=KTML_Bold=کاراکردنی رۆڵی گەنج لە هەرێمی کوردستان=KTML_End=
#دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین قەرەداغی#
ئیمڕۆ لە بازاڕی کاری جیهانیدا کێبڕکێی توانا و لێهاتوویی تاکی گەنج بووەتە سەنگی مەحەک بۆ دەستکەوتنی دەرفەتی کار، یان دەرفەتی پێشوەچوون. له و کێبڕکێیەدا تەنیا ئه و جۆرە گەنجانە براوە و سوودمەند دەبن کە بە باشترین شێوە پەروەرده کراون و لە بەرزترین ئاستی کواڵیتیدا زانست و هونەری سەرکەوتنیان وەدەستهێناوە. ئەوە هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر سەدان هەزار گەنجی کورد کە چاویان لە سەرکەوتن و دەوڵەمەندی و ژیانێکی پڕ سەرفرازیە، چونکە ئێستا کواڵیتی راهێنان و توانای کێبڕکێکردنیان لە ئاستی بازاڕی جیهاندا لە ئاستی خوازراودا نییە.
توێژی گەنجان لە هەرێمی کوردستان زۆرینەی کۆمەڵگا پێکدەهێنن و بە گەورەترین سەرمایەی شاراوە دادەنرێن. ئەوان هەمیشە سەرچاوەی گوڕوتینن بۆ جووڵەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی کە لە رێگەی فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانیی خۆیان و خێزانیانەوە، دەتوانن رۆڵی پێشەنگ لە گەشەپێدان و سەرفرازکردنی کۆمەڵگادا ببینن. بەڵام بۆ ئەوەی بتوانن ئه و رۆڵە بەچاکی ببینن، پێویستیان بە شەراکەتێکە لەگەڵ باقی کۆمەڵگا.
=KTML_Bold=میراتی عێراقی کۆن=KTML_End=
لە کۆنەوە، عێراق وەک دەوڵەتێکی رەیعی ئیدارە دراوە، بەجۆرێک کە بازاڕی کار بەگشتی پشتی بە حکومەت و ئەویش بە داهاتی نەوت بەستووە. تەنانەت کەرتی تایبەتیش بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ تا رادەیەکی زۆر بە هەمان داهات بەستراوەتەوە. سیستەمی پەروەردە و راهێنانی گەنجانیش بە مەرکەزیانە بۆ دەوڵەتێکی داخراوی وەک سەردەمی رژێمی کۆن دروستکراوە کە لەبازاڕی جیهان دابرێنراوە. ئەوەش بە دوو شێوە ئەرکی بێکاری لە هەرێمدا قورس کردووە: لە لایەکەوە ژمارەی دەرفەتەکانی کار بە گشتی کەمن و لە لایەکی دیکەوە بەشێکی زۆر لە دەرفەتەکانی نێو کەرتی تایبەت بۆ پیشەمەندانی بیانی دەچن.
سەرباری ئەوەی که لە 26 ساڵی رابردوودا هەرێمی کوردستان لە ژێر کۆنتڕۆڵی بەغدا رزگاری بووە و حکومەتەکانی هەرێمیش بەردەوام وەبەرهێنانیان لە گەشەپێدانی کەرتی تایبەتدا کردووە، سەرباری ئەوەی کە قەیرانی دارایی و ئابووری ئێستا پێویستی بەوە بووە ریفۆرمی بنەڕەتی لە بواری پەروەردە و راهێنانی گەنجاندا بکرێتە ئەولەویەت، کەچی هێشتا ئه و سیستەمە بە شێوازی کلاسیکی ماوەتەوە و مۆدێڵێکی سەردەمیانەی جیا لە عێراقی کۆن دانەهێنراوە.
=KTML_Bold=بەرپرسیارێتی=KTML_End=
بەرپرسیارێتی پەروەردەکردن و کاراکردنی رۆڵی گەنجان بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی بڕیاردەرە لوتکەییەکانی سیستەمی حوکمڕانی و بازاڕی کاره، بە پەرلەمان و حکومەت و کۆمەڵگای مەدەنی و دامەزراوەکانی کەرتی گشتی و تایبەتەوە، بە پلەی دووەمیش لە ئەستۆی خودی گەنج و خانەوادەکانیانە.
