=KTML_Bold=لامەرکەزی بە دروومانێکی خۆماڵی=KTML_End=
#دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین قەرەداغی#
خەڵکی هەرێمی کوردستان چاویان لەوەیە کە بە سیستەمێکی مۆدێرن بناغەی حوکمڕانیی هەرێم دابمەزرێت، بەجۆرێک کە پرۆسەی حوکمڕانی لە ئاستی حکومەتی خۆجێیی کارا بێ، ئاسان بێ و بە کەمترین خەرجی باشترین کواڵیتی تێدا بەرجەستە بکرێ. بەڵام لە واقیعدا، پەیکەر و سیستەمی حکومەتی خۆجێیی هەرێمی کوردستان هی عێراقی کۆنە کە لە 27 ساڵدا گەشەیەکی ناڕێکی پێکراوە و لە دوا ئەنجامدا بووەتە سەرچاوەی کێشە و گرفتی ئاڵۆز. سەرباری کەموکورتیەکانیش، کەچی هێشتا سیستەمەکە بەردەوام کاری پێ دەکرێ. تەنانەت ئێستا وا پەلە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکرێ کە هەر خۆی یەکێکە لە گرێکوێرەکان. لەم وتارەدا، لەسەر بنەمای توێژینەوەیەکی تێروتەسەلی ئینستتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێری)، پێشنیازی دواخستنی ئەو هەڵبژاردنە و داڕشتنەوەی پەیکەری حکومەتی خۆجێیی و هەموارکردنەوەی یاساکەی کراوە، بەو ئومێدەی کە پەرلەمانی کوردستان ئەو بابەتە بە زووترین کات بخاتە سەرووی ئەجێندا و ئەولەویاتەکانی.
=KTML_Bold=مەرکەزیەت لە نەهجی حوکمڕانی=KTML_End=
لە هەرێمی کوردستان، هاووڵاتیان بۆ ئەنجامدانی کاری رۆتینی گەورە و بچووک مەجبور کراون روو لە سەنتەری پارێزگاکان بکەن، جا هەر لە تۆمارکردنی ئوتومبیلێکەوە بگرە تا دەگاتە دەرکردنی پاسپۆرت و رەزامەندی وەرگرتن بۆ حەج و دامەزراندن و گواستنەوە و ناردنە دەرەوەی فەرمانبەران. ئەو ئاستە لەرادەبەدەرەی مەرکەزیەت لە نەهجی حوکمڕانی لەگەڵ خواست و ئامانجی خەڵکە پێشکەوتنخوازەکەی هەرێم ناگونجێ.
دیارە بەپێی یاسا و عورفی حوکمڕانی هەرێم، زۆربەی دەسەڵاتەکانی بڕیاردان لە وەزارەت و پۆستی وەزیرەکاندا چڕکراونەتەوه. پەیکەری وەزارەتەکان وەک هەرەمی بنکەفراوان باڵیان بەسەر هەرێمدا کێشاوە. شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بەپێی سیاسەتی وەزیرەکان بەردەوام لە هەڵبەزین و دابەزیندایە و بووەتە هۆی لاوازکردنی دامەزراوەکانی خوارتر. لوتکەی وەزارەتەکان لە رۆتینی بەڕێوەبردن و کاربەڕێکردندا نقوم کراون. رێچکەی رۆتینەکان له سەرجەم وەزارەت و ئۆرگانەکانی حکومەت، بەتایبەتی لە ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیەکان ناڕوون، تێکەڵاو، یاخود لێکدابڕاون و بوونەتە هۆی هەڵاوسانیان و گرانبەهاکردنی خزمەتەکان و بنکۆڵکردنی کواڵیتی. بەو پێیە، سیستەمی ئێستا رێگرە لەوەی کە حکومەتە خۆجێییەکان ببنە خاوەن بڕیار لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان لە توانا ئابووری و مرۆییەکانیان بەپێی سروشتی جوگرافی و پێکهاتەی کۆمەڵگاکانیان.
