=KTML_Bold=سیستەمی تەندروستی؛ کێشە بنەڕەتییەکان و چارەسەرکردنیان=KTML_End=
#دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین قەرەداغی#
ئێستا باسێکی گرنگی رۆژ لەسەر چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی دەرمانی خراپ و ساختەیە لە هەرێمی کوردستان، کە دەمێکە لە ئاستی قەیراندایە. بەڵام چاکسازی لە بواری دەرمان پەیوەستە بە ریفۆرمی سێکتەری تەندروستی بە گشتی و پێویستی بە دەستخستنەسەر برین و کێشە پەیکەرییەکانی سیستەمەکەیە، کە ئەوەش ناوەڕۆکی ئەم توێژینەوەیەیە*.
بەپێی یاسای هەرێمی کوردستان (ژمارە 15ی ساڵی 2007)، وەزارەتی تەندروستی رۆڵی رێکخەر و بەڕێوەبەری سیستەمی تەندروستی پێ سپێردراوە، واتە لە یەک کاتدا بەرپرسیارە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و دڵنیابوون لە کواڵیتی. بەڵام شاراوە نییە کە وەزارەت بە درێژایی مێژووی لە هیچکام لەو دوو رۆڵەدا نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێ. ئەوەش سەرباری ئەو خەرجیە زۆرەی حکومەت و هاووڵاتیان بۆ هەر نەخۆشێک لە کەرتی گشتی و تایبەت دەیکەن، کە ئەگەر لە هی وڵاتانی دراوسێ و بگرە رۆژئاوایی زیاتر نەبێ کەمتر نییە. تەنیا بە رەچاوکردنی خەرجییەکانی دامەزراوە تەندروستیە زەبەلاح و هەڵاوساوەکان و خەرجیی هاووڵاتیان کە لە نەخۆشخانە ئەهلیەکانی ناوەوە و دەرەوەی هەرێم دەیکەن، ژمارەکان خۆیان دەدوێن.
=KTML_Bold=بێگومان تەنیا وەزارەت بەرپرسیار نییە لەو حاڵە شپرزەیەی سیستەم، بەڵکو هۆکاری دیکەش هەن، لەوانە:=KTML_End=
• کەلێن و کێشە لە یاسا کارپێکراوەکان.
• لاوازی لە سەروەرێتی یاسا و دەسەڵاتی دادوەری و دەزگاکانی چاودێری، لەگەڵ لاوازی لە نیشاندانی نیەت و ئیرادە و پێداگیری بۆ چاکسازی لە لوتکەوە بەرەوخوار.
• لاوازی لە رابەرایەتی وەزارەت و پرۆسەی بڕیاردان لە دامودەزگاکانی تەندروستی.
• لاوازیی میکانیزمەکانی چاودێریی کاربەجێگەیاندن و دڵنیایی جۆری، هەروەها غیابی هەندێ دامەزراوەی گرنگی وەک تۆمارکردن و مۆڵەتدان و متمانە بەخشین.
• لاوازی و تێکەڵاوی لە کار و رۆڵی لە رێکخراوه پیشەییەکانی وەک سەندیکاکاندا.
•دابەزینی ئاستی توانا و کواڵیتی خوێندن و راهێنانی پزیشکان پێش و پاش دەرچوونیان لە زانکۆ.
=KTML_Bold=رابەرایەتی کارگێڕی=KTML_End=
لە دامەزراوەکانی وەزارەتی تەندروستیدا پرۆسەی بیرکردنەوە و توێژینەوە بۆ داڕشتنی روانگە و ستراتیژ و پۆڵەسی و پلانی درێژخایەن زۆر لاوازه. لە هیچکام لەو بوارانەدا وردەکارییەکانی ئامانج و قۆناغەکانی جێبەجێکردن و گەشەپێدانی بەردەوام دیاری نەکراون، چجای ئەوەی نەخۆشخانە و کارمەندانیان بەرچاویان بۆ ئەرکەکانیان روون بێ. لە وەزارەتەوە سیستەمێکی کارا بۆ پەرەپێدانی توانا کارگێڕی و رابەڕایەتی و پسپۆڕییەکان لە ئارادا نییە و مەرجی دامەزراندنیش لە پۆستە کارگێڕیەکاندا پەیوەست بە توانا و لێهاتوویی نییە. بۆیەش، سیستەمی کارگێڕی تەندروستی لە هی کاربەڕێکردن و کاردانەوە و پینەکردن دەچێ نەک رابەرایەتیکردن بەرەو تۆکمەکردن و بەرزکردنەوەی کواڵیتی.
