=KTML_Bold=هەنگاوەکانی دوای گشتپرسی=KTML_End=
#دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین قەرەداغی#
پێش و پاش گشتپرسی، بۆ خەڵکی جيهان دەرکەوت کە خواستی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بەدەوڵەتبوون کەمتر نيیە و نابێ، بەڵام پرۆسەی دامەزراندنەکەی و کاتی راگەياندنەکەی جێگەی مشتومڕە. ئەزموونی وڵاتانی ديکە نيشانيان داوە کە راگەياندنی دەوڵەت پێويستی بە رەچاوکردنی کۆمەڵێک فاکتەری گرنگە، لەوانە هێزی ناوەکی، پاڵپشتی زلهێزێکی جيهانی و هەڵبژاردنی باشترين کاتی راگەياندن.
=KTML_Bold=هێزی ناوەکی=KTML_End=
گرەوی هەرێمی کوردستان بۆ هەنگاونان بەره و سەربەخۆيی له و کاتوساتەدا تا ڕادەيەک پەيوەست بوو بەوەی کە ئيمڕۆ هێزە عێراقی و ئيقليميیەکان پەرتەوازە و ناتەبان. بەڵام حاڵی هێزه ناوەکيەکانی هەرێمیش بە هەمان شێوەیە. ديارە له و چەند ساڵەی دواييدا حاڵەتی پەرتەوازەيی و ناتەبايی نێو هێزە کورديیەکان وەک رێژەی نەگۆڕ دەقی گرتووە و بووەتە حاڵەتە سروشتيە نۆرماڵەکە. بێگومان يەکڕيزيەکەی رۆژی 25ی ئەيلول دياردەيەکی زۆر گرنگ و بێ وێنە بوو، بەڵام زۆر بە قورسی هاتە کايەوه و مەودای کاريگەريەکەی تەنيا بۆ 24 کاژێر بوو، لەوێ بەدواوە کەلێنەکان خێرا دەرکەوتنەوە. کەچی لە بەرامبەردا هێزە عێراقی و ئيقليميە لێکترازاوەکان بەهۆی گشتپرسییەوە لەيەکتر نزيکبوونەوە. بۆيە ئێستا لە هەموو کاتێکی ديکە زياتر پێويستە هەڵوەستە لەسەر باری ناوەکیی هەرێم بکرێ، هەوڵی بەهێزکردنی سيستەمی حوکمڕانيەکەی بدرێت، پەرلەمانی کارا بێ و پرۆسەی بڕياردانی بەدامەزراوەيی بکرێ و تەرکيزيش بخرێتە سەر ئاشتکردنەوەی هاووڵاتيان و باشترکردنی بژێوی ژيانيان.
=KTML_Bold=پاڵپشتی جيهانی=KTML_End=
لە جيهانی ئيمڕۆدا، دامەزراندن و پاراستنی دەوڵەتێکی نوێ لە هەر قوژبنێکی دونيادا بەبێ پاڵپشتيی زلهێزان کارێکی زۆر زەحمەتە، چجای بەدەوڵەتبوونی هەرێمێکی خنجيلانه لە دەورودراوسێيەکی دژوار و ناهەمواردا. ئەگەر هەرێمی کوردستان بيەوێ پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ خۆی مسۆگەر بکات، پێويستی بەوەيە ئاراستەی کاروانەکەی لەگەڵ هی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی يەکبخات. بە وردی پاڵنەری هاوکێشەکان بخوێنێتەوە و بزانێ چۆن ئەولەويەتەکانی خۆی لەگەڵ هی زلهێزێکی دۆست و يەک دوانێک لە هێزە ئيقليميیەکان هاوئاهەنگ بکات.
دياردە و ململانێيەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وای دەگەيەنن کە گۆڕانکاری بنەڕەتیی ديکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەن، ئەگەر کورد پشووی درێژ بێ و خەريکی پتەوکردنی هەناوی خۆی و لۆبیی دەرەکی بێ، ئەوا توانای قۆستنەوەی دەرفەتەکانی ئايندەی دەبێ.
