=KTML_Bold=ڤایرۆسی کۆرۆنا: خۆپاراستن و پلاندانان=KTML_End=
#دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین قەرەداغی#
=KTML_Bold=نەخۆشی کۆرۆنا گەیشتە کوێ؟=KTML_End=
لە وڵاتی چیندا، خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هێور بووەتەوە، بەڵام هێشتا لە تەشەنەکردندایە. کۆریای باشوور و ئیتاڵیا و ئێران بوونەتە سەرچاوەی نوێ بۆ تەشەنەکردن و جارێ لەوانەدا کۆنترۆڵ نەکراوە. ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە سەرجەم کیشوەرەکانی جیهان و لە چەندین وڵاتدا تۆمارکراوە، بەڵام لەوانەدا ڤایرۆسەکە هێشتا لە قۆناخی سەرەتایی پەتادایە. مەترسی گەورە لەوەدایە کە ڤایرۆسەکە دەگاتە ئەو وڵاتە بنکۆڵ و هەژارانەی وەک عێراق و وڵاتانی ئەفریقا کە سیستەمی تەندروستییان توانای بەرەنگار بوونەوەی پەتاکەی لاوازە. بۆیە، رەنگە مەسەلەی کۆنترۆڵکردن شەڕێکی دۆڕاو بێ. پێویستە هەرێمی کوردستان لەوانە باشتری پێبکرێت.
بێگومان جیهانی ئەمڕۆ و کۆمەڵگەکان زۆر تێکەڵ و لێکبەستراوەنەتەوە. ئامرازەکانی گواستنەوە و هۆکارەکانی قەرەباڵخی و تێکەڵبوون زۆر بوونە، بۆیە مەسەلەی تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسەکە هەر مەسەلەی کاتە و لە ئاییندەدا ڤایرۆسەکە وەک ئەوانی ئینفلەوەنزا لە کۆمەڵگە دەچەسپێ و دەبێتە خاوەن ماڵ.
=KTML_Bold=قۆناخەکانی تەشەنەکردن و ئەرکی حکومەت؟=KTML_End=
قۆناخی یەکەم ئەو کاتەیە کە بۆ یەکەمجار ڤایرۆسەکە دەگاتە ناو کۆمەڵگەیەک، لەوەدا دەکرێ دەورەی بگیردرێ و کۆنترۆڵ بکرێ. هەرێمی کوردستان لەو قۆناخەدایە و حکومەتی هەرێمیش وا خەریکە. لەو قۆناخە سەرەتاییەدا، پێویستە خەڵک و حکومەت بەزیادەوە تووشی وەسواسی نەبن. جارێ هەتا بەڵگەی تەشەنەکردنی بێسنوور نەیەتە ئاراوە، پێویست ناکات رێکاری زۆر تووند بەکار بهێندرێت، چونکە ئەو جۆرە وەسواسی و رێکارە تووندانە بۆ ماوەی درێژ و بەبێ بەڵگە دەبنە هۆی ئیرهاقکردنی سیستەم و کۆمەڵگە، کە دواتر رەنگە زوو کۆڵبدەن و رێکارەکانیش کاریگەرییان نەمێنێ.
هەر لەو قۆناخەشدا، بەشێک لە بەرپرسیارێتی خەڵک ئەوەیە کە لەگەڵ حکومەت هاوکار بن و زانیاری پێبدەن. پێویست ناکات خەڵک نەخۆشییەکە بشارێتەوە، زۆر باشترە کە زوو یارمەتی و ئامۆژگاری پزیشکی وەربگرێ بەبێ ئەوەی کە حکومەت یان خەڵک بە چاوی هەڕەشە و مەترسییەوە سەیری نەخۆش بکات. بەداخەوە، ناسینەوەی نیشانەکانی نەخۆشییەکە کارێکی ئاسان نییە و تاکە رێگە بۆ دڵنیابوون لە بوون یان نەبوونی نەخۆشییەکە ئەوەیە کە لە پشکنینی تاقیگە بۆ سامپڵی نەخۆشەکە بکرێت.