پەرلەمان: پێویستە پەرلەمان وەک دەزگای یاسادانان و بەدواداچوون، دامەزراوەکانی حکومەتیش وەک لایەنی جێبەجێکار توێژی گەنجان پێناسە بکەن (لە رووی تەمەن و پێداویستی) و روانگە و ستراتیژی تۆکمە بۆ وەبەرهێنان لە ئامادەکردنیان و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆیان دابڕێژن. لەوەش گرنگتر، ئه و دەرفەتانەی هەن دەبێ بە عەدالەتەوە و بەپێی یاسا و رێسا یەکسان بکرێن.
حکومەت: پێویستە ستراتیژی حکومەت چەندین ئامانجی سەرەکی لەخۆبگرێ، لەوانە دڵنیابوون لە ئاستی کوالیتی پەروەردە و راهێنان، هاندانی بەهرەمەندانی پێشەنگ بۆ بینینی رۆڵی پێشڕەوێتی لە کاروپیشە و چالاکیی کۆمەڵایەتی و ئاگاداریی تەندروستی و خزمەتکردنی کوڵتوور و هاندانی داهێنان و بیرکردنەوەی جیهانگیری و هتد. دیارە کە هەوڵ و بەرنامەی جیاواز لە نێو حکومەتی هەرێم و دامەزراوەکانیدا لە ئارادا بوونە بۆ بەدیهێنانی ئه و ئامانجانە، بەڵام پێویستیان بە کۆکردنەوەیە لە چوارچێوەی ستراتیژێکی گشتگیردا و پێویستیان بە بەردەوامیپێدانە. بۆ نموونە لە ماوەی حوکمڕانی کوردیدا وەبەرهێنانێکی زۆر لە زیادکردن و فراوانکردنی قەوارەی دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و پەیمانگا پیشەییەکاندا کراوە و ژمارەیەکی بێ پێشینە له و دامەزراوانە وەردەگیرێن و دەردەچوێنرێن، بەڵام ئه و ژمارانە لەگەل دەرفەتەکانی کاردا هەماهەنگ نین و لە ڕووی کواڵیتیشەوە بە لاوازی ماونەتەوە.
زانکۆ: دامەزراوەکانی فێرکردن و پەروەردەی ئەکادیمی و پیشەیی رۆڵی مەزنیان هەیە لە گەشەپێدانی لایەنی فەلسەفی و پیشەیی و زانستی و هونەری هەتا دەگاتە لایەنی کۆمەڵایەتی و دەروونیش. پێویستە زانکۆکان خاوەنی روانگە و ستراتیژی سەربەخۆی خۆیان بن و بەرچاوی خوێندکاران روون بکەنەوە لەوەی کە دەبێ چی فێر ببن و بۆچی فێری ببن و چۆن فێری ببن. ڕۆڵی زانکۆ ئەوەیە کە پێشڕەوانی پیشەیی پەروەردە بکات و بیانخاتە بازاڕی کارەوە، فێریان بکات چۆن خۆیان فێر بکەن و بەدوای زانستدا بگەڕێن و سەربەخۆیانە تواناکانیان بەرز بکەنەوە.
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی: رۆڵی ئەوانە لە لێکبەستنەوەی گەنجان و گەشەپێدانیان زۆر گرنگە، هەروەها هاندانی بەهرەمەندەکان بۆ بینینی رۆڵی پێشڕەویی لە کۆمەڵگادا. دیارە کە ئه و رێکخراوانە خۆشیان بۆ بەجێگەیاندنی ئامانجەکانیان زیاتر پشت بە گەنجان دەبەستن، بۆیە دەتوانن بە بەرنامەڕێژییەوە دەرفەتی گرنگیشیان بۆ پێشوەچوون بۆ بڕەخسێنن. لە کۆنەوە، کەشی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان و شێوازی تەمویلی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی فاکتەری گرنگ بوونە لە بەردەوامکردنی مەدرەسەیەکی کلاسیکی و نەفەسێکی حیزبی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی لایەنی پەروەردەی فیکری و سیاسی لە نێو گەنجان، بەجۆرێک کە ئاستی بیرکردنەوە و تەرکیزیان زیاتر بچێتە سەر ململانێی ناوەکی لەجیاتی کێبڕکێ لە ئاستی جیهاندا، بەڵام ئێستا کاتی ئەوەیە چاو بە روانگە و ستراتیژی حیزبەکاندا بۆ دیاریکردنی رێڕەوی گەنجان بخشێنرێتەوە و گۆڕانکاری ریشەییان بەسەردا بێت.
