=KTML_Bold=پێکهێنانی حکومەتی بەغدا و سیاسەتی هەرێمی کوردستان=KTML_End=
#دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین قەرەداغی#
لەدوای هەڵبژاردنی ئۆکتۆبەرەوە، گەمە کلاسیکی و ئاڵۆزەکەی پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵ دەستی پێکردووەتەوە و ئێستا لە گەرمەیەتی. ئەو گەمەیە بەردەوام وەک چاڵێک بووە کە زۆربەی جار هەرێمی کوردستان تێیکەوتووە. ئەوجارەیان دەبێ جیاواز بێ، ئەگینا دەرفەتێکی دیکەش بەسەر کوردستاندا تێدەپەڕێت.
دیسانەوە سەرجەم حیزبە عێراقییەکان لە دیدی پشک پشکێنە، بە نەفەسی براوە و دۆڕاو ، پرۆسەکان بەڕێوەدەبەن و چەقی تەرکیزیان چووەتەوە سەر پۆستە سیادییەکان، دوای ئەوانەش دەچێتە سەر پۆستە وەزارییەکان. لەوێ بەدوا، هەرێمی کوردستان هەنگاوێک دەکشێتەوە دوا، لەولاشەوە گۆمەکە بۆ حیزبە عێراقیە شیعە و سوننەکان قووڵتر دەبێ و مەلەکردنیان تێیدا خۆشتر دەبێ. ئەوانە دەبنە خاوەن و بڕیاری سەرەکی لە پەرلەمان و حکومەتی فیدراڵی. ئەوەش سەرباری خاوەنێتییان بۆ دەسەڵاتی دادوەری و هێزە چەکدارەکان و هتد.
هەرچی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانە، هەردەم وا رەفتاریان کردووە وەک بڵێی کارەکانیان لەگەڵ پێکهێنانی حکومەت لەبەغدا کۆتایی دێت. لەوێوە دەبنە میوانی ناوبەناو، چاودێریی ناڕازی و ئۆپۆزیسیۆنێکی بەردەوام. ئەو رەوتە لە هیچ کاتێکدا لە بەرژەوەندیی هەرێمدا نەبووە و نابێت. پێویستە حیزبە براوەکانی هەرێمی کوردستان لە یەکەم رۆژی گفتوگۆوە بەدوا، بە روانگە و سیاسەتێکی روونەوە بچنە بەغدا و وەک هەر عێراقییەکی دیکە دەست لە خاوندارێتی حکومەتی فیدراڵی هەڵنەگرن. بە موڵکی خۆیانی بزانن، پشتی بگرن، کاری ئاسان بکەن، رەخنەی دروستکەرانەی لێبگرن و کارە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستانی پێ جێبەجێ بکەن.
=KTML_Bold=شەراکەت لە حوکمڕانی=KTML_End=
لە رووخانی رژێمی سەددامەوە هەتا ئەمڕۆ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان جەخت لە شەراکەت دەکەنەوە لە بەغدا. ئەوەش باشترین پەیام و ستراتیژە. بەڵام نە عێراقییەکان ئامادەبوونە هەرێمی کوردستان وەک شەریک لە ئامێز بگرن و نە دیوی هەرێمی کوردستان وەک شەریک رەفتاری کردووە. بەڵکو کورد هەمیشە خۆی بە میوان زانیوە لەجیاتی خاوەنماڵ، داوای پشک دەکات لەجیاتی بوون بە خاوەنی هەموو حکومەت.
لە هەرێمدا زۆرجار گوتراوە کە ئەگەر عێراق لاواز ببێ، دەرفەتی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان دێنێ. ئەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆرییەت راست بوو. هەرکاتێک بەغدا زۆر بەهێز بووبێ میللەتی کورد و تورکمان و نەتەوەکانی دیکەی داپڵۆسیوە. لەو کاتانەشدا کە بەغدا لاواز بووە، کورد دەرفەتی خودموختاری لە ئاستی ئۆتۆنۆمی و دواتر فیدراڵی دەستکەوتووە. بەڵام لە سایەی دەستووری نوێوە، بەغدا لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و حکومەتە خۆجێییەکاندا لاواز کراوە. فیدراڵییەت و لامەرکەزیەت، ئەگەر بەپێی دەستوور جێبەجێ بکرێن، کیانی کوردی باشتریش دەپارێزرێ و ناوچە جێناکۆکەکانیش دەگەڕێنەوە. ئەوەش جگە لەوەی کە هەر کاتێک کورد یەکڕیز بووبێ و لەگەڵ هاوپەیمانە عەرەبەکانی کۆک بووبێ، رۆڵی مەلیک دروستکەری بینیوە و توانای دانان و لادانی سەرۆکوەزیران و بگرە هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەبووە.
