=KTML_Bold=ئەمریکا و ئێران و شەبەحی شەڕ=KTML_End=
#دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین قەرەداغی#
تەنگهەڵچنین بە ئێران لەلایەن ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپەوە سەرسوڕهێنەرە، بەڵام پێشبینیکراویش بوو. پارساڵ ئەمەریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کشایەوە و بەرنامەی ئابلۆقەدانی سەر ئەو وڵاتەی زیندوو کردەوە. ئێستاش وا گرژییەکی دەستکردی لەناکاوی داهێناوە. پرسیار ئەوەیە: ئایا سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ هەتا کوێ بڕ دەکات، لەونێوەشدا سیاسەتی عێراق و هەرێمی کوردستان چی بێت؟
=KTML_Bold=ترەمپ شەڕخوازە؟=KTML_End=
سیاسەت و رەفتارەکانی دۆناڵد ترەمپ هەمیشە جێگەی سەرنجی جیهان بوونە، بەڵام لە کۆتاییدا دەرکەوتووە کە ترەمپ کورتبینانە وەک بزنسمانێکی پارەپەرست بیر لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەی دەکاتەوە. نایشارێتەوە کە خوازیاری پارەیە نەک شەڕ، شەڕەکانیشی زیاتر بۆ داهاتە نەک بەها. ئەوەتا بە ئاشکرا کەوتووەتە دۆشینی دۆستە عەرەبەکانی بەبێ ئەوەی سوپاسگوزار بێ یان گوێ بداتە سەقامگیرکردنی ناوچەکە و بڵاوکردنەوەی بەها دیموکراتییەکان.
دەکرێ لە چاوی سەرۆک ترەمپەوە سەیری نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێ، کە لە چەندین وڵاتی دەوڵەمەندی وەک ئێران و عێراق و سوریادا بازاڕی ئەمەریکا لاواز بووە و بەهۆی هەژموونی ئێرانەوە دەرفەتی بزنسی گەورە بۆ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بوونەتە دەگمەن. خۆ کە دەرفەتی بزنسی گەورە تێیاندا هاتنە کایەوە، زۆربەی دۆلارەکان – کۆنتراکتە گەورەکان - روویان لە چین و رووسیا و ئەوروپا کردووە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە تەنیا لە عێراقدا ئەمەریکا زیاتر لە تریلیۆنێک دۆلاری لە رووخانی سەددام خەرج کرد و دواتر بە زیان لێی دەرچوو. لەوانەش زیاتر، کە باراک ئۆباما و ئەوروپیەکان رێککەوتننامەی ئەتۆمییان لەگەڵ ئێران واژۆ کرد، لە دوو لاوە گورز بە بزنسی ئەمەریکی کەوت. یەکەمیان، لە جیاتی ئەوەی رێککەوتننامەکە بە کێشە ئەمنییەکان و سنووردارکردنی نفوزی عەسکەریی ئێرانەوە ببەستنەوە، کەچی بە پێچەوانەوە ئێرانیان دەوڵەمەندتر کرد کە بتوانێ زیاتریش پەرە بە هەژموونی لە ناوچەکە بدات. دووەمیان، لە دوای هەڵگرتنی ئابلۆقەکە، هیچ کۆمپانیایەکی ئەمەریکی سوودی لە دەرفەتە بازرگانی و ئابوورییەکانی ناو ئێران وەرنەگرتووە و وەرناگرێ.
ئیتر ئامانجی سەرەکی سەرۆک ترەمپ هەڵگیرسانی شەڕ نییە و پێشتریش خوازیاری شەڕی دژی ئێران نەبووە، چونکە دەزانێ پرۆسەی شەڕ گرانبەهایە و بۆ ئابووریی وڵاتەکەی خراپە، هاوکات بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆک، گرەو لەسەر شەڕ ناکرێ، چونکە دەنگدەرانی ئەمەریکی دەنگ بۆ ئابووریی بەهێز دەدەن نەک بردنەوەی شەڕ. جۆرج بوشی باوک شەڕێکی گەورەی لە ساڵی 1991 لە عێراق بردەوە، کەچی بەهۆی شڵەقانی ئابووریی وڵاتەکەی، لە هەڵبژاردندا دۆڕاندی.
