=KTML_Bold=دەوڵەتی کوردستان يان گشتپرسی؟=KTML_End=
#دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین قەرەداغی#
مايەی دڵخۆشيە کە هەر لە ئێستاوه، تەنيا بە بەڵێنی ئەنجامدانی گشتپرسی و بەگوڕهێنانی کەمپەينی (بەڵێ)، کاروانی سەربەخۆيی هەرێم چووە قۆناخێکی بەرزی نوێوە، کە گەڕانەوەی بۆ نیيە. ئه و کەمپەينە دەستکەوتی گەورەی لەگەڵ خۆيدا هێنا کە پێشتر ئاسان نەبوون. بۆ نموونە، لە ئاستی ناوەکيدا، رای گشتی کوردستانی بۆ سەربەخۆيی هەرێم يەکلاکردەوە و لێردەبەدوا پێکەوە لکانەوەی هەميشەيی بە عێراقەوە بووە ئەستەم، مەگەر بەغدا هەموو مافێکی کورد بدات، کە ئەوەيش هەر ئەستەمە. هاوکات، دوای چاوەڕوانيەکی زۆر، ئەگەر بە نيوەچڵيش بێت، پەرلەمان کارا بووەوە، ئەويش وەک سەرەتایەک بۆ کردنەوەی گرێکوێرەی سياسی و گێڕانەوەی سيستەمی حوکمڕانی بۆ سەر رێچکەی خۆی.
لە ئاستی دەرەکيدا، دەستکەوتی زياتريش هاتوونەتە دی. لەوانە، تێڕوانينی سەرجەم دۆست و نەياران گۆڕاوە و بگرە رێزی زياتريان بۆ ئيرادە و خواستی هەرێم لێ بەدی دەکرێ. پێشتر بابەتی سەربەخۆيی تەنيا ديبەيتێکی ناوەکی بوو و بێگانەکان بەهەنديان وەرنەدەگرت، کەچی ئێستا قەناعەتيان هات کە تسوناميەکە لە ناخەوە هەڵقوڵاوە و شەپۆڵەکانی وادەگەنە پايتەختەکان.
پێشتر لە بەغدا، توێژی بڕياردەر لە هيچ کاتوساتێکدا رازی نەدەبوون بە فەرمی دان به و ماف و دەستکەوتانە دابنێن کە خەڵکی کوردستان بە خوێن و خەبات بەدەستيان هێناوە. لە ئەنکەرە و تەهران مەسەلەی سەربەخۆيی هەرێم بە خەونێکی دوورمەودا و ناواقيعی دادەنرا، وە سياسەتيان ئەوە بوو کە بە هەموو ئامرازێک رێگە لە کاروانەکەی بگرن، کەچی ئێستا دڵنيان لەوەی کە دەبێ لەمەودوا بير لەوە بکەنەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ کيانی کوردی بکەن و سياساتی خۆيانی لەگەڵدا بگونجێنن. تەنانەت، نەتەوە يەکگرتووەکان و ئه و هێزە جيهانيانەی لە شەڕی دژ بە #داعش#دا هاوپەيمانی هەرێم بوون، پێشتر بە کورديان رەوا نەدەبينی کە داوای سەربەخۆيی و سەرفرازی بکات و بگرە وايان دادەنا کە کوردی عێراق دەبێ شوکر بێ بەوەی حاڵیان لە هی کوردانی ئێران و تورکيا باشترە. بەڵام ئێستا ئه و هێزانە وەک کيانێکی خاوەن بڕيار و سەروەر سەيری هەرێم دەکەن و دان بە مافەکانی دادەنێن و پرۆژەی دەخەنە بەردەم.
بە ديوەکەی ديکەوە، مێژوو سەلماندوويەتی کە پێويستە کاروانی سەربەخۆيی بە قۆناخی گەشەکردندا تێپەڕێت. لە هەر قۆناخێکدا دەرفەت و هەڕەشەی نوێ دێنە ئاراوە و لە هەريەکەشياندا بەرژەوەندی وڵات وادەخوازێ کە هەميشە بير لە چۆنێتی پاراستنی دەستکەوتەکان و کەمکردنەوەی مەترسيە چارەنوسسازەکان بکرێتەوە. ئەوەش بەتەنيا لە ئەستۆی سەرکردەکاندا نيیە، بەڵکو پێويستە هەموو تاکێکی کوردستان لە پرۆسەکەدا هاوکار بێ.
