=KTML_Bold=ئەمریکا و ئێران؛ کامیان عێراقبەدەر دەبن؟=KTML_End=
#نەوزاد هێتوتی#
ماوەیەکە بەرەی دژە ئەمریکا لە عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، زۆر بە چڕی خەریکی بەڕۆژەڤکردنی پرسی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق و لە هەوڵدان بۆ ئەوەی لەڕێگەی دروستکردنی کۆدەنگییەک لەناو پەرلەمان و دەرکردنی یاسایەک، ئەو هێزە لە عێراق دەربکەن.
ئەوەی زیاتر پاساوی بە هێز و لایەنە شیعەکانی سەر بە ئێران داوە هەوڵی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بدەن، بەشێکی پەیوەندی بە سیاسەت و کردەوەکانی دۆناڵد ترەمپەوە هەیە لە هەمبەر عێراق کە زۆر جاران ناڕەزایی و تووڕەبوونی زۆری لەسەر ئاستی شەقام و لایەنە سیاسییەکان دروست کردووە. ترەمپ لە کۆتایی دیسەمبەری 2018 کاتێک سەردانی بنکەی سەربازیی عێن ئەسەدی لە ئەنبار کرد، نەک هەر وەک نەریتێکی دیپلۆماسی، پێشوەختە سەرکردە و بەرپرسە باڵاکانی عێراقی ئاگادار نەکرد، بەڵکو تەنانەت ئامادە نەبوو سەردانی بەغدای پایتەخت بکات و لەگەڵیان دابنیشێ. ئەمە لەلایەن بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکانەوە بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و بێڕێزی بە گەلی عێراق وەسف کرا.
بە هەمان ئاراستەش، ترەمپ لە نوێترین لێدوانیدا بۆ کەناڵی تەلەفزیونیی CBS سەبارەت بە عێراق و سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، دیسان بەرەی سەر بە ئێرانی تووشی کاردانەوەی توند کرد. ترەمپ لە لێدوانەکەیدا بۆ کەناڵەکە، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی لە سووریا دەکشێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەمریکا لە عێراق دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی چاودێریی جموجوڵ و سیاسەتەکانی ئێران بکات و هەوڵ دەدەن نەهێڵن ئێران زیان بە بەرژەوەندییەکانیان بگەیەنێت. گوتیشی کە دەکرێت بنکە سەربازییەکانمان لە عێراق بەکاربهێنین بۆ چاودێریکردنی پێشهات و پەرەسەندنە سیاسییەکان لە ناوچەکەدا. تەنانەت رەخنەی توندی ئاراستەی ئیدارەی ئۆباما کرد سەبارەت بە کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە کۆتایی ساڵی 2011 و ئەو بڕیارەی بە هەڵەیەکی گەورە ناوبرد.
لێدوانەکەی ترەمپ، بە تایبەت ئەوەی پەیوەست بوو بە بەرەنگاربوونەوەی ئێران لەڕێگەی عێراقەوە، کاردانەوەی زۆری بەدواداهات. #بەرهەم ساڵح# سەرۆک کۆماری عێراق، جەختی لەسەر ئەوە کرد کە رێگە نادەن عێراق وەک بنکەیەک لە دژی دەوڵەتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت. ئاماژەیشی بەوە کرد کە هێزی سەربازیی ئەمریکا تەنیا بۆ شەڕی دژی #داعش# رێگەیان پێدراوە لە عێراق بن. بە هەمان ئاراستەش سەرۆکوەزیران عادل عەبدولمەهدی لێدوانەکانی ترەمپی رەتکردەوە و گوتی ئێمە دژی ئەوەین کە ئەمریکا بنکەی سەربازی لە عێراق دژی ئێران بەکاربهێنێ و دەستوور رێگە بەو کارە نادات. هەروەها لیستی فەتحی عامری و سائیروونی سەر بە سەدر، وێڕای رەتکردنەوەی قسەکانی ترەمپ، بڕیاریان دا هەماهەنگیی تەواو لەناو پەرلەمان بکەن بۆئەوەی بە رێگەی یاسایی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەربکەن.
ئەم هەڵوێستە توندەی هێز و لایەنە شیعەکان و ئەوانەی لە ئێران نزیکن، ئەگەر بەشێکی پەیوەندی بە لێدوانەکانی ترەمپەوە هەبێت، بەشێکی دیکەی هەرەگرنگ و سەرەکی ئەم هەڵوێستەیان پەیوەندی بەو سیاسەت و ئەجندایەوە هەیە کە ئێران و شیعەکان لە عێراق و ناوچەکەدا پراکتیزەی دەکەن. پێکهاتەی شیعە و هاوپەیمانەکانی، ماوەیەکە کەوتوونەتە دڵەڕاوکەیەکی گەورەوە و ترسی ئەوەیان هەیە ئەمریکا هەموو دەستکەتەکانیان لە عێراق و ناوچەکەدا لەناوببات.