=KTML_Bold=ئەولەويەتەکانی ئەمەریکا=KTML_End=
لە ئێستادا، ئەولەويەتی هەرە بەرزی زلهێزی ئەمەريکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بريتيە لە شەڕی دژبە تيرۆر کە جارێ هيچ جۆرە سازشێکی لەسەر ناکات. هەر وڵاتێک يان بزووتنەوەيەک لەگەڵ ئه و ئەولەويەتە هەماهەنگ بووبێ، گەورەترين سوودی لە هاوکاریی ئەمەريکی بينيوە. ئەوەتا رێکخراوێکی وەکو (پەيەده) کە سەر بە هێزی (پەکەکە)يە و ئەوەی دواييش لە ئەمەريکا و ئەوروپا بە تيرۆريست لەقەڵەم دراوە، کەچی نەک تەنيا ئەمەريکا خەريکە بەسەر سوريادا فەرزی دەکات، بەڵکو بەدوور نازانرێ تورکياش رازی بکات کە پەيوەندی لەگەڵی باش بکات و دان بە حوکمڕانی (بەرەی ديموکراتی سوريا)دا بنێ. هەتا ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان، يان حکومەتی عێراق تەرکيزيان لەسەر ئه و ئەولەويەتەی ئەمەريکا و ئەوروپا بێ، ئەوا بەشه شێری پاڵپشتيیەکانی ئه و هێزە جيهانيانەيان دەستدەکەوێ.
ئەولەويەتی دووەمی ئەمەريکا ئەوەيە کە حکومەتی حەيدەر ئەلعەبادی لە حوکمی عێراقدا بەردەوام بێ و لە هەڵبژاردنی گشتیی ئايندەدا سەربکەوێ. ئەمەريکيیەکان، راست بن يان هەڵە، وای دادەنێن بەديلی عەبادی توندڕەوێکی سەر بە کامپی نووری ماليکی دەبێ کە بە سەرسەختییەوە سەر بە ئێران دەبێ. ئەمەريکاييەکان وای دادەنێن کە عەبادی ميانڕەوە و ئامادەيە هێدی هێدی عێراق لە ئێران دوور بخاتەوە. بێگومان رەنگە لەوەدا زۆر سەهوو بن، چونکە عێراق قوڵاييەکی ستراتيژیی گرنگە بۆ ئێران و لە ماوەی حوکمڕانیی ئەلعەباديدا، ئێران توانيويەتی عێراق زياتريش بخاتە ژێر رکێفی خۆيەوە، جا بە هێزی حەشدی شەعبی بێ يان بە پشتبەستن بە فاکتەری سياسی و ئابووری و ئەمنی. لەگەڵ ئەوانەشدا، ئەمەريکا ئامادەيە هەموو هاوپەيمانەکانی هان بدات بۆ ئەوەی ئه و کارەی لێ تێکنەدەن. خۆ بەپێی لۆژيک، وا لە هاوپەيمانێکی بچووکی وەک هەرێمی کوردستان چاوەڕوان دەکرێ کە لەوەدا هاوکار بێ، چونکە تەنانەت مانەوە و سەرکەوتنی خۆی پێويستی بە پاڵپشتیی زلهێز دەبێ.
ئەولەويەتی دواتری ئەمەريکا بريتيیە له تەنگهەڵچنين بە ئێران تاوەکو چەکی ئەتۆمی لێ داماڵێ و نفوزی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەم بکاتەوە. ئەوە خواستێکی ئەمەريکی و ئەوروپی و عەرەب و تورکيا و ئيسرائيلە، زوو يان درەنگ دەبێتە ئەولەويەتێکی لووتکەيی بەڵام لە دوای بەديهێنانی ئەولەويەتەکانی يەکەم و دووەم. له و حاڵەتەشدا، هەرێمی کوردستان رۆڵێکی زۆر گرنگ و کارتێکی بەهێزی دەبێ کە نە ئێران دەتوانێ لێی بێباک بێ و نە ئەمەريکاش دەستی لێ هەڵگرێ.
