=KTML_Bold=هۆکار و لێکەوتەکانی ئۆپەراسیۆنی نوێی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان دا=KTML_End=
#نەوزاد هێتوتی#
لە 18ی نیسانی 2022، تورکیا ئۆپەراسیونی چنگ- قوفڵ (Operation Claw-Lock)ی لە خاکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای دھۆک دژی #پەکەکە#ی دەستپێکرد. وەک درێژەپێدەری ئۆپەراسیۆنی چنگ- قوفڵ، تورکیا لە 15 حوزەیرانی 2024 ئۆپەراسیۆنێکی نوێی سەربازی لە ناوچە سنورییەکانی پارێزگای دھۆک بەتایبەتیش دەڤەری #ئامێدی#، چیای مەتین، کانی ماسێ و بەرواری باڵا دەستپێکردووە. لەم ئۆپەراسیۆنەدا، ھێزەکانی تورکیا بە قوڵایی زیاتر لە 15 کیلۆمەتر هاتوونەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان و دەستیانکردووە بە دانانی بنکە و خاڵی سەربازی زیاتر، بە شێوەیەک ئێستا ژمارەی بنکە و سەربازگەکانی تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە سەرووی 70.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی تورکیا بریتییە لە دروستکردنی 'ناوچەی ئارام' یان ناوچەی دابڕێنراو (security corridor) لە قوڵایی خاکی ھەرێمی کورستان دا. لەم رووەوە، وەزیری بەرگریی تورکیا یەشار گولەر، لە تەممووزی 2024 رایگەیاند، ئامانجی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکە ئەوەیە بەتەواوی کۆتایی بە بوونی چەکدارانی پەکەکە بھێنن لە ناوچە سنوورییەکانی عێراق دا. لەم رووەوە، تورکیا مەبەستییەتی ناوچەیەکی دابڕێندراو بەدرێژایی سنوورەکانی لەگەڵ عێراق و سووریا بە قوڵایی 30-40 کیلۆمەتر دروست بکات. وەزیری بەرگری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، بە بەدیهاتنی ئامانجەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە کۆتایی بە شەڕی دژە تیرۆر دەهێنین کە نزیکەی 40 ساڵە بەردەوامە. ھەندێک لە سەرچاوەکان باس دەکەن ئەم جارە تورکیا بەنیازە بەتەواوی چیای گارە بگرێت کە ناوچەیەکی ستراتیژیی گەریلاکانی پەکەکەیە. بەگشتی ئامانجی تورکیا لە دروستکردنی ئەم ناوچە دابڕێنراوە و دانانی بنکە سەربازییەکانی ئەوەیە:
یەکەم: پاراستنی سنووری خۆی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و دەرپەڕاندنی پەکەکە لەو ناوچانە بەشێوەیەکی ھەمیشەیی. تورکیا جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە ھەوڵدەدات لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە کۆتایی بە هەبوونی گەریلاکانی پەکەکە بهێنێت لە ناوچە سنوورییەکان دا و چیتر رێگە نەدات پەکەکە لەو ناوچانەوە ھێرش بکاتە سەر تورکیا.
دووەم: دروستکردنی بنکەی سەربازی ھەمیشەیی و جێگیرکردنی ھێزەکانی بۆ ماوەیەکی نادیار لەو ناوچانە. تورکیا دوای ئەو ئۆپەراسیۆنە بنکەی سەربازی زیاتری دروستکردووە لە دەڤەری ئامێدی وتەنانەت خاڵی پشکنینی لە دەڤەری بەرواری باڵا و کانی ماسێ داناوە.
سێیەم: تورکیا دەیەوێت بە دروستکردنی ناوچەی دابڕێنراو رێگە لە چوونی گەریلاکانی پەکەکە لە سنوورە شاخاوییەکانی باشوورەوە بو رۆژئاوای کوردستان بگرێت و پەیوەندی نێوانیان بپچڕێنێت.
