=KTML_Bold=لەیلای خۆشەویست=KTML_End=
#محەمەد عزدەین#
لەگەڵ یەکەم ساتی زانینی هەواڵی بەشداریکردنی #لەیلا زانا# لە ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵی #ئامەد# و ئەگەری پێشکێشکردنی گوتارێک بۆ هاونیشتیمانییان، دەستبەجێ ئەمەم هاتەوە یاد (لەیلای خۆشەویست).
(لەیلای خۆشەویست) ناونیشانی کتێبێکی مەهدی زانای هاوسەری لەیلا زانایە، کە بە زمانی تورکی نووسراوە، منیش دەمێکە سەرقاڵی ئەوەم بیکەمە کوردی و بەشێکی زۆری پەرتووکەکەم تەواو کردووە. خوا یار و یاوەر بێت بەمزووانە دەکەوێتە بەر دیدی خوێنەران.
لەو نووسینەدا، نامەوێت باسی پەرتووکەکە بکەم، چونکە نێوەڕۆکەکەی بۆ کاتی چاپکردنی جێدەهێڵم. بەڵام ناونیشانی کتێبەکەم بە دەرفەتێک زانی، تاوەکو بیقۆزمەوە و لەو دەرچەیەوە باسی لەیلا زانا بکەین.
بەر لە 40 ساڵ، مەهدی زانا بە تاقی تەنیا، لە کونجی زیندانەکانی تورکیا هاواری کرد، لەیلای خۆشەویست. ئەمڕۆش بە ملیۆنان کورد، لەیلای خۆشەویستیان لەسەر زاران نابڕێتەوە.
=KTML_Bold=شکاندنی رۆژووی بێدەنگی=KTML_End=
دوای 8 ساڵ دوورکەوتنەوەی لە سیاسەت و گۆڕانکارییە رامیارییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، سەرەتای ئەم ساڵ لە رێگەی چاوپێکەوتنێکیەوە، لەیلا زانا رووی دەمی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد و گوتی، ئیدی کاتی ئەوەیە ئەردۆغان پێڤاژووی ئاشتی لەناو دۆڵابی ساردکەرەوە دەربهێنێت و زیندوو بکرێتەوە. زانا بەو لێدوانەی گۆمی بێدەنگی خۆی شڵەقاند و بۆچوونی خۆشی لەسەر دوایین دۆخی پرسی کورد هێنایە زمان.
دوای تێکچوونی پێڤاژووی ئاشتی و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی حکومەتی تورکیا لە شارەکانی باکووری کوردستان. دوایین جار ساڵی 2016 بوو، کە لەیلا زانا بەشداری ئاهەنگی نەورۆزی ئامەدی کرد. لەو ساڵە بە دواوە، لە هیچ شوێنێک بەشداری ئاهەنگی نەورۆزی جەماوەری نەکرد. گەر کەشوهەوا دەرفەت بدات، چاوەڕوان دەکرێت دوای هەشت ساڵ دوورکەوتنەوەی، لەیلا زانا ئەم ساڵ بەشداری ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد بکات.
بەشداری کردنی لەیلا زانا لەو ئاهەنگەدا، جۆش و خرۆشی زۆری لای هاونیشتمانی هەر چوار پارچەی کوردستان بە گشتی و هاونیشتمانییانی باکوور بە تایبەتی دروست کردووە. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت بە قەد ئاهەنگی نەورۆزی ساڵی 2013 قەرەباڵخ و پڕ میوان بێت. بۆ ئاگرکردنەوەش، یەک لۆری داری مازوو ئامادەکراوە.
ڕۆژی 17-03-2024، پێش ئێستا لە مەیدانی یەنی قاپی ئیستەنبووڵ، بە ئامادەبوونی زیاد لە نیو ملیۆن هاونیشتمانی، ئاهەنگی نەورۆزی ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو. بەو قەرەباڵخییەی ئەوێ بێت، دەشێت نەورۆزی ئەم ساڵی ئامەد پەیامێکی تازەی پێبێت.