ئیمڕۆ ترەمپ دەتوانێ دەستپێشخەری لە شەڕێکی گەورەدا بکات، بەڵام مسۆگەر نییە کە کۆتاییهێنان بە شەڕەکە لەسەر دەستی ئەو دەبێ. ئەوەش بێجگە لەو راستیەی کە تەواوی ئیدارەی ئەمەریکی و کۆنگرێس و دۆستە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا (بە ئیسرائیلیشەوە) شەڕ بە بژارەیەکی باش نازانن. بۆیە، بەپێی لۆژیک، جارێ دۆناڵد ترەمپ کرژییەکان تەنیا بۆ کاری پۆپۆلیستی هەڵبژاردن و ملکەچکردنی ئێران بەکاردێنێ، بەڵگەش ئەوەیە کە جووڵە سەربازییەکانی تا ئێستا لە کاری سیمبۆلی یان بەرگریکردن تێنەپەڕیون. تەنانەت کاردانەوەیەکی ئەوتۆی بۆ تەشقەڵە ئێرانییەکانیش نەبووە و هۆشداری داوەتە راوێژکارە نزیکەکانی (وەک جۆن بۆڵتن) کە بە زیادەوە پاڵی پێوە نەنێن و کرژییەکان بەرەو هەڵگیرسانی شەڕ نەبەن.
بەوانەدا دیارە کە ترەمپ مەبەستی شەڕ نییە، مەگەر فیشەکە شێتەیەک - کە بە پلان یان بێ پلان - فتیلەکە داگیرسێنێ، لەو حاڵەتەشدا رەنگە ئەمەریکا کاردانەوەیەکی سنوورداری هەبێ. نیەتی ترەمپ زیاتر لەوە دەچێ ئێران پەلکێش بکات بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و رێککەوتننامەیەکی نوێی لەگەڵدا واژوو بکات. تەنانەت ژمارە تەلەفۆنێکیشی داوەتە سویسرییەکان و سەرۆکی سویسرا (ئوێلی مۆرەر) بۆ ئەوەی ئێرانییەکان بتوانن راستەوخۆ پەیوەندی بە کۆشکی سپییەوە بکەن.
هەڵبەتە، ئەو تاکتیکە کە لەگەڵ کۆریای باکوور سەری گرت، لەگەڵ ئێران زەحمەتە سەر بگرێ، ئەگەرچی، سەرباری گوتە ئاگرینەکانیان، سیاسەتمەدارانی ئێرانی خەڵکی پراگماتیکن و لە هونەری سیاسەت و دینامیەتی هێزدا لێزانن. ئاشکراشە کە ئێرانییەکان لە بەرژەوەندی خۆیان نابینن، بۆیە بەدوور نازانرێ کە هەرخۆیان دەستپێشخەر بن بۆ گفتوگۆ، لەوەشدا زۆر هونەرمەندن. لە گفتوگۆکانی پێشوویاندا ئێرانیەکان سەلماندوویانە کە زیرەکن، زەحمەتن، چیڕەدرێژن و لە کۆتاییدا بە دەستکەوتی نوێوە لێی دەردەچن. کۆشکی سپی ئەوە دەزانێ بەڵام بەو هیوایەیە لەونێوەدا رژێمی ئێران هەر لەژێر فشاری ئابووریدا لاواز ببێ و دواتر لە کۆتاییدا دوورنییە بتەپێ.
