ناونیشانی بابەت: شۆڕشی #دەرسیم# ساڵی 1937
ئامادەکردن: محەمەد ڕزگار
ڕێکەوتی: #2021-03-29#
لە ڕابردوودا زۆربەی کات هەرێمی دەرسیم سەربەخۆیی خۆی پاراستووە، تەنانەت لە سەردەمی عوسمانییەکاندا ماوەیەک لەلایەن دەوڵەتەوە بە ویلایەتی (کوردستان) ناودەبرا. دوای جەنگی یەکەمی جیهانیش خەڵکی هەرێمەکە بۆ بە دەستهێنانی سەربەخۆییان ڕاپەڕینێکیان دژی کەمالییەکان بە ناوی ڕاپەڕینی (کۆچگیری)یەوە بەرپاکرد، بەڵام ڕاپەڕینەکە دڕندانە سەرکوتکار و ژمارەیەکی زۆریش ژن و منداڵ و خەڵکی ناوچەکە کوژران و گوندێکی زۆر سوتێندران و خەڵکێکی زۆریش ڕاگوێزان دەربەدەر بوون، ئەم سیاسەتە پڕ لە زەبر و زەنگەی کەمالییەکان دژی کورد بەکاریان دەهێنا لە بیستەکان و سییەکانی سەدەی بیستەم، بەهۆی شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کوردەوە بوو وەک شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شۆڕشی ئاگری داخ و دواتریش ڕاپەڕینی دەرسیم بە ڕێبەرایەتی سەید ڕەزای دەرسیم.
لەگەڵ سەرەتای هاوینی 1936 بارودۆخی هەرێمی دەرسیم تێکچوو، بەهۆی ئەو هەموو هێزە سەربازییە و دام و دەزگا سەرکوتکەرانەی کە تورکیا لە ناوچەکە دایمەزراند و دواتریش ئەو گەمارۆ سەختەی کە سەرکردەی هێزەکانی تورکیا لە ناوچەکە (ئالب دۆغان) سەپاندبووی بەسەر دانیشتووانی ئەو هەرێمە، ئەم هۆیانە و زۆری تریش کە پەیوەندی بە سیاسەتی شۆڤێنیانەی کەمالییەکانەوە هەبوو، بەهۆی بێزاری و ڕق و قینی کوردەکان بەرانبەر کەمالییەکان و بەئاشکرا خەڵک ڕووبەڕووی کەمالییەکان دەبووەوە و ناڕەزاییان دەردەبڕی، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی مستەفا کەمال (ئەتاتورک) بەڕاشکاوی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گەورەی نیشتمانی تورکیا لە ساڵی 1936 دا دەڵێت: (گرنگترین مەسەلەی باری ناوخۆی ئێمە گیروگرفتی دەرسیمە، لەبەر ئەوە و بۆ بنبڕکردنی ئەو کوانە کوشەندەیە و بۆ ئەوەی بتوانین خێراتر بڕیاربدەین، پێویستە حکوومەت دەسەڵاتێکی فراوان و بێ سنووری بدرێتێ). هەروەها ئەو گرانی برسێتی و بێکاریەی کە لە ئەنجامی قەیرانی ئابووری جیهانی ساڵانی (1929-1932) درووستبوو، کوردستانیشی گرتبووەوە.
سەید ڕەزا بۆ ئەوەی ناوچەکە لە شەڕ دووربخاتەوە چەند جارێک نامەی بۆ (ئالب دۆغان) نارد، تەنانەت جارێکیان کوڕێکی خۆی نارد بۆ وتووێژبەڵام بە فێڵ گرتیان و دواتر کوشتیان. بۆیە شۆڕش لە زستانی 1937ز دا دەستی پێ کرد. شۆڕشگێڕان چەندین سەرکەوتنی گەورەیان بەسەر هێزەکانی تورکیا بەدەست هێنا، بۆیە تورکیا بڕیاری دا هێزێکی گەورەی پڕ مەشق و پشت ئەستوور بە چەکی قورس و فڕۆکەی جەنگی ڕەوانەی دەسیم بکات، تەنانەت سەرۆک وەزیران (عیسمەت ئینۆتۆ) خۆی سەرکردایەتی سوپای تورکیای گرتە ئەستۆ، لە پەلامارێکی گەورەدا ڕووبەرێکی فراوانی لە دارستان و کێڵگە و گوندەکانی دەرسیمی ئاگرتێبەردا بەو بیانووەی شوێنی خۆ حەشاردانی شۆڕشگێڕانە. ئینجا چەندین شۆری قورسی نا هاوتا لەنێوان هەردوولا هەڵگیرسا و لە تیایدا کوردەکان ئازایانە بەرگریان کرد، بەڵام لە بەرانبەر لەشکری گەورە و پڕچەک و مەشق پێکراو و فڕۆکەی جەنگی تورکیا نەیانتوانی خۆیان ڕابگرن و تەنانەت لە شەڕێکیاندا سەید ڕەزا خۆی کە تەمەنی (75) ساڵ بوو بە قورسی بریندار بوو.
زستانی ساڵی 1937 زۆر سەخت بوو، خەڵکێکی زۆر ئاوارە و دەربەدەر ببوون بێ جێگا و شوێنی حەوانەوە بوون و شۆڕشگێڕانیش ئازووقە و تەقەمەنیان زۆر کەم بووبوو لە چیا سەختەکانی دەرسی. لەو کاتانەدا (ئالب دۆغان) نامەیەکی بۆ سەید ڕەزا نارد و بەناوی حکومەتی تورکیاوە ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ دەربڕی، بۆیە سەید ڕەزا بۆ گفتوگۆ چوو بۆ شاری (ئەرزنجان) لەو پەڕی باکووری کوردستان، بەڵام یەکسەر دەستگیریان کرد و دوای دادگاییەکی ڕووکەشانە خۆی و یازدە کەس لە هاوڕێکانی لە سێدارە دران. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=