=KTML_Bold=کێشەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، سەرەتایەک بۆ ناسەقامگیری عێراق=KTML_End=
#زوبێر ڕەسوڵ#
ترس لە بەڕێوەبردنی عێراقی دوای سەددام، یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە هەمیشە جێگای نیگەرانیی ئەمریکییەکان و بە تایبەتیش وڵاتانی کەنداو بوو، چەندینجاریش بووە هۆکاری سەرەکی دواخستنی پلانی رووخاندنی رژێمی #بەعس#.
بەو مانایەی ئایا ئەوەی جێگای رژێمی بەعس دەگرێتەوە ئەو هێزە نیشتمانییە دانپێدانراوە دەبێت کە توانای ئیدارەدانی عێراقێکی فرە پێکهاتەیان هەبێت! سعودییەکان تێگەییشتن و شارەزاییەکی باشیان هەبوو لە دۆخی ئاڵۆزی عێراق، ئەوان دەیانزانی عێراق جەمسەرێکی سەرەکی ناکۆکییە میژووییەکانی ناوچەکەیە، هەر لە ناکۆکی مەزهەبییەوە بگرە تا ناکۆکی نێوان عەرەب و فارسەکان و پرسی کەمینەکان، لە سەرووی هەمووشیانەوە پرسی کورد کە رەهەندێکی مێژوویی و هەرێمی هەیە لە ناوچەکەدا.
لە ساڵی 2006 زەڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق وەک ئاماژەیەک بۆ هەستیاریی پێگەی عێراق گوتی، ئێمە سەری سندووقی پاندۆرامان - Pandora's box کردووەتەوە کە پڕیەتی لە کێشەکانی ناوچەکە و لەوانەیە سەر بکێشێت بۆ شەڕێکی هەرێمی و تەشەنەکردنی تووندڕەوی.
پێشبینییەکانیش راست دەرچوون، چونکە لە دوای 2003 تاوەکو هاتنی #داعش#یش کێشەی سەرەکی عێراق بریتی بوو لە پاراستنی هاوسەنگی نێوان سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی عێراق (شیعە، کورد، سوننە). ئەو سەقامگیرییە رێژەییەی کە لەسەرەتای 2003 تاوەکو 2014 هەبوو لە راستیدا پەیوەندیی هەبوو بە رێککەوتن و هەماهەنگی شیعە و کورد لەسەر فۆرمی حوکمڕانی عێراقی 2003. بە جۆرێک ئەگەر جۆرێک لە رێککەوتن لە نێوان کورد و شیعە نەبوایە، ئەمریکییەکانیش جورئەتی رووخاندنی رژێمی بەعسیان نەدەکرد.
نەک هەر ئەوە بەڵکو هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدان و گەیشتنی داعشیش بە ناوچە سوننەکان لە بنەڕەتدا پەیوەندیی هەبوو بە تێکچوونی هاوسەنگیی نێوان ئەو سێ پێکهاتەیە. بەڵام خێرا تەشەنەکردنی داعش و فراوانبوونی لە عێراقدا پەیوەندیی زۆری هەبوو بە کێشەی نێوان کورد و شیعە، واتا ئەو گرژییە سیاسییەی کە لە نێوان مالیکی و کورددا دروستبوو، هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیری سیاسی بوو لە ناوچەکەدا، دواجاریش کاری کردە سەر هەماهەنگیی سوپای عێراق و پێشمەرگە، چونکە هەر بەو سوپایە بوو چەند مانگێک پێش هاتنی داعش، مالکی هەڕەشەی بەرەنگاربوونەوەی پێشمەرگە و کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە کوردییەکانی دەکرد.
ئەوەی کەمێک لە مێژووی دەوڵەتی عێراق شارەزا بێت دەزانێت کە یەکێک لە هۆکارە میژووییەکانی ناسەقامگیریی دەوڵەتی عێراق هەر لە دوای رووخانی شاوە (لە دوای 1958) واتا رووخانی رژێمی عەبدولکەریم قاسمەوە بگرە تا کودەتای بەعسییەکان و هەروەها رووخانی، لاوازبوونی رژێمی سەددامیش یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی فەرامۆشکردن و ئینکاریکردنی پرسی کورد بووە لە عێراقدا.
مامەڵەکردنی خراپ لەگەڵ پرسی کورد هەمیشە هۆکارێکی سەرەکی و کاریگەر بووە لە رووخانی رژێمە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق، ئینجا ئەم هۆکارە چ ناوەخۆیی بێت یان هەرێمی و نێودەوڵەتی. بۆ نموونە لە حەفتاکاندا شای ئێران رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە لاوازکردنی عێراق لە رێگای یارمەتیدانی کورد تا دەگاتە ئەوەی عێراق ناچاردەبێت لە ساڵی 1975 رێکەوتنی جەزائیر واژۆ بکات لەگەڵ ئێران. لە کاتی هەشت ساڵەی شەڕی عێراق و ئێران دیسان ئێرانییەکان لە رێگای کوردەوە گوشاری زۆریان خستە سەر رژێمی سەددام.
