=KTML_Bold=گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و هێزەکانی سەر بە ئێران لە عێراق بەرەو کوێ دەچن؟=KTML_End=
#نەوزاد هێتوتی#
=KTML_Bold=شەڕێکی سنووردار=KTML_End=
ھاوکات لەگەڵ پێشهاتە سەربازییەکانی شەڕی غەززە و تووندبوونی پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس و پێداگریی تەلئەڤیڤ لەسەر تێکشکاندنی حەماس لە کەرتی غەززە، لە عێراقیشدا ململانێی نێوان ئەمریکا و ھێزە پرۆکسییەکانی سەر بە ئێران بەرەو گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر دەڕوات. ھەرچەندە ھێشتا ململانێی نێوان ھێزە پرۆکسییەکانی ئێران، کە ناویان لە خۆیان ناوە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا لە ئاستێکی سنوورداردایە، بەڵام دەکرێت ئەم ململانێیە لە کۆتاییدا ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت، بەرەو ئاراستەیەکی مەترسیدارتر بڕوات، بەتایبەت ئەگەر ھێرشی گرووپە چەکدارەکانی شیعە بۆ سەر ھێزەکانی ئەمریکا بەردەوام بن. لەدوای دەستپێکردنی شەڕی غەززە، بەتایبەتییش لە 17ی ئۆکتۆبەر تاوەکو ئێستا ھێزە پرۆکسییەکانی ئێران لە عێراق و سووریا نزیکەی 115 ھێرشیان بە درۆن و مووشەک کردووەتە سەر ھێزەکانی ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکانی عەین ئەسەد لە ئەنبار، ھەرێمی کوردستان و سووریا.
بۆ بەرپەرچدانەوەی ھێرشە بەردەوامەکانی ھێزە پرۆکسییەکانی ئێران، ئەمریکا ئەمە چەندین جارە وەکو کاردانەوە ھێرش دەکاتە سەر پێگەی میلیشیا شیعەکان و سوپای قودس لە عێراق و سووریادا. لە تازەترین و دیارترین ھێرشیشدا لە 4ی کانوونی دووەمی 2024، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بارەگای لیوای 12ی بزووتنەوەی نوجەبای سەر #حەشدی شەعبی#ی لە شەقامی فەڵەستینی بەغدا کردە ئامانج و بەهۆی هێرشەکەوە چەند سەرکردەی حەشد کوژران و بریندار بوون.
=KTML_Bold=گرووپە پرۆکسییەکانی ئێران و بەئامانجگرتنی ئەمریکا=KTML_End=
لەڕاستیدا ئێران و ھێزە پرۆکسییەکانی، زۆر ئامانج و مەبەستیان ھەیە لە بەئامانجگرتنی ھێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، کە دیارترینیان بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە:
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= ئێران دەیەوێت گوشارێک لەسەر ئەمریکا دروست بکات بۆئەوەی لەلایەک یارمەتییەکانی بۆ ئیسرائیل رابگرێت لە شەڕی غەززە، لە لایەکی دیکەیشەوە تەلئەڤیڤ ناچار بکات بۆئەوەی ھێرشەکانی بۆ سەر حەماس رابگرێت.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= ئێران، بەتایبەتیش سوپای قودس، رۆڵی سەرەکیی ھەبووە لە ھاندانی حەماس بۆ ھێرشکردنە سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەردا. ئێران و حەماس پێیان وابوو کاردانەوەی ئیسرائیل ھاوشێوەی جارانی پێشوو سنووردار دەبێت و بیر لە داگیرکردنی کەرتی غەززە ناکاتەوە. گوتەبێژی سوپای پاسداران رەمەزان شەريف لە 28ی کانوونی یەکەمی 2023 لە لێدوانێکدا باسی ئەوەی کرد کە ھێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ئەنجامی تۆڵەکردنەوەی کوشتنی قاسم سولەیمانی بووە.
