=KTML_Bold=بڕیاری ترەمپ و ئەگەرەکانی بەردەم رۆژئاڤا=KTML_End=
#دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین قەرەداغی#
بە بڕیارێک و چەند تویتێکی لەناکاو، دۆناڵد ترەمپ نەک تەنیا زەلکاوەکەی سووریا و ناوچەکەی شڵەقاند، بەڵکو تەواوی دامەزراوەکانی حوکمڕانی وڵاتەکەشی هەژاند و خۆشی خستە بەر هەڕەشەی فشاری ناوەکی و دەرەکی. لەوانەیە، خەڵک و سیاسەتمەدارانی کوردی سووریا ئومێد لەسەر ئەو فشارانە هەڵچنن، بەڵام نەخێر، ئەگەری گۆڕینی بڕیارەکان زەحمەتە. ترەمپ زۆر لەوە سەرسەختترە کە خۆی تووشی شەرمەزاریی پەشیمانبوونەوە بکات. تەنانەت، رێگەی لەوەش گرتووە کە بەرپرسەکانی پێنتاگۆن فێڵی نوێ بدۆزنەوە بۆ خاوکردنەوەی کشانەوەی هێزەکان. بۆیە، تەنیا ئومێدێک کە لە ئارادابێ بۆ کوردی سووریا ئەوەیە بە هەوڵی خۆیان و دۆستەکانیان ئەڵتەرناتیڤێکی مامناوەندی بهێننە ئاراوە.
دۆناڵد ترەمپ، وەک سەرۆک، دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە سەرجەم فشارەکان پشتگوێ بخات. خۆشی دوور لە سۆز و بەها ئەخلاقیەکان، زیاتر گوێی لەوەیە ئایا تورکیا ئامادەیە لەجیاتی مووشەکی رووسیی زەمین- ئاسمانی S400، مووشەکی پاتریۆتی ئەمەریکی بە بەهای زیاتر لە سێ ملیار دۆلار بکڕێ. دەشزانێ کە دەنگدەرەکانی (بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی) گرنگی بە کەمکردنەوەی خەرجیە دەرەکیەکان و گەڕاندنەوەی لەشکرەکەیان بۆ ناوماڵ دەدەن، نەک شەڕی #داعش# یان پاراستنی چارەنووسی هاوپەیمانێکی ناحکومی لە وڵاتێکی بیانی.
بۆیەش، لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەدا، سەرۆک ترەمپ وەک بزنسمانێکی خراپ هاتە پێش. سەرۆک ئەردۆگان میچی داواکارییەکانی بایی ئەوەندە بەرزکردبووەوە کە خۆشی بڕوای نەبوو ترەمپ بێ دوودڵی پێیان رازی بێ، وای دانابوو کە لە ناوەڕاستدا یەکتر دەگرنەوە و ترەمپ داوای سەبرگرتن و دواخستن یان رێککەوتنی دیکەی لێ بکات. کەچی ترەمپ ئەردۆگانیشی تووشی شۆک کرد لەوەی کە، بە پێچەوانەی راوێژی راوێژکارەکانی، بە هەموو داواکارییەکان رازی بوو. تەنانەت ئەردۆگان ترسی لێ نیشت و ئامۆژگاری ترەمپی کرد لەوەی کە کشانەوەکە نابێ لەناکاو بێ. دیارە تورکیاش هێشتا ئامادە نییە وا زوو هێرش بکاتە سەر رۆژئاڤا. بێگومان ئەوەش وا دەکات کە تورکیا پەلە لە ئامادەباشیی سەربازی بکات، بەڵام مانای ئەوە نییە کە جارێ وازوو هێرش دەکات. هاوکات، رەنگە سیاسەتی تورکیا ئەوە نەبێ کە هەتا قووڵاییەکی زۆر هێزەکانی پەیەدە بڕەتێنێ، بەڵکو تەنیا بە قووڵایی 20 هەتا 30 کیلۆمەتەر زنجیرەیەکی سنووری داگیر بکات و بە هاوکاریی (لەشکری سووریای ئازاد) ئیدارەیەکی هاوشێوەی #عەفرین# دابمەزرێنێ و پەناهەندەکانی ناو تورکیا بگەڕێنێتەوە ناو سووریا. ئەوجا لە گفتوگۆیەکانی لەگەڵ ئێران و رووسیا بۆ نەخشەکردنی ئایندەی سووریا رۆڵی بڕیاردەرێکی سەرەکی ببینێ. ئەوەش بێجگە لەوەی دەتوانێ گورزێکی مەزن لە پەیەدە بدات و لەنێو دوو بەرداشی هێزی تورکی لە باکوور و هێزەکانی داعش و رژێمی سووریا لە باشوور، بیگوشێ و زۆربەی خاک و سامانەکانی ناوچەکەیانی لەدەست دەربێنێ.
