=KTML_Bold=چارەنووسی حکومەتی سوودانی لەنێوان ململانێی ئەمریکا و ئێراندا=KTML_End=
#نەوزاد هێتوتی#
تاوەکو دێت گوشارەکانی ئەمریکا لەسەر حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی زیاتر دەبن بۆئەوەی خۆی لە ئێران دووربخاتەوە و نەبێتە بەشێک لە سیاسەت و ئەجێندەی ئێران لە عێراقدا. بەتایبەت قەیرانی داکشانی نرخی دراوی عێراقی بەرانبەر دۆلار بە یەکێک لەو فاکتەرانە دادەنرێت کە بەرۆکی حکومەتەکەی گرتووە. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمریکا گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر حکومەتەکەی سوودانی بۆئەوەی رێگە بگرێت لە بەقاچاخبردنی دراو بۆ ئێران. پرسیاریش لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی ئەمریکا لە ئێستادا دەستی بەو گوشارانە کردووە، لە کاتێکدا پرسی بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ ئێران و دەوڵەتانی ناوچەکە لە عێراقەوە، پرسێکی نوێ نییە و لە سەردەمی حکومەتەکانی پێشوو و بە تایبەتیش لە سەردەمی کازمی پرسی سپیکردنەوە و بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ ئێران هەبووە؟ وەڵامی کورتی پرسیارەکە ئەوەیە کە ھاتنی سوودانی بۆ سەر دەسەڵات کە لە لایەن ھێزەکانی چوارچێوی ھەماھەنگی نزیک ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، جێگەی نیگەرانی ئەمریکایە. بەتایبەت بەرپرسانی ئەمریکا ترسیان لەوە ھەیە ئەو حکومەتە بە تەواوەتی بکەوێتە ژێر ھەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی شيعەکان. ھەر بۆیەش ئەمریکا کەمتر سازش یان نەرمی بۆ حکومەتەکەی سوودانی دەنوێنێت، بەرامبەر پێشێلکردنی سزاکانی سەر ئێران.
دیارە یەکێک لە خاڵە ھەرە گرنگەکان کە چوارچێوەی ھەماھەنگی لە کاتی دروستکردنی حکومەتی سوودانی جەختی لەسەر دەکردەوە پرسی دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا بووە لە عێراقدا. بەتایبەت گرووپە چەکدارەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی کە زۆر پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە دەبێت ئەمریکا بە تەواوەتی لە عێراق بکشێتەوە، بە ھێزە راوێژکارەکانیشی زۆر گوشاریان لە حکومەتی سوودانی کردووە بۆئەوەی بەو ئاراستەیە ھەنگاو بھاوێژێت. بەتایبەت کە بڕیارە لە مانگی شوباتی 2023 شاندێکی عێراقی سەردانی واشنتن بکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرس و دۆسییە گرنگەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق. ھێزەکانی نزیک لە ئێران داوا دەکەن کە پێداچوونەوە بە رێککەوتنی ستراتیژی بکرێت و بە تایبەت ئەو رێککەوتنەی کە لە سەردەمی کازمی واژۆ کراوە و ئەرکی ھێزەکانی ئەمریکا گۆڕدراوە لە ھێزی شەڕکەرەوە بۆ ھێزی راوێژکاری و راھێنانکردن بە ھێزەکانی عێراق.
لەم رووەوە هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لە ساڵیادی دامەزراندنی سوپای عێراق لە 7ی کانوونی دووەمی 2023 جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ھێزەکانی عێراق دەتوانن سەروەریی عێراق بپارێزن. بۆیە دەبێت ھەموو ھێزە شەڕکەرە بیانییەکان لە عێراق دەربکرێن. بەھەمان ئاراستە سعود ساعدی، سەرۆکی کوتلەی پەرلەمانی حزبوڵڵا جەختی لەسەر ئەوە کردووە کە دەبێت بڕیاری پەرلەمانی عێراقی بۆ دەرکردنی ھێزەکانی ئەمریکا جێبەجێ بکرێت. بە ھەمان ئاراستەش، پێش قەیرانی دراوی عێراقی و داکشانی بەھاکەی بەرامبەر دۆلار، نووری مالیکیش داوای دەکرد کە ئەمریکا بەتەواوەتی لە عێراقدا بکشێتەوە، بەڵام پێدەچێت بەھۆی قەیرانی دراوی عێراقی، گۆڕانکاری بەسەر بۆچوونەکەیدا ھاتبێت. شایانی باسە ئێستا ئەمریکا نزیکەی 2000 سەربازی لە سێ بنکەی سەرەکی لە عێراقدا جێگیر کردوون کە بریتین لە: بنکەی سەربازیی عین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، بنکەی سەربازیی هەریر لە پارێزگای ھەولێر و بنکەی سەربازیی ڤيکتوريا لە ناو فڕۆکەخانەی بەغدا.
