=KTML_Bold=کۆرۆنا و کڵۆڕۆکوین=KTML_End=
#دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین قەرەداغی#
لە ئێستادا، هیچ دەرمانێک نییە کە مۆڵەتی بەکارهێنانی لە دژی نەخۆشی کۆڤید 19 پێدرابێ. بەڵام زیاتر لە 300 دانە تاقیکردنەوە بۆ دەرمانی جیاواز لە وڵاتانی جیاوازدا لە ئارادانە. هەندێک لە دەرمانەکان پێشتر بۆ نەخۆشی دیکە بەکارهاتوون و زانیاری باشیان لەبارەوە هەیە، بۆ نموونە هایدرۆکسی کلۆرۆکوین سەلفەیت (Hydroxychloroquine Sulfate) (کورتەکەی لێرەدا - کلۆرۆکوین). هەندێکی دیکەش یەکەمجارە دێنە بەرهەم و هێشتا زانیاری پزیشکیان لەسەر پەیدا نەبووە.
دوای سەلماندنی کاریگەرێتی لە تاقیگەکاندا، پێویستە هەموو دەرمانێک بەلانی کەمەوە بە سێ تا چوار قۆناخی تاقیکردنەوەی کلینیکی (لەسەر مرۆڤی ساخ و نەخۆش) دابڕوات.
قۆناخی (I): لەسەر چەند مرۆڤێکی ساخ (20 تا 80 کەس) تاقی دەکرێتەوە، تاوەکو دۆوز (جورعە) و ئاستی دەرمان لە خوێن و سەلامەتی و کاردانەوەی مرۆڤەکانی بۆ دیاری بکرێت.
قۆناخی (II): کە دەبێ لەسەر سەدان (100 تا 1000) کەسی توشبوو تاقی بکرێتەوە تا بزاندرێ ئایا دەرمانەکە لە مەودای نزیک و مامناوەندیدا (چەند مانگ وەیان چەند ساڵ) لە نەخۆشەکاندا سەرکەوتووە و سەلامەتە.
قۆناخی (III): کە دەرمانەکە لەسەر هەزاران کەسی نەخۆش و بۆ ماوەیەکی زۆر درێژتر تاقی دەکرێتەوە. لە قۆناخەکانی (II) و (III) دا، نەخۆشەکان دەکرێنە دوو گروپ یان زیاتر، وە یەک لەو گروپانە تەنیا بۆ بەراوردیکردنی دەرمانەکەیە (Control) لەگەڵ دانەیەکی دیکەی باو، وەیان لەگەڵ مادەیەکی بێ سوود و بێ زیان (پلاسیبۆ، بۆ نموونە شەکری گلوکۆز). گرنگە کە دابەشکردنی نەخۆشەکان بە تیروپشکێکی هەڕەمەکی (Randomised ) و جووت کوێر (Double Blind) بێ کە هیچ کام لە نەخۆش و پزیشکەکان نەزانن کام نەخۆش لە کام گروپدایە. بەوە، تاقیکردنەوەکە کاریگەری و دەستێوەردانی هیچ لایەنێکی پەیوەندیداری بەسەرەوە نابێ. کۆد و داتاکان لە کۆتایی قۆناخەکەدا ئاشکرا دەکرێن. ئەگەر دەرەنجامەکانی قۆناخی (III) لە ئاستێکی بەرزی متمانەدا سەرکەوتوو بن و دەرمانەکە سەلامەت دەرچوو، ئەوکاتە مۆڵەت دەرێتە کۆمپانیاکان بۆ بەرهەمهێنان و بەکارهێنان. شایانی باسە، دوای خەرجکردنی دەیان و بگرە سەدان ملیۆن دۆلار لە ئەنجامدانی ئەو سێ قۆناخەی تاقیکردنەوە، جگە لە توێژینەوەکانی تاقیگە، کەچی تەنیا کەمینەیەک (چارەگ بۆ سێیەک)ی دەرمانەکان بە سەرکەوتووی لێی دەردەچن و مۆڵەتی بەکارهێنانی فەرمی بە کۆمپانیاکان دەدرێ.
