=KTML_Bold=کۆرۆنا: نیشتەجێی خولاو=KTML_End=
#دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین قەرەداغی#
ئێستا هەرێمی کوردستان لە ناوچە هەرە پارێزراوەکانی جیهانە، ئەویش بەهۆی پابەندبوونی خەڵک و حکومەت بە رێنماییەکانی خۆپاراستن، بەڵام ئەو سەرکەوتنە بە بێ باج نەبووە، بەسەر هاوڵاتیان و ئابووری وڵاتەکەوە. پرسیاری گەورە ئەوەیە: تاکەی؟
=KTML_Bold=راستییەکان=KTML_End=
ڤایرۆسی کۆرۆنا خۆی لە تەوقدانی جیهانی رزگار کرد و ئێستا لە چەندین کیشوەری وەک ئەوروپا و ئەمەریکای باکور و هەندێ وڵاتی کیشوەری ئاسیا (وەک عێراق و ئێران) دەبێ حیسابی نیشتەجێیەکی وەک ئینفلەوەنزای بۆ بکرێ - کە لە ئێستاوە وەک خاوەن ماڵ بە بەئازادی لە کۆمەڵگادا دەخولێتەوە. لەو ناوچانەدا ڤایرۆسەکە وەستانی بۆ نیە و لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا تووشی زۆرینەی ئەو کەسانە دەبێ کە پێشتر بەرەوڕووی نەبوونەتەوە. بۆیە، تاکە هەوڵی ئەو وڵاتانە ئەوەیە کە گوڕی تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بایی ئەوەندە خاو بکەنەوە کە سیستەمی تەندروستی وڵاتەکانیان لە ژێر باڵی نەخۆشەکاندا نقوم نەبێ. واتە کێرڤی پەتاکە پان بکەنەوە.
نیشانە سەرەتاییەکان وایدەگەیەنن کە ئەوروپیەکان لە پانکردنەوەی کێرڤی پەتایەکە بەگشتی سەرکەوتوو بووبن، بەڵام ئەوەش لەسەر حیسابی گیانی خەڵک بووە. تەنانەت لەو وڵاتانەدا (وەک بەریتانیا و ئیتاڵیا) مەجبوور بوون کە ئەولەویەت بدەنە رزگارکردنی ئەو کەسانەی کە چانسی رزگاربوونیان زۆرە (وەک لاوان و خەڵکی تەندروست) لەسەر حیسابی پیر و ئەوانەی کە نەخۆشی درێژخایەنی پێشوەختەیان هەبووە. رێنمایی پزیشکی تایبەت دەرکراون بۆ جیاکردنەوەی نەخۆشەکان و ریزبەندکردنیان بە پێی پێوەر و خاڵ تاوەکو بزاندرێ کامیان بگوازرێتەوە بۆ ژووری ئینعاش. ئەوەش فاکتەرێکی گرنگە لە بەرزبوونەوەی رێژەی مردووان لەنێو پێر و نەخۆشەکان. لە ئیتاڵیا تێکڕا (معدل)ی تەمەنی مردووەکان نزیکەی 78 ساڵە.
ئیتر لەو وڵاتانەدا، تا ئەو چەند هەفتە یان چەند مانگەی داهاتوودا، زۆرینەی خەڵک (نەک هەموویان) نەخۆشیەکە دەگرن و زۆرینەی نەخۆشەکانیش بە سەلامەتی لێی دەردەچن. لە دەرەنجامدا، بەرگری سروشتی مرۆڤ و کۆمەڵگا بەگشتی بایی ئەوەندە بەهێز دەبێ کە ئەو کەمینەیەی نەیگرتووە تا رادەیەک بەهۆی بەرگری زۆرینە دەپارێزرێن. ئەوەش سەرباری ئومێدی دۆزینەوەی چارەسەر و پێکوتە، کە لە هەموو لایەکەوە خەریکی تاقیکردنەوەی کلینیکین.
حاڵی وڵاتی ئێران و باقی عێراق لە رووی تەشەنەکردن و نیشتەجێبوونی ڤایرۆسەکە لە نێو کۆمەڵگادا، لە شێوەی ئەوروپا دەکات، ئەویش کە هەوڵی پانکردنەوەی کێرڤی پەتایەکە دەدەن تاوەکو سیستەمی تەندروستیەکەیان توانای خزمەتگوزاریەکانی هەبێ، بەڵام ئەوە لە هەردوو وڵاتدا زۆر زەحمەت بووە. لە عێراق، نەک تەنیا سیستەمی تەندروستی بێتوانایە، بەڵکو کۆمەڵانی خەڵک (بە تایبەتی لە باشوور) بە چاکی پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان نەبوونە و حکومەتیش لاوازە و توانای سەپاندنی یاسا و رێنماییەکانی بەسەر هاوڵاتیاندا سنووردارە. هاوکات، حکومەت داتای وردی لەسەر ژمارە و رێژەی نەخۆشیەکان و ناوچەکانی بڵاوبوونەوە نیە و ئەوی هەیە جێگەی متمانە نیە. واتە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراقدا خێرا تەشەنەی کردووە و نیشتەجێ بووە و تازە چوونە دەرەوەی بۆ نیە. لە مەودای چەند هەفتە و چەند مانگی داهاتووشدا لەوانەیە کارەساتی کۆمەڵایەتی گەورە لە عێراقدا بێنێتە کایەوە پێش ئەوەی دواتر ئەو لاپەڕەیە هەڵداتەوە و سەرلەنوێ هەڵسێتەوە. لە کۆتاییدا عێراق لەو پەتایە دەردەچێ بەڵام بە باجی گەورەوە.