=KTML_Bold=یەکسانکردنی دەرفەتەکان=KTML_End=
شاراوە نییە کە سەرباری گەشەی پێشووی دارایی و ئابووری هەرێم و سەرباری هەوڵی حکومەتە یەک له دوای یەکەکان، کەچی گەنجان لەنێو توێژە هەرە ناڕازیەکانی هەرێمن و بەرچاویشیان بۆ ئایندە روون نییە. ئێستا گەنجێکی زۆر لە هەرێمی کوردستاندا بێکارن، زۆری دیکەش لە خوێندندان و بە جۆرێک لە بێهیواییەوە سەیری ئایندەی خۆیان دەکەن.
بەشی زۆری ناڕەزایەتی گەنجان پەیوەستە بە ناعەدالەتیەوە لە پڕۆسەی دامەزراندن و پێدانی دەرفەتەکانی پێشوەچوون و دەوڵەمەندبوون، زۆر کەمتری پەیوەستە بە سنووردارێتی ژمارەی دەرفەتەکان. ئیمڕۆ گەنجان بایی ئەوەندە هۆشیارن کە بزانن ژمارەی دەرفەتەکان لە هەرێمی کوردستاندا بەهۆی فاکتەری ئابووری و سیاسی و ئەمنیی ناهەموارەوە سنووردارن و له و بارەیەوەش پشوویان زۆر درێژ بووە، بەڵام نیگەرانن لە جیاکارییەکان بەدەر لە بەهاکانی دیموکراسیەت و حوکمڕانیی دروست. کاتێ دەرچووانی زانکۆیەکی رەسەن و یەکێکی ناڕەسەن هەمان دەرفەتی کاریان پێ دەدرێ، یان دەرفەت بە واستە و لەسەر بنەمای مەحسوبیەت دەبەخشرێ، ئیتر هیچ هاندەرێک نامێنی بۆ ئەوەی گەنجێک باری خۆی قورس بکات و خەریکی بەرزکردنەوەی توانای کێبڕکێ بێ. لە ئەنجامی ئەوەشدا کۆمەڵگا و بازاڕی کار لە گەنجی پێشەنگ و پێشڕه و بێبەش دەکرێن.
پێویستە حکومەت بەپێی یاسا و رێسا و رێنمایی تۆکمه، جۆرە عەدالەتێک دابهێنێ کە ببێتە مایەی دڵنیایی گەنجان و دروستکردنی کەشێکی دروست بۆ کێبڕکێ لەسەر بنەمای بەهرە و توانا و ئەزموونی پیشەیی (بنەمای سی ڤی)، وە ببێتە هاندەری سەرەکی بۆ گەنجان تاوەکو وەبەرهێنانی زیاتر لە پەروەردە و راهێنانی خۆیان بکەن. پێویستە هەموو دەرفەتێکی کار رابگەیەنرێت و بەپێی کێبڕکێیەکی کراوە و شەفاف و یاسایی پڕبکرێنەوە.
لە کەشی ئێستای سیاسی و حوکمڕانیدا، پردی متمانە لە نێوان دەسەڵات و توێژی گەنجان زۆر لاواز بووە، ئەوەش مەترسیداره، چونکە سەنەد و پاڵپشتی سیستەمی حوکمڕانی (به تایبەتی لە بواری ئەمنی و ئابووری) هەر گەنجە. پێویستە دەسەڵاتداران لە ڕێگەی سەروەرکردنی یاسا و داهێنانی عەدالەتی کۆمەڵایەتییەوە ئه و متمانەیە پته و بکەنەوە و بە بەڵگەوە ستراتیژ و پلانی درێژخایەنیان بۆ شی بکەنەوە تاوەکو بە بەرچاو ڕوونی و گەشبینییەوە سەیری پێشەوە بکەن.
