=KTML_Bold=ئەمريکا دەتوانێ کورد بکاتە هاوپەيمانێکی ستراتيژی شايستە=KTML_End=
#دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین قەرەداغی#
ئەمساڵ بيست و پێنجەمين ساڵيادی هەڵبژاردنی يەکەمين پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقە. لە ساڵی 1991 بوو کە کوردانی ئه و هەرێمە توانيان قەيرانێک بکەنە دەرفەت و بنەمای وڵاتێکی پێشکەوتنخواز و ديموکراسيخواز بچەسپێنن، ئەويش بەهۆی ئه و ناوچە ئارامەی کە ئەمريکا و ئەوروپيیەکان بۆ پاراستنی کورد لە هێرشە دڕندانەکانی دايانمەزراند.
کاروانەکە زۆر قورس بوو، چەندين سەرکەوتن و ژێرکەوتنی تێدابوو، بەڵام له و نێوەدا پەيوەندی نێوان ئەمريکا و کوردی عێراق بەره و پتەوی گەشەی کرد و گەيشتە ئاستی شەراکەتێک کە بە سوودی هەردوو لايەن گەڕايەوە.
لەمەودای ساڵانی دواتر هەتا کاتی گۆڕينی رژێمی بەغدا لە ساڵی 2003، ئەمريکا لە پاراستنی کوردی عيراق لە رژێمی سەددام بەردەوام بوو، وە کارێکی وایکرد کە کورد پشکی شايستەی خۆيان لە عيراقی نوێدا بەر بکەوێ. لەدوای هێرشی #داعش#، ئەمريکا جارێکی ديکە هاتەوە فريای هەرێمی کوردستانی عيراق و هەتا ئيمڕۆشی لەگەڵدا بێ لە هاوکاريیەکانی بەرداوم بوو.
لە بەرامبەردا، کوردانی عێراقيش بەشبەحاڵی خۆيان دڵسۆزيیەکی بێ دوودڵيی و پاڵپشتیيەکی بەهێزی پۆڵەسی (سياساتی) ئەمريکايان لە عێراق کرد. هێزی پێشمەرگه بووە هاوبەشێکی پێويست بۆ هاوپەيمانێتی نێودەوڵەتی به ڕابەرايەتی ئەمريکا، وە رۆڵی کاريگەر و بێ وێنەيان لە شکستپێهێنانی سەربازيی داعش لە عيراقدا بينی.
هەندێ لايەن وای دادەنێن کە هاوپەيمانێتی ئەمريکا و هەرێمی کوردستان دياردەيەکی تاکتيکی و کاتيە، نەک تەنيا لەبەر ئەوەی کە داعش بەره و شکستە و لەوانەيە وای دابنێن کە دواتر ئەمريکا پێويستی بە کوردان نامێنێ، بەڵکو هەروەها لەبەر ئەوەی کوردانی هەرێم وەک باقی عێراق و هەندێ وڵاتی ديکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەيانتوانيوە گەشە بە سەروەرێتی و حکومڕانی دروست بدەن و نەيانتوانيوە کۆنتڕۆڵی گەندەڵيی بکەن کە تا رادەيەک قووڵ بووەتەوە کە مايەی قبوڵکردن نیيە. بەڵام لە راستيدا، ئەمريکا و کوردانی هەرێم دەتوانن بيسەلمێنن کە پێچەوانەکەی راستە.
جارێ پێش هەموو شتێک، ئەمريکا بەردەوام پێويستی بە هاوپەيمانانی ستراتيژی دەبێ لە رۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی وادا کە هەردەم لە گۆڕانکاریدايە و بەرژەوەندیيە مەزن و زيندووەکانی ئەمريکا هەميشە لەبەردەم هەڕەشەن. لە ناوچەيەکدا کە لە گێژاوکێک دايە کە چەندين هێزی لۆکاڵی و هەرێمی و جيهانی لە هاوکێشەيەکی سفر ئەنجامدا گيريان خواردووە.
تێرۆريزم وا رووی لە زيادبوونە و چەندين دەوڵەت لە ناوچەکەدا فەشەليان هێناوە. له و نێوەدا، ئەمريکا و ئەوروپا رووبەڕووی تەنگەبەريیەک بوونەتەوە کە مەودای کارتێکردنی رەوت و گەشەی رووداوەکانيان زۆر لێ کەم بووەتەوە. نفوزی دەوڵەتانی ناوچەکە و حکومەتەکانی ژێردەوڵەت (وەک هەرێمی کوردستان) روويان لە هەڵکشانە و تا ئەوديوی سنوورەکانيشيان کاريگەرن. کۆمەڵێک هێزی ناحکومی سەريان هەڵداوە، جا شەرعی بن يان ناشەرعی، هەتا دێ کاريگەرتر دەبن لە کارتێکردنی رووداوەکان.
هەرێمی کوردستانی عێراق لە ناو جەرگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدايە و خۆيشی ئه و جۆرە دەکرێ ببێتە ئه و هاوپەيمانە ستراتيژيەی کە ئەمريکا پێويستيەتی. کوردان سەلماندوويانە کە لە سياسەتدا بەگوڕن و لە هونەری مانەوه بە زيندوويی لە ناوچەيەکی پڕ لە پێکدادان، کە هەژموونی هێزە ململانێکەر بەتواناکانی بەسەردا زاڵبووه، شارەزان. پەيوەنديیەکی بەهێزی مێژوويی (پڕ لە خۆشەويستی و دژايەتی)يان لەگەڵ توێژی سياسی شيعەی عيراق هەيە.