چوارەم: تورکیا لەوانەیە ئەو بەرنامەیەی ھەبێت کە دوای تەواوکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچە سنوورییەکان، بەتەواوی #قەندیل#یش بگرێت، کە بنکەی سەرەکی سەرکردایەتی پەکەکەیە. بەڵام ھەندێک لە سەرچاوەکان جەخت لە سەر ئەوە دەکەن مەبەستی تورکیا ئەوەیە پەکەکە زیاتر لە ناوچە ستراتیژییەکانی وەک چیای گارە، قەندیل و #شنگال# گوشەگیر بکات و لەو ناوچانەدا دەورە بدرێن.
پێنجەم: تورکیا بەردەوام چاو لە مێژووی هەبوونی خۆی لە عێراق دا دەکات و ھەندێک لە بەرپرسە عێراقییەکان پێیان وایە تورکیا سیاسەت و بەرنامەی ئەوەی هەیە بە تەواوی ویلایەتی مووسڵ بخاتەوە سەر تورکیا.
شەشەم: یەکێکی دیکە لە بەرنامە و ئامانجەکانی تورکیا بەھێزکردنی پێگەی سیاسی و سەربازییە لە ھەرێمی کوردستان و تەواوی عیراق دا. دوای ئەوەی توانی لە ساڵی 2003 پێگەی ئابووری بەھێز بکات و هەرێمی کوردستان بکاتە بازاڕێکی گرنگی بەرهەمەکانی، هەروەها بەسەدان کۆمپانیا لە بوارە جیاوازەکان بەگەڕبخات. لە کەرتی نەوت توانی پێگەیەکی گرنگ بۆ خۆی و کۆمپانیاکانی دروست بکات. بە ھەمان ئاراستە، ئێستا تورکیا لەڕووی سەربازییەوە ھەوڵدەدات پێگەکەی زیاتر بەھێزبکات بۆ ئەوەی کاریگەری زیاتری لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق هەبێت.
حکومەتی سوودانی کە لە مانگی ئۆکتۆبەری 2022 دەسەڵاتی گرتە دەست، ھەوڵیداوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا پەرە پێبدات. لە ئاداری 2023 کاتێک سوودانی سەردانی تورکیای کرد چەندین رێککەوتنی دوولایەنەی لەگەڵ ئەنقەرە واژۆکرد بەتایبەت لە بواری ئاسایش و بازرگانی دا. ھەروەھا وەک ئاماژەیەک بۆ بەھێزبوونی پەیوەندی نێوان ھەردوولا، ئەردۆغان لە 22 نیسانی 2024 سەردانی بەغدای کرد و زیاتر لە 26 لێکتێگەیشتنی لەگەڵ عێراق سەبارەت پرسەکانی نەوت، سنوور، ئاو، ئابووری، رێگەی گەشەپێدان واژۆکرد. پرسی پەکەکە و رووبەڕووبوونەوەی یەکێک بووە لە پرسە ھەرە گرنگەکان کە تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی نێوان ئەردۆغان و سوودانی بووە.
لە پرێس کونفرانسێکی ھاوبەش دا لەگەڵ سوودانی، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد کە عێراق گرنگییەکی ستراتیژی بۆ تورکیا ھەیە و ئەو رێککەوتنانەی لە بواری ئابووری و بازرگانی واژۆکراوان دەبێتە ھۆی کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەر دوو وڵات. سەبارەت بە پرسی پەکەکە ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد کە پەکەکە ھەڕەشەیە لە سەر ئاسایشی ھەردوو دەوڵەت، تورکیا ھەوڵدەدات ئەو ھەڕەشەیە لەنێوببات و عێراقیش لەم رووەوە ھاوکار دەبێت. پێش ئه و سەردانەی ئەردۆغان، لە 14ی ئاداری 2024 ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراقی کرد سەبارەت گفتوگۆکردن لەسەر پرسی پەکەکە، ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لە بەیاننامەیەکی ھاوبەش دا ھەردوولا جەختیان لەسەر ئەوەکردەوە کە پەکەکە ھەڕەشەیە لە سەر بەرژەوەندی ھەر دوو وڵات، عێراق بۆ یەکەم جار پەکەکەی وەکو رێکخراوێکی قەدەخەکراو ناساند.