ئاهەنگی نەورۆزی ساڵی 2013 بە یەکێک لە قەرەباڵخترین و گرنگترین ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد دادەنرێت. چونکە لە نەورۆزی 2013 #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# پەیامێکی تایبەتی بۆ ئەو نەورۆزە ناردبوو. پرسی ئاگربەستی #پەکەکە# و دەستپێکردنی پێڤاژووی ئاشتی، ناوەڕۆکی پەیامەکەی ئیمراڵی بوون. دوای 11 ساڵ تێپەڕین بەسەر ئەو پەیامە، شەقامی کوردی لە باکوور چاوەڕوانی پەیامێکی تازەن.
دوای تێپەڕینی 11 ساڵ بەسەر ئەو نەورۆزە پڕ لە جۆش و خرۆشە، بۆ ئەو نەورۆزەش لە 81 شاری باکووری کوردستان و تورکیا و چەندان وڵاتی جیهان میوان گەیشتوونەتە ئامەد بۆ بەشداریکردن لە نەورۆزی ئەمساڵ.
=KTML_Bold=مزگێنی نەورۆز=KTML_End=
نەورۆزی ئەم ساڵ لە کاتێکدایە، 31ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەدەچێت. بۆیە ئەم ئاهەنگە دەرفەتێکیشە بۆ دەم پارتی و بەربژێرانی، بۆ ئەوەی پلان و کار و پڕۆژەکانیان بۆ دەنگدەران باس بکەن و داوای دەنگ بکەن. چونکە دەم، پێداگیری دەکات کە شارەوانییەکانی باکووری کوردستان، لە دەستی قەیووم وەرگرێتەوە.
لە پاڵ ئەمە ئەوەی جێگەی مەراقە، کاریگەرییەکانی مزگێنییەکەی موراد قەرەیلانە بەسەر کەشوهەوای نەورۆزی ئامەد و بەشداری لەیلا زانا.
لە چەند رۆژی رابردوو، موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان لە لێدوانێکیدا باسی لەوە کردبوو، لە نەورۆزی ئەمساڵدا مزگێنیان دەبێت و گوتی، نەورۆز رۆژی یەکگرتن و بەرەنگاربوونەوە و بەرخودانە. بۆیە بەو بۆنەیەوە داوەتی هەموو پارت و هێز و رێکخراو و کەسایەتییە نەتەوەییەکان دەکەم، بۆ یەکگرتن و یەکێتی کوردان.
لە کاتێکدا شەقامی تورکی مزگێنییەکەی وەها لێکدەداوە، تاوەکو پارتی کرێکارانی کوردستان بڕیاڕی چەکدانان، یان بڕیاری کشانەوە بدات. شەقامی کوردیش چاوەڕوانی پێدانی مزگێنی دەستپێکردنەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی و گەڕێکی دیکەی پێڤاژووی ئاشتی بوو؛ بەڵام پێچەوانەی هەردوولا، ئەمڕۆ بەیانی 20-03-2024 ناوەندی بەرخوودانی گەل بەم چەند دێڕە مزگێنییەکەی موراد قەرەیلانی ئاشکرا کرد، هێزەکانی گەریلای کوردستانی ئازاد، دەستی گەیشتووەتە سیستەمی بەرگریی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و لە 15-02-2024 وە توانیویەتی بەو سیستەمە، 15 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بایراکتار و ئانکا و ئاکسونگور و ئاکنجی بخاتە خوارەوە.
لەیلا زانا یەکێک لەو سیاسەتمەدار و کەسایەتیانەی باکووری کوردستانە، نێوانی لەگەڵ #قەندیل# تۆزێک ترشە. بۆیە دەنگۆی بەشداریکردن و بوونی وتارێکی لەیلا زانا لە ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد و مزگێنییەکەی موراد قەرەیلان، مەراقی گەیشتنی نەورۆزی لە ناخی مرۆڤ زێدەتر کردووە.