=KTML_Bold=کاردانەوەی ئێران=KTML_End=
خەمی گەورەی ئێرانیەکان زیاتر پەیوەستە بە پاراستنی رژێمەکەیان کە لە مەودای کورتدا توانای خۆڕاگرتنی لە بەرامبەر ئابڵوقەی ئابووری هەیە، بەڵام لەوە ناچێ توانای خۆڕاگرتنی بەرامبەر هێرشی زلهێز هەبێ. لە مەودای درێژیشدا ترسیان لەوەیە ئەگەر ئەو ئابلۆقە توندەی ئێستا بەردەوام بێ، ئەوا رژێمەکەیان بکەوێتە بەر هەڕەشەی شلەقانی ناوەکی و هەڵگەڕانەوەی خەڵک و بگرە رووخانیشی. بۆیە ئێران لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە بۆ هەر ئەگەرێک لە ئەگەرەکان. سەرۆک کۆمار سەرپەرشتی خانەی قەیران دەکات و کە تێیدا دیراسەتی کاریگەریە عەسکەری و ئابووریەکان و داڕشتنی سیاسەتی گشتی بۆ هەڵمەتی دیپلۆماتی و ئامادەباشییەکان دەکرێ.
هەندێک لە سەرکردەکانی ئێران بەلایانەوە باشترە هەر خۆیان دەستپێشخەری شەڕ بن و چاوەڕێی قەدەر نەکەن. جا هەر ئەو لایەنە لەدەستیان دێت فتیلی یەکەم بخەنە ناو بارووتەوە. خۆ دەزانن کە ئەمەریکا و ئیسرائیل توانای وەشاندنی گورزی کەمەرشکێنیان هەیە، بەڵام ئێرانیش تواناکانی خۆی بۆ بەرگری و دەستڕۆیشتن نیشانداوە، کە لە شەڕی مان و نەماندا دوودڵیی لە بەکارهێنانی ئامرازەکانی بەردەستی ناکات. تەنانەت، ئێران وای دەردەبڕێ کە تەنیا لە رێگەی مووشەکی مەودای نزیک و مامناوەندییەوە دەتوانێ بە قەدەر کاریگەریی چەندین بۆمبی ئەتۆمی هێرش بباتە سەر ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبیە نەیارەکان.
دیارە کە هەڵگرانی ئەو بۆچوونەی سەرەوە لە ئێران کەمینەن و زۆرینەیان دەیانەوێ لە شەڕ بەدوور بن. سەرباری هەندێ گوتاری ئاگرین، دیارە سیاسەتی گشتیی ئێران ئەوەیە کە پاساوی شەڕ داگیرسان بەدەستەوە نەدەن. بۆیان باشترە کە جارێ هەتا هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا رایکێشن، بەو هیوایەی کە ئیدارەی سەرۆک ترەمپ لەبنەڕەتەوە دەگۆڕێ. خۆ ئەگەر نەشگۆڕا، ئەوا لەوانەیە سیاسەتی خودی ئەو ئیدارەیە گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
ئێران رایگەیاندووە کە تەنیا دوو مانگ چاوەڕێ دەکات و ئەگەر ئەمەریکا سیاسەتەکەی نەگۆڕی ئەوا ئەویش کۆتایی بە رێککەوتننامەکە دەهێنێ. هەڵبەتە ئەوە مانای بێباکی دەگەیەنێ و ئەگەری شەڕ زیاتر دەکات، بەڵام لە راستیدا لەوە ناچێ ئێران ئەو هەڕەشەیە بباتە سەر، چونکە دەزانێ ئەو کات دۆستە نێودەوڵەتیەکانی لە دەست دەدات و دواتر ئیسرائیل و سعودیە و ئیمارات و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش پشتئەستوورتر دەبن.
بۆیە تا ئێستا ئێرانیەکان دانیان بەخۆیان و هاوپەیمانە وەکیلەکانیان لە وڵاتانی دراوسێدا گرتووە و خۆیان تا رادەیەک لە ورووژاندن و بەرەنگاری عەسکەریی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل پاراستووە. رێگا دیپلۆماسیەکانیان گرتووەتە بەر بۆ دروستکردنی فشار لەسەر ئەمەریکا لە رێگەی ئەوروپا و رووسیا و چین و تورکیا و عێراق و وڵاتانی دیکە. ئەوەش جگە لە هەوڵی بێوچان بۆ زیادکردنی داهات و هاتوچۆی بازرگانیی نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێ، هەوڵدان بۆ پشتبەخۆبەستن لە سێکتەری ئابووری جیاوازدا. تەنانەت ئێران پشتبەستنی بە نەوت تا رادەی 37٪ کەم کردووەتەوە.
