=KTML_Bold=کۆرۆنا: بەردەوامبوونی ژیان و چانسی چاکبوونەوە=KTML_End=
#دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین قەرەداغی#
=KTML_Bold=ستراتیژی هەرێم=KTML_End=
خۆشبەختانە هێشتا هەرێمی کوردستان لە پێگەی یەکەمی رێگرتنە لە پەتای کۆرۆنا و رێگەی نەداوە گوڕ بستێنێ و لەکۆنترۆڵ دەربچێ. ستراتیژی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە تاوەکو ئێستا ئەوە بووە کە رێگە لە هاتنەژوورەوەی بگرێ و دواتریش کە هاتە ناوەوە، رێگە لە تەشەنەکردنی بگرێت. پێویستە ئەو رێکارانە هەتا ماوەی چەند مانگێک بەردەوام بن، چونکە ڤایرۆسەکە هێشتا لە دەورەبەری هەرێم و وڵاتانی جیهان لە تەشەنەکردندایە. هەر کاتێکی هەرێم و خەڵکی هەرێم لەپابەندبوون بەو ستراتیژە خاو ببنەوە یان کۆڵ بدەن، ئەوا پەتاکە لەناکاو دەگاتە رادەی مەترسیدار.
لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە پەتایەکە تێیاندا خەریکی تەشەنەکردنە، هەوڵدراوە خێرایی تەشەنەکردنەکە کەمبکەنەوە و لووتکەی لێشاوی پەتاکە دوا بخەن، واتە لوتکەی کێرڤەکە پان بکەنەوە (سەیری وێنەکە بکە)، تاوەکو دەرفەت بدەنە سیستەمی تەندروستییەکەیان بە چارەسەری نەخۆشەکان رابگات. لەو نێوەشدا گرنگی زیاتریان بە بەرزکردنەوەی توانای سیستەمی تەندروستییان داوە.
هەڵبەتە ئەو جۆرە ستراتیژە لە ئایندەدا بۆ هەرێمی کوردستانیش پێویست دەبێ چونکە لە دەرەنجامدا ڤایرۆسەکە هەر دزە دەکات، بەڵام هەتا درەنگتر بێ ئەوا باشترە. بەداخەوە ئەو جۆرە ئەرکە قورسە بۆ ئەو ماوە درێژە خەڵک و حکومەت تووشی ماندووبوونی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دەکات، بەڵام چارەش نییە، چونکە بۆ هەرێم تاکە رێگەی بەردەوامبوونە. شاراوە نییە کە سیستەمی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەو ئاستەدا نییە کە بەرگەی لێشاوێکی لەناکاوی نەخۆشی تووند یان کوشندە بگرێت، نە لە ئێستا و نە لە ئاییندە. بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێمی کوردستان لە رێکارەکانی ئێستایاندا بەردەوام بن و بە پێی توانا و بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ (چەند مانگێک) رێگە لە هاتنە ناوەوە و تەشەنەکردن بگرن.
=KTML_Bold=رێژەی چاکبوونەوە=KTML_End=
ئامارە بڵاوکراوەکان لە زۆربەی راپۆرتە پزیشکییەکان باس لەو نەخۆشانە دەکەن کە لە نەخۆشخانەکان خەوێندراون، نەک ئەوانەی لە ماڵەوەن و نەخۆشییەکەیان سووکە یان لەبنەڕەتەوە لە مرۆڤەکەدا بەدەر نەکەوتووە. دیارە جیاوازی نێوان خەڵک گەلێک زۆرە، جا هەر لە رۆژی توشبوونەوە هەتا دوا دەرەنجامی نەخۆشیەکە جیاوازی لەنێوانیاندا هەیە. بۆ نموونە:
لەو کاتەی کە ڤایرۆسەکە دەگاتە لەشی کەسێکی ساخ، دوای چوار یان پێنج رۆژ نیشانە سەرەتاییەکان سەر هەڵدەدەن، بەڵام لە هەندێ کەسدا دوای دوو رۆژ و لە هەندێکی دیکە دوای دوو هەفتە بەدەردەکەون. ئەوەشە نهێنی ئەو دوو هەفتە کەرەنتینەی کە لە ئێستادا جێبەجێ دەکرێ.
لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، نەخۆشەکان هەست بە بێتاقەتی و تا و کۆکە دەکەن. هەندێکیان تەنگەنەفەسی، گەروو کەوتن، بەڵغەم و هێڵنج و سکچوویی تووش دەبن پێش ئەوەی تووشی هەوی سیپەلاک و بۆڕیەکانی هەناسە ببن. هیچ کام لەو نیشانانە لە سەدا سەدی خەڵک رووی نەداوە.