ھاوکات لەگەڵ دەستپێکردنەوەی گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر حکومەتەکەی سوودانی و دابەزینی بەھای دراوی عێراقی بەرامبەر دۆلار، پێدەچێت کاریگەی لەسەر ھەندێک لە ھێزەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی دانابێت و ھەستیان بەوە کردبێت کە لە ئەگەری دژایەتیکردنی ئەمریکا چارەنووسی حکومەتەکەیان لە حکومەتی عبدولمەھدی باشتر نابێت و ئەگەری رووخاندنی حکومەتەکەیان ھەیە. بۆیە دەکرێت بڵێین لێدوانەکانی سوودانی سەبارەت بە پرسی مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا بەشێکە لە گۆڕانکاری لە ھەڵوێستی حکومەتی عێراق و بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بەرامبە ر ئەمریکا.
بەتایبەت سەبارەت بە پێویستیی مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا، سوودانی لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەی Wall Street Journal لە 15ی کانوونی دووەمی 2023 جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ھیچ بەرنامەیەکمان نییە بۆ ئەوەی داوای کشانەوەی ھێزە راوێژکارەکانی ئەمریکا لە عێراق بکەین. ھەروەھا رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەی کرد کە سوودانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستیان بە مانەوەی ھێزە راوێژکارەکانی ئەمریکا ھەیە لە عێراقدا.
بێگومان ئەمە یەکەم ناکۆکی دیاری حکومەتی سوودانییە لەگەڵ ئێران و ھاوپەیمانەکانی لە عێراقدا. بەتایبەت ئێران و ھاوپەیمانەکانی زۆر گوشاریان ھێناوە بۆ ئەوەی حکومەتی سوودانی ھەنگاو بھاوێژێت بۆ کوتاییھێنان بە مانەوەی ھێزکانی ئەمریکا لە عێراقدا .
ئەوەی راستی بێت ئێستا ھێزەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەست بە مەترسیی گەورە دەکەن بەوەی ئەگەری ئەوە ھەیە حکومەتەکەیان بڕووخێت بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و داکشانی بەھای دیناری عێراقییەوە. بە تایبەت، لە کاتی پێکھێنانی حکومەتدا یەکێک لە خاڵە ھەرە گرنگەکان کە چوارچێوەی ھەماھەنگی جەختیان لەسەر دەکردەوە دابەزاندنی نرخی دۆلار بووە بەرامبەر دراوی عێراقی، بەڵام ئێستا نەک ئەمەیان پێ ناکرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە نرخی دۆلار رووی لە زیادبوونێکی بەرچاو کردووە کە لە مێژووی عێراقی نوێدا وێنەی نەبووە. ئەمەش مەترسی ئەوەی دروستکرد خوپێشاندانەکان لە عێراق دەستپێبکەن و ببێتە ھۆی رووخاندنی حکومەتی سوودانی. سەرکردەکانی نزیک لە ئێران زۆر دوورتر دەڕۆن و پێیان وایە پرسی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار پیلانێکی دەرەکییە بۆ ئەوەی شکست بە حکومەتەکەیان بھێنن و بڕووخێنن. بەتایبەت ھادی عامری سەروکی هاوپەیمانیی فەتح جەختی لەسەر ئەوە کردەوە پرسی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی پیلانێکی دەرەکییە بۆ دەستگرتن بە سەر عێراقدا و شەڕێکی ئابوورییە دژی حکومەتەکەی سوودانی.