=KTML_Bold=کێشەی یاسا و سیستەم=KTML_End=
بۆ چارەسەرکردنی ئەو جۆرە کێشانە، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە (3)ی 2009 ی دەرکرد. کۆمەڵێک دەسەڵاتی رێنمایی و چاودێریکردنی بۆ سێ ئەنجومەنی هەڵبژێردراو لە ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحیەکان دیاریکرد. یاساکەی هەرێم بە لاساییکردنەوە و کۆپیکردنی یاسا عێراقیەکەی ژمارە (21)ی ساڵی 2008 داڕێژرا، ئەم یاسایە بۆ ئەو پارێزگا عێراقیانە دەرکرا کە هێشتا نەکراونەتە هەرێم (إقلیم). مەبەست لە دەرکردنیشی ئەوەبوو رێ لە بەهەرێمبوونی پارێزگاکانی دیکە بگرن و زۆر لەو دەسەڵاتانەی کە بەپێی دەستوور درابوونە هەرێمی کوردستان بیاندەنە پارێزگاکانی باقی عێراق. کەواتە، یاسای ژمارە (21)ی عێراقی بۆ سیستەمی حوکمڕانی هەرێم نەدروابوو، پێویست نەبوو کتومت لاسایی بکرێتەوە.
خۆ ئەزموونیش سەلماندی کە یاساکەی هەرێم لە یەکەم رۆژەوە قابیلی جێبەجێکردن نەبوو. جارێ ئەنجومەنەکانی قەزا و ناحیەکان لە بنەڕەتەوە هەڵنەبژێردران. ئەنجومەنی پارێزگاکانیش لەبەر کێشەی کارگێڕی و دارایی و بگرە یاسایی زۆر نەیانتوانی ئامانجەکانیان بپێکن، یان رۆڵێکی ئەوتۆ لە پرۆسەی حوکمڕانیدا ببینن. بۆ نموونە مەودای دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی پارێزگا لە هەرێمدا بە روونی دیاری نەکراون و لەگەڵ پەرلەمان و حکومەت بەریەک دەکەون. توانای ئەنجومەنەکان بۆ دەرکردنی رێکاری کار و رێنماییەکانیان و چاودێریکردنی جێبەجێکردن سنووردارە. ئەوانەش بێجگە لەوەی کە پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگار لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگا و کابینەی حکومەت ئاڵۆز و پڕ کێشەیە. لە نێو پەیکەری پارێزگاشدا کۆمەڵێک بەڕێوەبەرایەتی و بەش و هۆبەی لێکدابڕاو هەن کە کارەکانیان تەواوکەری یەکدین، بەڵام رێچکەی کارگێڕی و مەرجەعیەتی زۆربەیان راستەوخۆ سەر بە وەزارەتەکانن. لە ئەنجامدا دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی پارێزگار و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان بە سنوورداری ماوەتەوە، بۆیەش هاووڵاتیان بۆ زۆر لە کارەکانیان راستەوخۆ روو لە وەزارەتەکان دەکەن.
دیارە کە دەستکاری رووکەشیانەی پەیکەری سیستەم دەردی حوکمڕانی لە کوردستان تیمار ناکات، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم لە بنەڕەتەوە پێناسە بکرێتەوە و بە یاسا دەسەڵاتە کارگێڕی و داراییەکان دابەش بکرێنەوە. گرنگە کە داڕشتنەوەی سیستەمی هەرێم بە دروومانێکی خۆماڵی بێ، بە رەچاوکردنی تایبەتمەندێتی لۆکاڵی و بەبێ چاولێکەری باقی عێراق یان وڵاتانی دیکە. دیارە لە جیهانی دەرەکیدا مۆدێلی سەرکەوتوو زۆرن بۆ لاساییکردنەوە، بەڵام مەرج نییە بۆ هەرێم گونجاو بن، چونکە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، مێژووی گەشەکردنی سیستەم، کولتووری بەڕێوەبردن، دینامیەت و هاوکێشە سیاسیەکان و ئەقلیەتی بیرکردنەوە و جۆری کێشەکانی هەرێم زۆر جیاوازن لە هی هەموو وڵاتێکی دیکەی نزیک و دوور.
