمێک دەکرێت کورد بپارێزن. یاخود بژارەکانی بەردەم ئەمریکا بۆ پاراستنی رۆژئاوای کوردستان چی دەبن؟
ترەمپ لە 14ی کانوونی دووەمی 2019، لە رێگەی تویتێکەوە تارادەیەک وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە و زانیاری زیاتریش سەبارەت بە سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا دەخاتەڕوو. ترەمپ لە تویتەکەیدا مەسجی بۆ هەموو لایەک و بەتایبەتی بۆ کورد و تورکیا نارد. لە پەیامەکەیدا دووبارە جەختی لەسەر ئەوە کرد کە هێزەکانیان لە سووریا دەکێشنەوە و هۆشدارییەکی توندیشی دایە تورکیا کە نابێت ئازاری کورد بدات، یاخود هێرشیان بکرێتە سەر. هەروەها هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە هەر کارێکی لەو جۆرە تورکیا رووبەڕووی سزای ئابووریی قورس دەکاتەوە، تەنانەت هەڕەشەی وێرانکردنی ئابووریی تورکیای کرد.
لە هەموو ئەوانە گرنگتر ترەمپ باسی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام (safe Zone) ی لە سووریا کرد، بە قووڵایی نزیکەی 32 کیلۆمەتر کە زۆربەی رۆژئاوای کوردستان لەخۆدەگرێت، وەک بژارەیەک یاخود میکانیزمێک بۆ رێگرتن لە پێکدادانی نێوان هێزەکانی تورکیا و #یەپەگە#، بەڵام لەڕاستیدا ئەم ناوچە ئارامەی کە ترەمپ باسی دەکات، پرسیاری زۆری لەسەرە. گرنگترینیان ئەوەیە کە ئەم ناوچە ئارامە بۆ کێ دەبێت؟ ئایا ناوچەیەکی ئارامی کوردی دەبێت یان تورکی؟ چ هێزێک ئەم ناوچەیە دەپارێزێت و چ لایەنێک خەرجی ئەم ناوچەیە دەدات؟ ئایا ئەو ناوچەیە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان، فەرەنسا و دەوڵەتانی عەرەبییەوە دەپارێزرێ یان دەکەوێتە ژێر دەستی تورکیا؟ ئایا ئەمریکا ئامادەیە لە دەرەوەی بڕیاری نەتەوەیەکگرتووەکان و دژایەتی توندی رووسیا ئەم ناوچەیە دورست بکات؟ رۆڵ و پێگەی هێزەکانی کورد لەو ناوچە ئارامە چی دەبێت؟
لەگەڵ ئەوەشدا کە ترەمپ یاخود ئیدارەکەی، زانیاری زۆری لەسەر ناوچەی ئارام نەداوە، بەڵام بەرپرسانی تورکیا بە شێوەیەکی زۆر جیاواز باسی دەکەن. ئەردۆغان لە دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ترەمپ لە 14ی ئەم مانگە، رۆژی دواتر لە میانەی گوتاری هەفتانەی بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی، جەختی لەسەر ئەوە کرد کە ناوچەی ئارام بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر لەلایەن تورکیاوە لەناو خاکی سووریا دروست دەکرێت. هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە گفتوگۆ لەنێوان تورکیا و ئەمریکییەکان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لەڕووی تەکنیکییەوە ئامادەکاری بۆ دروستکردنی ئەو ناوچە ئارامە بکرێت. تەنانەت ئەردۆغان رایگەیاند کە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ترەمپ گرنگییەکی مێژوویی هەبوو.
ئەگەرچی لێدوانەکانی بەرپرسانی تورکیا لەلایەن واشنتنەوە پشتڕاست نەکرانەوە، بەڵام لە هەمان کاتیش بێدەنگبوونیان جێگەی پرسیار و گومانە. بەتایبەتی ئەگەر لێدوانەکانی لایەنی تورکیا راست بێت، ناوچە ئارامەکەی ترەمپ، رێک بە پێچەوانەی خواست و داواکارییەکانی کورد دەبێت و نەک هەر کورد پارێزراو نابن، بەڵکو بەرەوڕووی هەڕەشەیەکی راستەقینە دەبنەوە. دووریش نییە چارەنووسی ناوچەی ئارام بەدەردی #عەفرین# بچێت. بۆیە پێناچێت کورد رازی ببێت ناوچەی ئارام لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی تورکیا یان هاوپەیمانەکانیدا بێت. چونکە ئاشکرایە ئامانجی سەرەکی تورکیا لەناوبردنی دیفاکتۆی رۆژئاوای کوردستانە. تەنانەت بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان دروستکردنی زۆنێکی لەو شێوەیە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی تورکیا بە کارەسات ناودەبەن، بۆیە بەدووری نابینن کورد تووشی جینۆساید ببێت.
بۆیە لە ڕوانگەی کوردەوە، ناوچەی ئارام دەبێت بەشێوەیەک بێت، جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی بۆ رۆژئاوای کوردستان دابین بکات و لە هەڕەشەکانی تورکیا، ئێران و رژێمی ئەسەد بپارێزرێن. ئەمەش تەنیا کاتێک دەبێت کە هێزێکی وەک نەتەوەیەکگرتووەکان یان فەرەنسا سەرپەرشتی ئەو ناوچەیە بکەن و گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی کورد هەبێت. لە هەمان کاتیشدا ئەم ناوچە ئارامە ببێتە فاکتەرێک بۆ ئەوەی کە پرسی کورد لە رۆژئاوا لە رەهەندێکی سەربازییەوە بۆ رەهەندێکی سیاسی بگوازرێتەوە و ببێتە هەنگاوێکی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سووریا.
بێگومان دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام و دوور لە هەڕەشە و دەستێوەردانی تورکیا و ئەسەد و ئێران، نەک تەنیا لەبەرژەوەندی کورد دەبێت، بەڵکو لە بەرژەوەندی ستراتیژی گشتیی ئەمریکاش دەبێت لە ناوچەکەدا. ناوچەیەکی وەها دەتوانێت گەرەنتی ئەو خاڵانە بکات کە لەناو ئیدارەی ترەمپدا کێشە و ناکۆکی گەورەی دروستکردووە. لەوانە لەناوبردنی #داعش# بەشێوەیەکی هەمیشەیی، ئیحتیواکردنی ئێران و رژێمی ئەسەد، پاراستنی ئاسایشی سنووری نێوان عێراق و سووریا. لە هەمان کاتیشدا ئەمریکا دەتوانێت روڵێکی گرنگ لە چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی لە سووریا بگێڕێت و کوردیش بکاتە بەشێکی گرنگ لەو چارەسەرە. بە پێچەوانەشەوە، هەر هەنگاوێک بە ئاراستەی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لەژێر کونترۆڵی تورکیادا، بەدەر لە زیانگەیاندن بە کورد، سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سووریا و ناوچەکەدا دەخاتە بەردەم مەترسیی راستەقینەوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=