قۆناخی (IV): کە دەرمانەکە مۆڵەتی بەکارهێنان بەدەست دێنێ بەڵام حکومەت داوای زانیاری و هەڵسەنگاندنی زیاتر دەکات لەدوای ئەوەی بە فەرمی دەخرێتە بازاڕەوە.
=KTML_Bold=کلۆرۆکوین و کۆڤید=KTML_End=
کلۆرۆکوین دەرمانێکی کۆنە یەکەمجار لە داری سینکۆنا (Cinchona) لە وڵاتی پیرو دۆزرایەوە. ئەوە حەفتا ساڵە بۆ چارەسەرکردنی مەلاریا و هەندێ نەخۆشی هەوکردن (Inflammation – التهاب)ی وەک رۆماتۆیدی جومگەکان و لوپەس، بەکار هاتووە. بەڵام لە بواری ڤایرۆسدا بە قۆناخەکانی تاقیکردنەوەدا تێنەپەڕیوە، بۆیەش پێویست دەکات بە قۆناخەکانی (II) و (III) دا تێبپەڕێ. دیارە لەبەر مەترسیدارێتی پەتای کۆڤید 19، دەکرێ سازش لەسەر هەندێ بەربەستی وەک ژمارە و کات بکرێ، بەبێ ئەوەی سازش لەسەر رێکاری زانستی و دڵنیابوون لە سەلامەتی و کاریگەرێتی دەرمانەکە بکرێ.
لە دوای سەرهەڵدانی پەتای سارس (کۆرۆنای یەکەم 2002-2003) تاقیکردنەوەی جیاواز لە تاقیگەدا لەسەر کاریگەری کلۆرۆکوین لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجامدراوە و دەرەنجامەکانی پۆزەتیڤ بوونە. بۆیەش، لە دوای سەرهەڵدانی پەتای کۆڤید 19 و لەژێر فشاری گشتیدا، لە وڵاتی چین رێگە درا دەرمانەکە لەسەر کۆمەڵێک نەخۆش تاقی بکرێتەوە. ئەگەرچی وردەکاری تاقیکردنەوەکانی چین ئاشکرا نەکراون، بەڵام کۆمەڵێک کورتە راپۆرتی پزیشکی بە شێوازێکی گشتی و بەبێ داتا باس لە کاریگەرێتی کلۆرۆکوین کردووە (1). هەر بۆیەش پزیشک و زانایانی ئەمەریکی و فەرەنسی و ئیتاڵی و هی وڵاتانی دیکەش بڕیاریانداوە لەسەر هەندێ نەخۆش تاقی بکەنەوە.
لە تاقیکردنەوەیەکی بچووکدا، لە وڵاتی فەرەنسا، کلۆرۆکوین، بە تەنیا وەیان لەگەڵ ئەزیپرۆمایسین (Azithromycin ئەنتیبایۆتیکە)، بەکار هێنرا و دەرەنجامی هاندەری لێ بەدیکرا (2). لەو تاقیکردنەوەیە 36 نەخۆش دابەشکرانە سەر سێ گروپ:
گروپی یەکەم: 14 نەخۆش کلۆرۆکوینان وەرگرت و لە مەودای شەش رۆژدا نیوەیان ڤایرۆسەکەیان لە قوڕگدا (دیوی پشتەوەی لوت و دەم و گەروو) نەمابوو.
گروپی دووەم: 6 نەخۆش (کلۆرۆکوین و ئەزیپرۆمایسین)یان وەرگرت و لە ماوەی دوو هەتا پێنج رۆژدا ڤایرۆسەکەیان لە قوڕگدا نەمابوو.
گروپی سێیەم: 16 نەخۆش (پلاسیبۆ)یان وەرگرت کە کاریگەریەکی ئەوتۆی لەسەر مانەوەی ڤایرۆسەکە نەکرد.
نەخۆشێکی گروپی یەکەم کە ڤایرۆسەکەی لە قورگدا مابوو، لە رۆژی هەشتەم یەک دانە دۆوزی ئەزیپرۆمایسینی درایە و لە رۆژی دواتر ڤایرۆسەکەی لە قوڕگدا ون بووەوە. بە پێچەوانەشەوە، یەکێک لەوانەی گروپی دووەم کە لەوەدەچوو ڤایرۆسەکەی لە قوڕگدا نەمابێ، لە رۆژی هەشتەمدا ڤایرۆسەکە سەری هەڵدایەوە.