=KTML_Bold=قەزا ببێتە بەردی بناغە=KTML_End=
لە دوایین توێژینەوەی ئینستیتوتی مێری {1} پێشنیازی پەیکەرێکی ئەڵتەرناتیڤ وەک مۆدێلێکی خۆماڵی بۆ حکومەتی خۆجێیی کراوە و تێیدا هاتووە کە قەزا (شارۆچکە) بکرێتە یەکە بنەڕەتیەکەی ئیدارەی حکومڕانی لە هەرێمدا و سەرجەم کۆڵەگەکانی حکومەتی خۆجێیی لەسەر بونیاد بنرێت. ئەو پێناسە نوێیە لەسەر بنەمای ئەو پرینسیپەیە کە هاووڵاتیان لە قەزاکانیاندا سەرجەم کار و خزمەتگوزاریەکانیان بۆ ئەنجام بدرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەت و پارێزگاکان. واتە، زۆربەی دەسەڵاتەکانی بڕیاردانی کارگێڕی و دارایی و ئەرکەکانی جێبەجێکردن بدرێتە قەزاکان و تەنیا ئەرکی هەماهەنگی و رابەرایەتی بدرێتە پارێزگار و سەرووتر.
دیارە که ئەو گۆڕانکاریە بنەڕەتیانە پێویستیان بە هەموارکردنەوەی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2009 و ژمارە (159)ی ساڵی 1969 (قانون إدارە المحافڤات) هەیە، کە ئەوانەش کاری قورس نین. دەکرێ لە ئاستی ئەنجومەنی وەزیرانیشدا دەزگایەک بەناوی هەماهەنگی حکومەتی لۆکاڵی (الحکم المحلی) دابنرێ، کە لە کۆمەڵێک شارەزا پێکبێت بۆ هاوئاهەنگکردنی یاساکان و جێبەجێکردنیان لە نێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرییەکاندا و بۆ بەدواداچوونی کاروباری حکومەتە خۆجێییەکانیش له ئاستی حکومەتی لوتکەوە.
=KTML_Bold=یەک هەڵبژاردن و دوو ئەنجومەن=KTML_End=
دەکرێ لەمەودوا تەنیا یەک هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئەویش بۆ ئەنجومەنی قەزا بێ. لە سنووری هەر ناحیەیەک نوێنەرێک بۆ ئەو ئەنجومەنە هەڵبژێردرێت و دواتر سەرۆک و جێگری سەرۆک دەستنیشان بکرێن. هەر ئەو دوو سەرکردەیەش کە پێشڕەوێتی ئەنجومەنی قەزا دەکەن، لە هەمان کاتدا ببنە ئەندام لە ئەنجومەنی پارێزگا. واتە ئەنجومەنی پارێزگا لە سەرکردەی ئەنجومەنەکانی قەزا پێکبێت.
بەو پێیە، لە یەک پرۆسەی هەڵبژاردندا دوو ئەنجومەنی بەهێز دێنە کایەوە کە هەریەکەیان نوێنەری سەرجەم ناحیە و قەزاکانی تێدا دەبێ. واتە پێویست بە هەڵبژاردنی دووەم بۆ ئەنجومەنی پارێزگا و هی سێیەم بۆ ئەنجومەنی ناحیەکان ناکات. دەشکرێ ناوەندی قەزا گەورە و چڕەکان دابەشبکرێنە سەر دوو یان سێ ناحیە هەتا ژمارەی نوێنەرەکانیان لە ئەنجومەنی قەزا بەپێی رێژەی دانیشتووانیان بێ. بە هەمان شێوە، دەکرێ سەنتەری شارە گەورەکانی پارێزگاکانیش دابەشبکرێنە سەر دوو یان سێ قەزا و هەریەکەیان ببێتە یەکەی ئیداری سەربەخۆ و خاوەنی ئەنجومەنێکی بەجیا. بەوە ژمارەی نوێنەرانی شارە گەورەکان لە ئەنجومەنی پارێزگادا بەپێی رێژە گونجاوەکەی دانیشتووان دەبێ.
بەو مۆدێلە، خەرجی مووچەی خەڵکانێکی زۆریش کەم دەکرێتەوە، چونکە لەجیاتی دامەزراندنی لەشکرێک لە هەڵبژێردراوان بە مووچەی پلە تایبەت، تەنیا سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی قەزاکان کاتی خۆیان بە تەواوی (فوولتایم) تەرخان دەکەن و ئەوانی دیکە بە نیوەی کات (پارتتایم) کار بۆ ئەنجومەن دەکەن.