ئەمڕۆ حکومەتی فیدراڵ بە زیادەوە لاواز بووە، هەتا ئەو رادەیەی کە توانای بڕیاری ستراتیژیی نەماوە و سیادەشی لەدەستداوە. ئەو لاوازییە بووەتە هۆی ناسەقامگیریی و سەرهەڵدانی هێزی میلیشایی ئەوتۆ کە بوونەتە سەرچاوەی هەڕەشەی ستراتیژی لەسەر خودی کیانی هەرێمی کوردستان. بەهێزکردنەوەی حکومەتی بەغدا یەکێکە لە کارە هەرە لە پێشەکانی دەوڵەتداران (بە کورد و عەرەبەوە)، تاوەکو عێراق سەقامگیر بێت و مەترسیی لەسەر کۆمەڵانی خەڵک کەمتر بێتەوە و ئابووریی وڵاتەکە ببوژێتەوە. ئەزموون سەلماندی کە عێراق قووڵاییەکی باشترە بۆ هەرێمی کوردستان لە هەموو دراوسێکانی دیکە و دەکرێت سەقامگیربوونی باقی عێراق ببێتە مایەی بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان، نەک بەپێچەوانەوە.
=KTML_Bold=کارە لەپێشەکان=KTML_End=
لایەنە کوردییەکان داوای چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکان دەکەن، لەوانە جێبەجێکردنی دەستوور، ماددەی 140، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە، یاسای نەوت و گاز، یەکسانکردنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان. ئەوانەش بابەتی چارەنووسساز و ئەولەویەتی هەرە بەرزن. بەڵام لە راستیدا، هیچ کام لە حیزبەکان یان حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان پلان و رەفتارەکانیان لە بەغدا بەپێی ئەو داوایانەی خۆیان نەبووە. لە هیچ کاتێکدا سەرکردە کوردەکانی بەغدا، کە لە سەر پشکی هەرێمەوە دامەزراون، نەیانتوانیوە هیچ کام لەو ئەولەویەتە چارەنووسسازانە بەرەو پێشەوە ببەن. جا یان دەستپێشخەرییان نەکردووە، یان پشتئەستوور نەبوونە بە هەرێمی کوردستان و یان لە بەغدا گوێیان لێ نەگیراوە. لە هەرێمیشەوە، سەرکردە سیاسی و سەرکردەکانی حکومەت، دوورەپەرێز بوونە و بە ئەرکی سەرشانی خۆیان نەبینیوە کە دەستپێشخەر بن، لۆبی لە بەغدا بکەن و پاڵ بەو فایلانەوە بنێن هەتا دەیانگەیەننە ئاستی جێبەجێکردن. ئەوەش بێجگە لە دوورکەوتنەوە لە بەغدا و بەرامبەرکێ و سیاسەتی دژبەیەک.
=KTML_Bold=پۆستەکان=KTML_End=
لەوکاتەی کێشمەکێشمی سیاسیەکان لەسەر پۆستە سیادییەکانی بەغدا چڕبووەتەوە، کە ئامادەبوونە لەسەر هەریەک لەوانە تا رادەی لێکترازانی هەرێم لەبەرامبەر یەکتردا تووند ببن، کەچی سەدان پۆستی دیکەی گرنگ و کاریگەر کە لەسەر پشکی کورد حیسابکراوە، لەلایەن هەرێمەوە پشتگوێخراوە و بە بەتاڵی هێشتراونەتەوە. لەنێو ئەو پۆستانە، کۆمەڵێک بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و راوێژکار و سەرۆکایەتیی کۆمیسیۆنەکان و پۆستی سەربازی و ئەمنی دیکە.
بە دڵنیاییەوە، زەخم و هێزی گشتی ئەو پۆستە هەستیارانەی نێو جومگەکانی جێبەجێکردن لە بەغدا زۆر کاریگەرتر و ستراتیژیترن لە پۆستە سیادیە بەرچاوەکانی نێو پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران و بگرە لە سەرۆکایەتیی کۆماریش. هەر یەک لەو پۆستانە لە دامەزراوە تایبەتمەندەکانی حکومەتدا دەسەڵاتی کارتێکردنی بڕیار و خەرجکردن و وەبەرهێنانیان هەیە کە دەتوانن پشکی هەرێم لە ئاستی فیدراڵیدا بپارێزن و پەرەیان پێبدەن. کەس ناتوانێ بە مەزەندەش بەهای ئەو زەرەر و زیانانە بخەمڵێنێت کە هەرێمی کوردستان لە درەنجامی بەتاڵبوونی ئەو پۆستانە کردوویەتی.