ئەوکات، دۆستايەتی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بۆ تەهران گرنگتر دەبێ وەک لە پێچەوانەکەی و لە بەرژەوەندیی ئێراندا دەبێ لە ئێستاوە بە سياسەتی کۆنی خۆیدا بچێتەوە و هەرێمی کوردستان بۆ خۆی رابکێشێ و رێگە لە سەرفرازيیەکەی نەگرێ. هەر کاتێک ئێران چاوپۆشی لە بەدەوڵەتبوونی کوردستان بکات، ئەوا عێراق و تورکيا توانای رێگريکردنيان لێی نابێ. خۆ ئەگەر بە پێچەوانەوە ئێران بووە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوا ئەڵتەرناتيڤی زۆر بەهێز لەبەردەستدا دەبن و رەنگە له بەرژەوەندیی زلهێزە جيهانيەکاندا بێ کە هەرێم لە ئێران بپارێزن و لە عێراقێکی سەر بە ئێران جيای بکەنەوە.
هەڵبەتە، هاوکێشە نێودەوڵەتيیەکان جموجۆڵ و گۆڕانکاریی زياتريشيان لێ چاوەڕوان دەکرێ، هێزە ئيقليميەکانيش هەميشە چاوەڕێی بڕيار و ئەولەوياتی ئەمەريکی نابن، بەڵکو رەنگە لە دەرەنجامی ململانێی ئاڵۆزی هەمەپاڵنەردا، هاوکێشەکان لە ديوی تورکيا زياتر بگۆڕێن. ئيمڕۆ تورکيا تووڕەيی دەردەبڕێ، بۆ کەنارگيرکردنی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی لەگەڵ ئێران دەکات، بەڵام ئه و دوو هێزە متمانەیان بەيەکتر نيیە و دوورنيیە بەهۆی بەرژەوەندیی گەورەتر سياسەتی هەردوولايان ديسانەوە بگۆڕێ. له و حاڵەتەدا رێی تێدەچێ ئەوجارەيان تورکيا لەگەڵ سعوديە هەماهەنگی بکات و بەيەکەوە ببنە فريادڕەسی هەرێم لە بەرامبەر هەژموونی ئێران.
=KTML_Bold=باری سياسی هەرێم و بەغدا=KTML_End=
لەلايەکی ديکەوە، ئەگەر هەرێمی کوردستان پشووی درێژ نەبێ و پەلە لە راگەیاندنی دەوڵەت بکات، يان لەکاتی گفتوگۆدا رەچاوی پەرتەوازەيی ناو ماڵی خۆی و هەڕەشەی هێزە ئيقليميەکان و ئەولەويەتەکانی هێزە جيهانيیەکان نەکات، ئەوا دەبێ حيسابی بەربەست و تەحەدای مەزن بکات. هێزی هەناويی ناو هەرێمی کوردستان لە رووی سياسی و ئابووريیەوە کێشەی زۆرە. توانای ئێران و تورکیا لە دەستێوەردان و بنکۆڵکردنی هەرێم زۆر لەوە زياترە کە درکی پێکراوە. حکومەتی بەغداش، کە لە بەرامبەر هێزە ئيقليمیەکان و هێزی تيرۆردا لاوازە، لە بەرامبەر هەرێمی کوردستاندا خەريکە بەهێز و بەهێزتر دەبێ. حکومەتی عەبادی تازە لە شەڕی #داعش#دا وەک رزگارکەر خۆی دەنوێنێ و بەهۆی پشتگيریی کۆمەڵگای نێودەوڵەتيیەوە متمانەی بەخۆی زياتر دەبێ. حکومەتی بەغدا پێش گشتپرسی تکای گفتوگۆی لە #هەولێر# دەکرد، کەچی ئێستا دەبێ تکای لێ بکرێت لە گفتوگۆدا بەشدار ببێ. کە بەشداريش بوو هەڵبەتە توندیەکی زێدە دەنوێنێ تاوەکو ببێتە قارەمانی پاراستنی يەکپارچەيی خاکی عێراق لە بەرامبەر مەترسیی داعش و خواستی جياخوازيی کورد.
