=KTML_Bold=چی لە ستراتیژی ئێران گۆڕاوە بەرامبەر عێراق؟=KTML_End=
#زوبێر ڕەسوڵ#
دوای تێپەربوونی ساڵێک بەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی ئێستا ئێرانییەکان خەریکە دەگەنە ئەو باوەڕەی کە چیدیکە ناتوانن بەو میکانیزمانەی پێشوو مامەڵە لەگەڵ دۆخی عێراق بکەن. ئەمەش زیاتر لە هۆکارێکی هەیە، بەڵام کاریگەرترینیان ئەوەیە کە جێگرەوەی سولەیمانی نە ئەو کاریزماییەی هەیە، نە ئەو ناسین و دۆستایەتیەشی هەیە لەگەڵ سەرکردە عێراقییەکاندا.
هەڵبەتە ئەمە جگە لەو دەنگە ناڕەزاییانەی کە دوای نەمانی سولەیمانی لە ناو دامەزراوەکانی وەک دەزگای هەواڵگری و دەزگاکانی دیکەیش سەرهەڵدەدەن کە پێیانوایە نابێت چیدیکە بەو شێوازەی سولەیمانی مامەڵە لەگەڵ دۆخی عێراقدا بکرێت، لە کاتێکدا تا سولەیمانی لە ژیاندا مابوو رەخنەی لەو جۆرە نە بوونی هەبوو نە بواری گوێگرتنیش.
سەرەڕای ئەو هۆکارانەی ئاماژەمان پێدان چەندان هۆکاری دیکەیش هەن کە وادەکەن ئێرانییەکان نەتوانن بەو ستراتیژ و تواناییەی پێشووتر مامەڵە لەگەڵ یار و نەیارەکانیاندا بکەن لە عێراقدا، بەتایبەت پرسی دابەزینی نرخی نەوت و پەتای کۆرۆنا و گووشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا. ئەمانە گشتیان پاڵنەری بەهێزن بۆ ئەوەی ئێران ناچار بێت پێداچوونەوەیەکی ورد بە ستراتیژی خۆیدا بکات لە عێراقدا.
حکومەتەکەی کازمی ئەگەر سەرکەوتووش نەبووبێت لە مامەڵکردن لەگەڵ میلیشیا شیعەکاندا، بەڵام سەرکەوتوو بووە لە ناشیرنکردنیان لە بەردەم شەقام و دواتریش نیشاندانیان وەکو سەرچاوەی پشێوی و ناسەقامگیری لە عێراقدا، تاوەکو ئەو ئاستەی ناکۆکی بکەوێتە ناو خودی ئەو هێزانە، بۆ نموونە سەدرییەکان دژی ئەو پشێوییەی هێزەکانی عەسائیب و حزبوڵڵا و ئەو گروپانەبوون کە هێرشی سەربازییان دەکردە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراقدا.
ئێرانییەکان باش دەزانن بەردەوامبوونی ئەم دۆخە دواجار سەردەکێشێت بۆ لەدەستدانی شەقامی شیعی لە عێراقدا. ئەم ئاماژانە لە خۆپێشاندانەکانی تشرینی 2019 بە ئاشکرا دیاربوون بەتایبەت لە بەسرە کاتێک خەڵک داوای دەرکردنی ئێرانیان کرد لە عێراق.
بەپێی راپۆرتێکی تازە کە پشتی بەستووە بە رای زۆرێک لەو سەرکردە شیعییانەی کە نزیکن لە ئێران، زۆربەیان لەسەر ئەوە کۆکن کە دوای نەمانی #سلێمانی# ئێران خەریکە پێداچوونەوەیەک بە ستراتیژی خۆی دەکات لە عێراقدا، ئەم ستراتیژە نوێیەش بە پلەی یەکەم بریتی دەبێت لە کشانەوەی ئێران لە بەرەی پێشەوە و سەرەڕم بوون لە کۆنترۆڵکردن و دەستوەردانی زەق لە ورد و درشتی کاروباری عێراقدا.
واتا ئێران لەمەودوا زیاتر پشت بە میکانیزمی سیاسی و دبلۆماسی دەبەستێت بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی لە عێراقدا، نەک بەکارهێنانی لە رادەبەدەری چەک و میلیشیایی چەکدار.
زۆرێک لەو سەرکردە نزیکانەی لە ئێران کە لە راپۆرتەکەدا چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە پێیانوایە جۆرێک لە نادسپلینی هەیە لەو پەیامانەی کە لە ئێرانەوە بە گرووپ و میلیشیا شیعییەکان دەگات، بە جۆرێک کە گوزارشت لە بوونی جیاوازی و ململانێ دەکرێت لە نێوان پاسەوانانی شۆرش و دەزگای هەواڵگریی ئێرانی.
دەزگای هەواڵگریی ئێران مەیلی لەگەڵ ئەوەیە کە میلیشیاکانیان ئارامتربن و هێرشنەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. بەپێچەوانەی پەیامەکانی سوپای قودس کە پاڵپشتی لە بەکارهێنانی تووندوتیژی میلیشیاکان دەکەن دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، وەکو پێشاندانی نیازپاکیێک بۆ ئیدارەی بایدن کە چەند رۆژێکی کەمی ماوە، هەروەها جیابوونەوەی هێزەکانی #حەشدی شەعبی# کە لەژێر فەرمانی ئایەتوڵڵا سیستانی دروست بوون، هەروەها هەڵبژاردنە پێشوەختەکانی عێراقیش کە بە نیازە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت، هۆکاری سەرەکین کە وا لە ئێرانییەکان دەکەن ناچاربن ئەو پێداچوونەوەیە بکەن بە سیاسەتەکانی خۆیان لە عێراقدا.