لە کابینەکانی پێشتر پشکی کورد لە چوار وەزیر کەمتر نەدەبوو، کەچی لەوەی دواییدا بووە سێ وەزیر، ئەویش بەهۆی لێکترازانی ناوەکی و گفتوگۆی تاکلایەنانە. پێشتر، هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک بریکاری وەزیر و هەندێ سەرکردەی سەربازیی فیدراڵی پایەبەرز و سەرۆکی دەستەی هەبوو، کە پۆستەکانیان هەمیشەیی بوون. بەڵام ژمارەی ئەوانە روویان لە کەمبوونە بەهۆی خانەنشینی یان وازهێنانیان. لە راستیدا خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر هەستی بە دامەزرانی ئەوانە نەدەکرد چونکە لە روانگەی حیزبی تەسکەوە دامەزرابوون، خەریکی پاراستنی بەرژەوەندی تایبەت (حیزبی یان کوتلەی تایبەتی لەناو حیزب) بوون و لە حکومەتی هەرێمیشەوە بە دەگمەن ئاوڕیان لێ دەدرایەوە.
پێویستە لە ئایندەیەکی نزیکدا، پلانێکی تۆکمە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبە کاریگەرەکانی هەرێمەوە (بەبێ رەچاوکردنی ژمارەی پەرلەمانتارانیان) بۆ ئەو چوار ساڵەی داهاتوو دابنرێت و بەشی هەرە زۆری ئەو سەدان پۆستە سەرکردەییە ناوەندیە پڕبکرێنەوە. راستە پرۆفێشنەڵەکانی هەرێمی کوردستان حەز بە کارکردن لەکەشی بەغدادا ناکەن، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت هاندەر بێت و زەمینەسازییان بۆ بکات و کەشی سەلامەت و گونجاویان بۆ بڕەخسێنێت.
=KTML_Bold=میکانیزمەکان=KTML_End=
ئەمڕۆ، زیاتر لە هەموو کاتێکی پێشتر، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە هەماهەنگیکردن هەیە لەگەڵ حکومەتی بەغدا. ئێستا کاتێکی گونجاوە بیر لە میکانیزمی گونجاو بکرێتەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندیی نێوانیان و کاری لۆبی هەرێمی کوردستان لە پایتەختدا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئۆفیس و نوێنەرایەتییەکی چالاکی لە بەغدا هەبوو، کە لەکاتی جیاوازدا کاری هەماهەنگیی و خانەخوێیەتی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و هێنان و بردنی پۆستەی دەکرد. ئەو ئۆفیسە لە ئێستادا پشتگوێخراوە و مەودای چالاکییەکانی تەسک بووەتەوە. پێویستە نوێنەرایەتییەکە بە پێناسەیەکی نوێوە چالاک بکرێتەوە و ئاستەکەشی بۆ ئاستی هەردوو کابینە بەرز بکرێتەوە. دەکرێت وەزیری هەرێمی کوردستان بۆ هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەندام بێت و لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی وەک چاودێر ئامادە بێت. لەوەش زیاتر، هەر وەزارەتێکی هەرێم لە هەر وەزارەتێکی بەغدا نوێنەری باڵای هەبێ لە ئاستی راوێژکار یان بەڕێوەبەری گشتی. ئەوانە بەرپرسیار بن لە هەماهەنگی و کارتێکردن بۆ بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان.
=KTML_Bold=ئەوجا یەکڕیزی=KTML_End=
حیزبە سیاسییە رکابەرەکانی هەرێمی کوردستان بوونەتە خاوەنی کولتوورێکی زۆر تایبەت لە ململانێی دەسەڵات، تا رادەیەک پێویستیان بە دووژمنی دەرەکی نەماوە. لەو کاتەی کە هەڕەشەی دەرەکی لەوپەڕیدایە و دەزانن دەبێ تەبا بن، کەچی لە کۆتاییدا کار دەگاتە لێکترازانی ناوەکی. لەوکاتەی کە پەیام دەبەخشن بەوەی پێویستە لەسەر مەسەلە بنەڕەتی و ستراتیژییەکان کۆک بن، کەچی گفتوگۆیەکان زیاتر لەسەر پۆستە باڵاکان چڕ دەبنەوە.
ئەزموونی حیزبەکان سەلماندوویەتی ئەگەر بەیەک تیم گفتوگۆیەکانی پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ پێکهاتەی شیعە و سوننە ئەنجام بدەن، دەستکەوتیان بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، کەچی بە چەندین تیم ئەو کارە دەکەن. بێگومان ئاساییە کە بە شاندی جیاواز سەردانی بەغدا بکەن و بۆچوون و بەرژەوەندیە حیزبییە جیاوازەکانیشیان دەرببڕن. بەڵام باشتریشە ئەگەر لەنێو هەرێمدا پێشوەختە لەسەر ستراتیژە لووتکەییەکان رێک بکەون. پێویستە ئەجێندا و ئاراستەی گفتوگۆکانی هەر شاندێک لەوانە، هەردەم لە چوارچێوەی ستراتیژە گشتگیرەکانی هەرێمی کوردستان بێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=