=KTML_Bold=کەموکوڕی تاقیکردنەوەکەی فەرەنسا=KTML_End=
ئەو تاقیکردنەوە کلینیکیەی فەرەنسا زۆر گرنگ بوو چونکە بۆ یەکەمجار داتای نەخۆشانی کۆڤید 19 پێشکەش بە زانایان کرا. بەڵام تاقیکردنەوەکە کەموکوڕی زۆری تێدایە، بۆیە جارێ زووە پشتی پێ ببەسترێ. بۆ نموونە:
- ژمارەی نەخۆشەکان کەمبوون، زۆر کەمتر لە هەر تاقیکردنەوەیەکی قۆناخی (II) وەیان (III). واتە لە شیکردنەوەدا، ئامارەکان و رێژەکان متمانەبەخش نابن. هاوکات نەخۆشەکان بە شێوازی (تیروپشکی هەڕەمەکی و جووتەکوێر) دابەش نەکرابوون.
- تاقیکردنەوەکە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆش نەبوو. پزیشکەکان تەنیا پشکنینیان بۆ ڤایرۆسەکە لە قوڕگی نەخۆشەکان کرد و بەداوداچوونیشیان تەنیا بۆ چەند رۆژێک بوو لەجیاتی ئەوەی هەتا کۆتایی نەخۆشیەکە و بگرە زۆر دواتریش بێ. واتە جارێ نازانین ئایا نەخۆشەکان بەو دەرمانانەن چاکبوونەوە یان نا.
سەرباری ئەو کەموکوڕیانە، دەرەنجامە کلینیکیەکان هەروەک ئەوانی تاقیگە، هاندەر بوون، هەر بۆیەش لە ئێستادا کۆمەڵێک تاقیکردنەوەی کلینیکی بۆ بەکارهێنانی کلۆرۆکوین (بە تەنیا وەیان لەگەڵ ئەزیپرۆمایسین)، پێش تووشبوون (بۆ پاراستنی ستافی نەخۆشخانەکان) و دوای تووشبوونی ڤایرۆسی کۆرۆرنا لە چەندین وڵاتدا لە ئارادانە. لە بەریتانیا، نیەتێک هەیە کە کلۆرۆکوین سەلفەیت بدرێتە دە هەزار کارمەندی تەندروستی بەڵام بە دۆوزی زۆر کەمتر لەوانە (هێشتا بڕیاری لەسەر نەدراوە). لە نەرویج نیەت هەیە کە هەموو نەخۆشێک دەرمانەکەی بدرێتێ.
=KTML_Bold=سەلامەتی کڵۆرۆکوین=KTML_End=
کلۆرۆکوین دەرمانێکی باش و سەلامەتە بە شێوەیەکی گشتی، بەڵام کاریگەری لاوەکیشی زۆرە و وەک جۆرە ژەهرێک رەفتار دەکات. لە هەندێ کەسدا کاریگەریەکانی ترسناک و کوشندەیە، بۆیە دەبێ زۆر بە وریاییەوە بەکار بهێندرێت، بەتایبەتی لەوانەی کە پێشتر نەخۆشی دڵ، گورچیلە، جگەر، شەکرە وەیان دابەزینی بەرگری لەشیان هەیە.
کڵۆرۆکوین کار لەسەر لێدانی دڵ دەکات و لە هەندێ نەخۆشدا وا دەکات لەدوای هەر لێدانێک دڵ هەڵوەستەیەکی درێژتر بکات لە ئاسایی پێش ئەوەی خۆی شەحن بکات و جارێکی دیکە لێبداتەوە. واتە لە کاتی هەڵوەستە درێژەکەیدا خوێن و ئۆکسجین بۆ مێشک و کۆئەندامەکانی دیکەی لەش نانێری. ئەو دیاردەیە (Prolonged QT) زۆر جیددیە و مەترسی گەورەی پێوەیە، بەتایبەتی ئەگەر کڵۆرۆکوین لەگەڵ ئەزیپرۆمایسین بەکار بهێندرێت چونکە هەردووکیان ئەو خاسیەتە نەخوازراوەیان هەیە. هەندێ جاریش کلۆرۆکوین شەکری خوێن لەناکاو دادەبەزێنێ و مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆش پەیدا دەکات . بێجگە لەوانەش کلۆرۆکوین لەگەڵ کۆمەڵێک دەرمانی دیکە بەریەک دەکەون و کار لەیەکتر تێک دەدەن. بۆیە، ناکرێ هەموو نەخۆشێک کڵۆرۆکوین (بەتەنیا وەیان لەگەڵ دەرمانی دیکە) وەربگرێ.
