ناو: محەمەد
نازناو: مەمەدەڕەش ڕواندزی
ناوی باوک: خدر محەمەد
ساڵی لەدایکبوون: 1932
ساڵی شەهیدبوون: 1992
شوێنی لەدایکبوون: #ڕواندز#
$ژیاننامە$
محەمەد خدر محەمەد، ناسراو بە مەمەدەڕەش ڕواندزى، ساڵى 1932 لە شارۆچکەی ڕواندزى پارێزگاى #هەولێر# لەدایکبووە.
لەتەمەنى منداڵى باوکى کۆچى دوایی دەکات، بۆیە لەبەر ئەرکى بەرپرسیاریەتى ماڵ بەخێوکردن نەیتوانیوە بچێتە بەر خوێندن.
ساڵى 1955 ژیانى هاوسەرگیرى پێکهێناوە، خاوەنى شەش کوڕ و کچێک بووە.
ساڵى 1975 دواى نسکۆى شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی وڵاتى ئێران دەبێت، سەرەتا دەچیتە ئۆردۆگاى #شنۆ#ى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، دواى چەند مانگێک بۆ ئۆردوگاى ئەنزل لە سەرپێلی زهاو (سەر پولى زەهاب) دەگوازرێتەوە، چەند مانگێگ لەوێ دەمێنیتەوە و پاشان بۆ سەرمیل دەگوازرێتەوە، چەند مانگێگ لەوێ دەبێت ئینجا بۆ شارى یەزد دەگوازرێتەوە.
لە #22-11-1991# دواى ڕاپەڕینى خەڵکى باشوورى کوردستان، لەگەڵ بنەماڵەکەی دەگەڕێتەوە کوردستان و لە شارى ڕواندز نیشتەجێ دەبێت.
ساڵى 1962 لەگەڵ چەند گەنجێکى هاوتەمەنى خۆی وەک سەید سەلیم و محەمەد زیاد و قادرە گۆج لە گوندى #فەقیان#ى شارۆچکەی ڕواندز پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول دەکات و دەبێتە پێشمەرگە، لە شەڕەکانى گوندى ئاکۆیان و فەقیان و چیاى کۆڕەک و دارە هیشک و گەروى بێجان و بەنى چیای هەریر بەشدارییەکى بوێرانە دەکات، لەبەر ئازایەتى ئەو پۆلە پێشمەرگەیە، پەلێکیان لە سنوورى هێزى باڵەک بۆ دەکرێتەوە و محەمەد زیاد دەکرێتە سەرپەل و مەمەدەڕەش ڕواندزی دەکرێتە جێگرى سەرپەل، بۆ بەرگریکردن لە فراونخوازى سوپاى ئێراق ڕەوانەى ناوچەى #دێگەڵە# لە شارۆچکەى کۆیە دەکرێن.
ساڵى 1963 تا 1964 لە دەڤەرى ڕواندز و دۆڵى ئاکۆیان و چیاى کۆڕەک بەشدارى چەند شەڕێک دەکات.
ساڵى 1965 لە چیای کۆڕەک بەشدارى شەڕى تێکشکاندنى سوپاى ئێراق دەکات.
ساڵى 1966 لەگەڵ هەڤاڵە پێشمەرگەکانى وەک سەید سەلیم و محەمەد زیاد و قادرە گۆج و مەجید کاروانچى، هێرش دەکەنە سەر سوپاى ئێراق و سەری چیاى کۆڕەک و کەپکە قەڵ لە سنوورى شارۆچکەى ڕواندز لەدەست سوپاى ئێراق ڕزگار دەکەن و زیانێکى زۆر بەر سوپاى ئێراق دەگەیەنن.
ساڵى 1966 بەشدارى شەڕى دارە هیشک و چیاى کۆڕەک و دۆڵى ئاکۆیان و دۆڵى ئاڵانە لە شارەدێى #خەلیفان# و چیاى هندرێن دەکات، لە شەڕى چیاى هندرێن مەمەدەڕەش ڕواندزى بە سوکى بریندار دەبێت و هاوڕێکانى جێیناهێڵن و دەربازى دەکەن.
ساڵى 1970 دواى بەیانى 11ى ئادار، محەمەد زیاد دەکرێتە سەرلق و مەمەدەڕەش ڕواندزیش دەبێتە جێگرى سەر لق. هەمان ساڵ دواى پێکهێنانى هێزى پاسەوانى سنوور، لەبەر ئەوەى زمانى عەرەبى زانیوە دەکرێتە (ڕەئیس عوڕەفا).
ساڵى 1971 بەشدارى شەڕى #کەلەکین# دژى جاشە خۆفرۆشەکانى ڕژێمى ئێراق دەکات. دواى ئەوەى بەرپرسی لێژنە ناوچەى ڕواندز بۆ لێژنە ناوچەى #ئاکرێ# بڕیارى گواستنەوەى دەرچوو، داواى لە سەرکردایەتى پارتى کردبوو، مەمەدەڕەش ڕواندزیش لەگەڵ ئەو بگوازنەوە، چونکە پێویستى پێ دەبێت، بۆیە مەمەدەڕەش ڕواندزى ماوەى دوو ساڵ لە دەڤەرى بادینان وەک پێشمەرگە و جێگرى عەبدولڕەحیم جەسیم ڕۆڵى خۆی بینیوە.
ساڵى 1974 دواى پاشگەزبوونەوەى حکوومەتى ئێراق لە جێبەجێکردنى بەیاننامەى 11ى ئادار و دەسپێکردنەوەى شەڕ دژى خەڵکى کوردستان، مەمەدەڕەش ڕواندزى دووبارە وەک جێگرى سەر لق گەڕایەوە شوێنى پێشووى خۆى، بەشدارى شەڕەکانى چیاى کۆڕەک و دۆڵى ئاکۆیانی دژى سوپاى ئێراق کرد، لە #08-08-1974# محەمەد زیاد شەهید دەبێت، بۆیە مەمەدەرەش ڕواندزى لە شوێنى ئەو دەکرێتە سەرلق.
ساڵى 1985 دووبارە پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕش گوڵان دەکاتەوە، لەسەر داواى #ئیدریس بارزانى# هێزێکى پێشمەرگەی 400 کەسى پێک دەهێنێت و دێتەوە بۆ ناوچەى خنێرە لە دەڤەرى #سیدەکان#. بەشدارى چەندین شەڕى دژى سوپاى ئێراقی دەکات، ساڵى 1988 بەشدارى داستانى خواکوڕکى لەدەڤەرى برادۆست کردووە.
سەرەتای ساڵى 1992 لە شارى ڕواندز لەسەر داواى سەرکردایەتى هێزێکى پێشمەرگە پێک دەهێنێت، ساڵى 1992 لە شەڕى بەرگریکردن لەسەروەرى یاسا بە گوللەی چەکدارانى #پەکەکە# شەهید دەبێت.[1]