ھەرچەندە دواتر بەھۆی کاردانەوەکان و نیگەرانییەکانی حەماس، سوپای پاسداران لەو لێدوانە پەشیمان بووەوە، بەڵام گومانی تێدا نییە ئێران رۆڵی کاریگەری ھەبووە لە ھاندانی حەماس بۆ ھێرشکردنە سەر ئیسرائیل. ھەربۆیە ئێستا ئێران و گرووپە پرۆکسییەکانی بەرامبەر رای گشتیی جیهانی ئیسلامی و عەرەبی تووشی جۆرێک لە شەرمەزاری بوون، بەوەی لە سەرەتادا ھانی حەماسیان داوە و ئێستاش وەکو پێویست بەرگریی لێ ناکەن. بەتایبەت دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوت حساباتیان ھەڵە بووە و ئەمجارە ئیسرائیل مەبەستیەتی بە تەواوتی حەماس تێکبشکێنێت.
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End= کشانەوەی ئەمریکا لە عێراقدا یەکێکی دیکەیە لە ئامانجە سەرەکییەکانی گرووپە چەکدارەکان لە ھێرشکردنە سەر ئەمریکا. ئێران و گرووپە پرۆکسییەکانی بە چڕی کار لەسەر ئەو خاڵە دەکەن، کە ئەمریکا بە تەواوەتی لە عێراق بکشێتەوە. بێگومان ئەمەش لەو روانگەیەوەیە کە ھەبوونی ئەمریکا لە عێراقدا بە گەورەترین بەربەست دادەنرێت لەبەردەم سیاسەت و ئەجێنداکانی ئێران و ھاوپەیمانەکانی، بەتایبەت لە عێراق و سووریادا. لەدوای ھێرشی ئەمجارەی ئەمریکا بۆ سەر گرووپی نوجەبا، ھێزە پرۆکسییەکانی ئێران لە ھەموو لێدوانەکانیاندا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە دەبێت بە زووترین کات ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکشێنەوە. تەنانەت سوودانیش لەمیانەی گوتارێکیدا لە 5ی کانوونی دووەمی 2024دا لە ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانیدا باسی ئەوەی کرد، هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە سەروەریی عێراق پێشێل بکات و لیژنەیەک بۆ کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراقدا پێکهێناوە.
=KTML_Bold=چوارەم:=KTML_End= رەنگە ھۆکارێکی دیکەی ئەو ھێرشانە ھاندانی رووسیا بێت، ئەمەش لەو روانگەیەوە کە رووسیا لەوانەیە زیاتر ھانی ئێران و ھاوپەیمانەکانی بدات، تاوەکو ھێرش بکەنە سەر ئەمریکا، تاوەکو زیاتر سەرقاڵ بکرێن و کەمتر گرنگی بە پرسی ئۆکراینا بدەن.
=KTML_Bold=سیاسەتی بایدن بۆ راگرتنی ھێرشی گرووپە میلیشیاکان=KTML_End=
سیاسەتی ئیدارەی بایدن بەرامبەر ھێرشی پروکسییەکانی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانیان بە دوو ئاراستە بووە. لەلایەک لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە ھەوڵ دراوە گوشار لەسەر ئێران و حکومەتی عێراق دروست بکات بۆئەوەی ھێرشەکانیان رابگرن. لەم رووەوە لە 5ی تشرینی دووەمی 2023 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی بەغدای کرد و راستەوخۆ لەگەڵ سوودانی کۆبووەوە و ھۆشداریی تووندی دایە بەغدا سەبارەت بە بەردەوامیی ھێرشی گرووپە شيعەکان بۆ سەر ئەمریکا. لەو سەردانەدا ئەمریکا چوار پەیامی گرنگی بە بەغدا دابوو:
یەکەمیان، بلینکن زۆر راشکاوانە بە حکومەتی عێراقی راگەیاندووە کە دەبێت ئەرکی خۆی بەجێبگەیێنێت لە رێگریکردن لە گرووپە میلیشیاکان لە ھێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا. لەم رووەوە بلینکن ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هەڕەشانەی لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە دەکرێن، بە تەواوەتی قبووڵ نەکراون. دووەمیان، ئەمریکا بەرامبەر ھێرشکردنە سەر بەرژەوەندی و بنکە سەربازییەکانی بێدەنگ نابێت. لەم رووەوە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوه، کە ئەگەر ھێرشەکان بەردەوام بن، ئەمریکا راستەوخۆ گرووپە میلیشیاکان دەکاتە ئامانج و رووبەڕووی گورزی سەربازی دەبنەوە.