پێدەچێت ئەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانەی لەکاتی سەردانی ئەردۆغان بۆ بەغدا کراون کاریگەریان ھەبێ لەسەر خاوبوونەوەی ھەڵوێستی عێراق بەرامبەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نوێیەکەی تورکیا، لەبەرئەوەش هەندێک لایەنی شیعەی بەشدار لە حکومەتی سوودانی دا هەڵوێستی جیاواز و تووند رادەگەیێنن. لە 10ی تەممووزی 2024 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ئاسایشی نەتەوەیی بە سەرۆکایەتی سوودانی کۆبووەوە و لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوەکرد کە ھەر دەستدرێژییەک و پێشێلکردنێکی سەروەریی خاکی عێراق رەتدەکەنەوە و داوای لە تورکیا کرد لەسەر پرسە ئەمنییەکان ھاوئاھەنگییان لەگەڵ بکات. ھەروەھا بۆ گرتنەبەری سیاسەت و ھەڵوێستێکی ھاوبەش سەبارەت بە پەکەکە و ھێرشەکانی تورکیا، لە 11ی تەممووز 2024، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە سەر راسپاردەی سوودانی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان #مەسرور بارزانی# کۆبووەوە. ئەم پێشھاتانە لە کاتێکدایە کە ئیبراھیم سومێدعی راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە 8ی تەممووزی 2024 رایگەیاند، ھاوئاھەنگی لەنێوان عێراق و تورکیای ھەیە سەبارەت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا.
هەروەها رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 8 تەممووزی 2024، رایگەیاند، سەرچاوەی هەموو کێشەکانی ناوچە سنوورییەکان پەکەکەیە و بیانووی هاتنی تورکیا بۆ سنوورەکان هەبوونی ئەو چەکدارانەیە، بۆیە دەبێ پەکەکە ئەو شوێنانە بەجێبهێڵێت. ئەم ھەڵوێستەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە کە ناکۆکیی قووڵ لەنێوان پارتی و یەکێتی دا ھەیە. یەکێتی بە پێچەوانەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بە فەرمی دژایەتیی ئۆپەراسیۆنی تورکیا راگەیاند. بێگومان ئەم دژایەتییەی یەکێتی پەیوەندیی بە دوو هۆکارەوە ھەیە؛ یەکەم، یەکێتی پەیوەندیی زۆر بەھێزی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی شیعە و ئێران ھەیە. خاڵی دووەم، خاڵی ھاوبەشی پەکەکە و یەکێتی ئەوەیە، ھەردووکیان پارتی دیموکراتی کوردستان بە رکابەری سەرەکی خۆیان دەزانن و پێویستیان بە یەکترە بۆ دژایەتیکردنی پارتی. بێگومان پەیوەندیی یەکێتی لەگەڵ پەکەکە بووە ھۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی ئەو پارتە لەگەڵ تورکیا، بەشێویەک تورکیا گەمارۆی ئاسمانی بە سەر #سلێمانی# دا سەپاندووە. سەبارەت بەم ھەڵوێستە ئەردۆغان لە 12 تەممووزی 2024 رایگەیاند: تاوەکو ئەوکاتەی دەسەڵاتدارانی سلێمانی مەودایەک لەنێوان خۆیان و پەکەکە دانەنێن، گەمارۆکان بۆ سەر ئاسمانی سلێمانی بەردەوام دەبن.
جگە لە سیاسەت و ھەڵوێستی فەرمی حکومەتی سوودانی، ھێزە شیعییەکان، بەتووندی دژایەتی ھەر سنوور بەزاندنێکی تورکیا بۆ نێو قوڵایی خاکی کوردستان و عێراق دەکەن. ھێزە شیعییەکان بەردەوام بە رێگەی جیاواز گوشاریان لە سەر تورکیا دروستکردووە بۆ ئەوەی بە تەواوی لە عێراق بکشێتەوە. لەم رووەوە، ھادی عامری سەرۆکی لیستی فەتح لە 8 ئابی 2023 لە کۆبوونەوەیەک دا لەگەڵ ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەغدا داوایکرد ھەموو ھێزە سەربازییەکانی تورکیا لە خاکی عێراق بکشێنەوە. ھەروەھا لە تازەترین ھەڵوێست دا قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسایب ئەهلی حەق لە بەیاننامەیەکدا لە 12ی تەممووزی 2024، بە تووندی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیای سەرکۆنە کرد. خەزعەلی لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد نابێ تورکیا پەکەکە وەک بیانوویەک بەکاربهێنیت بۆ ئەوەی بەشێکی گرنگی خاکی عێراق داگیربکات و داوای لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق کرد ھەڵوێستێکی ھاوبەش و یەکگرتوویان ھەبێت بەرامبەر سنوور بەزاندنەکانی تورکیا.