گومانی تیدا نییە کە قەیرانی دروای عێراقی و دابەزینی بەھاکەی بەرامبەر دۆلار پەیوەندی راستەوخوی بە ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە ھەیە. واشنتن ماوەیەکە رێوشوینی زۆر تووندی گرتووەتە بەر دژی بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ ئێران. ھەندیک لە سەرچاوەکان پێیان وایە لە ھەفتەیکدا نزیکەی 250 ملیون دۆلار بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ ئێران رەوانە دەکرێت ئەمەیش نرخی دیناری زۆر دابەزاندووە. بۆیە سوودانی لە ژێر گوشاری زۆری ئەمریکا دایە و پرسی بە قاچاخبردنی دۆلار بۆ ئێران یەکێکە لەو پرسە گرنگانەی کە بەرپرسانی ئەمریکا زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ سوودانی باسیان کردوو و داوایان کردووە کە سنورێک بۆ ئەو بەقاچاخبردنە دابنرێت.
ھەر پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا، لە 16ی کانوونی دووەمی 2023 برێت مەکگۆرک، هاوئاهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیران زۆر خاڵ باس کران لەوانە:
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= پرسی مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا کە بۆ واشنتن ئەم پرسە زۆر گرنگە و لێدوانەکانی سوودانییش بۆ مانەوەی ھێزەکانی دەرەکی بووەتە جێگەی سەرەنجی ئەمریکییەکان.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= پابەندبوونی ئەمریکا بە رێککەوتنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا و بە تایبەتیش جەختکردن لەسەر ھەماھەنگی نێوان ھەردوولا و یارمەتیدانی عێراق لە بواری وزە، بەھێزکردنی ژێرخانی ئابووریی عێراق و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕینی کەشوھەوا.
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End=جەختکردن لەسەر بەردەوامی پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ راوێژکردن و راھێنانکردن بە ھێزەکانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی #داعش#.
=KTML_Bold=چوارەم:=KTML_End= جەختکردن لەسەر بەھێزکردن و ھاوسەنگکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە.
=KTML_Bold=پێنجەم:=KTML_End= ھاندانی حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی کێشەکان لەگەڵ ھەرێم چارسەربکات بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە ھەناردە کردنی وزەوە ھەیە.
=KTML_Bold=شەشەم:=KTML_End= ھەروەھا لە سەردانەکەیدا مەکگۆرک داوای لە سوودانی کرد رێوشوێنی تووند بگرێتەبەر بۆ رێگەگرتن لە بردنی دۆلار بە قاچاخ بۆ ئێران.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراقدا دەیان کۆبوونەوەی لەگەڵ سوودانی کردووە لەو کاتەی دەستبەکار بووە یەکێک لە پرسە ھەرە گرنگەکان پرسی بردنی دۆلار بۆ ئێران بووە و داوایان لە سوودانی کردووە سنوورێک بۆ ئەمە دابنرێت. ئەمە لە کاتێکدایە ئێران زۆر پێویستی بە دۆلاری ئەمریکا ھەیە بۆ رووبەڕووبونەوەی گەماڕۆەکانی ئەمریکا و سەقامگیرکردنی ئابووریەکەی و رێگەگرتن لە داکشانی زیاتری بەھای دراوەکەی.
بەپێی ھەندێک لە سەرچاوە ھەواڵییەکان ئەمریکا لەم ماوەیەدا نامەیەکی بۆ سوودانی ناردووە له نامەکەیاندا بە ئاشکرا رایگەیاندووە، ئەگەر رێگری لە قاچاخچێتی دۆلار نەکەن و پابەند نەبن بە رێنماییەکانیان، ئەوا بانکی ناوەندیی عێراق رووبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە. دیارە چەندین ساڵە گەندەڵی بەرۆکی عێراقی گرتووە و لەڕێگەی کۆمپانیای وەھمی و کۆمەڵێک دامەزراوەی ئابووری و ئایینییەوە لە عێراقدا دۆلار سپی دەکرێتەوە و رەوانەی ئێران و تورکیا و دەوڵەتانی ناوچەکە دەکرێت. تەناتەت بەشێکی دیکەی زۆری دۆلار لەڕێگەی خاڵە سنوورییەکانەوە دەنێردرێتە ئێران. ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، ئەمەریکا بە سوودانی راگەیاندووە، ئەگەر رێگری له چوونی دۆلار بۆ ئێران نەکات، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی رووخانی حکومەتەکەی بێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، لە دوای دیداری مەکگۆرک لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی لە ھەمان رۆژدا ئیسماعیل قائانی لەگەڵ سوودانی کۆبووەتەوە. ئەم سەردانەی ئیسماعیل قائانی بۆ بەغدا لە کاتێکدایە کە جۆرێک لە دابەشبوون لەنێوان ھێزەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە ئارادایە و مەترسی ئەوەش ھەیە ئەم دابەشبوونە بەرەوە زیاتر بڕوات. ھەروەھا لە کاتێکدایە کە دیسان سەدر دەستی بە جموجۆڵ کردووە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا لە رێگەی خۆپێشاندانەکانەوە.