خاڵێکی دیکەی گرنگ (سێیەم) ئەوە بووە کە ھانی حکومەتی عێراقی داوە، رێگە لە گرووپە میلیشیاکان بگرێت لەوەی بە مووشەک و درۆن لە رێگەی عێراقەوە ھێرش بکەنە سەر ئیسرائیل و دەبێت سنوورێکیان بۆ دابنرێت. چوارەم، بلینکن جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە لەگەڵ ئەوەدا نین بازنەی جەنگەکەی غەززە فراوان بێت؛ بەڵام ئەگەر ئێران یان ھاوپەیمانەکانی بەرەیەکی دیکەی جەنگ بکەنەوە، راستەوخۆ لە ئێران دەدەن. لەم رووەوە ئەنتۆنی بلینکن لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا ئاماژەی بەوە کرد، نایانەوێت لەگەڵ ئێران رووبەڕووبوونەوەیان هەبێت، بەڵام هەموو رێکارێک بۆ پاراستنی هێزەکانیان و هاووڵاتییانیان دەگرنەبەر.
لە لایەکی دیکەیشەوە کاتێک ئیدارەی بایدن دەبینێت حکومەتی سوودانی دەستەوەستانە بەرامبەر ھێرشی گرووپە چەکدارەکان و وەک پێویست کار ناکات بۆ راگرتنی ھێرشەکانیان، ئەوا لە رووی سەربازییەوە لە ئاستێکی سنوورداردا گورزی سەربازی لەم گرووپانە وەشاندووە. خاڵی ھەرەگرنگ لەم ھێرشانەدا ئەوەیە کە جاران زیاتر لە سووریا لە گرووپە میلیشیاکان دەدرا، بەڵام ئێستا ئەمریکا لە خاکی عێراق و لەناو جەرگەی بەغدا لەو گرووپانە دەدات. بێگومان ئەمەش کۆمەلێک پەیامی گرنگی ھەیە: یەکەم، ئەمریکا نیگەرانە لە سیاسەتی حکومەتی سوودانی و ئەو بێھەڵوێستییەی کە ھەیەتی بەرامبەر پرۆکسییەکانی ئێران لە ھێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی لە عێراق و سوریادا. لەم رووەوە پێدەچیت ئەمریکا بێ ھیوا بووبێت لە بەغدا کە بتوانێت رووبەڕووی ئەو ھێزانە ببێتەوە. بۆیە ئەمریکا چیتر موراعاتی حکومەتی سوودانی ناکات، بەڵکو خۆی راستەوخۆ وەڵامی ھێرشەکان دەداتەوە و گورزی سەربازییان لێ دەدات.
دووەم، خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە ئەمریکا چیتر پارێزبەندی ناداتە گرووپە میلیشیاکان لە عێراقدا و دەیانکاتە ئامانج. بەتایبەت لە سەردەمی ئیدارەی بایدن تاڕادەیەک لە هەوڵی ئەوەدابوون کە ئەمریکا تۆمەتبار نەکرێت بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق. لەبەر ئەمەش ئەمریکا لە جارانی پێشوودا زیاتر ھێزە شیعەکانی لە سووریا دەکردە ئامانج، نەک لە عێراقدا. بەڵام ھێرشاکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر پرۆکسییەکانی ئێران بەتایبەتیش لە جرف سەخەر و لە بەغداش ئەوە دەردەخات، کە ئەمریکا ئیدی وازی لەو سیاسەتە ھێناوە و رێگە نادات میلیشیا شیعەکان بە ئازادی لە عێراقدا بجووڵێنەوە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بخەنە مەترسییەوە.