=KTML_Bold=نیەتی ئیسرائیل=KTML_End=
ئیسرائیل دەمێک بوو، بە تایبەتی لە سەردەمی جۆرج بووشی کوڕ، لۆبی بۆ لێدانی ئێران دەکرد و دواتر زۆر لە دژی رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی سەردەمی ئۆباما بوو، ئەوەش نەک تەنیا لەترسی بۆمبی ئەتۆمیی ئێرانی، بەڵکو لەبەر تەشەنەکردنی هێز و هەژموونی ئێرانی لە دەوروبەری. ئیمڕۆ توانای سەربازی (مرۆیی و چەکداری)ی هاوپەیمانە وەکیلەکانی ئێران تا ئەندازەی پەکخستنی ئیسرائیل زیاد بوونه. مووشەکە ئێرانییەکان لە کەلێنە تاریکەکانی ئەو وڵاتانەدا دڵنیایی نابەخشن. بەڵام لە راستیدا لەوە ناچێ ئیسرائیل بیەوێ تووشی شەڕی ئێران ببێ، یان ئەمەریکا تووشی ئەو جۆرە شەڕە بکات، بەڵکو زیاتر مەبەستیەتی رەفتار و سیاسەتی ئێرانی لەناوچەکە بگۆڕێ و وازی پێ لە بەرنامەی ئەتۆمی بهێنێ.
دیارە ئیسرائیل متمانەی بە هێز و توانا موخابەراتیەکانی خۆی هەیە تا لە بەرامبەر ئێراندا شەڕ نەدۆڕێنێ، ئەگەرچی مەرج نییە هەموو ئامانجەکانی پێ بێتە دی. لە مەودای کورتیشدا لە بارودۆخەکە رازیە، بەڵام ترسی لە ئایندەی دوور هەیە. دەشزانێ کە شەڕ بێسوودە چونکە ئەگەر ئیمڕۆ بنکە ئەتۆمیەکانی ئێران بە بۆمبابارانیش هەڵتەکێنرێن، ئەوا بەرنامەی بۆمبی ئەتۆمی تەنیا چەند ساڵێکی کورت دوادەکەوێ و ئێران سەرلەنوێ دەستپێدەکاتەوە. ئیتر لە رۆژگاری ئیمڕۆدا، لەوە ناچێ ئیسرائیل شەڕی بوێ و لۆبیەکەی زیاتر بۆ تەنگهەڵچنین بووە بە ئێران.
=KTML_Bold=عێراق و هەرێمی کوردستان=KTML_End=
پێگەی عێراق و هەرێمی کوردستان، وەک شانۆیەکی ستراتیژی بۆ ململانێ ئیقلیمی و جیهانیەکان، زۆر گرنگ و هەستیارە و دەکرێ حکومەتەکانی بەغدا و #هەولێر# پەیڕەوی هەمان پۆڵەسی بکەن لەسەر بنەمای هەمان پرینسیپ.
ئەمەریکا و ئێران دەمێکە لە هەموو ئاستێکی بڕیاردا تۆڕی هاوپەیمانێتییان لەگەڵ هێزە لۆکالیەکانی عێراق بەربڵاو کردووە و لەچوارچێوەی بەرژەوەندی وڵاتەکانیانەوە هەوڵی بەکارهێنانیان داوە. لەولاوە، ئێرانییەکان خەریکی پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانین لەگەڵ عێراق، بە تایبەتی لە بواری نەوت. لە بەرژەوەندیی ئەواندایە کە حکومەتی عێراق رازی بکەن بەوەی هەناردەی نەوت کەم بکاتەوە و ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و تێکدانی پلانەکانی ئەمەریکا، دواتر ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە ئابلۆقەکەی سەر ئێران. بە دیوەکەی دیکەشدا، ئەمەریکییەکان فشارێکی زۆریان خستووەتە سەر عێراقیەکان تا فێڵیان لێ نەکەن و ئابلۆقەکەی سەر ئێران نەشکێنن. بێگومان ئەمەریکا دەزانێ کە عێراق زۆر لاوازە و لە ژێر زێدە فشاردا سەقامگیریەکەی لەدەست دەدات و بەوەش هەر ئێران سوودمەند دەبێ. بۆیە، ئەمەریکا تا رادەیەک ئامادەیە فشارەکانی بۆ سەر عێراق سنووردار بکات.