=KTML_Bold=پێکهاتەی ئەنجومەن و دامەزراندنی قایمقام=KTML_End=
دەکرێ سەرجەم ئەندامانی هەردوو ئەنجومەنی قەزا و پارێزگا هەڵبژێردراو بن، یان زۆرینەیان (دوو لەسەر سێ) هەڵبژێردراو بن و ئەوانی دیکە بریتی بن لە جێبەجێکاران. بۆ نموونە، لە ئەنجومەنی قەزادا، قایمقام و دوو بەڕێوەبەری ناحیە (بە شێوازی خولی لە نێوان بەڕێوەبەرەکاندا) ئەندام بن. لە ئەنجومەنی پارێزگاشدا، دەکرێ پارێزگار و دوو قایمقام و دوو بەڕێوەبەری ناحیە بە خولی ئەندام بن. ئەو جۆرە ئەندامێتیە بۆ پتەوکردنی پردی متمانە و ئاڵوگۆڕی زانیاری و کەڵەکەبوونی ئەزموون زۆر گرنگە. هەڵبەتە، بژارەی دیکەش هەن و هەریەکەیان سوود و زیانی خۆیان هەیە و دەبێ بە وردی رەچاو بکرێن.
سەبارەت بە میکانیزمی دامەزراندنی پارێزگار، دەکرێ وەک هی ئێستا بمێنێ یان دەستکاری بکرێت، بەڵام دەبێ دامەزراندنی قایمقام گرنگی زیاتری پێ بدرێت. دەکرێ ئەویش لەنێو ئەندامە هەڵبژێردراوەکانی ئەنجومەنی قەزادا دەستنیشان بکرێت، یان بەپێی سی ڤی و لە کێبڕکێیەکی کراوەدا بە سەرپەرشتی ئەنجومەنی قەزا دابمەزرێندرێ. ئەوەی دواییان دەرفەت دەداتە ئەنجومەن کە رابەری لێهاتوو لە هەرکوێ بێ بۆ شارۆچکەکەی بێنێ و سوودی گەورەی لێ ببینێ. زۆر گرنگە کە دانان و لادانی قایمقام تەنیا لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی قەزادا بێ، بەجۆرێک پارێزگار تەنیا بۆی هەبێ داوا لە ئەنجومەنی قەزا بکات کە بەخشین یان سەندنەوەی متمانە بە قایمقام بخرێتە دەنگدانەوە. لە ناو ئەنجومەنیشدا بۆ سێیەکی ئەندامان هەبێ کە هەمان داوا بکەن.
=KTML_Bold=بەڕێوەبەرایەتیەکانی نێو حکومەتی خۆجێیی=KTML_End=
دەکرێ بەڕێوەبەرایەتیەکانی ئاستی قەزاکان بەجۆرێک رێکبخرێنەوە کە بەش و هۆبەی هاوپیشە و هاوشێوەی لێکنزیک ئاوێتە بکات. گرنگە بەڕێوەبەرەکان دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی سەربەخۆیان هەبێ، بەڵام لە بواری پسپۆڕیە پیشەییەکانیانەوە پەیوەست بن بە پەیڕەوکردنی ستراتیژ و پلان و رێنمایی قەزا و پارێزگاکەیان و وەزارەته پەیوەندیدارەکان. هاوکات پێویست ناکات ژمارەی بەڕێوەبەرایەتیەکان ئاوێنەی سەرجەم وەزارەت و دەستە و فەرمانگەکانی لوتکە بن. بەڵکو لە ئاستی قەزادا کەمترین ژمارەی بەڕێوەبەرایەتی زۆرترین بەش و هۆبەی تایبەتمەند لەخۆ بگرن.
بۆ نموونە دەکرێ (بەرێوەبەرایەتی شارەوانی و دێهاتەکان) دابهێنرێت کە کۆمەڵێک بەش و هۆبە خزمەتگوزاریە پەیوەندیدارەکان لەژێر یەک چەتردا کۆبکاتەوه، لەوانە: پلانی نیشتەجێ و ئاوەدانکردنەوە، هۆبەی تۆمارکردنی خانووبەرە (تاپۆ)، ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا، خاوێنکردنەوە و خاشاک لابردن، باخچەکان، ئاسەوار و کەلەپوور، رێگا و پردەکانی شار و دێهاتەکان و چاککردنیان، گواستنەوەی ناوشار (پاس و تاکسی)، پۆستە و گەیاندن، هێماکانی هاتوچۆ و پۆلیسی تەجاوز. بەوە کۆمەڵێ کێشەی پلاندانان و هەماهەنگی و بەفیڕۆدانی خەرجی کەمبکرێتەوە. چیتر شەقامەکان بۆ جاری سێیەم و چوارەم بە هۆی بێپلانی و لێکدابڕانی بەڕێوەبەرایەتیەکانەوە هەڵنەکەندرێنەوە. بەو پێیە، پەیکەری شارەوانی قەزاکان لەرووی کارگێڕی و داراییەوە سەربەخۆ دەبێ و لەژێر چاودێری قایمقام و ئەنجومەنی قەزادا دەبێت. بۆیە دەکرێت ئەنجومەنی شارەوانی و سەرۆکایەتی شارەوانی شارەگەورەکان و بەرێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکان لە بنەڕەتەوە هەڵبوەشێندرێنەوە و فەرمانبەرەکانیان بەسەر قەزا و ناحیەکاندا دابەشبکرێنەوە.