سێیەم، سیاسەتی بایدن لە رووی سەربازییەوە بەرامبەر گرووپە میلیشیاکان زیاتر خۆی لە ستراتیژیی بەرپەرچدانەوە (Deterrence policy) دەبینێتەوە، کە مەبەسەت لەم سیاسەتە ئەوەیە وا لە دوژمن بکەیت کە ترسیان ھەبێت یاخود خۆیان بپارێزن لە ھێرشکردنە سەرت، چونکە دەزانن رووبەڕووی سزا و وەڵامی تووند دەبنەوە. ئێستا سیاسەتی بایدن بەرامبەر ئێران و ئەو گورزە سەربازییانەی کە لە پرۆکسییەکانی دەدات، زیاتر بۆ ئەوەیە پێیان بڵێت ھەر ھێرشێک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بێ وەڵام نابێت و رووبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە. ھەرچەندە ھەندێک چاودێری سیاسی پێیان وایە ھێشتا بایدن سەرکەوتوو نەبوو لە پراکتیزەکردنی ئەو ستراتیژییەتە، بەتایبەت وەڵامەکانی بۆ سزادانی گرووپە چەکدارەکان لەو ئاستەدا نییە، کە وا بکات ئەم گرووپانە ترسیان ھەبێت لە ھێرشکردنە سەر پێگەکانی ئەمریکا. چوارەم، پاراستنی بەرژەوەندی و پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ھۆکارێکی دیکەیە کە ئەمریکا لە چوارچێوەیەکی سنوورداردا ھێرش دەکاتە سەر پێگەی گرووپە میلیشیاکان. لەم رووەوە لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، ماتیو میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە پێویستە حکومەتی عێراق هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا کە لەسەر بانگهێشتی ئەوان لەوێن ھەروەھا گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند: ئێمەش هەمیشە گوتوومانە کە مافی بەرگریکردن لە خۆمانمان هەیە و رێکاری پێویست بۆ پاراستنی هێزەکانمان دەگرینەبەر.
بە شێوەیەکی گشتی ھێشتا ئاستی گرژییەکانی نێوان ھێزە پرۆکسییەکانی ئێران و ئەمریکا لە عێراقدا لە ئاستێکی سنوورداردایە و نە ئێران و نە ئەمریکاش لەگەڵ ئەوەدا نین ئەو گرژییانە لە کۆنتڕۆڵ دەربچن. لەلایەک ئیدارەی بایدن لە مانگی 11 ی ئەم ساڵەدا ھەڵبژاردنی لە پێشە و ھەڵگیرسانی شەڕێکی دیکە زیانی گەورە لە پێگەگەی دەدات. بەھەمان ئاراستەش ئێران و ھێزە پرۆکسییەکانی لە بەرژەوەندییان نییە شەڕەکە لە عێراقدا گەورە ببێت، چونکە لە زۆر لایەنەوە زیانی گەورەیان بەردەکەوێت. بەتایبەت ئێستا ھاوپەیمانەکانی ئێران جومگە گرنگەکانی دەسەڵاتیان لە عێراقدا لە دەستدایە و حکومەتیش سەر بە خۆیانە. ھەروەھا لە ھەڵبژاردنی پارێزگاکانیش بەھۆی غیابی رەوتی سەدر لە زۆربەی ناوچە شیعەکان سەرکەوتوون. بۆیە بەرزکردنەوەی ئاستی گرژییەکان لەگەڵ ئەمریکا مەترسی راستەقینە لە سەر دەسەڵات و بەرژەوەندی و حکومەتەکەیان درووست دەکات و تەنانەت ئەگەری رووخاندنی حکومەتی سوودانی دێتە ئاراوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=