=KTML_Bold=ستراتيژی هەرێم=KTML_End=
لەجياتی ئەوەی بەگوتاری ئاگرين و بڕياری يەکلايەنە دەستی حکومەتی عێراق بەهێزتر بکرێت، پێويستە لايەنی کوردی سەرجەم ئه و دەستپێشخەريانە بقۆزێتەوە کە جەخت لە رێککەوتن و دۆزينەوەی خاڵی ناوەڕاست دەکەنەوە. پێويستە ستراتيژی کوردی سێ قۆناغی جياکەرەوەی تێدابێ: هەنووکەيی بۆ ئاساييکردنەوە، مامناوەندی بۆ گفتوگۆ و رێککەوتن، دوورمەودا بۆ دامەزراندنی دەوڵەت.
لە چەند رۆژ و هەفتەی ئايندەدا، پێويستە هەرێم لە بارەی فڕۆکەخانە و دەروازە سنووريیەکان و مەسەلەی نەوت و گازەوە دەستپێشخەری بکات لە پێشکەشکردنی هەندێ سازش و پێشنيازی عەمەلی. بەوه تەرکيزی بەغدا بخاتە سەر وردەکاريیە تەکنيکيیەکان و بەهۆيانەوە پردی پەيوەندی و گفتوگۆ دروست بکاتەوه. له و ميانەدا شتێک بەدەست عەبادیەوە بدات تاوەکو مەوقيعی لە نێو شيعەکان لاواز نەکات و عەباديش لە بەرامبەردا بتوانێ هاوکاری هەرێم بێت. ئه و جۆرە دەستپێشخەريیە دڵی هاوپەيمانانی نێودەوڵەتی رازی دەکات و رێگەيان بۆ خۆش دەکات هاوکاربن و گوڕێک بە نێوەندگيرییەکان بدەنەوە و رێگە نەدەن هەرێم لە عوزلەدا گير بخوات. هاوکات، لايەنی کوردی پشووی لە گفتوگۆکاندا درێژ بێ و هەتا کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی عێراق تەنسيق لەگەڵ عەبادی بکات. لە گوتارەکاندا نەرمی بنوێنێ تاوەکو چيتر نەبێتە ئامانجی رمحەکان و چەقی موزايەدەی پۆپۆليستی نێو عێراقيەکان و دراوسێکان.
له و نێوەدا، پێويستە هەرێمی کوردستان خۆی بۆ قۆناغی گفتوگۆی جيددی سەبارەت بە داڕشتنەوەی پەيوەندی حوکمڕانی نێوان بەغدا و هەولێر ئامادە بکات و هەوڵ بدات لە مەودای مامناوەنديدا بە کۆمەڵێک دەستکەوتی نوێوە دۆزەکە بباتە پێشەوە. ئەوەی دەمێنێەوە (واته بەدەوڵەتبوون) بۆ ئه و کاتەی بهێڵێتەوە کە ئەستێرەکەی لەگەڵ مانگ و رۆژ دەکەونە سەر يەک هێڵی راست.
پێويستە لە ئێستاوە سەرکردايەتی کورد کەمترين و زۆرترينی ئه و داواکاريانە دياری بکەن کە لە گفتوگۆکاندا پێی رازی دەبن و دەشزانن لە بەغدا مايەی قەبوڵکردن دەبن. شايانی باسە کە پێش ئەنجامدانی گشتپرسی، سەرکردەکانی بەغدا ئاماده بوون، جگە لە سەربەخۆيی، گفتوگۆ لەسەر هەموو جۆرە گوژمەيەک بکەن بە سيستەمی فيدراڵيشەوە، بەڵام لە ئێستادا، ئەوانە بە هيچ شتێکی دەرەوەی دەستوور رازی نابن و بەلايانەوە دەبێ کورد سوپاسی خودا بکات ئەگەر مادەی 140 ی دەستووری بۆ جێبەجێ بکرێت.