هەتا پێش هەفتەيەک لەمەوبەر، عێراق و وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامادە نەبوون شەرعيەت بدەنە پرۆسەی گشتپرسی و کەوتبوونە لۆمەکردنی سەرکردەکانی هەرێم بەوەی کە کاتوساتێکی خراپيان هەڵبژاردووە. ديارە خەمخۆری ئەوان پەيوەندی هەر بە شەڕی داعش و دۆخە شڵەقاوەکەی ناوچەکە نەبووە، بەڵکو پەيوەندی بە پابەند بوونيانەوەيە بە کۆنە پۆڵەسی وڵاتەکانيان کە هەميشە جەخت لە پاراستنی سنوورە دەستکردەکان و يەکپارچەيی خاکی دەوڵەتەکان دەکاتەوە. هەروەها پەيوەندی بە ململانێی شاراوەی نێوان هێزە جيهانی و ئيقليميەکانەوە هەيە.
بەڵام له و چەند رۆژەی دواييدا، سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاتنە سەر ئه و قەناعەتەی کە ئه و جۆرە پەيام و ئامۆژگاری و هەڵوێستانەی تا ئێستا نيشانيان داوە دەردی کورد تيمار ناکات و دڵنيايی ناداتە ئه و ميللەتەی کە لە چوارچێوەی هەرچوار وڵاتدا تەنيا داپڵۆسين و نەهامەتی و کەمپەينی سڕينەوەی پێبڕاوە. ميللەتێک کە پێشتر قوربانی زۆری داوە تاوەکو گەيشتووەتە ئێرە و ئێستاش ئامادەيە قوربانی ديکە بدات بۆ ئەوەی سەرفراز بێ. بۆيەش لە هەفتەی رابوردووەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بۆچوونێکی نوێ و بە پڕۆژەی جيدديەوە هاتووەتە مەيدان. ئەمڕۆ وای دەردەبڕن کە ئامادەن شەرعيەت بدەنە گشتپرسی و بگرە دواتر بە سەربەخۆيی هەرێم، ئەگەر سەرکردەکانی هەرێم هاوکار بن و کرژی و نيگەرانیەکان بڕەوێننەوە رێگە لە ئەگەری هەڵگيرسانی شەرێکی ديکەی ناوەخۆ بگرن.
لە ئێستادا زياتر لە سێ پرۆژە بە نووسراوی خراونەتە بەردەم سەرکردايەتی سياسی هەرێم. گرنگترينيان ئەوانەن کە لەلايەن نەتەوە يەکگرتووەکان و ئەمهريکا، بە موبارەکی هێزە جيهانی و ئيقليمەکان و زۆرينەی سەرکردە عێراقیيەکان خراونەتەڕوو. هەر يەک له و پرۆژانە رێگەی خۆشکردووە بۆ ئەوەی رێکەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر بە چاودێری و پاڵپشتی هێزە جيهانيیەکان و لەژێر چەتری ئەنجوومەنی ئاسايشی نەتەوە يەکگرتووەکان جێبەجێ بکرێن. خاڵی زۆر گرنگی هاوبەش لەنێو ئه و پرۆژانەدا هەن، کە بە راستەوخۆ وەيان ناڕاستەوخۆ ئه و دوو مانايانەی خوارەوە دەگەيەنن، وەيان دەکرێ لايەنی کوردی ئه و دوو مانايانەيان لێ بخوێنێتەوە پێش ئەوەی بڕياری يەکلاکەرەوە، بە قەبوڵکردن وەيان رەتکردنەوە، بدات:
يەکەم: ئەگەر گشتپرسیيەکە تەنيا بۆ ماوەی دوو يان سێ ساڵ دوابخرێت، ئەوا دواتر هەمان گشتپرسی شەرعيەتی نێودەوڵەتی بە ئۆتۆماتيکی وەردەگرێت. ديارە تاوەکو ئەوکات بەغدا ئه و دەرفەتەی لەدەستداوە کە دڵنيايی بداتە کورد، بۆيە گشتپرسی ديسان پێويست دەبێ. له و حاڵەتەدا، ئەگەر کورد بەبێ گشتپرسیش سەربەخۆيی رابگەيەنێت ئەوا پێويستی بە چاوەڕروانکردنی رای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نابێ.
لە ناواخنی پەيامەکاندايە کە ئەگەر ئه و گشتپرسییە کتوپڕەی ئەوجارەيان، سەرباری نيگەرانی و بگرە توڕەيی بەغدا و وڵاتانی دراوسێ و تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەنجام بدرێت ئەوا کورد بە تەنيا دەمێنێتەوە، وە دەبێ گلەيی سەرگەردانی و دەرەنجامە نەخوازراوەکانی تەنيا لە خۆی بکات. بە واتايەکی ديکە، گومان لەوەدا نیيە کە پێداگيريی کوردی رەنگە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کاروانی سەربەخۆيی هەرێم دووچاری هەردێر وەيان قەيرانی خوێناوی ببێ، بە جۆرێک کە تەوای ناوچەکە هەتا دەيان ساڵی ديکە لەگەڵ ئاڵۆزيەکاندا بژيەت.