ئیمڕۆ بەهۆی لاوازی لە سیستەمی حوکمڕانی و لاوازیی رۆڵی وەزارەت و باری قەیراناویی دارایی، سیستەمی تەندروستی دووچاری بێسەروبەری و ئەنارکی بووە و چاککردنیشی پێویستی بە کاری فریاکەوتنە، ئەگینا کارەساتی گەورەتریش وا بەڕێوەیە. ئێستا نەوەیەک لە پزیشکانی لاو دەستبەکارن کە بەهۆی قەیرانەکانەوە لە راهێنانی کواڵیتی بێبەش بوونە. پزیشکی نیشتەجێی خولاو و دێرین (موقیمەکان) لە زۆر شوێندا دەوامی تەواو ناکەن و لە کاتی دەوامیشدا کات لە ژێر سەرپەرشتی پزیشکی خاوەن ئەزموون بەڕێ ناکەن. لە وەزارەتیشەوە فشاری کاربەجێگەیاندن لە بنەڕەتەوە بەپێی میکانیزمی تۆکمە دروست نەبووە تاوەکو کارمەندانی تەندروستی خەریکی زانستخوازی و راهێنانی بەردەوام و بەرزکردنەوەی کواڵیتی بن. ئەگەر وەزارەت بەرنامەی بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە مەزنە نەبێت، ئەوا لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا نەوەیەک لە پزیشکانی پێشکەوتووی کەمزان و کەمئەزموون دێنە بەرهەم کە باری لەرزۆکی ئێستا خراپتریش دەکەن و باجە گەورەکەش نەخۆشەکان دەیدەن.
=KTML_Bold=مافی نەخۆش=KTML_End=
لە هەرێمی کوردستاندا مافە بنەڕەتییەکانی نەخۆش بە روونی دیار نەکراون و ئەوەی نووسراویشە بە ئاستێک پشتگوێ خراوە کە نەخۆشەکان بە ئاگاداریی وەزارەت دەیان جۆر مافیان پێشێل دەکرێ. بۆ نموونە:
- مافی دەستکەوتنی کواڵیتی خزمەتگوزاریی پزیشکی، کە لە هیچ کەرتێکی گشتی و تایبەتدا بەرانبەر تێچووەکان نین.
- پاراستنی کەرامەتی نەخۆش، کە پەیوەستە بە پاراستنی نهێنی و رێزلێگرتن و بەرزڕاگرتنی بەهاکانیان. ئەوانە لە نۆڕینگە و نەخۆشخانەکاندا بە دەگمەن حیسابیان بۆ دەکرێ. سەرباری ئەوەی بژێویی ژیانی پزیشکان لەسەر نەخۆشە، کەچی زۆر جار پزیشکان بە چاوی کەم سەیری نەخۆشەکانیان دەکەن و خۆیان لێ تووڕە دەکەن و زانیاری تێروتەسەلیان سەبارەت بە نەخۆشیەکانیان نادەنێ. لە هەندێ نۆڕینگەدا پزیشکان زیاتر لە نەخۆشێک لە یەک کاتدا و لە هەمان ژووری پشکنیندا دەبینن، کە ئەوەش جۆرێکە لە (تاوانی پزیشکی).
- پاراستنی تۆماری نەخۆشی یەکێکه لە پرینسیپە هەرە بنەڕەتییەکان کە دەبێ لە نۆڕینگە و نەخۆشخانەکاندا کارێکی رۆتینی بێ، بەڵام پەیڕەو ناکرێ و بەوە مافی نەخۆش و بەڵگەی یاسایی بۆ کارچاکی یان کەمتەرخەمی ون دەکرێ.