جموجۆڵەکانی ئێستای بەغدا بۆ ئەوەن نەک تەنيا حاڵەتی پێشوو بەردەوام بکەن، بگرە دەسەڵاتە سياديەکانيش لە هەرێم بستێننەوە. هەڵبەتە، ئەوە لە گفتوگۆدا يەکەم وەرەقەی دەستپێکی لايەنی عێراقی دەبێ، هەروەک چۆن يەکەم وەرەقەی دەسپێکی هەرێميش بە پێچەوانەوە، بە ميچێکی بەرزەوە دەستپێدەکات و داوای دەوڵەت دەکات. هەردوو لاشيان دەزانن لە بارودۆخی ئيمڕۆدا هيچکام لە و دوو جەمسەرە قابيلی قەبوڵکردنی هەردوولا نين، بەڵام لەنێوانياندا مەسافەيەکی بەرفراوان هەيە کە دەکرێ خاڵی رێککەوتنی تێدا بدۆزرێتەوە. بە رێککەوتن لەسەر سازشێک بۆ قۆناغی ئێستا ئه و مانايە ناگەيەنێ کە ئەنجامی گشتپرسی پووچەڵ دەبێتەوه، بەڵکو لايەنی کوردی هەميشە دەست به و (بەڵێ)يە گرنگەی گشتپرسییەوە دەگرێت.
=KTML_Bold=خواستەکانی هەرێمی کوردستان=KTML_End=
دەکرێ داواکاريەکان بە گوژمە (پاکێج) بن کە چەندين خواست و مەرجی سياسی و ئابووری و عەسکەری و ئەمنی و دەسەڵاتی سيادییان تێدا بێت و بە وردەکاريەکی زۆرەوە بە شێوازی کۆنتراکتێکی چڕوپڕ بنووسرێنەوە. بە شێوەيەکی گشتگيرانە، دەکرێ گوژمەکان هەر يەکێک، يان تێکەڵێک لەوانەی تێدابێ:
• دەکرێ ئه و فيدراڵيەی ئێستا لە ئارادايه، گەشەيەکی بەرچاوی پێ بدرێت. بۆ نموونە، سەرجەم ناوچە کوردستانيەکانی دەرەوەی هەرێم کە ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی هەرێمن، بەفەرمی بخرێنە سەر هەرێم و دەسەڵاتی سياديی زۆر زياتریش بە هەرێم بدرێت. واتە، وەک کيانێکی نيمچە کۆنفيدراڵی لێ دروست بێت، جا گرنگ نيیە ناوی کۆنفيدراڵی لێ بنرێت يان نا.
• دەکرێ بەپێی دەستووری ئێستا، باس لە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پەيکەری سيستەمی حوکمڕانی عێراق بکرێ و هەرێم ببێتە هاندەرێک کە تەواوی کێشەکانی حوکمڕانی لە عێراق چارەسەر بکرێ و عێراق بۆ چەندين يەکەی فيدراڵی خورد بکرێتەوە. لەو نێوەدا لايەنی کورد دەستی لە داڕشتنەوەی پارێزگاکانی کەرکووک و نەينەوا و ديالە و سەرجەم دەوروبەرەکەيدا هەبێ، لە هەمووشياندا ناوچە کوردستانيه دابڕێنراوەکان لە ناوچەکانی ديکە جيا بکرێنەوە و هەريەکەيان بە ميکانيزمی نوێی جياواز يەکلایی بکرێنەوە. بۆ نموونە، ناوچە کوردستانيەکانی نەينەوا کە ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدان، بە پێی گشتپرسيەک لە ئاستی قەزا و ناحيەکاندا بخرێنەوە سەر هەولێر و دهۆک، ناوچە هاوشێوەکانی خواروو بخرێنه سەر کەرکووک، #سلێمانی# يان هەڵەبجە.