سنوورێکی درێژيان لەگەڵ ئه و ناوچە سوننە مەزهەبانە هەيە کە پێشتر داعش داگيری کردبوون و سەقامگير کردنيان بووەتە گەورەترين تەحەددا. هاوکات، لەکاتی شەڕی داعشدا، هەرێمی کوردستان زۆربەی ئه و عەرەبە سوننەمەزهەب و خەڵکی پێکهاتە ئێتنی و ئايینيیانەی لەخۆ گرتووە کە ئاوارە بوون.
لە بواری نێودەوڵەتيشەوە، سەرباری ئاڵۆزيی ناوچەکە لە رووی سياسی و ئەمنیيەوە، کەچی هێزە سياسيیەکانی هەرێمی کوردستان پەيوەندی چالاک و دراوسێيانەی باشيان لەگەڵ ئێران و تورکيا، کە دوو هێزی ململانێکەرن و دراوسێی ئاسان نين، دروستکردووە. هەروەها، وەک وڵاتێک کە بە زۆرينە موسڵمانە و بەشێک بووە لە عێراق، سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بەبێ بەربەست دەگەنە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی.
سەبارەت بە مەسەلەی ناوەکی و بەربەستەکانی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان، ئەمريکا دەتوانێ لە رێگەی کارتێکردن و پەيوەندی دروستکەرانەوە هاوکاری زۆر پێشکەش بە کوردان بکات. هەميشە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان قەدری نزيکبوون و هاوپەيمانێتی بەهێزيان لەگەڵ ئەمريکا زانيوە و بەرزنرخاندوويانە. هەرێمی کوردستان، وەک وڵاتێکی نەونەمام لە دەور و دراوسێيەتيیەکی قورس و ئاڵۆزدا، هەميشە لەژێر مەترسی و هەڕەشەدايە و بەردەوام پێويستی بە پشتگيری سياسی و ئەمنی ئەمريکا هەيە. ئەوەش دەرفەت و جۆرە وەرەقەی بەهێز دەخاتە دەستی ئەمريکا کە هێشتا بە کاريگەريانە بەکاری نەهێناون.
لە راستيدا، ئەوانە هەمان ئه و جۆرە وەرەقانەن کە ئەمريکا لە بەرامبەر سەرجەم هاوپەيمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەيبووە و لەترسی کاردانەوەی نێگەتيڤ هەرگيز نيەتی بەکارهێنانيانی نەبووە. بەڵکو بەپێچەوانەوە، بڕياری ئيدارەی پێشووی ئەمريکا ئەوە بوو کە دەبێ لەمەودوا دوورەپەرێز بێ و خۆی بە تەواوی لە ناوچەکە بترازێنی و واز لە ئەرکەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی بەها پيرۆزەکانی ئازادی و ياسا سەروەريی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێنێ.
ئه و سياسەتەش لە دەرەنجامدا کارەساتی بەدوای خۆيدا هێنا و ئەمريکای مەجبوور کرد کە بگەڕێتەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرەوڕووی شەڕێک بێتەوە لە دژی تووندڕەوترين تيرۆريستان.
ڕەنگە دەگمەن بێ بۆ سياسەتمەداران کە هاوکاریی بەمەرج داوا بکەن وەيان قبووڵی بکەن، بەڵام سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان داوای ئه و جۆرە هاوکاریيە بەمەرجانه لە دۆستی متمانەپێکراو دەکەن و قبووڵيشی دەکەن، هەروەک پێشتر کردوويانە.
بگرە پێشوازی له و جۆرە کۆنتراکتانە دەکەن کە پەيوەستن بە بەدامەزراوەييکردن و هاندانی سيستەمی حوکمڕانی دروست و مەبەست لێيان ئەوەيە کە بە هۆيانەوە هەرێمی کوردستان ببێتە وڵاتێکی باشتر و بەهێزتر و دەوڵەمەندتر. سەرکردەکانی هەرێم ئه و جۆرە هاوکارییە بە مەرجانەی کە لە دۆستەکانەوە پێشکەش دەکرێن وەک (هاندەر و دەرفەت) سەيريان دەکەن، وە پێشتر بەکاريان هێناون بۆ رازیکردنی سەرکردەکانی ديکە بۆ ئەوەی پشتگيری لە گۆڕانکاری وەيان ريفۆرم بکەن.
پوختەی پەيامەکە ئەوەيە کە خۆشەويستی دڵڕەقانە لەگەڵ کوردان کاريگەری هەيە و پێويستە ئەمريکا هاوکاریی کوردان بکات تاوەکو بيانکاتە ئه و هاوبەشە ستراتيژيەی کە شايستەی ئەمريکايە، و کوردەکانيش شايستەی ئەوجۆرە هاوبەشێتيەن.
=KTML_Bold={ئەوە وەرگێڕاوی وتارێکە کە لە 24-7-2017 لە واشنتن تايمز بڵاوکراوەتەوە}=KTML_End= [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=