- هەڵە و کەمتەرخەمی: نەخۆشخانە نییە لە جیهاندا هەڵە یاخود کەمتەرخەمیی پزیشکیان لێ روونەدات، بەڵام هەمیشە میکانیزمی چاودێریکردن و سزادان لە ئارادانە بۆ رێگرتن و کۆنتڕۆڵکردنیان. کەچی لە هەرێمی کوردستاندا بەدواداچوون دەگمەنە و لێپرسینەوەی شایستە دەگمەنتریشە.
=KTML_Bold=کەرتی تایبەت=KTML_End=
حکومەت مۆڵەتی کارکردن به نەخۆشخانە ئەهلیەکان دەبەخشێ و لەڕووی تیۆرییەوە ئەرکی سەرپەرشتی و پشکنینیشیانی لە ئەستۆیە. بەڵام مۆڵەتی کردنەوەی نۆڕینگە و کۆمەڵگا پزیشکی و دەرمانخانە تایبەتەکان تەنیا پێویستی بە رەزامەندی سەندیکا هەیه کە ئەوەش لە بنەڕەتەوە بە پێچەوانەی پرینسیپی سەندیکا و حکومەتە، چونکە کاری سەندیکا ئەوەیە بەرگری لە ئەندامانی بکات نەک لەجیاتی حکومەت کاری جێبەجێکردن (تەنفیزی) بکات و بازاڕ رێکبخات. دیارە کە سیستەم و یاسای هەرێمی کوردستان بە سیستەمی وڵاتە کۆمۆنیستیە ستالینییەکان و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرە و تا ئێستاش بەردەوامیی پێ دراوە. بەوپێیە، وەزارەت رۆڵ لە رێکخستن و سەرپەرشتیکردنی کەرتی تایبەتدا بە چاکی نابینێ. ئەوەش بێجگە لەوەی کە هیچ لایەنێکیش، نە حکومەت و نە سەندیکاکان، هیچ جۆرە میکانیزمێکی کارایان بۆ چاودێری و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی بەردەوام بۆ کەرتی گشتی یان تایبەت دانەناوە.
ژمارەی نەخۆشخانە ئەهلییەکان هەتا دێ روویان بەرەو زیادبوونە. بۆ نموونە لە پارێزگایەکی وەک #هەولێر# 21 دانە هەن. مۆڵەتدان بە نەخۆشخانەی ئەهلی پێویستی بە رەزامەندیی وەزارەتی تەندروستی و دەستەی ژینگە هەیه، بەڵام هەماهەنگی لە نێوان ئەو دوانە زۆر لاوازە، پێوەر و رێبەر و رێنماییەکانی مۆڵەتدانیش لە ئاستی خوازراودا نین. خۆ زۆر لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان پشتئەستوورن بە خاوەنە ناسراو و بەرپرسە باڵاکانیان کە بەشێکیان بەقەدبڕی مۆڵەتیان وەرگرتووە. ئیتر نە مۆڵەتدانی یەکەم و نە نوێکردنەوەی متمانەی ساڵانە بەپێی سیستەمێکی بڕواپێکراوە. بۆیەش بەبێ رەچاوکردنی کواڵیتی، نەخۆشخانە و کۆمەڵگا و نۆڕینگە تایبەتەکان بەبێ رەقیبێکی کارا ماونەتەوە.
=KTML_Bold=دەستنیشانکردنی نەخۆشی=KTML_End=
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستی خزمەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە پشتگوێخسنتی بواری دەستنیشانکردنی نەخۆشی. لەلایەکەوە گرنگییەکی زۆر بە بواری تەکنۆلۆژیای وێنەگریی دراوە، بەڵام بواری تاقیگەکان تا رادەیەک پشتگوێ خراون. لە کاتێکدا گەورەترین رێژەی نەخۆشیەکانی هەرێم پەیوەستن بە نەخۆشیی میکرۆبی، کەچی لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەرمانی دژەمیکرۆب (ئەنتیبایۆتیک) بە کوێرانە بە نەخۆش دەدرێ، وەک ئەوەی گوللە بە تاریکیەوە بنرێ. لە دەرئەنجامدا، پزیشکان دەرمان لە دوای دەرمانی گرانبەها لەسەر نەخۆش تاقی دەکەنەوە بەبێ ئەوەی سوودیان هەبێ.