بێگومان ئێران و رووسیا و رژێمی ئەسەد بە دەرئەنجامی ئەو کارانە سوودمەندن، چونکە دەمێکە هەرسێکیان کەمپەینیان بۆ وەدەرنانی ئامەریکا لە سووریا کردووە، بەڵام چاوەڕوان نەبوون کە تورکیا وا بە ئاسانی بەدیاری بۆیانی مسۆگەر بکات. ئەگینا، هیچکام لەو سێ لایەنە لە دژی هێزە کوردیەکان نەبوونە. هەرسێک لەوانەش جیددیترن لە شەڕی داعش بە بەراورد لەگەڵ تورکیا، چونکە دەزانن ئەو پازدە هەزار شەڕکەرەی داعش کە لە دیوی سووریا ناوچەکانیان لەدەستداوە، دەتوانن بەخێرایی ناوچەکانی وەک رەققە داگیر بکەنەوە. ئەوەش دەرگایەک بەکراوەیی بەجێدەهێلێ بۆ ئەوەی هێزی سووریای دیموکرات (#هەسەدە#) روو بکاتە ئەو سێ وڵاتە و دەست بە گفتوگۆی چارەنووسساز بکات. بێگومان ئەوەش باجی خۆی هەیە و هەسەدە مەجبوور دەکات کە چارەنووسی هەتا ئایندەیەکی نادیار بە رژێمی ئەسەدەوە ببەستێتەوە.
لێرەدا، پێویستە ئاماژە بە رۆڵی ئەوروپیەکان بکرێت. ئەوانە نزیکترین دراوسێی ناوچەکەن کە ئامانجی هیجرەتی پەنابەران و لەگەڵیشیاندا ئامانجی تێرۆریستانن. بۆیەش ترسیان لەوەیە کە بە ئاڵۆزبوونی بارودۆخ و دواتر سەرهەڵدانەوەی داعش، دیسانەوە ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران روو لە ئەوروپا بکەن. دەشترسن کە ئەو هەزاران شەڕکەرەی داعش کە لە بنەڕەتەوە ئەوروپایین و لە ناوچەکەدا قەتیس ماون، یان لای پەیەدە زیندانین، دەرفەتی ئازادبوونیان دەستکەوێ و بگەڕێنەوە ئەوروپا. بەریتانیا و فەرەنسا بە ئاشکرا نیگەرانیی خۆیان لە بڕیارەکەی ترەمپ دەربڕیوە، بەڵام هێشتا نزیک نین لە بڕیارێک بۆ ئەوەی هێزی وڵاتەکانیان بنێرنە سووریا و بۆشایی هێزی ئەمەریکی پێ پڕ بکەنەوە. ئەوروپاییەکان هەتا ئێستا باجی سیاسەتەکانی ئەمەریکایان داوە بەبێ ئەوەی خۆیان بتوانن رۆڵی رابەر لە سیاسەتی ناوچەکەدا ببینن. دامەزراوەکانی یەکێتی ئەوروپا بە شێوازێک دروستکراون کە نەتوانن سیاسەتی دەستێوەردان یان هەنگاوی لەشکرکێشی بهاوێن، بۆیە رۆڵەکە بۆ ئەندامە گرنگەکانی یەکێتی ئەوروپا ماوەتەوە. ئەوان دەتوانن رێگە لە سەرهەڵدانی شەڕێکی قورسی نێوان هاوپەیمانێکی ستراتیژی وەک تورکیا (ئەندام لە ناتۆ) و هاوپەیمانێکی تاکتیکیی لۆکاڵی (دژ بە داعش) بگرن. ئەوەش مانای وانییە کە تورکیا بە قسەیان دەکات، بەڵام توانای فشاری نەرمیان لەسەر هەیە.
جا لەو نێوەدا، ئایا کوردی رۆژئاڤا چی بکەن؟ جارێ زووە کاردانەوەی نێگەتیڤ بەرامبەر ئەمەریکا نیشان بدەن، یان تۆمەتی خیانەتیان بدەنە پاڵ، چونکە پرۆسەی بڕیاردان لە ئەمەریکا ئاڵۆزە و رۆژگاریش هێشتا زۆری پێوە ماوە. بە واتایەکی دیکە، لەوکاتەی کە ئامادەباشی بۆ رۆژی رەش دەکەن، هەوڵی کردنەوەی دەرگای زیاتر یان ئەلتەرناتیڤ بدەن.
شاراوە نییە کە لە رابردوودا کوردی رۆژاڤا لە پاراستنی پارسەنگی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ رۆژهەڵات و رۆژئاوا سەرکەوتوو بوونە. لە چوارچێوەی شەڕی داعشدا، لە یەک کاتدا پەیوەندی باشیان لەگەڵ ئەمەریکا و ئەوروپا و سعودیە و ئێران و رووسیا و رژێمی ئەسەد هەبووە، بەبێ ئەوەی لە هەناودا متمانەی هاوبەش لەگەڵ هیچکام لەوانە پەیدا بووبێ. ئەو دەرەنجامەی ئێستا بۆ کورد هەموو کاتێک پێشبینیکراو بووە. هاوکات، هیچکام لە هێزە جیهانیەکان پەیوەندیەکانیان لەگەل هەسەدە نەپچڕاندبوو. ئێستاش، دیارە کە گفتوگۆی راستەوخۆ لەنێوان هەسەدە و تورکیا کارێکی ئاسان نییە، بەڵکو بەلای تورکیاوە مەحاڵە. بەڵام لە دوای کشانەوەی ئەمەریکا، رەنگە ئێران و رووسیا ئامادەبن پشتگیری لە کوردی رۆژئاڤا بکەن بە مەرجێک لەگەڵ رژێمی ئەسەد رێکبکەون. ئیمڕۆ کاتی بیرکردنەوەی چڕو پڕ و زیادکردنی دۆست و کەمکردنەوەی نەیارە، سەرکردەکانی رۆژئاڤا زیاد لە هەموو کاتێک پێویستیان بە حیکمەت و هونەری لۆبیکردنە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=