هەڵبەتە، وەک هەموو ژەهرێک، دۆوزی رۆژانەی کڵۆرۆکوین راستەوخۆ پەیوەستە بە ئاستی سەلامەتی دەرمانەکە، کێش و ئاستی تەندروستی نەخۆشەکە. ئەو دۆوزە بۆ نەخۆشیە جیاوازەکان جیاوازە، وە بۆ کۆڤید 19 یش لە سەنتەری جیاواز و لە مرۆڤی جیاواز، جیاواز بووە. لە تاقیکردنەوە کلینیکیەکەی فەرەنسا هەر هەشت سەعاتەی 200 mg دراوە بە نەخۆش (رۆژی 600 mg) بۆ تەواوی مەودای چارەسەرکردنەکە. دیارنیە کە چۆن پزیشکەکان گەیشتنە ئەو دۆوزە گەورەیە، کە رەنگە چانسی زیانبەخشێتی زیاد ببێ. لە تاقیکردنەوەکانی چین دۆزی گەورەتریشیان بەکارهێناوە - 500 mg رۆژی دووجار بۆ ماوەی 10 رۆژ. لە ئەمەریکا هەندێک 400 mg رۆژانە بۆ پێنج رۆژ، وەیان 400 mg رۆژی یەکەم و دواتر 200 mg رۆژانە بۆ چوار رۆژی دیکە، وەیان 600 mg دوو جار لە رۆژی یەکەم و دواتر 400 mg رۆژانە هەتا کۆی پێنج رۆژ. بێگومان، هەریەک لەوانە ئەزموونێکی جیاواز و ئاستێکی سەلامەتی جیاوازی دەبێ و دواتر بڵاوکراوەکان دەری دەخەن کامیان باشترین و سەلامەتترینیانە.
=KTML_Bold=کڵۆرۆکوین لە هەرێمی کوردستان=KTML_End=
لە هەرێمی کوردستان دەمێکە دەرمانی کڵۆرۆکوین بە نەخۆشان دەدرێ، و نیەتێک هەیە کە لەمەودوا هەردوو دەرمانی کڵۆرۆکوین و ئەزیپرۆمایسین دروست بکرێ و لە تەواوی عێراقدا بێ بەرامبەر بدرێتە نەخۆشەکان. هەڵبەتە، ئەوە هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ نەخۆشان، بەڵام گرنگە رەچاوی ئەوانەی خوارەوە بکرێت:
- ئەو دیراسەتە فەرەنسیەی کە پشتی پێ دەبەسترێت هێشتا سەرەتاییە و مەرج نیە کاریگەری دەرمانەکان لەسەر نەخۆشدا بە هەمان ئاست بێ.
- پێویستە جەخت بکرێتەوە لەسەر دڵنیابوون لە کواڵیتی دەرمانەکان و پشکنینی کواڵیتی کۆنتڕۆل بە پرۆسەیەکی بێلایەنانە و دەرەکی، نەک پشت تەنیا بە کواڵیتی کۆنتڕۆڵی کۆمپانیاکە بکرێت.
- هەڵبژاردنی نەخۆش بۆ وەرگرتنی کڵۆرۆکوین بەتەنیا وەیان لەگەڵ ئەزیپرۆمایسین زۆر گرنگە. مەرج نیە هەموو نەخۆشێک هەردوو دەرمان وەربگرێت. وە پێویسەتە پێدانی دەرمانەکەش لەژێر سەرپەرشتی پزیشکی پسپۆڕ بێ، وە لە نەخۆشخانەیەک بێ کە توانای پشکنینی تاقیگە و چارەسەرکردن نەخۆشیەکە و چارەسەری کاریگەریە لاوەکیەکانی دەرمانەکانی هەبێ.