دیارە شیعەکان سوودمەندترین لایەنی شەڕی دژی داعش بوون، هەموو دەستکەوتەکان چوونە گیرفانی ئەوانەوە، بە پێچەوانەشەوە، کورد و سوننە زەرەرمەندترین لایەنی شەڕەکە بوون. لایەنە شیعەکان توانیویانە لە رێگەی ئەو میلیشیاتەی دروستیان کردوون، دەست بەسەر تەواوی ناوچەکانی سوننەدا بگرن و زۆربەی ئەو لایەنە سوننانەی کە دژی ئێران و هەژموونی شیعە بوون، یان بەتەواوی لاواز کراون یان لەناوبراون. لەلایەکی تریشەوە، میلیشیا شیعەکان بە پاڵپشتیی راستەوخۆی ئێران دەستیان بەسەر ناوچە ناکۆکی لەسەرەکاندا گرت و پێشمەرگەیان لەو ناوچانە دوورخستەوە. پێکهاتەی شیعە بەدەر لەوەی ئێستا کۆنترۆڵی تەواوی هێزی سەربازیی عێراقیان کردووە، لەپاڵ ئەوەدا بە سەدان هێز و گرووپی میلیشیایان دروست کردووە کە بوونەتە بەدیلی سوپای عێراق و لە رێگەی پەرلەمانەوە بە یاسایی کراون.
بەهەمان ئاراستەش، هیچ کاتێک شیعەکان بەقەدەر ئێستا دەسەڵاتیان لە عێراقدا بەهێز نەبووە. لەلایەک بە تەواوەتی دەستیان بەسەر پرۆسەی سیاسی عێراقدا گرتووە و خودان بڕیاری کۆتایین لەسەر پرسە سیاسییەکان. تەوافوق، شەراکەت و هاوسەنگیی نێوان پێکهاتەکان دەمێکە کاری پێناکرێت و ئەم پرەنسیپانە پەراوێزخراون. لەلایەکی تریشەوە ئێستا بەرەی ئێران زۆر نزیک بوونەتەوە لە دروستکردنی ئەو هیلالە شیعییەی باسی دەکرێت کە عێراق بە لوبنانەوە گرێ دەدات. بەتایبەتی دوای ئەوەی میلیشیا شیعەکان دەستیان بەسەر ناوچە سنوورییەکانی عێراق و سووریادا گرت.
بۆیە، ئێستا مەترسی گەورەی پێکهاتەی شیعە و ئێران ئەوەیە کە وجودی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق مەترسییەکی راستەقینەیە بۆ سەر پێگە و دەستکەوتەکانیان. بەتایبەت سیاسەتی ترەمپ تاڕادەیەک هاودژە لەگەڵ خواستی ئێران و پێکهاتەی شیعە. ترەمپ بە ئاشکرا باسی ئەوە دەکات کە هەوڵ دەدەن میلیشیا شیعەکان هەڵوەشێننەوە. بەگوێرەی هەندێ زانیاری، مایک پۆمپیۆ ناوی نزیکەی 60 گرووپی #حەشدی شەعبی# رادەستی عەبدولمەهدی کردووە کە دەبێت کار بۆ هەڵوەشاندنیان بکات. ئەمریکییەکان مەبەستیانە میلیشیا شیعەکان لە ناوچە سوننەکان دەربکەن، تەنانەت پێیان باشە پێشمەرگەش بگەڕێتەوە ناوچە کوردستانییەکان. بەدەر لەمەش هەندێک هەواڵ بڵاوبوونەتەوە، گوایە ئەمریکا خەریکی کودەتایەکی سەربازییە بەسەر دەسەڵاتی شیعەکاندا. بەتایبەت کۆکردنەوەی هێزی سەربازی لە ناوچە سوننەکان و ئەو مانۆڕە سەربازییانەی ئەمریکا لە هەندێک ناوچە دەیکات، ئەوەندەی تر شیعەکانی تووشی دڵەڕاوکێ و ترس کردووە.
ئەمریکا مەبەستێتی هەژموونی ئێران بەسەر عێراقدا کەم بکاتەوە، هەوڵ دەدات عێراق لەڕووی ئابوورییەوە چیتر پشت بە ئێران نەبەستێ. یەکێک لەو ئامرازانەی کە ئەمریکا گرتوویەتیە بەر بۆ لاوازکردنی ئێران، بریتییە لە سەپاندنی گەمارۆی ئابووری بەسەر ئەو وڵاتەدا و داواشی لە عێراق کردووە پابەند بێت بە سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ئێراندا و چیتر پشت بەو وڵاتە نەبەستێ. بۆیە شەڕی سەختی ئەمریکا دژی ئێران ناوەندەکەی لە عێراقە و ئەمریکا دەیەوێت لە رێگەی عێراقەوە هیلالی شیعە هەڵبوەشێنێ. بۆ جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتەش پێویستی بەوەیە کە هێزەکانی لە عێراق بهێڵێتەوە. بەپێچەوانەوە، ئێران و شیعەکان بۆ پارێزگاری لە دەستکەوت و دەسەڵاتیان و لابردنی ئەو هەڕەشانەی لەسەریان هەیە، هەوڵی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەدەن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=