=KTML_Bold=کێشەی دەرمان=KTML_End=
بەپێی یاسا، کۆنتڕۆڵکردنی کواڵیتیی دەرمان لە ئەستۆی حکومەتە. بەڵام شاراوە نییە کە سیستەمی بەرهەمهێنان و هاوردەکردن و بەبازاڕکردن و بەکارهێنانی دەرمان لە هەرێمی کوردستان بووەتە یەکێک لە مەترسیدارترین کێشەکان، هەروەک لە بەرنامە کاریگەرەکەی (لەگەڵ رەنج - رووداو) جەختی لەسەر کراوەتەوە. دەرمانەکانی دێنە بازاڕ تێکەڵێکن لە یاسایی و قاچاخ، کواڵیتی باش و بێکەڵک. لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرایەتی (کۆنتڕۆڵکردنی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستی پزیشکی) هەیە، بەڵام ئەزموون و توانا و ئاستی کارایی ئەو دامەزراوەیە زۆر سەرەتاییە و لە ئاستی کێشەکان و توانای تۆڕەکانی بەرژەوەندیه تایبەتەکاندا نییە. لە بازاڕی کەرتی تایبەتدا دەرمانخانە زۆرن و بزنسەکانیان لە پەرەسەندنێکی بێ سنووردانە، کەچی ژمارەی دەرمانسازان کەمترن لە پێویست، یان دەرمانسازەکان سەرپەرشتی راستەوخۆی دەرمانفرۆشتن ناکەن. بۆیە زۆر لە دەرمانخانەکان لەلایەن خەڵکانێکەوە بەڕێوە دەبرێن کە هەڵگری بڕوانامە و خاوەنی ئەزموونی گونجاو نین، وەیان بەپێی پێویست پابەند بە ئێتیکی پیشەیی دەرمانسازیەوە نین.
=KTML_Bold=کەرتی تایبەت و دۆشینی سیستەم=KTML_End=
بەپێی ئێتیک و یاسا، پزیشکان بۆیان نییە لە یەک کاتدا لە کەرتی گشتی و تایبەتدا کار بکەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان زۆربەیان دەیکەن، بەبێ ئەوەی ترسیان لە دەرئەنجامەکانی هەبێت. هەیانە نەخۆشی نەخۆشخانە حکومیەکان بۆ نۆڕینگە و نەخۆشخانە تایبەتەکانیان رادەکێشن و بە رێگای جیاواز مەجبووریان دەکەن، یان بەپێی بارودۆخی دارایی نەخۆش، بۆ هەندێ پشکنینی تاقیگە و دەرمانە گرانبەهاکان و نەشتەگەریەکان دەیانهێننەوە نەخۆشخانە حکومییەکان. واته موڵکی حکومەت و تایبەت بە یەک ماڵ دەزانن.
زۆر جار پزیشکان داوا لە نەخۆش دەکەن لە تاقیگەی دیاریکراودا پشکنینەکان بکەن و لە دەرمانخانەی دیاریکراودا دەرمانەکان بکڕن. هەیانە بەبێ پێویستی نەخۆش دەرمان دەنووسن، داوای ئەنجامدانی پشکنینە گرانبەهاکانی تاقیگە و وێنەگریەکان دەکەن، یان پێیان دووبارە دەکەنەوە. ئەو دیاردانە لە کۆمەڵگا پزیشکیەکان زۆر بە زەقتریش بەدی دەکرێن چونکە پزیشک و پەرستار و تاقیگە و وێنەگری و دەرمانخانە هەموویان لە یەک باڵەخانەدانە و لەنێو خۆیاندا دەتوانن تۆڕێکی ئەژدیها ئاسا بۆ دۆشینی نەخۆش پێکبێنن.
نهێنی نییە کە پزیشکەکان پشکی شێریان لە خەرجیەکانی تاقیگە و دەرمان و نەشتەگەریەکانی نەخۆشخانە تایبەتەکاندا هەیە. لە حاڵەتی نەشتەگەریدا نزیکەی %70 ی داهاتەکە بۆ پزیشکە و ئەوەی دەمێنێتەوە لە نێوان بێهۆشکەر و پەرستار و نەخۆشخانەکە دابەش دەکرێ. ئەوانە خەریکە لە کولتووردا دەچەسپێن بەبێ ئەوەی وەزارەت کاریان لەسەر بکات.