لە عێراقدا، هیزە لۆکاڵیەکان چەندین بەش و لایەنن. هەیانە هەڵگیرسانی شەڕ بە دەرفەت دەزانن بۆ گۆڕینی هاوکێشەکان و رزگاربوون لە هەژموونی ئێران بەسەر عێراقدا، کە تا ئێستا رۆڵێکی دروستکەرانەی لە سەقامگیرکردنی ئەمنی و گەشەپێدانی ئابووری و سیاسی و دیموکراسی وڵاتەکەدا نەبینیوە. بێگومان ئەوانە بە گەشبینیەکی زێدەوە، بگرە بە رەش و سپی، دەڕواننە ئەو ململانێیەی نێوان ئێران و ئەمەریکا و وای دادەنێن کە شەڕی ئەمەریکا دەبێتە شەڕی رووخانی رژێم، یان داهێنانی نیزامێکی نوێ لە عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەو بۆچوونەش زۆر دوورە لە واقیع و لە بیرکردنەوەی ئەمەریکی و ئێرانی و ئیسرائیلی.
هێزی دیکەش هەن لە عێراق کە هاوپەیمانی ئێرانن و دواڕۆژی خۆیان لەگەڵیدا گرێداوە و دوورنییە لە کاتی شەڕی چارەنووسسازدا هاوکاریشی بکەن. هەندێکی دیکەش نیگەرانن لە سیاسەتی ئەمەریکا لە عێراق، کە هێشتا روون نییە و ئەوانی پێشتریش بەردەوامێتیان نەبووە. خۆ لەوە ناچێ ئیدارەی ئێستا ئەولەویەتی دابێتە دیموکراسیەت و سەقامگیرکردن، بەڵکو زیاتر لە چوارچێوەی دژایەتیی ئێراندا مامەڵەی لەگەڵ هێزە عێراقیەکان کردووە و زیاتر زمانی هەڕەشەکردن بە پەیامەکانیەوە زاڵە، کە ئەوەش زۆر جیاوازە لە سیاسەتی ئیدارەکانی پێشوو.
ئیمڕۆ چاوی جیهان لەسەر عێراقیەکانە بۆ هەر جموجۆڵێکی لایەنگیرانە لەنێو هێزە ئیقلیمی و جیهانییەکاندا. خۆ لە کەشی سیاسی و ئامرازەکانی زانیاری، هیچ شتێک نەماوە لە عێراقدا کە لە ئەمەریکا و ئێران بشاردرێتەوە. واتە، بەزاندنی هەر سنوور و خەتێکی سوور لەلایەن ماسیە بچووکەکانەوە بە ئاسانی دەبینرێ و بە ورووژاندن و شەڕ پێفروشتن لەقەڵەم دەدرێ و سزاش بەدوای خۆیدا دێنێ.
بۆیە تاکە پێشنیاز بۆ سەرکردە عێراقیەکان و ئەوانی هەرێمی کوردستان بریتییە لە پاراستنی بێلایەنی و دوورکەوتنەوە لە شەڕی حوتەکان هەتا کاتی تێپەڕبوونی ئەو گەوارەیە. گرنگە کە رێگە بە هیچ هێزێک نەدرێت راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییە ئەمەریکی یان ئێرانیەکان لە ناوەوەی عێراقدا، یان لە ناو عێراقەوە بەرەو دەرەوە. ئەوکات هیچ هۆکارێک لە ئارادا نابێ کە خاکی هەرێم بکرێتە ئامانج، یان گۆڕەپانی هێرشی تێکدەری هەرلایەکیان. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=