بە هەمان شێوە، دەکرێ بەڕێوەبەرایەتیەک بۆ )کاروبارە مرۆڤایەتیەکان( دابنرێ بۆ کۆکردنەوەی چاڵاکیەکانی چەندین بەش و هۆبە لە بواری رۆشنبیری، لاوان، کاروبارە ئاینیەکان و ئەوقاف، کاروباری کۆمەڵایەتی، شەهیدان و ئەنفالکراوان، خانمان، چاودێری تایبەت، چاودێری کەمئەندامان، دەستەبەرکردنی کرێکاران، راگەیاندن و چاپکردن.
دیارە ئێستا کەموکوڕی لە ژمارە و ئەزموونی رابەرایەتی لە ئاستی لۆکاڵیدا بەدی دەکرێ، بەڵام دەکرێ لە ئێستاوە بەرنامە بۆ بەرزکردنەوەی تواناکان و پەروەردەکردنی رابەران ئامادە بکرێ. هاوکات پێویستە مەرج بۆ خۆ کاندیدکردن بۆ سەرجەم پۆستە هەڵبژێردراو و دامەزراوەکان دابنرێ، هەروەها رێبەری کارکردنی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەرەکان بە وردەکاریەوە دابڕێژرێت.
=KTML_Bold=داڕشتنەوەی پەیکەری پارێزگاکان=KTML_End=
لە نێو پەیکەری پارێزگاشدا دەکرێ ژمارەیەکی کەم بەرێوەبەرایەتی هەبن کە ئاوێنەی بەڕێوەبەرایەتیەکانی قەزاکان بن و تەنیا رۆڵی هەماهەنگی و چاودێری ببینن. بەو پێیە رۆڵی پارێزگار و بەڕێوەبەرایەتیەکانی ئاستی پارێزگا سنووردار دەکرێ لە: کارە ستراتیژیە لوتکەیی و رابەرێتیەکانی وەک داڕشتنی سیاسەت و پلان و ستراتیژی سەرتاسەریی ئاستی پارێزگا بۆ سێکتەرەکانی ئابووری و خزمەتگوزاری؛ بەرپرسیارێتی ئەمنی و فریاکەوتن لە ئاستی پارێزگا؛ هەماهەنگی له نێوان وەزارەت و بەرێوەبەرایەتیەکانی خوارتر؛ لۆبیکردن لە ئاستی ناوەکی و دەرەکی بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر؛ دڵنیابوون لە کواڵیتی و کارایی کاری بەرێوەبەرایەتیەکان لە رێگەی کاراکردنی میکانیزمەکانی چاودێری ناوەکی و بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن و لێپرسینەوە.
=KTML_Bold=دەستکەوتەکان=KTML_End=
بەپێی ئەو رێکخستنەوەیە پێشنیازکراوە، کۆمەڵێک دەستکەوت لە یەک کاتدا بۆ هەرێم دێتە کایەوە. لەوانە: کەمکردنەوەی رۆتین و داهێنانی پرۆسەی یەک پەنجەرە؛ گێڕانەوەی هەیبەت بۆ قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و تەواوی حکومەت؛ دروستکردنەوەی متمانەی نێوان حکومەت و هاوڵاتی؛ کەمکردنەوەی گەندەڵیی لە رێگەی دابەزاندنی دەسەڵات و بەرپرسیارێتیەکان و کاراکردنی سیستەمی چاودێریی؛ چارەسەکردنی کێشەی هەڵاوسانی لوتکە و دابەشکردنەوەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکان؛ ئاودانکردنەوەی قەزا و دێهاتەکان بە هۆی باشتر کردنی کواڵیتی ژیان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=