سەندیکاکانیش کە ئاگاداری ئەو تۆڕه ئاڵۆزانەن، لەوەدا تا رادەیەکی زۆر بێباکن. لەلایەکەوە هەندێ لە سەرکردەکانی سەندیکاکان هەر خۆیان بەشێکن لە توێژی کارمەندانی کەرتی تایبەت و تۆڕەکانی بەرژەوەندی. بۆیە ئاساییە کە چاوپۆشییان لێبکەن و لە بنەڕەتیشەوە میکانیزمی بەدواداچوونی کارایان بۆ ئە و نۆڕینگە و کۆمەڵگایانە دروست نەکردووە. خۆ بەپێی ئەو بڕە میکانیزمە لاوازەی هەشە، کە رەنگە ناوبەناو بەدواداچوونێکیش بکرێ، بەڵام بەهۆی واستەکاری و تۆڕی دۆستایەتی، پێشێلکاران بێ سەرئێشە لێی دەردەچن و لە کارەکانیان بەردەوام دەبن.
=KTML_Bold=چاکسازی=KTML_End=
ئیتر مایەی سەرسوڕمان نییە کە رێز و هەیبەت و ناوبانگی پزیشکان دابەزیوە و بەگشتی متمانەیان لەلای نەخۆش و هاووڵاتیان و حکومەت کزبووە. بەردەوامبوونی ئەو دۆخە نەک تەنیا بۆ هاووڵاتیان، بەڵکو لە بەرژەوەندی کارمەندانی تەندروستیشدا نییە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە دەکرێ سیستەمەکە زۆر لەوەی ئێستا پێشکەوتووتر بێ، کواڵیتی خزمەتگوزاریەکان بەرزبن و بەهۆیانەوە هەرێمی کوردستان ببێتە مەزارگەی توریزمی پزیشکی نەخۆشەکانی باقی عێراق و دەرەوە لەجیاتی پێچەوانەکەی. بەهەمان پێوەر، دەکرێ قازانجە داراییەکانی پزیشکان و نۆڕینگە و نەخۆشخانە تایبەتەکانی هەرێم لەوەی ئێستا زیاتر و حەڵاڵتریش بێ، بەڵام سروشتی مرۆڤ وایە کە ئەگەر بۆی بچێتە سەر، مل دەداتە بەر شێوازی قەدبڕ بۆ قازانجی خێرا، هەتا ئەگەر لەسەر حیسابی یاسا و ئایین و ویژدان و پێگەی کۆمەڵایەتی خۆشی بێ. بۆیە کێشەکانی سیستەم تەنیا بە پەروەردە و راهێنان و ئامۆژگاری و هوشیارکردنەوە چاک نابن، بەڵکو بە حوکمی دروست و سەروەرکردنی یاسا و تۆکمەکردنی کاری حکومەت چاک دەبن. واتە، ئەرکی حکومەت و پەرلەمان و دادگا و دامەزراوەکانی چاودێرییه سنوورێک بۆ پێشێلکردنی یاسا و رێسا و رێنماییەکان و ئێتیکی پیشەیی بواری پزیشکی دابنێن.
پێویستە گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەر نەهجی مەرکەزیانەی وەزارەتی تەندروستیدا بێت بۆ ئەوەی بتوانێ سیستەمی بڕیاردان و چاودێریکردن و دڵنیایی جۆری کارا بکات. وەزارەت خۆی زیاتر بۆ کاری ستراتیژی و پلانی سەرتاسەری و دەرکردنی رێنمایی پسپۆڕیی تەرخان بکات، لەگەڵ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنیان لە لایەن حکومەتە خۆجێییەکان و دامەزراوەکانی کەرتی گشتی و تایبەتەوە و رۆڵی پشکنین و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن و مۆڵەتبەخشین و متمانەبەخشین بەشێوازی خولی ببینێ.