لە شەڕی دووەمی کەنداویش (شەڕی کوێت) دیسان فاکتەری کوردی سەرئێشەیەکی گەورەی بۆ رژێمی سەددام دروستکرد کە دواجار بووە تیرێکی کاریگەر لە کەوتنی رژێمی بەعس لە 2003دا. شیعەکان باش شارەزای ئەو مێژووەی عێراقن، پێم سەیرە کە ئێستا خەریکە هەمان ئەو هەڵەی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دووبارە دەکەنەوە بە پەراویزخستن و ئینکارکردنی مافەکانی هەرێمی کوردستان، ئاشکرایە ئەگەر هاوکاریی کورد و بەکارهێنانی خاکی هەرێم نەبوایە بۆ لێدانی رژێمی سەددام، ئێستا عێراقێک نەبوو کە شیعەکان حوکمی بکەن.
بەردەوامبوونی کێشەکانی کورد لەگەڵ بەغدا، بەتایبەت لەسەر پرسی بودجە و ئەو دژایەتییەی کە پەرلەمانتارە شیعەکان دەیکەن لە دژی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەگەر لە کورت مەوداشدا ببێتە هۆی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان بەڵام لەدرێژمەودادا مەترسیی خراپ لەسەر ئاساییشی مانەوەی دەوڵەتی عێراقدا جێدەهێڵێت. ئاشکرایە عێراقی دوای 2003 بەدەست چەندین کێشەی ئابووری و دارایی، سیاسی و، چەندان قەیرانی قووڵ دەناڵێنێت، کە زۆر ئەستەمە بەرگەی بگرێت، لەسەرووی هەموو ئەوانەش پەیوەندیی عێراقی شیعەکانە لەگەڵ کورد، تێکچوونی رێککەوتنی کورد و شیعەکان لەسەر بنەمای کارکردنی هاوبەش لە عێراقی دوای 2003 دا فاکتەرێکی سەرەکی دەبێت لە بنکۆڵکردنی دەسەڵاتی شیعەکان نەک هەر لە عێراقدا بەڵکو لە ناوچەکەشدا.
ئەم پەیوەندییە خراپە خەریکە رەنگدانەوەی لەسەر بەشەکانی دیکەی کوردستانیش دەبێت، کە بۆ دواجار دەبێتە هۆی دژایەتی کورد بۆ فۆرمی دەوڵەتداری شیعەکان لە ناوچەکەدا، ئەو جۆرە لە پەراوێزخستن و لاوازکردنەی کورد کە ئێستا لە بەغدا پەیڕەوە دەکرێت (کە ناکرێت ئێران دەستی تێدا نەبێت) لە رێگای میلیشیا شیعییەکانەوە، دواجار جگە لە کەوتنی ئەو فۆرمەی عێراقی 2003 و بنکۆڵکردنی حوکمڕانی شیعەکان شتێکی دیکەی لێ شین نابێت، داخستنی هەموو دەرگاکان لەسەر کورد و هەرێمی کوردستان، هەرێم ناچار دەکات کە بە دوای پاڵپشتیی و هاوکاریی دەرەکیدا بگەڕێت بۆ مانەوەی خۆی، ئینجا ئەمە لە ئیسرائیل بێت یان لە وڵاتانی کەنداو یان لە رێگای هەر ئەکتەرێکی هەرێمی دیکە، ئەمەش بەدڵنیاییەوە لە بەرژەوەندی عێراقی شیعەکان نابێت.
یەکێک لە مەترسییە هەرە دیارەکان کە ئێستا خەریکە دیسان بەرۆکی عێراق دەگرێتەوە پرسی سەرهەڵدانەوەو بەهێزبوونەوەی داعشە کە هەفتەی رابردوو ناو جەرگەی پایتەختی عێراقیان کردە ئامانج. بەشێک لە توێژەرانی بواری رێکخراوە تیرۆریستییەکان زیادبوونی جموجۆڵەکانی ئەو دواییەی داعش، لە #کەرکووک# دیالە و ناوچەکانی دیکەی عێراق بە سەرەتای قۆناخێکی دیکەی جەنگی داعش لە عێراقدا دادەنێن.
ئەم گوشار و سەرکێشییەی ئێستای شیعەکان دەیکەن لە رێگای پەرلەمان و هەندانی شەقامی عێراقی لە دژی هەرێمی کوردستان، زەنگێکی مەترسیدارە هیچی کەمتر نییە لەو سەرەڕۆییانەی کە کاتی خۆی مالیکی لە دژی هەر یەکە لە سوننە و کورد کردی. کە دواجار ئەو ماڵوێرانییەی داعشی لێکەوتەوە. عێراقی پێش 2003 بەو هەموو هێزەی خۆی نەیتوانی تاسەر بەرگەی ئەو ستەمەی بەعسییەکان بگرێت بەرامبەر کورد و شیعە کە زۆر تۆکمەتر و سەقامگیرتر و دامەزروایی تر بوو لە عێراقی دوای 2003.
جێگای داخە کە تا ئێستا ئەمریکییەکان و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە عێراقدا بێباک بوونە بەرامبەر مامەڵەی ئێستای دەوڵەتی شیعەکان بەرامبەر هەرێمی کوردستان. تا ئەو ئاستەی زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێم ئەگەر هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیری عێراق لە 2003تا 2014 فاکتەری سوننەکان بوبێت ئەوا لە دوای 2014 هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیریی عێراق پرسی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەگەر چارەسەرێکی گونجاو بۆ راستکردنەوەی ئەو قەیرانەی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق نەدۆزرێتەوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=