لە ھەموویان مەترسیدارتر بۆ حکومەتەکەی سوودانی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلارە بەرامبەر دیناری عێراقی کە ئەمەش دیسان مەترسی گەورەی بۆ سەر حکومەتەکەی دروستکردووە. بە شێوەیەکی گشتی حکومەتی سوودانی لەنێوان ململانێ ئەمریکا و ئێران گیری خواردووە و ئەگەر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ھاوکێشە سیاسییەکان نەکات و جۆرێک لە ھاوسەنگی رانەگرێت لەوانەیە حکومەتەکەی تەمەنی زۆر درێژە نەکێشێت. بەتایبەت گوشارەکان لەسەر سوودانی لە سێ لایەنەوەیە، لەلایەک ئێران و ھاوپەیمانەکانی ھەوڵ دەدەن سوودانی بچێتە بەرەی دژایەتیکردنی ئەمریکا. لەلایەکی دیکەوە سەدر و لایەنگرەکانی لە دەرفەتێک دەگەڕێن بۆئەوەی حکومەتەکەی بڕوخێنێت. لایەنی سێیەمیش ئەمریکایە کە گوشاری زۆری دروستکردووە بۆئەوەی سوودانی خۆی لە ئێران دووربخاتەوە و پرسی گرانبوونی دۆلاریش پەیوەندی زۆری بەو ململانێیەوە ھەیە. بۆیە سوودانی لەبەردەم ئاڵینگاری گەورە دایە و دوور نییە و ئەگەر بە زیرەکانەوە مامەڵە نەکات حکومەتەکەی بڕووخێت.
=KTML_Bold=سەردانی مەکگۆرک بۆ ھەرێمی کوردستان=KTML_End=
ھاوکات لە میانەی سەردانی برێت مەکگۆرک بۆ عێراق لە 16 کانوونی دووەمی 2023 سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ زۆربەری بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لەدوای دیدارەکەی مەکگۆرک لەگەڵ #نێچیرڤان بارزانی#، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەی کردووە کە ئەمریکا جەختی کردووە لەسەر خواستى وڵاتەکەى بۆ برەودان بە پەيوەندييەکانى لەگەڵ بەغدا و هەولێر، بەردەواميى پشتيوانيى ئەمەريکا بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان و فراوانکردنى هاريکاريى هاوبەش لە هەموو بوارەکاندا دووپاتکردەوە، بەتایبەتیش لە بواری وزە و پاراستنی ئاسایشی وزەدا. ھەروەھا لە دیدارەکەدا پرۆسەى يەکخستنى پێشمەرگه و دۆخى ناوخۆى هەرێمى کوردستان باس کراون.
=KTML_Bold=بە شێوەیەکی گشتی دەکرێت بڵێین سەردانەکەی مەکگۆرک بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر ھۆکاری لە پشتەوە بووە کە خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە:=KTML_End=
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= ھەوڵدان بۆ دروستکردنی جۆرێک لە ھەماھەنگی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ ئەوەی کێشەکانیان بە شێوەیەکی ئاشتییانە بەپێی دەستوور چارەسەر بکەن. لەم رووەوە ئامۆس هۆچستاین، راوێژکاری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی وزە، یەکێک بووە لە ئەندامانی شاندەکەی ئەمریکا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان. بۆیە یەکێک لە ئامانجەکان ئەوە بووە کە کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە وزەوە ھەیە چارەسەر بکات. لەم رووەوە ئەمریکا مەبەستیەتی گوشاریش لە عێراق بکات تاوەکو لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگاتە چارەسەرێک بە شێوەیەک ھەموو لایەک لێی سوودمەند ببن. بە پێ سەرچاوەکانی al-monitor ئەمریکا مەبەستیەتی لەڕێگەی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە وزە لەنێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا، گازی ھەرێمی کوردستان رەوانەی ئەوروپا بکرێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە وزەیەی کە رووی لەو وڵاتانە کردووە بە ھۆی شەڕی ئۆکراینا.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= ئەمریکا داوای لە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان کردووە کە کێشە ناوخۆییەکانیان چارەسەر بکەن و کۆتایی بە ناکۆکییەکانیان بھێنن کە زیانی زۆری ھەبووە بۆ پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەکی.
