=KTML_Bold=دیوێکی گەمە نێودەوڵەتییەکە!=KTML_End=
#نووری بێخاڵی#
شەڕی چەند ساڵەی ناوخۆی سووریا و هاتنی #داعش# و دەرهاویشتەکانی دوای ئەو رووداوانە، ئاماژەی روونن بۆ ئەوەی کە ئەو رووداوانەی لە ناوچەکەدا بە درێژایی وڵاتانی بەلقان تاوەکو بیابانی عەرەبی و بیابانی رۆژئاوا روودەدەن، رووداوی راگوزەر و تەنها پرسێک نین بەناوی ترسی داعش و هەڕەشەکانی تیرۆر، بەڵکو هاوکێشەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە بە چاو دەیبینین.
سعودیە بۆ چۆک پێدادانی ئێران و بەربەست دروستکردن لەبەردەم پەلکێشی و دەستتێوەردانەکانی لە کەنداو، کارتی ئابووری کردە فشار. دابەزاندنی نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا لەلایەن سعودیە، ئێرانی رووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری قووڵ و ترسناک کردەوە، تاوەکو ئەو ئاستەی چاودێران پێیان وابوو، بەردەوامی دۆخەکە ئێران لە ئاستی ئابووریدا بەرەو داڕمان دەبات و بەمەش پاشەکشە لە سیاسەتەکانی دەستتێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و بە تایبەتی وڵاتانی کەنداو دەکات.
لە بەرامبەردا ئێران بەرگری لە ئاست ئەو سیاسەتە ئابوورییەی کەنداو کرد و پەنای بۆ کارتی سیاسی برد، تاوەکو سعودیە لە هەنگاوەکەی پاشگەزبکاتەوە. پشتیوانیکردنی حوسییە شیعییەکان لە یەمەن و هاوکاری کردنیان بۆ کۆنترۆڵکردنی وڵاتەکە و کودەتاکردن بەسەر دەسەڵات، کە هەڕەشە و مەترسی جیددین بۆسەر کەنداو، هۆشداری ئێران بوو بۆ سعودییە.
نەک هەر ئەوە، تەنانەت رووسیا کە لایەنێکی هاوکێشەکە بوو و لە سیاسەتی دابەزاندنی نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا زیانی بەرکەوت، هاوکات لەگەڵ ئێران و بە بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ لە بەرامبەر هەر بڕیارێکی نێودەوڵەتی کە لە بارەی حوسییەکانەوە دەربچێت، بەڕەی لەژێر پێی سعودیە دەرهێنا و سەنگەری ئێرانی لە هاوکێشەکەدا پتەوترکرد، بەتایبەتی کە هەردووکیان لە دۆسییەی سووریا و پشتیوانیکردنی حکومەتەکەی بەشار هاوڕان.
ڕووسیا و ئێران بەم هەنگاوە سیاسییەیان دەیانەوێ سعودیە بخەنە ناو گۆشەیەکی داخراوی چوارگۆشەی ململانێکان، بەڵام وێدەچێت سعودیە بە ئاسانی نەچێتە ژێر فشاری کارتی سیاسی ئەو دوو وڵاتە. بۆیە لە بەرامبەردا و لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی کەنداو پەیامێکی ئاشکرای ئاراستەی رووسیا و ئێران کرد، بەوەی وڵاتانی کەنداو رێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر بۆ ئەو پەلهاوێشتنەی حوسییەکان و کەنداو ئاسایشی یەمەن دەپارێزێت.
هاوکات لەو ماوەیەی دواییدا و زۆر بە چڕی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی خۆی خستووەتە گەڕ، بۆ ئەوەی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو سنوورێک لەبەردەم هەڕەشەکانی حوسییەکاندا دابنێن. تەنانەت باس لەوە دەکرێت کە ئەگەری ئەوە هەیە سعودیە بە هێزی زەمینی بچێتە ناو گەمەکەی یەمەن، بەو پێیەی حوسییە هاوپەیمانەکانی ئێران هەڕەشەی جیدیین بۆسەر ئاسایشی کەنداو، ئەمەو ئەگەر هەوڵەکانی ئێران بۆ نانەوەی پشێوی لە بەحرێن وەربگرین، هێندەی دیکە ئاوێنەی رووداوەکان روونتر دەبێتەوە.
ئێستا هەردوولا، سعودیە لەلایەک و رووسیا و ئێران لەلایەکەی دیکە شەڕێکی سارد لە نێوانیانە، سعودیە کارتی ئابووری و نەوتی بەدەستەوەیە و ئەوانی دیکەش کارتی سیاسی و ئاسایش. رۆژانی داهاتوو رەنگە پەنجەرەی رووداوەکان روونتربکەنەوە، بەتایبەتی کە ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا هەڵوێستی راشکاوانەی خۆیان لە بەرامبەر حوسییەکان و پرسی یەمەن خستەڕوو.
بە شێوەیەکی گشتی هەڵوێستی روون و راشکاوی ئەنجوومەنی ئاسایش لە رەتکردنەوەی سیاسەتەکانی حوسییەکان، پەیامێکە زۆر دەرهاویشتەی دیکەی لە پەیوەست بە ململانێی نێوان سعودیە لە سەرێک و رووسیا و ئێران لە سەرەکەی دیکە، لێدەکەوێتەوە. دیارە پێشڤەچوونەکانی پرسی جوداخوازەکانی ئۆکرایناش تایەکی دیکەی تەرازووی هاوکێشەکانی ناوچەکە دەبێت.
وەک چۆن تێوەگلاندنی لیبیا و میسر و ئوردنیش بە کردەنی لە هاوکێشەکە، دیوێکی دیکەی گرنگی هاوکێشەکەیە. بەهەرحاڵ، کێشە و ململانێکانی ناوچەکە زۆر شتی دیکەی نەبینراو و نە گووتراوی لە هەگبە دایە، کە رەنگە لە ئاییندەیەکی نزیک، یان زۆر دوورنا ئاشکراببن و پێویست دەکات چاوەڕوانی دەرکەوتە و دەرهاویشتەکان بین. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=