ئەوەی راستی بێت، ھێزە شیعییەکان لەبەر زۆر ھۆکار، پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ پەکەکە ھەیە و دژی ھەبوونی سەربازی تورکیان لەنێو خاکی عێراق دا. لەلایەک ھێزە شیعییەکان و تەنانەت حکومەتی عێراقیش ترسی ئەوەیان ھەیە تورکیا بە زەبری ھێز دووبارە ویلایەتی مووسڵ داگیر بکات و بیخاتە سەر خاکی خۆی. بەتایبەت لە دوای شەڕی یەکەمی جیھانی دوای ململانێیەکی زۆر نێوان عێراق و تورکیا، لە کۆتاییدا کومەڵەی گەلان لە ساڵی 1925 بریاری دا بە لکاندی ویلایەتی مووسڵ بە عێراقەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ھێزە شیعییەکان و تەنانەت ئێرانیش ئەو ترسەیان ھەیە تورکیا ھەبوونی سەربازی خۆی وەک ئامرازیک بەکاربھێنێت بۆ پاڵپشتیکردنی سوننەکان. بەتایبەت تورکیا بەردەوام ھەوڵدەدات پێگە و دەسەڵاتی لە عێراق بەھێز بکات و رێگە لەوە بگرێت کە ئێران و ھاوپەیمانەکانی بە تەواوی ھەژموونی خۆیان بەسەر عێراق دا بسەپێنن.
بەھەمان ئاراستەش، ھێزە شیعییەکان و ئێران نایانەوێت دەستبەرداری کارتی پەکەکە بن، بەڵکو بەردەوام دەیانەوێت پەکەکە وەک کارتێک دژی تورکیا و تەنانەت پارتیش بەکاربێنن. لەلایەک، ھێزە شيعییەکان وتەنانەت حکومەتی عێراقیش، ھەوڵدەدەن کە پرسی پەکەکە وەک ئامرازێک بەکاربێنن بۆ ئەوەی گوشار لەسەر تورکیا دروست بکەن بۆ ئەوەی رێژەی عێراق لە ئاو زیاد بکات. لەلایەکی دیکەوە، ھەبوونی پەکەکە لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی پارتی کارتێکی بەھێزە بە دەست لایەنە شیعییەکانەوە بۆ زیاتر گوشار خستنە سەر پارتی. بەتایبەت بەشێکی زۆری ھێزەکانی پەکەکە لە ناوچەکانی دەسەڵاتی پارتی دان. ئێستا لە شنگال ھاوپەیمانییەکی بەھێز لە نێوان گرووپە چەکدارە شیعییەکان و پەکەکەدا ھەیە و تەنانەت ھێزەکانی سەر پەکەکە بوونەتە بەشێک لە #حەشدی شەعبی# و مووچە لە بەغدا وەردەگرن و بەربەستێکی سەرەکین لە بەردەم جێبەجیکردنی ریککەوتنی شنگال کە لە ئەیلولی 2020 لەنێوان #هەولێر# و بەغدا واژۆکرا. ئەمە لە کاتێکدایە کە تورکیا جەخت لەسەر ئەوە دەکات دەبێت عێراق ھەوڵبدات شنگال لە ھێزەکانی سەر بە پەکەکە پاک بکاتەوە و بەردەوام لە رێگەی فڕۆکە و درۆنەوە ھێرش دەکاتە سەر هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەبەشە) کە سەر بە پەکەکەن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=