بەم عەرەفەی هەڵبژاردنە لە باکووری کوردستان و تورکیا، پارتی دەم و لایەنە کوردییەکان، تائێستا بە گشتی بەرامبەر ئاکپارتی شتێکی وەهایان نەگوتووە، تاوەکو پێی دین و دەهری بێت. بە پێچەوانەوە، لێدوانەکانی ئەمدواییەی #سەڵاحەدین دەمیرتاش# و ئەحمەد تورک و لەیلا زانا، هەنگاون بۆ چوونە ناو قۆناخێکی تازەی سیاسی لە باکوور و نزیکبوونەوە لە ئاکپارتی.
=KTML_Bold=لەیلا زانا کێیە؟=KTML_End=
لەیلا زانا لە دایکبووی ساڵی 1961ی ئامەدی باکووری کوردستانە. کاتێک لەیلا لەگەڵ مەهدی ئامۆزای ساڵی 1975 ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، ئه و کچە کوردە تەنیا 14 ساڵ بووە و ئامۆزاکەشی 21 ساڵ له و گەورەتر بووە.
لە کاتی کودەتا سەربازییەکەی 12ی ئەیلولی ساڵی 1980ی تورکیا، مەهدی زانا، سەرۆکی شارەوانیی ئامەد بوو، بۆیە بەر شاڵاوی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا کەوت و دەستگیرکرا. دواتر سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
لەیلا زانا دوای دەستگیرکردنی هاوسەرەکەی، خۆی فێری خوێندن و نووسین کرد. دواتر قۆناخەکانی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی ئێوارانی تەواوکرد. لەگەڵ دەستپێکردنی خوێندن، دەستی بە چالاکی سیاسیش کرد. دواتر لە ساڵی 1987 رێکخراوی مافی مرۆڤیان لە ئامەد دامەزراند و لە هەمان ساڵ لە رۆژنامەی (یەنی ئولکە) دەستی بە کاری رۆژنامەڤانی کرد.
سێ ساڵ دوای کارکردنی وەکو رۆژنامەڤان، لەیلا زانا لەسەر لیستی پارتی هەپ له ئامەد، بووە پەرلەمانتاری ئه و پارتە و چووە پەرلەمانی تورکیا. لە شەشەمین رۆژی مانگی یازدەی هەمان ساڵ، بۆ سوێندخواردنی پەرلەمانتاران بۆ خولی تازەی پەرلەمان، لەیلا زانا قردێلەیەکی زەرد و سۆر و کەسکی لەسەری بەستبوو؛ بەمەش هەر زوو تورکە رەگەزپەرستە پەرلەمانتارەکان کاردانەوەیان دروستکرد. دوای خوێندنەوەی ناوەکەی، زانا بەره و ستەیجی سوێندخواردن بە رێکەوت. لەوێ دەمێدا ئه و کچە کوردە پەرلەمانتارە تەمەنی تەنیا 30 ساڵ بوو.
لەیلا زانا بە زمانی تورکی دەستی بە خوێندنەوەی سوێندەکە کرد و لە کۆتایشدا، بە کوردی گوتی، ئه و سوێندە بەناوی برایەتی تورک و کورد دەخوێنمەوە دوای دەربڕینی ئه و رستەیه، لەناو هۆڵی پەرلەمان لەلایەن پەرلەمانتارە تورکەکانەوە هەڵایەکی گەورە و ناڕەزایەتییەکی زۆر دروست بوو. دواجار ئەمە بووە هۆی ئەوەی لەیلا زانا بە 10 ساڵ زیندانیکردن سزا بدرێت.
زیندانیکردنی لەیلا زانا لە کاتێکدا بوو، مەهدی زانای هاوسەری ماوەیەکی کەم بوو لە بەندیخانە دەرچووبوو. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=