قۆناخەکانی دواتر ئەوانەن کە ڤایرۆسەکە لە کۆمەڵگەدا دەخولێتەوە بەبێ ئەوەی نەخۆشە نوێکان پەیوەندییان بە سەرچاوەی یەکەمەوە مابێ. لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، لەتوانای حکومەتدا نابێ کە رێگە لەو تەشەنەیە بگرێ، بەڵام دەتوانێ خێرایی ئەو تەشەنەیە خاوبکەنەوە و چەسپانی ڤایرۆسەکە لە کۆمەڵگە هەتا هاوین دوابخات، کە ئەوکات تینی پەتایەکە بە سرووشتی کەمدەبێتەوە و زانیاری و ئامرازی زانستیش بۆ چارەسەر و رێگرتن زیاتر دەبن.
لە هەموو قۆناخەکاندا، پێویستە حکومەت زۆر بە شەفافی ئامار و ئامۆژگاری بەردەوام بگەیێنێتە خەڵک. شاردنەوەی زانیاری هۆکارێکی سەرەکییە لە تەشەنەکردن، وە راستگۆیی و پێشکەشکردنی ئاماری دروست ئامرازێکی سەرەکییە بۆ رێگرتن لەگەڵ ڤایرۆسەکە.
=KTML_Bold=ئاستی مەترسی و رێژەی مردن=KTML_End=
جارێ زووە بزاندرێ رێژەی مردن چەندە، بەڵام زۆر کەمترە لەوەی باسدەکرێ. لەگەڵ زانیاری زیاتر لە وڵاتی چینەوە دەرکەوتووە کە رێژەی ئەوانەی نەخۆشی سووک دەگرن وەیان هەست ناکەن گرتوویانە، زۆر زیاترن لەوانەی کە بە قورسی دەیگرن و حکومەتیش ئاگای لەوانە نییە و ئاماری بۆیان پەیدا نەکردووە. لەنێو ئەوانەش کە نەخۆشییەکانیان دەستنیشانکراوە، دەوروبەری سەدا یەک بۆ دوو (1-2 % - هێشتا کۆتایی نییە) مردوون، واتە رێژە راستەقینەکەی مردن رەنگە کەمتر بێ لە سەدا یەک. ئەزموونی نەخۆشییە درمەکان سەلماندوویەتی کە لە خراپترین حاڵەتدا، رێژەی 80%ی خەڵک تووشی ڤاریۆس دەبن و ئەوانی دیکە بەرناکەون.
لە وڵاتی ئێران رێژەی مردن بە زیادەوە تۆمارکراوە، بەڵام ئەوە زانیاری دروست نییە و جێگەی بڕوا نییە، چونکە رێژەکان تەنیا لەنێو ئەوانەن کە حکومەت وەک نەخۆش رایگەیاندوون، کەچی ژمارەیەکی زۆر لە تووشبووان سەردانی بنکە تەندروستییەکانیان نەکردووە یان دەوڵەتی ئێران رای نەگەیاندوون. بێگومان، ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستیی ئێران لاوازترە لە هی چین، بۆیە رەنگە رێژەی مردن تۆزێک لە سەرووی چینەوە بێ بەڵام نەک بەو ئاستەی باسی لێوە دەکرێ.
=KTML_Bold=کۆرۆنا لە منداڵ و پیر=KTML_End=
هەموو کەس قابیلی ئەوەیە ڤایرۆسەکە وەرگرێ و نەخۆشی لێ دەرکەوێ و دواتریش چاک ببێتەوە، بەڵام جیاوازی لەنێو خەڵکدا زۆرە. بۆ نموونە، منداڵ و لاوی تەندروست بە گشتی زۆر بە سووکی نەخۆشییەکە دەگرن و تەنیا کەمینەیەکیان بە قورسی دەیگرن. لە زۆریاندا نیشانەکانی نەخۆشیش دەرناکەوەن، بۆیە ئەوانە ئاسانتر نەخۆشیەکە دەگوازنەوە. خۆ منداڵان لەکاتی یاریکردن و تێکەڵبووندا خۆیان لە لیک و ئاوی لوت و کۆکە و پژمینی یەکتر ناپارێزن و زۆریش گوێ نادەنە پاکوخاوێنی و دەستشۆردن. کە دەگەڕێنەوە ماڵیش، خۆشەویستەکانیان لە ئامێزیان دەگرن و بە تەوقە و ماچکردن و پێکەوەژیان ڤایرۆسەکانیان لێ وەردەگرن.
