=KTML_Bold=هۆشدارییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە عێراق و کوردستان=KTML_End=
#جەواد قادر#
سەرۆک #نێچیرڤان بارزانی# نیگەرانی قووڵی خۆی لە دۆخی ئێستای عێراق نەشاردووەتەوە. ئەم نیگەرانییە بە روونی لە سێ پەیامەکەی مانگی رابردووی سەرۆکی هەرێمی کورستاندا دەرکەوتووە کە ئاراستەی هێزە سیاسییەکانی عێراقی کردووە و تێیدا راستەوخۆ ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ ناوبژیوانی و رەواندنەوەی مەترسییەکان دەربڕیوە.
لە راستیدا، گەورەترین نیگەرانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بێباکبوونی هێزە سیاسییەکانە لە دۆخی نزیک لە هەڵدێری ئێستای عێراق و، بەهەند وەرنەگرتنی مەترسیی تەنگژەکانە لەلایەن رای گشتییەوە. لەدەست دەرچوونی ئەو تەنگژانە لە عێراقدا راستەوخۆ توانای تێکدانی ئاساییش و سەقامگیریی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیان هەیە. ئەمە راستییەکی ترسناکە کە پێناچێت لەلایەن رای گشتییەوە زۆر بە هەند وەرگیرابێت. نموونەی دیاری ئەمە لە سەرهەڵدانی #داعش#دا دەرکەوت، کە هەرچەندە سەرەتا بەرۆکی نێوەڕاستی عێراقی گرتەوە، بەڵام زۆر خێرا پەلی بۆ ناو کوردستان هاوێشت و کۆسپی گەورەی بۆ ئاساییش و گەشەی ئابووریی هەرێمی کوردستان نایەوە. بۆیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت ئاساییشی بەسرا، ئاساییشی #هەولێر# و مووسڵیشە.
لە راستیدا، زەوینە بۆ پێکدادنی سەربازیی لایەنە عێراقییەکان ئێستا زیاتر لە جاران هەیە، بە تایبەت دوای هەڵبژاردنەکەی 2021 و بەهۆی نەبوونی سەربازیی ئەمەریکاوە (راپۆرتی ناتۆ: کانوونی یەکەمی 2021). بەڵام هۆکاری سەرەکی کە پێدەچێت تائێستا رێگەی لە شەڕی ناوخۆ و لێکترازانی یەکجارەکی ئاساییشی عێراق گرتبێت نرخی بەرزی نەوت و نەبوونی هۆکاری دەرەکییە (گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی: ئابی 2022). عێراق لە داهاتی نەوتی و نانەوتییەوە نزیکەی 150 ملیارد دۆلاری ساڵانەی دەست دەکەوێت (بانکی نێودەوڵەتیی دراو: نیسانی 2022). لایەنە ئۆلیگارکە عێراقییەکان و هەروەها هێزە ناوچەییەکان بەرژەوەندییەکی زیاتر لە بەردەوامبوونی ئەم نەختینە زۆرەدا دەبینن کە بێگومان شەڕی ناوخۆ دەتوانێت رایبگرێت و زیان بە بەرکەوتە ئابوورییەکانیان بگەیێنێت.
بەڵام گرەوکردن لەسەر نرخی نەوت لە سیاسەت دا قومارێکی یەکجار گەورەیە بەتایبەت لە کاتێکدا کە هۆکاری پێکدادانی سەربازی لە عێراقدا بە زیادەوە ئامادەن: میلیشیای حیزب و لایەنەکان، بەریەککەوتنی لایەنە تایفی و ئایینییەکان، بەریەککەوتنی لایەنە قەومییەکان، بەریەککەوتنی حیزبە سیاسییەکان و لە سەرووی هەموویانەوە بەریەککەوتنی هێزە ناوچەییەکان لەنێو عێراقدا بە تایبەت دوای دەرچوونی هێزی سەربازیی ئەمریکا (کێنێت پۆڵاک: ئایاری 2022).