لەو نێوەدا، پێویستە بنکە تەندروستیەکان و نۆڕینگەکان و نەخۆشخانەکان بە پەیکەر و میکانیزمی نوێوە رابەرایەتی بکرێن و تا رادەیەکی زۆر سەربەخۆ بکرێن. ئەوانیش لە لایەن کۆمەڵێک دامەزراوەی سەرووترەوە و بەپێی میکانیزمی چاودێری و هەڵسەنگاندنی تۆکمە فشاری کاربەجێگەیاندنیان بخرێتە سەر، لەوانە: وەزارەت، ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجوومەنی پزیشکی گشتی (کە دروستبوو)، سەندیکا تایبەتمەندەکان (دوای گۆڕینی رۆڵیان بە یاسا)، داواکاری گشتی، چاودێریی دارایی، دەستەی دەستپاکی و دەستەی مافی مرۆڤ.
پێویستە حکومەت زۆرترین بودجە و وەبەرهێنان بۆ گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە سەرەتایی و فریاکەوتنەکان دابین بکات بەپلەی یەکەم و خزمەتگوزاریه ناوەندی (نەخۆشخانە)کان بە پلەی دووەم. هاوکات، پێویستە چاو بە سیستەمی تەمویلی سیستەمی تەندروستیدا بخشێنرێتەوە، چونکە ئەوەی ئێستا سەری نەگرتووه و لە ئایندەشدا سەرناگرێ. دیارە مۆدێلی جیاواز هەن بۆ مسۆگەرکردنی داهات و وەبەرهێنان لە کواڵیتی، بەڵام پێویستیان بە گۆڕینی یاسا کارپێکراوەکانە یاخود تەنیا پێویستیان بە دانانی یان گۆڕینی رێسا و رێنماییەکانە.
پێویستە چاو بە ئەرکە بنەڕەتیەکانی پیشە پزیشکیەکاندا بخشێنرێتەوە و به پێی رێبەرێک پەیوەندی پێکهاتەکانی سیستەم دابڕێژرێنەوە، بەجۆرێک کە مافە بنەڕەتیەکانی نەخۆش و هی کارمەندانی پزیشکی و مافی گشتی بپارێزرێن، پرۆسەکانی پشکنینی تاقیگه و چارەسەرکردن و دەرمان بەخشین بەپێی سیستەمێکی ئەلیکترۆنی و بە کۆدی پزیشکی رێکبخرێنەوە. ئەو جۆرە سیستەمە بە هاوکاری دەرەکی هاتووەتە هەرێم و پزیشک و دەرمانسازانی پێ ئاشنا کراون، بەڵام کاری پێ ناکرێ. شایانی باسە کە زۆربەی هەرە زۆری ئەو چارەسەریانەی پێشنیازکراون خەرجیەکی ئەوتۆیان تێناچێ کە لە توانای حکومەت یاخود نەخۆشدا نەبن.
=KTML_Bold=پوختە=KTML_End=
پڕکردنەوەی کەڵێنەکان و گۆڕینی نەریت و کولتوورە شێواوەکان و پاراستنی مافەکانی نەخۆش و پێشکەشکردنی باشترین کواڵیتی کاری زەحمەت نین و لە هەموو کاتێکدا دەتوانرێت ئەنجام بدرێت، هەتا لە کاتی قەیرانی داراییشدا، چونکە زۆربەی ئەو چاکسازیانە پێویستیان تەنیا بە نیەت و ئیرادە و پێداگیری بڕیاردەرە لوتکەییەکانی حوکمڕانی و تۆکمەکردنی میکانیزمەکانی رابەرایەتی و چاودێری و لێپرسینەوەیە. ئەوەش لە توانادایە و ئەزموونی وڵاتانیش ئەر راستیەی سەلماندووە.
*وردەکاریی زیاتر بۆ دەستنیشانکردنی کێشەکان و تاوتوێکردنی چارەسەریەکان لە دوایین کتێبی ئینستتیوتی مێری- دایە، کە بەرهەمی توێژینەوەیەکی تێروتەسەلە، بە ئامادەکردنی بەندە و لەژێر ناونیشانی دەوڵەتسازی: نەخشەڕێگایەک بۆ سەروەرکردنی یاسا و بەدامەزراوەییکردن لە هەرێمی کوردستان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=