خەڵکانی بە تەمەن یان ئەوانەی نەخۆشی دیکەیان هەیە (بۆ نموونە دڵ، شەکرە، گورچیلە، شێرپەنجە و هتد..) بەرگری لەشیان کەمترە. بۆیە ئەوانە نەخۆشییەکە بە تووندی دەگرن، بەڵام مانای ئەوە نییە کە رزگاریان نابێ. ئەزموونی چین سەلماندی کە زۆربەی ئەوانەش چاک دەبنەوە، بەڵام رێژەی مردن لەنێویاندا زیاترە وەک لە خەڵکی ساخ. شایانی باسە کە هیچ کاتێک درەنگ نییە بۆ ئەوەی خەڵک گرنگی بە باری تەندروستی بدات، لەرێگەی وەرزش و خواردنی چاک و وازهێنان لە جگەرەکێشان و کەمکردنەوەی هۆکارەکانی ماندووبوون و ئیرهاقی (سترێسی) دەروونی. جگەرەکێشان مەترسییەکی راستەوخۆترە لە رەفتارەکانی دیکە، چونکە ڤایرۆسەکە دەچێتە سیپەلاک و بۆرییەکانی هەناسەوە، کە هەر ئەو ئۆرگانانەن کە جگەرە زیانیان لێ دەدات.
شایانی باسە، ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشی دەبن و چاک دەبنەوە، مانای بەرگرییان پەیداکردووە و پاک بوونەتەوە و چیتر مایەی مەترسی نین و ڤایرۆس بڵاو ناکەنەوە، ئەو کەسانە خۆشبەختن کە رزگاریان بووە جارێکی دیکە تووش نابنەوە مەگەر هۆکارێکی دەگمەنیان تێدا هەبێ. هەتا ئێستا تەنیا یەک حاڵەتی توشبوونەوە لە چین باسی لێکراوە و ئەویش مایەی سەرسوڕمانە و دیارنییە کە بارودۆخەکەی چی بووە.
=KTML_Bold=خۆپاراستن و پاراستنی کۆمەڵگە=KTML_End=
ڤایرۆسەکە لەگەڵ دڵۆپە ئاوی دەم و لووت و چاو و هەناسە دەپڕژێتە دەوروبەر، دواتر بە هەمان رێگە دەچێتە ناو لەشی یەکێکی دیکە. رەفتاری مرۆڤیش وایە کە هەمیشە دەست لە دەم و لووت و چاو دەدات و بە دەستی پڕ لە ڤایرۆس بڵاوی دەکاتەوە. هەر شوێنێکیش کە دەستی تەڕی نەخۆشێکی پێوە دەبێ، ڤایرۆسی دەکەوێتە سەر. ئەو ڤایرۆسە لە زستاندا بۆ ماوەی چەند سەعاتێک بە زیندوویی دەمێنێتەوە (لە گەرمای هاویندا بە پێچەوانەیە). بۆیەش، دوورکەوتنەوە لە هەناسە و کۆکە و پژمینی خەڵک وە دەست شووشتن و راگرتنی پاکوخاوێنی تەنیا رێگان بۆ خۆپاراستن. بەکارهێنانی دیتۆڵ و کحول بۆ پاککردنەوەی هەر کەلوپەلێک کە دڵۆپ و ڤایرۆسی مرۆڤی پێوەبێ پێویستە.
خۆشبەختانە خەڵک زۆر هوشیار بووەتەوە، بۆیە لە ئامادەباشیدایە. مەسەلەی راگرتنی پاکوخاوێنی، هەواگۆڕکێی ژووری داخراو، دەست شووشتنی بەردەوام، دوورکەوتنەوە لە تەوقەکردن و ماچکردن و نزیکبوونەوە لەوانەی نەخۆشن وەیان دەکۆکن و دەپژمن.
ماسکی دەموچاو بۆ نەخۆش دروستکراوە کە لەکاتی کۆکین و پژمین و قسەکردن دڵۆپەی پڕ لە ڤایرۆس بلاو نەکاتەوە، بەڵام لە راستیدا، لە حاڵەتی تووشبوونیدا، پێویستە نەخۆشەکە لە بنەڕەتەوە نەچێتە نێو خەڵک و پێویستە لەماڵ وەیان نەخۆشخانە پشووبدات. سوودی ماسک بۆ خەڵکی ساخ کەمتر و سنووردارترە، چونکە لە زۆربەی حاڵەت بە چاکی بەکارنایەت و دەبێ زوو زوو بگۆڕدرێت.