ئەمە نیگەرانییەکی گەورەی لەلای سەرۆکی هەرێمی کوردستان دروست کردووە و، بۆیە نەک هەر تەنیا ئامادەیی نابژیوانی دەربڕیوە، بەڵکو زیاتر لە جاران جەخت لە پاڵپشتیی هێزە نێودەوڵەتییەکان بۆ عێراق دەکاتەوە و داوایان لێدەکات یارمەتیی عێراق بدەن کێشەکانی چارە بکات.
لە سێ ساڵی رابردوودا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پرسی شوێن و پێگەی هەرێمی کوردستانی لەنێو عێراقدا خستە سەرووی بەرنامە سیاسییەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەوەبوو کە بەبێ داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و دروستکردنەوەی نیمچە متمانەیەک لەگەڵ هێزە عێراقییەکاندا دوای کۆتاییهاتنی شەڕی داعش، پاراستنی سەروەریی هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی سەخت دەبێت. لەبەرئەوە پشتییوانی هەرێمی کوردستانی بۆ حکومەتی کازمی دەستەبەر کرد و کەوتە دانوستاندنی زنجیرەیی لەگەڵ سەرجەم هێزە عێراقییەکان لە بەغدا.
لە روانگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، عێراق لەبەردەم دوو رێگەدا بوو: بەردەوامبوونی تەنگژەکان یان رێککەوتنێکی تازە. بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر روون بوو کە عێراق و هەرێمی کوردستان ناتوانن دۆخی تەنگژاوی دوای 2003 درێژە پێبدەن و زیاد لە جارێک هۆشداری دا کە درەنگ یان زوو ئاڵۆزییەکان عێراق بەرەو هەڵدێر دەبەن. بۆیە پێشنیازی روانگەی هاوبەش، بەرژەوەندیی نیشتمانیی هاوبەش و رێککەوتنێکی تازەی لەنێوان لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان دا کرد.
ڕێککەوتنێکی تازە بریتی بوو لە بەجێگەیاندنی سەرجەم ئەرکە دەستوورییەکان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بە پرسی نەوت و وزەشەوە، لەبەرانبەر بەشداریی هەرێمی کوردستان لە فەرمانڕەوایی لە دەوڵەتی عێراق دا کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە دەوڵەتی هاوبەشی کورد ناوی دەهێنێت.
ئەو وەک وەهمێکی سامناک سەیری ئەو باوەڕە سیاسییە دەکات کە پێی وابێت یەک حیزب، یەک ئایین، یەک فەرهەنگ و یەک نەتەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا تاوەکو سەر باڵادەست دەبێت. بەپێجەوانەوە، ئەو پێیوایە عێراق و هەرێمی کوردستان تەنیا لە دۆخێکدا دەتوانن ببنە خاوەنی دەوڵەت و فەرمانڕەواییەکی دروست، ئەگەر سەرجەم هێزەکان پێکەوە و بە هاوسەنگی بەشداری دەسەڵات و حوکم بن و مافی یەکسانی هاووڵاتیبوون بکەوێتە سەرووی لایەنگیریی سیاسی، ئایینی، عەشاییری و قەومییەوە. بۆیە هەر لە سەرەتاوە سەرۆکی هەریمی کوردستان لەو بڕوایەدا نەبوو حکومەتی زۆرینە و دابەشبوونی هێزە عێراقی و کوردستانییەکان بەسەر دوو کەمپە سیاسییەکەی بەغدا ئەرێنی بێت. ئەو پێش تەنگژەکان و لە کاتی دانوستاندنەکانیش هۆشداری دا کە پەراوێزخستنی هەر لایەنێک لە پێکهێنانی حکومەتی نوێدا، پەرە بە تەنگژە کوشندەکانی عێراق دەدات.
ئاڵۆزییە مەرگهێنەکانی هەفتەی رابردوو لە بەغدا و بەسرا گەواهییەکی راچڵەکێنەرە بۆ ئەو پێشبینی و نیگەرانیانە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=