ئەزموونی وڵاتانی ديکە وای نيشان دەدەن کە ئەگەر کورد له و جۆرە بارودۆخەدا دەوڵەتيش رابگەيەنێت، ئەوا بە ئاسانی ناگاتە دواقۆناخی سەرفرازی و گەشەسەندی ئابووری و کۆمەڵايەتی. خۆ لە ناوەوەی هەرێميشدا، ئەگەر دوودڵيی وەيان دەنگی (نەخێر) لە هەر ناوچەيەکی کوردستاندا زياديان کرد، ئەوا دوورنیيە رێژەی دەنگدان وەيان رێژەی دەنگی (بەڵێ) بکەوێتە بەر مەترسیيەوە، ئەوکات هەرێم زياتر لەت دەبێ. بێگومان لێکترازانی ناوەکی وادەکات پرۆسەی حوکمڕانی هەرێم و تەبايی ناوەکی قوڕستر ببن و برينەکان هەتا ماوەيەکی درێژ سارێژ نەبنەوە.
دووەم: پرۆژە پێشکەشکراوەکان جەخت لە نيەتچاکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەنەوه بەجۆرێک کە بە دواخستنی گشتپرسی تۆپەکە ئەوجا دەخەنە گۆڕەپانی بەغدا و فشاری گەورەتر دەخرێتە سەر شيعەی عيراق بۆ ئەوەی بە خێرايی خواستەکانی کورد سەبارەت بە سنووری هەرێم (واتە ناوچە دابڕێندراوەکان) و هێزی چەکدار و دۆسيەی نەوت و گاز و سەروەری زياتر دابين بکات. ئامادەن هانی بەغدا بدەن کە لە ماوەیەکی کورتدا بە پەيوەندی حوکمڕانی نێوان بەغدا و هەولێردا بچنەوە، وە ئەگەر پێويست بوو دەستووری بۆ بگۆڕن وەيان رێکەوتننامەی سياسی نوێ واژوو بکەن کە بەهۆيەوە ئاستی سەروەريی هەرێم هەتا رادەی کۆنفيدراڵی (دوو دەوڵەتی سەربەخۆی يەکگرتوو) بەرز بکەنەوە. زۆرينەی سەرکردە بڕياردەرەکانی بەغدا رازين و ئامادەن چەندين لێژنەی پەيوەنديدار لە ئاستی لووتکەدا پێکبهێنن و لە ماوەی ئه و دوو يان سێ ساڵەدا کارە تەنفيزە هەنووکەييەکان ئەنجامبدەن و دواتر ياسای نوێ بۆ رێکەوتنەکان تێپەڕێنن.
خۆ ئەگەر بەغدا توانی ئه و کارانە ئەنجام بدات، ئەوا کاروانی سەربەخۆيی هەرێم بەبێ خوێنڕێشتن و بێ سەرئێشە باز دەداتە لووتکەيەکی نوێ. کێشەی کەرکووک و مادەی 140 چارەسەر دەکرێ، خاکی ژێر دەسەڵاتی هەرێم بە سەروەت و سامانە سرووشتيیەکانەوە دوو بەقەدەر جارانی لێ دێت و ئەوانە بە مۆرکی نێودەوڵەتی دەبنە هی کورد. وڵاتانی دەروربەريش پاساويان نامێنێ بۆ ئەوەی مافی کورد له و ناوچانە بخەنە ژێر پرسيارەوە. هاوکات، ئەگەر دواتر بارودۆخی ناوچەکە گۆڕا وەيان پەيوەندی هەرێم لەگەڵ عێراق تێکچووەوە، ئەوا هەرێم پێويستی بەوە نابێ کە ديسان باس لە سنوور بکاتەوە چونکە شتێک نامێنی بەناوی ناوچەی جێناکۆک، وە ئەگەر هەرێميش بە دەوڵەتێکی کۆنفيدرالی ناسرا مانای ئەوەيە هاوتايە لەگەڵ باقی عيراق و هەرکاتێک جيابووەوە پێويستی بە رەزامەندی بەغدا نابێ. لەوەدا، وڵاتانی دراوسێ دەزانن کە کۆنفيدراڵيەت مانای دەوڵەتی سەربەخۆيە بەبێ ئەوەی ناوی بنرێت دەوڵەتی سەربەخۆ.