=KTML_Bold=هەرێمی کوردستان=KTML_End=
خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستان، هەروەک لە وڵاتی چین و کۆریای باشوور، توانراوە رێگە لە تەشەنەکردنێکی گشتگیری ڤایرۆسەکە لە نێو کۆمەڵگادا بگیردرێ. بێجگە لە دەسینشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشەکان، هەوڵدراوە هەڵگرانی ڤایرۆسەکە بدۆزرێنەوە و هەتا ئەو کاتی چاکبوونەوە و پاکبوونەوەیان لە ڤایرۆسەکە لە کۆمەڵگا جیابکرێنەوە. بەڵام ئەو ئەرکە قورسە زۆر بڕ ناکات چونکە وڵاتێکی وەک هەرێمی کوردستان بە وڵاتانی پڕ لە ڤایرۆس دەورە دراوە. ئەوەش بێجگە لەوەی هەرێم بەشێکە لەو جیهانە بچووکەی کە بە هۆی هاتووچۆ و بازرگانی و گەشتوگوزار و هۆکاری دیکە بچووکتریش بووەتەوە. واتە، لە هیچ وڵاتێکی سەر زەوی پاراستنی ئەو بارەی ئێستا، کە زۆر بە زەحمەت بەدەستهێنراوە، بۆ مەودای درێژ کارێکی ئاسان نابێ. مەسەلە کاتە و دواتر ڤایرۆسەکە دزە هەر دەکات و هێرش دێنێ هەتا لە هەرێمیش نیشتەجێ دەبێت و دەخولێتەوە روبەڕووی زۆرینەی خەڵک دەبێتەوە.
بەڵام ئەوە مانای وانیە کە هەرێم و وڵاتانی وەک چین و کۆریای باشوور کۆڵ بدەن و رێگە بە پەیدابوونی کارەساتێکی نوێ بدەن. بەڵکو پێویستە هەتا بکرێ رێگە لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بگیردرێ و ئەگەر تەشەنەشی کرد ئەوا هەوڵدرێ - وەک ئەوروپا - لوتکەی کێرڤی پەتاکە دوابخرێ وەیان پان بکرێتەوە. ئەوە دەرفەت دەداتە حکومەت کە خۆی بۆ پەتاکە باشتر ئامادە بکات، و سوود لەو دەرمان و پێکوتانە وەربگیردرێ کە لە ئایندەدا دێنە ئاراوە. هاوکات دەرفەت دەداتە حکومەت کە وەبەرهێانێکی زۆر جیددیتر لە سیستەمی تەندروستی بکات. پێویستە حکومەت بابەتی ریفۆرمی سیستەمی تەندروستی بکاتە ئەولەویەتێکی هەرە لوتکەیی. درەنگ نیە بۆ ئەوەی کار بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کواڵیتی خزمەتگوزاریەکان و توانا مرۆییەکان بکرێ و گرنگی زیاتر بە تۆکمەکردنی سیستەمی کارگێڕی و دەوڵەمەندکردنی ژێرخانی تەندروستی سەرەتایی بدرێ.
=KTML_Bold=پشوو درێژیی=KTML_End=
ڕاستە باری دەروونی و دارایی خەڵک بەهۆی کۆمەڵێک فاکتەرەوە قوڕس بووە، لەوانە ترسی توشبوونی نەخۆشی و پابەندبوون بە رێنماییەکان، دابەزینی نرخی نەوت و ناڕۆشنی هەلومەرجی سیاسی عێراق. بەڵام باشترە کە خەڵک چاوەڕوانی موعجیزە نەکات و باری دەروونی خۆی لەوە قورستر نەکات. لەجیاتیان واباشترە لە سروشتی پەتایەکە شارەزا ببن و خۆیان لەگەڵ راستیەکان لێ ڕابهێنن و بەپێی پێویست پەیرەوی رێنماییەکانی خۆپاراستن بکەن. هاوکات شێوازی ژیان و ژینگەی کۆمەڵایەتی و ئابووریان بگونجێنن چونکە لە دوای ئەو پەتایە لە هیچ شوێنێکی جیهان رەفتاری کۆمەڵگا و حکومەت و بیزنیسەکان ناگەڕێنەوە جێگەی جارانیان. ئەوەش مانای وانیە کە خراپتر دەبن، بەڵکو لە زۆر ڕووەوە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بووە هۆی هوشیارکردنەوەی مرۆڤایەتی سەبارەت بە گیان و ژیانی خۆی و باشتر مامەڵەکردن لەگەل کۆمەڵگا و دەوروبەر. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=