کوریک ساوشینە چوڕ چوڕ لە مەڕی بستینە
وتراویشە: کوریکە گاگرۆ بەهارت هینا بەدرۆ، کوریکە گاگرۆ کە گوڵی بچووک و وردیلەی سپی و مۆرن لە کۆتایی ڕەشەمێ دڕوێن لە هەرد و کۆساران، زۆر جوان و دڵگیرن بەڵام هێشتا سەرما تەزووی نەشکاوە، گژوگیا ناتوانن نەشونما و باڵا بکەن بۆیە پێی دەوتریت بەهارە درۆزنە واتە بەهار بەتاقە گوڵی گاگرۆ نایەت، هەرچەند شاعیران بۆ ستایشی خۆشەویست و دۆست کە بە تاقە گوڵیان چواندووە وتویانە: درۆیە گەر وتویانە بە تاقە گوڵێک بەهار نایە، کولیلک، گولیک، گوریک، گوڵی بچوک و وردیلە و ڕەنگاوڕەنگن سوور و سپی و زەرد و مۆر و تێکەڵن، لە کاتی گەشە و چەکەرەی گژوگیا و دار و درەختدا دەردەکەون، لە ناوچەی دەشتەکییەکانی #هەولێر# و #خۆشناوەتی# و #کۆیه# بە گولیک یان کولیلک دەوترێت: کوریک، کوریکە، وەکوو: کوریکە نیسان و کوریکە گاگرۆ و کوریکە ساوشینە و کوریکە چەقێلە و...تاد، لە گۆرانی فۆلکلۆری کوردەواریشدا وتراوە: ئەز کچم کچا کوردانم کولیلکەی سەرێ لاوانم ڕەیحانە ڕەز و چەمانم لاوکۆ ئەز بێریڤانم، کوریکە ساوشینە گوڵێکی وردیلەی مەیلە و زەردە لە مانگی ئازار سەرەتای خاکەلێوە لە پێدەشتی کاکی بەکاکی قەراج و کەندێناوە و شەمامک و زورگەزراو دەڕوێت و دەردەکەوێت، مەڕیش لە مانگی خەرمانان-تەمموز و گەرمەی پەرێز کەوتندا بەرانی دەخوات و ماوەی ئاوسییەکەی بە پێنج مانگان تەواو دەکات لە مانگەکانی (بەفرانبار و ڕێبەندان) دەزێ و بەرخەکان شیری دایکیان دەخۆن تاوەکوو مانگی ڕەشەمە و سەرەتای خاکەلێوە تەواو تووند دەبن و خەریکە فێرە لەوەڕ دەبن و گژوگیاش وردەوردە سەر دەهێنێت و خاک لێوانلێو دەبێت لە بارانی باریووی زستان و سارد و سۆڵە بارگەی دەپێچێتەوە، له دوو لاوە خاوەنی ڕان دەتوانێت مەڕەکان سەبر سەبر بدۆشێت ئەویش: گژوگیا خەریکە بۆ دەمی مەڕەکان خۆش دەبێت و لەوەڕ زۆر دەبێت بەمەش شیری مەڕەکانیش دەست بەزیادبوون دەکات و لەلایەکی تریشەوە بەرخەکان ئەگەر دەم لە گژوگیا بدەن و هەندێک بلەوەڕێن ئەوا کەمتر شیری دایکیان دەخۆن، بۆیە لە کوردەواری دەشتی هەولێرێ وەکوو ئەزموونی شوانکارە وتراوە: کوریک ساوشینە چوڕ چوڕ لە مەڕی بستینە.[1]