بێگومان واقيعی عێراق وا گەشبين نيیە. لەڕووی تيۆريەوە، سيناريۆی رێککەوتن لەگەڵ عێراق شتێکی نموونەيی چاکە، بەڵام هەموو شارەزايەک دەزانێ کە عێراق بايی ئەوەندە لاواز بووە و پرۆسەی بڕياردان لە بەغدا ئەوەندە قورس بووە کە سەرکردەکانی ناتوانن به و خێراييە و لەمەودای دوو يان سێ ساڵدا مافی کورد بدەن. واتە هيچ گەرەنتيەک لە ئارادا نيیە کە ئەوەی لە سەر کاغەز نووسراوە جێبەجێ دەکرێ، بەڵکو ئەگەری زياتر ئەوەيە بەڵێنەکانی بەغدا وەک نيەتێک دەمێنێ و بە زەحمەت لە پەرلەمان وەيان کابينەی حکومەتی بەغدا بۆ جێبەجێکردن تێدەپەڕێ. بێگومان هەندێ کاری باش لێرەولەوێ دەکرێ، بەڵام کێشە بنەڕەتيە هەڵواسراوەکان هەر دەمێنن و ديسان بەغدا شکست لەوە دێنێ کە کورد لە ئامێز بگرێ، هەروەک شکستی هێناوە لەوەی کە عەرەبی سوننە و پێکهاتەکانی ديکەی وەک تورکمان و کريستيان لە ئامێز بگرێ.
جا له و حاڵەتەدا، کورد لە لايەکەوە سوود لە هەنگاوە پۆزەتيڤەکانی بەغدا دەبينێ و جارێکی ديکە لێی ناسەندرێتەوه، هاوکات ناهەقی ناگيردرێت کە ئەوجارەيان (لە ساڵی 2019 وەيان 2020) بە گشتپرسی يان بەبێ گشپرسی دەوڵەتی کوردی رابگەيەنێت. لێرەوەش تا ئه و کاتە، هەردوو هێزی گەورەی دراوسێ و هێزە جيهانیيەکان خۆيان بۆ ئه و دەرەنجامە رادێنن، ئەگەر عێراق وەيان هێزێکی دراوسێ تەشقەڵەی بە کورد کرد وەيان به تووندوتيژيەوە رێگری لێ کرد، ئەوا کەس ناتوانێ ئۆباڵی ئاڵۆزکردنی بارەکە و شڵەقاندنی سەقامگيری ناوچەکە بخاتە ئەستۆی کورد.
جا لێرەدا پرسياری گرنگ رووبەڕووی سەرکردەکان و خەڵکی کوردستان دەبنەوه و دەبێ دوور لە سۆز و گوڕی عاتيفی بير لە وەڵامەکانی بکەنەوە. ئايا سەربەخۆييەکی مسۆگەر لە دوای سێ ساڵ هەڵدەبژێرن کە رەنگە بە پاڵپشتیەکی زۆری ناوەکی و نێودەوڵەتی وە بەبێ ئاڵۆزی يان خوێنڕێژی بێتە کايەوە، وەيان گشتپرسيەکی زەحمەت لە ئێستادا کە تاڕادەيەک خەڵکی کوردستان نيگەران دەکات، وە دوژمنە سەرسەختەکان هاندەدات کە بە شەڕ وەڵامی هەرێم بدەنەوە، و وادەکات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خۆی لێمان دوورەپەرێز بگرێت. جا دوورنیيە به و جۆرە تەگەرانەوە سەربەخۆيی هەرێم هەتا 10 ساڵ و زياتر دوا بکەوت.
دەسەڵاتی سياسی هەرێم هەقيەتی کە متمانەی بە بەڵێنە دەرەکيیەکان نەماوە، بەڵام پێويستە له و کاتە زۆر هەستيارەدا بە ورياييەوە بەڵگەکان هەڵسەنگێنێ و ئەگەرە ترسناک و بەڵێنە پڕشنگدارەکان بەرامبەر يەکتر دابنێ، ئەوجا بڕياری دواييان لێ بدا. هەروەک چۆن خەڵکی کوردستان هەميشە دوای پەيام و پێشڕەوێتی سەرکردەکانی کەوتووە و قوربانی زۆری بۆ دۆزەکە داوە، بەهەمان شێوەش پێويستە سەرکردەکان مەبەستيان بێ کە خەڵکی کوردستان بە دڵنيايی و بەرچاوڕوونيەوە پشتگيری لە بڕيارە چارەنوسسازەکانيان بکەن. ئەرکی هەمووانە بڕيارەکان سەربخەن، جا بە ئەنجامدان بێ وەيان بە دواخستن. پێويستە هەميشە لۆژيک بەسەر سۆزدا زاڵ ببێ و له و چەند رۆژەی ئايندەدا دوادەرفەت بدرێتە گفتوگۆکان بۆ ئەوەی گلەيی و ئۆباڵی مێژوو نەکەوێتە ئەستۆی خەڵکی کوردستان و سەرکردەکانيان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=