- پێویستە لە دەستپێکەوە، پلانێکی تۆکمە بۆ بەکارهێنانی دەرمانەکان بە شێوازێکی زانستیانە دابڕێژرێ، بەجۆرێک کە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات ئامارەکان بە شێوازێکی ئەکادیمی بڕواپێکراو کۆبکرێنەوە و دواتر لە گۆڤاری زانستیدا بڵاو بکرێنەوە کە خۆمان و وڵاتانی جیهان بە متمانەوە بڕوانینە ئەو ئەزموونە. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە تیمێکی زانستی و خاوەن ئەزموون سەرپەرشتی تەواوی پرۆسەکان بکات.
دوا هۆشداریش بۆ هاوڵاتیانە، ئەوانەی کە هەوڵیان داوە دەرەمانەکە پەیدا بکەن و پلانیان داناوە کە پێش وەیان دوای تووشبوونی نەخۆشیەکە کڵۆرۆکوین و ئەزیپرۆمایسین وەربگرن. ئەوە بابەتێکی زۆر مەترسیدارە. پێویستە هەموو کەسێک لەژێر سەرپەرشتی پزیشکی پسپۆر و بەپێی رێنماییە پزیشیکیەکان ئەو دەرمانە مەترسیدارانە وەربگرێ.
=KTML_Bold=دەرمانی دیکەی ئومێدبەخش=KTML_End=
ژمارەی دەرمانە پزیشکی و شەعبیەکانی کە بەو دواییە لە چین و وڵاتانی دیکە تاقیکراونەتەوە لەبن نایەن. بەڵام تەنیا چەند دانەیەکیان تا ئێستا زانراون کە کاریگەری ئومێدبەخشیان هەبووبێ.
- رێمدێسیڤیر (Remdesivir)پێشتر بۆ چارەسەری نەخۆشی ئیبۆلا لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمەریکی (گیلید) دروستکرا. دواتر لە تاقیگەدا کاریگەری لەسەر کۆمەڵێک ڤایرۆسی جیاوازی وەک کۆرۆنا نیشانداوە، بەجۆرێک کە رێگە لە گەشەکردن و تەشەنەکردنیان دەگرێ. رێمدێسیڤیر لە وڵاتانی چین و ئەمەریکا و هۆنگ کۆنگ و سینگاپور و کۆریای باشوور لە تاقیکردنەوەی کلینیکیدایە و لە هەموویاندا هەواڵەکانی ئومێدبەخش بوونە.
- فاڤیپیراڤیر (Favipiravir)لە ژاپۆن بۆ یەکەمجار بۆ چارەسەری ئینفلەوەنزا و ڤایرۆسی دیکە دروستکرا و لە شاری (شێنزێن - چین) لەسەر هەشتا نەخۆشی کۆڤید 19 تاقیکرایەوە. لەو تاقیکردنەوە کلینیکیەدا 35 نەخۆش ئەو دەرمانەیان وەرگرت و لەگەڵ 45 نەخۆشی دیکە بەراوردکران کە دەرمانی )لۆپیناڤیر Lopinavir ) و )ریتۆناڤیر Ritonavir ( یان وەرگرت. ئەو دوو دەرمانەی دواییش کاندید بوون بۆ چارەسەری کۆڤید 19، بەڵام لەوە ناچی ئەو دوانە کاریگەر بووبن، کەچی دەرەنجامەکانی فاڤیپیراڤیر هاندەر بوون. لە تاقیکردنەوەیەکی دیکەدا، لە شاری وهانی چین، فاڤیپیراڤیر لەگەڵ پلاسیبۆیەک تاقیکرایەوە و دیسانەوە دەرەنجامەکان هیوابەخش بوون.
- دەرمانی دیکەی وەک کێڤزارا Kevzara، بریلاسیدین Brilacidin ، ئاکتێمرا Actemra و هی دیکە زۆرن کە چاوەڕێی دەرەنجامی تاقیکردنەوە کلینیکیەکانیانین. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=