پێدەچێت ستراتیژی نوێی ئێرانییەکان لە عێراق کار لەسەر سێ تەوەری سەرەکی بکات: یەکەم، هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لە گرووپە چەکدارەکان بەتایبەت گرووپە بچووکەکانی وەک سەرایایی خوراسانی، لە بەرامبەردا دەستگرتن بە چەند گرووپێکی سەرەکی بۆ ئەوەی ئەو هەموو پەرشوبڵاویە دروست نەبێت لە ئاراستەی کارکردنی گرووپە چەکدارەکان. دووەمیش: دژایەتی نەکردنی حکومەت و بەڵکو پاڵپشتیکردنیشی، ئەمەش لە رێگەی دروستکردنی کاریگەریی سیاسی لەسەر حکومەت نەک لە رێگەی هێزی چەکداری. سێیەم، دۆزینەوەی میکانیزمێکی دیکە بۆ پاڵپشتیکردنی هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراق و هێشتنەوەیان لە شێوەی چەند پێکهاتەیەک کە لەڕووی یاساییەوە کێشەیان نەبێت لەگەڵ حکومەتدا. واتا بوونی حکومەتێک کە رێگە بە هێزەکانی حەشدی شەعبیش بدات. بەمەش ئێران دەتوانێت خاوەن هێزێکی دوو سەر بێت لە عێراقدا هەم حکومەت و هەمیش هێزەکانی حەشدی شەعبی.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە ئەم ستراتیژە نوێیەی ئێران وابەستەیە بە چۆنێتی مامەڵەکردنی ئیدارەی جۆ بایدن لەگەل ئێران، واتا ئەگەر ئەمریکا و ئێران گەڕانەوە بۆ رێککەوتنەکەی خۆیان ئەوا ئەگەری زۆرە ئێران ئەو پاڵپشتیکردنە لە حکومەتی عیراق بکات بەتایبەت لە رێگەی دۆزینەوەی میکانیزمێکی کارکردن لەنێوان هێزەکانی حەشدی شەعبی و حکومەت بۆ ئەوەی جۆرێک لە سەقامگیری هەبێت لە عێراقدا.
ئێستا خەریکە بەشێک لە سەرکردە شیعەکانیش دەگەنە ئەو باوەڕەی کە ئەوەی ئێران دەیکات لە بەرژەوەندیی شیعەکانی عێراقدا نییە، چونکە ئەم سیاسەتەی ئێستای ئێران بریتیە لە بنکۆڵکردنی دامەزراوەکانی حکومەت و لاوازکردنی دەوڵەت، ئەم سیاسەتەی ئێران ئەگەر بۆ پێش 2003 دروست بووبێت، ئاساییە، بەتایبەت بەو پاسەوەی کە دەوڵەت هی #بەعس#ی و سوننەکان بوو، بەڵام ئێستا ئەم دەوڵەتە هی شیعەکانە!
سەرکردەی رەوتی حیکمە (بەدیع ئەبو گلەل) لە تویتێکدا زۆر بەجوانی گوزارشتی لەو دۆخەی ئێستا کردووە و دەڵێت: لە رابردوودا هێزی بەرهەڵستکاری شیعەکان لە هێزی ئەو چەکەدا بوو کە دژی دەوڵەتی دیکتاتۆری بەعس بەکاریاندەهێنا؛ بەڵام ئێستا هێزی شیعەکان لە بوونی دەوڵەتێکە کە پشت ئەستوور بێت بە هێز و دامەزراوەکانی دەوڵەت، نەک ئەو هێز و دامەزراوانەی دژی دەوڵەتن.
هەرێمی کوردستان چی بکات لەو دۆخەدا؟
بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە بەردەوام لە پەیوەندی و دۆستایەتی دا بێت لەگەڵ ئێران، لەوەش گرنگتر ئەوەیە ئەو پەیوەندی و دۆستایەتییە لە رێگەی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم بێت نەک نوێنەرایەتیی حزبەکان، بەڵام ئەگەر لە رێگەی حزبەکانیش بێت لەوە باشترە کە هەر نەبێت.
هەرێمی کوردستان دەبێت بەوردی لە دۆخی پرۆسەی سیاسی لە بەغدا ئاگادار بێت و هەندێکجاریش بەشێک بێت لە یارییەکان. ئەمەش لە رێگەی تیمێکی هاوئاهەنگ دەبێت نەک ئەو ملشکاندنەی یەکدی کە ئێستا لەنێوان لایەنە کوردییەکاندا هەیە، چونکە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بریتیە لە پاراستن و هاوسەنگیی بەرژەوەندییەکانی هەریەکە لە تورکیا و ئێران لە هەرێمی کوردستان.
بەڵام لەپێناو رەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانیش، ئەمەش بە پلەی یەک دەکەوێتە سەر هاوئاهەنگی و رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر فۆرم و جۆری فەرمانڕەوایی لە هەرێمی کوردستاندا، تاوەکو دەگاتە دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە نێوان پارتە سەرەکییەکانی دەسەڵات، بەتایبەت پارتی، یەکێتی و گۆڕان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=