درێژەی نەخۆشییەکە و قورسییەکەی و قۆناخی چاکبوونەوەش دیسانەوە جیاوازن. هەیانە چەند رۆژێک دوای نەخۆشکەوتن چاک دەبنەوە و لە هەندێکیشیان دوو تاوەکو سێ هەفتە دەخایەنێ.
بە واتایەکی دیکە، جیاوازییەکان بێ سنوورن لەنێوان خەڵک. ئەو جیاوازییانەش دەگەڕێنەوە بۆ جیاوازی تەمەن و ئاستی تەندروستی و ئاستی بەرگری لەشی نەخۆش، ژمارەی (جورعەی) ئەو ڤایرۆسانەی دەچنە لەشەوە، بارودۆخی نەخۆش، یان چۆنیێتی مامەڵەکردنی نەخۆشەکە لەگەڵ نەخۆشییەکەی و ئاستی خزمەتە پزیشکییەکەی دەستی دەکەوێ.
بە شێوەیەکی گشتی، لەو رۆژەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەچێتە لەشی مرۆڤەوە، لە سەرەتادا بە خێرایی گەشە دەکات و تەشەنە دەکات و نیشانەکانی نەخۆش لە مرۆڤەکە سەرهەڵدەدات. دواتر کە بەرگری لەش دێت بەسەر نەخۆشیەکەدا زاڵ ببێت، ئەوا ژمارەی ڤایرۆسەکان روو لە کەمبوون دەکەن. لە دوای هەڵسانەوە و چاکبوونەوە هەتا چەند رۆژێک لیکاوی دەم و بەرغەم و پیسایی هەناوی نەخۆشەکە ڤایرۆس هەڵدەڕێژێتە دەوروبەر، بەڵام دوای ئەوە، نەخۆشەکە بە تەواوی چاک دەبێتەوە و بەرگری لە دژی ڤایرۆسەکە پەیدا دەکات و دەگەڕێتەوە ژیانی ئاسایی. ئیتر ئەو کەسە چیتر هەڕەشە نییە بۆ کۆمەڵگە و نابێتە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی ڤایرۆس. بە پێچەوانەوە، ئەوانە ئازادن و باشترین کەسن کە رێگەیان پێبدرێت تێکەڵاوی خەڵک بن، کار بکەن یان خزمەتی نەخۆشی نوێ بکەن.
=KTML_Bold=ئەوانەی کە بە تووندی دەیگرن کێن؟=KTML_End=
دوای شیکردنەوەی زیاتر لە 44 هەزار نەخۆشی چینی، ئامارەکانی کە لە مانگی شوبات بڵاوکرانەوە (لە لایەن CDC ئەمەریکی پوختەکراون) وای دەگەیەنن کە:
- زیاتر لە سێچارەگی نەخۆشەکان تەمەنیان لە سەرووی 30 ساڵیەوە بوو، وە تەنیا سەدا دوویان لە ژێرەوەی 20 ساڵیدا بوون
- لەوانە، نزیکەی یەک لە پێنج کەس بە تووندی نەخۆشیەکەی گرت و پێویستی بە نەخۆشخانە بوو
- لەنێو ئەوانیشدا، دەوروبەری چارەگێکیکان (%30-20) پێویستی بە چارەسەری چڕ (ئینعاش) هەبوو
- لەنێو ئەوانیشدا نیوەیان چاکبوونەوە
بە شێوەیەکی گشتی، رێژەی چاکبوونەوە و مردن لەو کەسانەی کە بە تووندی نەخۆشییەکەیان گرت بەپێی تەمەنی نەخۆش و ئاستی تەندروستی (نەخۆشی پێشوەختە) جیاواز بوو. ئەو دوو خشتەیە پوختەی کۆمەڵێک بڵاوکراوەی وڵاتی چینن (مانگی شوبات):
ئەو دوو خشتەیە هەر بۆ تێگەیشتنە، ئەگینا رێژەکان لە بەپێی شوێن و کات و وڵات و جۆری توێژینەوەکان دەگۆڕین. ئامار و ئەزموونی وڵاتی چین و ئێران، ئیتاڵیا و بەریتانیا و ئەمەریکیا زۆر لێک جیاوزن.
=KTML_Bold=خۆ پاراستن لەناو ماڵ=KTML_End=
مایەی خۆشحاڵییە کە هاووڵاتیان و کۆمەڵگەی هەرێم ئاستی هۆشیارییان سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و رادەی پابەندبوونیان بە رێنماییەکان تەندروستییەکان زۆر بەرزبووەتەوە، ئەوەش هاوکاری حکومەتی کردووە لە پاراستنی هەرێمی کوردستان. هاوکات خەڵک زیاتر لە جاران بیر لە پاکوخاوێنی و خۆپاراستن دەکەنەوە، کە لە هەڵسوکەوتی رۆژانەیان رەنگی داوەتەوە، بەڵام گرنگە کە رێکارەکانیان لەسەر بنەمای زانستی بن و بە پێی پێویست بن، بەبێ ئەوەی بگەنە رادەی وەسواسێتی یان رەفتاری هەڵە تێکەڵ بە هی راست بکرێ.