حکومەت بەرپرسیارە لەوەی کە بڕیاربدات کەی و چۆن کۆبوونەوەی خەڵک کەمدەکاتەوە. لە وەرزی سەرمادا گرنگە رێگە لە هەندێ کۆبوونەوە بگیردرێت کە دەبنە مایەی تەشەنەکردنی خێرای ڤایرۆس. لە چەند رۆژی رابوردوودا، دەوڵەتی سعودیە عەمرەی راگرت، کە کارێکی زۆر باش بوو. زۆر لە وڵاتان رێگەیان لە کۆنفرانس و کۆبوونەوەی گشتی و تازیە و ئاهەنگگێڕان گرتووە یان رێکخەران هەڵیانوەشاندووەتەوە. لە کوردستانیش هەندێ رێکاری هاوشێوە کراوە و رەچاوی کەمکردنەوەی دەوام و راگرتنی قوتابخانەکان کراوە. کارێکی گونجاویش دەبێ کە لە ئایندەدا (لە کات و ساتی گونجاو و بەشێوەیەکی کاتی) نوێژی جەماعەت و هەینی (لە مزگەوتەکان) هەڵپەسێردرێن. پاراستنی خەڵک لە بڵاوکردنەوەی نەخۆشی هەر خۆی لەخۆیدا عیبادەتە. ئەگەر لە مزگەوت لە کاتی نوێژکردن و لە چرکە هێمنەکاندا هەست رابگریت، هەر لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی گوێبیستی دەیان و بگرە سەدان دانە کۆکە و پژمین دەبیت، بەڵام ئەوە بە هەند وەنەگیراوە و دەبێ بۆ خێری کۆمەڵگە حیسابی جیددی بۆ بکرێت.
=KTML_Bold=پەتای کۆرۆنا کەی تێدەپەڕێت؟=KTML_End=
دیارە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بایی ئەوەندە لە سەرتاپای جیهان بڵاو بووەتەوە کە ئیتر لەناو ناچێ و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا لە زۆربەی کۆمەڵگەکانی جیهاندا دەچەسپێ. لەگەڵ ئەویشدا، ژمارەی ئەوانەی کە تووشی ڤایرۆسەکە دەبن و چاک دەبنەوە، زیاتر دەبێ. بەو هۆیە بەرگری گشتی دژە ڤایرۆس لەنێو کۆمەڵگەدا بەرەو زیادبوون دەچێ، بەوەش مەترسییەکانیش کەمتر دەبنەوە.
لە وەرزی هاویندا، خەڵک کەمتر لە ژووری داخراودا دەبێ و کەمتر رووبەڕووی خەڵکی نەخۆش دەبنەوە. هاوکات، ئەو دڵۆپانەی هەناسە و تەڕایەتی دەست و ئامرازەکانی دەوروبەر بە گەرمای بەرز زووتر وشکدەبنەوە، بەوەش ڤایرۆسەکەش وشکدەبێتەوە و خۆی ناگرێ.
بەو پێیە، لە ئاییندەیەکی نزیکدا (چەند مانگێک) ئاست و رێژەی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە دەگاتە ئەوەی کە تا رادەیەک یان کۆنترۆڵ دەکرێ (کە ئاسان نییە)، یان لە زۆر وڵاتدا لە کۆنترۆڵ دەردەچێ و حکومەتەکان کۆڵ دەدەن و دیاردەکە دەبێتە ئاسایی. لە هەردوو حاڵەتدا لە چەند مانگی داهاتوودا (لە کۆتایی بەهار تاوەکو کۆتایی هاوین) ژیان دەگەڕێتەوە باری ئاسایی و نۆرماڵ، نەخۆشییەکە وەک ئینفلەوەنزا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ. لەو نێوەشدا، رەنگە دەرمانی چارەسەر و ڤاکسین (کوتان) بدۆزرێنەوە، بەڵام ئەو بەرهەمانە ماوەیەکی زۆر زیاتریان پێویستە بۆ ئەوەی بکەونە بازاڕەوە لەوەی کە خەڵک چاوەڕوانیەتی. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=