لە ناوەندێ دەخوا لە پەڕگان دەنوێ
ڕانە بزن، کاتێک لە کۆل و ئاخوڕدا ئالیکی بۆ ڕوودەکرێت لە کاتی خواردندا زۆر شەڕەقۆچێ دەکەن بە مەبەستی ئەوەی باشترین شوێن هەڵبژێرن بۆ ئەوەی زۆرترین ئالیک بخۆن، ئەو بزنەی بتوانێت لەناوەندی ئاخوڕەکە بخوات لەهەردوو لاوە زاری دەسووڕێنێت و دەخوات، بەوە دەوترێت: لە ناوەندێ خواردن، دوای ئەوەی تێری خوارد دەچێتە دووری ڕانەکە لە شوێنێکی لاچەپ و دوورە دەنوێت بەو شوێنە دەوترێت: پەڕگان، ئەوە بووە بە ئیدیۆم بۆ کەسانێک بەکاردەهێنرێت کە قازانجێکی باش بکەن لە کارێک کە ئەنجامی دەدەن و وا خۆشیان نیشان دەدەن کە هیچیان دەستنەکەوتووە، یان خۆیان تێک نەدەن و بەسەرخۆیان نەهێنن و هەژار خۆیان بنوێنن، زۆر کەس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەخوا واخۆشی نیشان دەدا کە هیچی بۆ نەبووە و هیچیشی نەخواردووە. [1]