- خێزان لە ماڵەوە: پێویستە ماڵ و کەلوپەل و خواردن بە گشتی بە پاکوخاوێنی رابگیردرێ، هەروەک رۆژانی ئاسایی، لەوە زیاتر پێویست نییە.
- دوای گەڕانەوە بۆ ماڵ، دەستشوشتن بەبێ دواکەوتن زۆر گرنگە. ئەو شتومەکانەی لە دەرەوە هاتوون، بە پێی توانا خاوێن بکرێنەوە و ئەوەی شوشتنی بووێ بشۆردرێت.
- پێویستە جلوبەرگی دەرەوە لەگەڵ هی ناوماڵ جیاواز بن، بەڵام پێویست ناکات جلوبەرگی دەرەوە زوو زوو بشۆردرێن، چونکە هەڵواسینیان شەو تا بەیانی (بۆ 12 سەعات) بە وشکی لە کەنتۆردا بەسە بۆ ئەوەی هەر ڤایرۆسێکی لەسەر نیشتبێ بمرێ.
- هەڵبەتە، ئەندامانی خێزان کە لەگەڵ یەکتر دەژین و هەمیشە تێکەڵ بەیەک دەبن، لە رۆژێکدا بە دەیان جۆر ئاڵوگۆڕی تەماس و هەناسە و کەلوپەلی ناوماڵ دەکەن، بۆیە زۆر زەحمەتە (بگرە مەحاڵە) بتوانن خۆیان لە یەکتر بپارێزن. خۆ ئەگەر یەکێکیان ڤایرۆسی تووشبوو ئەوا زەحمەتە ئەوانی دیکە لێی بپارێزرێن. بۆیە دەبێ زیاتر تەرکیزی خێزان لەسەر ئەوە بێ کە ڤایرۆس لە دەرەوە نەیەتە ناو ماڵ. واتە، ئەگەر کەسی دیکە نەهاتە ناو ماڵ و خاوەنماڵیش نەچووە دەرەوە ئەوا پێویست ناکات بە زیادەوە ماڵ پاک بکرێتەوە وەیان هەر جارێک ئەندامانی خێزان دەستیان بەیەکتر کەوت دەست بشۆن.
- کە سەردانی ماڵێک دەکەیت، باشترە بێ تەوقەکردن و بە دووە پەرێزیەوە لەگەڵ یەکتر دانیشن، وە بە زیادەوە خۆت لە ئەندامە پیر و نەخۆشەکانی خێزانەکە بپارێزی بۆ ئەوەی بیانپارێزی. هاوکات، پێویستە کەمترین کات لەو ماڵە بمێنیەوە و بە پێی توانا لە هەوای کراوە دانیشن یان لەکاتی دانیشتن لەناو ماڵدا دەرگە و پەنجەرەکان بۆ هەواگۆڕکێ بکەنەوە.
- کە میوان رۆیشت، باشترە هەر کەلوپەلێکی دەستی پێکەوەتووە وەیان بەکاری هێناوە (کورسی و مێز و دەسکی دەرگا و قاپ و کەوچک هتد)، بسڕدرێتەوە یان بشۆردرێت. دوای ئەوە، بابەتەکە لەبیر بکرێت.
- شوشتنی جلوبەرگ (بە جلشۆر- غەسالە) و قاپ و قاچاخ (بە شلە و سابوونی ئاسایی) بەسن بۆ ئەوەی لە ڤایرۆس پاک ببنەوە، بۆیە پێویست بە بەکارهێنانی هیچ ماددەیەکی دیکە ناکات. هاوکات دەستشوشتن بە سابوون بەسە بۆ ئەوەی ڤایرۆسی سەر دەست بکوژێ وەیان هەڵیخلیسکێنێ.
- مەرج نییە خەڵک هەموو کاتەکەی لە دیوی ژوورەوەی ماڵ بەسەر ببات، بەڵکو دەکرێ پیاسە و وەرزش بەدەوروبەر و باخچە گشتییەکان و دەشت و دەر بکات، بەڵام بەبێ ئەوەی لە نزیکەوە لەگەڵ خەڵکی دیکە تێکەڵاو ببێ. هەڵبەتە مانەوەی ئەندامانی خێزان لەناو ماڵدا بۆ ماوەی درێژ و نادیار کارێکی ئاسان نییە، بەڵام باجێکی بچووکە لەچاو ئەو باجە مەزنەی کە لە دەرەنجامی بێباکی لەو پەتایە دەدرێ، کە لەوانەیە بە درێژایی تەمەن لەبیر نەکرێ. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=