=KTML_Bold=گەنج خۆی=KTML_End=
بەقەدەر ئەوەی کە گەنج چاوەڕوانی توێژی دەسەڵاتداران و بڕیاردەرانی ناو حکومەت دەکەن بۆ ئەوەی دەرفەتی کار و زەمینەی پێشوەچوونیان بۆ بڕەخسێنن، پێویستە خۆشیان هیممەت بکەن و بەخۆیانەوە ماندوو ببن. پێویستە وەبەرهێنانی جیددی لە توانا و زانست و هونەرە پیشەیی و کۆمەڵایەتیەکانیان بکەن و کۆمەڵێک خاسیەتی بنەڕەتی هەن کە دەبێ پەیدایان بکەن.
پێویستە گەنجی هەرێم هەمیشە بیرکەرەوە بێ و هەوڵ بدات لە فەلسەفەی ژیان و مێژووی گەشەکردنی کۆمەڵگاکەی تێبگات و فێر ببێ دیاردەکان شی بکاتەوە و وەک سەرکردەیەک بڕیار لەسەر بژاردەکانی بەردەمی بدات. بەڵێ گەنج پێویستی بە رێنماییکردنە، بەڵام کە رێنماییش وەردەگرێ دەبێ بە بیر وهەڵسەنگاندنێکی رەخنەگرانە و دوور لە ئایدیۆلۆژیای رەقوتەقی لەقاڵبدراو وەریبگرێ. بەواتایەکی دیکه، فێری دیبەیتی ڕەخنەگرانە و داهێنەرانە ببێ و کەمتر لاساییکەرەوە بێ.
پێویستە گەنج لە کاتی هەبوونی و نەبوونیدا پشت زیاتر بە خۆی ببەستێ و ئەگەر دەرفەت نەهاتە بەردەست ئه و بەدوایدا بگەڕێ و بهینێتە بەردەست، لەجیاتی ئەوەی بەدوای واستەدا بگەڕێ یان چاوەڕوانی مەرحەمەتی سەرووتر بێ بۆ رەخساندنی دەرفەتی دامەزراندن.
گرنگە گەنج خوێنەر بێ و خەریکی خۆفێرکردن و پەیداکردنی زانست و هونەر بێ و بەردەوام هەوڵی بەرزکردنەوەی توانای کێبڕکێ بدات. بۆ نموونە، زۆربەی دەرفەتە گەورەکانی کارکردن و پێشوەچوون لە ئێستادا پەیوەستن بە فێربوونی زمانێکی زیندووی جیهانی و فێربوونی تەکنۆلۆژیای زنیاری. پێویستە هەموو گەنجێکی هەرێم بە ڕەوانی فێری زمانێکی جیهانی (ئینگلیزی، فەرەنسی، عەرەبی، فارسی، تورکی) ببێ تاکو لەڕێگایانەوە دوایین پێشکەوتنەکانی زانست و هونەر وەدەستبێنێ و لە کێبڕکێدا هەنگاوێک لەپێش خەڵکی دیکە بێ. هاوکات، فێری بەکارهێنانی سەرجەم ئامرازەکانی وەک کۆمپیوتەر و ئینتەرنێت بێت، ئەویش نەک تەنیا بایی ئەوەندەی کە ئیمەیل و فەیسبووک بەکاربێنێ بەڵکو بۆ هەڵێنجانی زانیاری و زانست و هونەری پێشوەچوون بێ.
=KTML_Bold=دواپەیام=KTML_End=
سەرکەوتنی گەنج پێویستی بە شەراکەتە لە نێوان خودی گەنج و کۆمەڵگاکەی و هیچ کامیان بەبێ هیممەتی ئەوی دیکە توانای سەرکەوتنی نابێ. بەقەدەر ئەوەی کە دەبێ حکومەت و کۆمەڵگا ستراتیژ و پلانی درێژخایەنی بۆ گەنج هەبێ وعەدالەتی کۆمەڵایەتی بۆ بەرجەستە بکات، دەبێ بەقەدەر ئەوەش گەنج ستراتیژ و پلانی درێژخایەنی بۆ خۆی هەبێ. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=