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End= ئەمریکا ھانی بەرپرسانی کوردی داوە کە ھەنگاوەکانیان خێراتر بکەن بۆ ئەنجامدانی ریفۆرم لەناو #وەزارەتی پێشمەرگە# و ھەوڵ بدرێت ھێزێکی یەکگرتوو لە کوردستان دروست بکرێت.
=KTML_Bold=چوارەم:=KTML_End= ھاندانی بەرپرسەکانی کورد بۆ ئەوەی رێز لە پرۆسەی دیموکراسی بگرن و کار بکەن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان.
لە کاتێکدا کە سەردانی مەکگۆرک بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان تا ڕادەیەک بارودۆخێکی لەباری ھێنایە ئاراوە و گەشبینییەکی درووست کرد بەوەی کە دەکرێت لەڕێگەی دەستوور کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەر بکرێن و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا ئاسایی بکرێنەوە. لە بڕیارێکی لە ناکاودا دادگەى باڵاى فيدراڵيى عێراق لە 25ی کانوونی دووەمی 2023 ناردنى شايستەى دارايى و مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان لەلايەن حکومەتى فيدڕاڵيى عێراقەوە بە نادەستووری لە قەڵەم دا. ئەمەش بووەتە ھۆی نیگەرانکردنی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت ئەم بڕیارەی دادگە لە کاتێکدایە کە لە لایەن ھێزە سیاسییەکان رێککەوتن لەسەر ئەم پرسە کراوە و لە بەندەکانی رێککەوتنی پێکھێنانی حکومەتی سوودانیشدا خاڵێکی سەرەکی بووە. لەڕاستیدا گومانی زۆر ھەیە ئەم بڕیارەی دادگەی دەستووری لەژێر گوشاری ئێران و ھەندێک لایەنی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی درابێت. بەتایبەت ئێستا ئەو پرسیارە لە ئارادایە کە ئایا دەکرێت لە کاتێکدا حکومەتێک لە بەغدا ھەیە کە زۆر لە ئێران و ھێزەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگییە نزیکە، دادگە ئەو بڕیارە دەربکات؟ بە تایبەت دەبێت ئەو خاڵە لەبەرچاو بگرین کە دادگای دەستووری لە ژێر کاریگەریی زۆری چوارچێوەی ھەماھەنگی و ئێراندایە و بەبێ ئەوان بە دوور دەبێنرێت ھیچ بڕیارێک دەربکات. بۆیە ئەم بڕیارەی دادگەی فیدڕالی ئێستا دەکرێت زۆر ھۆکار و فاکتەری لە پشتەوە بن.
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بەتایبەت لایەنە تووندڕەوەکان لەگەڵ چارەسەری کێشەکان نین لەگەڵ ھەرێمی کوردستان.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= زەنگی مەترسیدار سەبارەت بەو رێککەوتنەی بۆ پێکھێنانی حکومەتی سوودانی کراوە و ئەگەری زۆرە لەڕێگەی ئەم دادگەیەوە رێگریی مەزن بخرێتە بەردەمی و ھیچ یەک لە بەندەکانی رێککەوتنەکە پراکتیزە نەکرێت.
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End= وەک ئاماژەمان پێکرد سەردانی مەکگۆرک بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەوڵ دراوە کێشەی وزە لەنێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەر بکرێت. بۆیە پێدەچێت ئەم بڕیارەی دادگە لەژێر کاریگەری ئێراندا درابێت بۆ لێدان لەو ھەوڵانەی ئەمریکا بۆ ئەوەی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەر بکرێن بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە وزەوە ھەیە.
=KTML_Bold=چوارەم:=KTML_End= گوشاری زۆر لەسەر سوودانی ھەیە بەھۆی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار پێدەچێت دیسان ئەمەیش گەمەیەکی ئێران و ھێزە شیعەکان بێت بۆ تێکەڵکردنی کارتەکان و لابردنی سەرنج لەسەر قەیرانی دابەزینی بەھای دراوی عێراقی. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=