دەکرێ پارێزگای کەرکووکيش بە ميکانيزمێکی جيا بخرێتە سەر هەرێمی کوردستان، يان بکرێتە (حاڵەتێکی تايبەت) لەناو هەرێم يان هەرێمێکی سەربەخۆ بێت به و مەرجەی کە هێزی پێشمەرگە و ئاسايشەکەی دەستاودەست نەکەن و لەژێر دەسەڵاتی کورديدا بمێننەوە. پێشوەختە رێککەوتن هەبێ لەسەر ئەوەی دوای بەهەرێمکردنی کەرکووک و ئاساييکردنەوە، گشتپرسيەک لە ئاستی پارێزگا ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی لە نێوان يەکگرتنەوەيان لەگەڵ هەرێمی کوردستان يان بەغدا يان مانەوە بە هەرێمی جيا بژارەيان هەبێ. لە هەموو حاڵەتێکدا، ئەگەر هەرێمی کوردستان بوو بە دەوڵەت، ئەوا هەرێمی کەرکووکيش لە هەمان پرۆسەدا بەشدار دەبێت و ملکەچی هەمان پرۆسە دەکرێت.
=KTML_Bold=دۆستداری و دۆستپارێزی=KTML_End=
هەڵبەتە لە کەشی کرژيی دوای گشتپرسيدا، رەنگە ئه و جۆرە بژارانە لە لايەن هەرێم يان بەغداوە بە ئاسانی رەچاو نەکرێن، بەڵام بەديلەکانيان زۆر لەوانە خراپترن. پێش گشتپرسی، هاوپەيمانانی دەرەکی دەستپێشخەریی زۆريان کرد و هەوڵی نێوانگيریی زۆريان دا، بەڵام ئێستا ئەوانە دڵشکاو و نيگەرانن و لە خيتابی کوردی بەگلەيين، چاوەڕێن هەرێمی کوردستان کارێکی وا بکات حکومەتی عێراق بێنێتە سەر مێز و گفتوگۆی جيددی لەگەڵدا بکات. پێیانوایە، هەرێمی کوردستان ئه و گرفت و ئاڵۆزيانەی بەسەر خۆی هێناوە و هەر دەبێ خۆیشی لە زەمينەسازکردن بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی بێ پێشمەرج دەستپێشخەربێ. ئەگەر هەرێم لە ڕۆژێکی وادا چاوی لە هاوکاری دۆستە هاوپەيمانەکانيەتی، دەبێ خۆیشی تا نيوەی رێگاکە بپێوێ و يارمەتی خۆی بدات تاوەکو دۆستەکانی بتوانن يارمەتی بدەن.
دەبێ گوتاری کوردی کەمتر باس لە براوە و دۆڕاو بکات، يان باس لە يەک دەرئەنجام بکات، لەجياتيان باس لە سيناريۆی براوە - براوە بکات و بە هەموو شێوازێک شەبەحی شەڕ يان ئابڵۆقەی درێژخايەن لەسەرخۆی لابەرێ. لەوەدا پێويستە ئاڵقەی لۆبی فراوانتر بکات و سەرجەم دۆستەکانی بەکاربێنێ بۆ گوشارخستنە سەر حکومەتەکانی عێراق و تورکیا و ئێران. راسته زۆر لە ئەمەريکی و ئەوروپيەکان رەنجاون، بەڵام مانای وانيیە کە چيتر دۆستی کورد نين. تەنانەت لەنێو عێراقی و تورکی و ئێرانيەکانيشدا هەرێمی کوردستان دۆستی زۆری ماوە. چيتر راست نيیە کە دەڵێن کورد دۆستی نيیە لە غەيری چياکانی، بەڵکو پێويستە خۆيشی فێری دۆستپارێزی ببێ و نەبێتە گەورەترين دوژمنی خۆی.[1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=