=KTML_Bold=گرەوی سەدرییەکان وەرچەرخانێکە ئەگەر شکستیش بهێنێت=KTML_End=
#دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین قەرەداغی#
جارێکی دیکە موقتەدا سەدر تەحەددای تەواوی سیستمی فەرمانڕەوایی عێراقی کرد و لاوازیی دامەزراوەکانی بەدەرخست و دینامیەتی سیاسی عێراقی بەرەو بنبەستێکی نوێ برد. بەوانەش عێراقی گواستەوە قۆناخێکی نوێ. لەو پرۆسەیەدا لایەنگرانی سەدر سیستمە دیموکراسییەکەی عێراقیان ئەتککرد و دامودەزگاکانی دەوڵەتیان ریسواکرد و سەلماندیان کە وڵاتەکە بەپێی سیستمی ئێستا قابیلی حوکمڕانیی نییە.
نزیکەی دوو دەیەیە دینامیکە سیاسی و ئەمنیە وێرانکەرەکانی ناوەوە و دەرەوە، عێراقیان خستووەتە سەر رێچکەیەکی بەرەوژێر، بەڵام ئێستا وڵاتەکە گەیشتووەتە قۆناخێکی نوێی لە هەڵخلیسکان و خاڵێکی دیکەی نەگەڕانەوە. لەبەرچاوی خەڵکی عێراق، دەستووری عێراق چیتر بایەخی مەرەکەبی خۆی نەماوە، ئەنجوومەنی نوێنەران چیتر شایەنی ناوەکەی نییە و دامەزراوەکانی جێبەجێکردن و دادوەریش لە ئامراز زیاتر نین. لێرەوە بەدوا دابەزینەکە سەربەرەو خوارەوەیە، هەتا ئەگەر سازشێکیش لە نێوان لایەنە ململانێکەرەکاندا بکرێت. بەبێ چارەسەرکردنی خێرا، عێراق شکستدەهێنێت، ئەگەر ئێستا شکستی نەهێنابێت.
=KTML_Bold=سەدرییەکان لە بنبەستێکدا=KTML_End=
موقتەدا سەدر ناسراوە بەوە ئەوەی کە ئاواتی ئەوەی هەیە ببێتە پێشڕەوێکی بێ رکابەری عێراق. لە ماوەی 18 ساڵدا خەباتێکی زۆری بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەیەکی پەرلەمانی بەرچاوکرد کە لە هەڵبژاردنی رابردوودا بەدەستی هێنا، بەڵام لەو کاتەوە زنجیرەیەک بڕیاری دەرکردووە کە بە هەموو پێناسەیەک بە هەڵەی ستراتیجی لە قەڵەم دەدرێن. پلانە زێدە ناواقیعیەکانی ئەوەندە رادەبەدەرن کە لەلایەن نەیارەکانیەوە وەک هەڕەشەی ستراتیژی دەبینرێن. سەدر نیەتی خۆی ناشارێتەوە کە دەیەوێ لە رێگەی پشتیوانیی جەماوەرییەوە ببێتە خاوەنی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دواتر دادوەری. بەواتایەکی دیکە، دەیەوێت بگاتە لووتکەی دەسەڵاتەکان و ببێتە (وەلی فەقیهی) عێراق و رەوتی حوکمڕانی وڵات وەرچەرخێنێ و رکابەرە مێژووییەکانی وەلا بنێت. بۆ گەیشتن بەم ئامانجانەش، سەدر هاوپەیمانێتییەکی پتەوی لەگەڵ ئەو لایەنە سوننە و کوردانە سازدا کە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا زۆرینەی کورسییەکانی پێکهاتەکانیان بەدەستهێنابوو. بەڵام، سەرەڕای هەوڵەکانی، پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت گەیشتە بنبەست تا ئەو رادەیەی کە سەدر رووبەڕووی دوو بژارە بووەوە: یا سازش لەگەڵ نەیارەکانی بکات و یان بچێتە خانەی ئۆپۆزیسیۆنەوە. بێگومان دەکرێت بگوترێت لە هەردوو دۆخدا بە مانەوەی لەناو پەرلەماندا دەیتوانی چەندین ئامانج بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەویان بژارەی سێیەمی هێنایە کایەوە، ئەویش دەرچوون و رەتکردنەوەی تەواوی سیستمی حوکمڕانی.
=KTML_Bold=کەڵە چیایەک بۆ سەرکەوتن=KTML_End=
سەدرییەکان ئێستا رووبەڕووی دوو رژێمی ئاڵۆز و جێگیر و هەژمووندار بوونەتەوە، کە زوو یان درەنگ شکست بە پڕۆژەکەیان دەهێنن. یەکەمیان رژێمی سیاسی و ئەمنیەتی ناوخۆییەکە عێراقی پێ بەڕێوەدەبرێت. پێکهاتەکانی ئەو رژێمەش بریتین لە دەستووری 2005 و دامەزراوەکانی دەوڵەت و هێزە سیاسییە هەمەجۆرە ناتەباکان و کۆمەڵێک ئەکتەری چەکداری دەوڵەت و نادەوڵەتی. هیچ هێز و لایەنێک ناتوانێت بە تەنیا گۆڕانکاری ریشەیی لەو عێراقەدا بکات و دەستوور هەڵبوەشێنێتەوە دەست بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بگرێت. ئەو رۆژانە تێپەڕیون. کاتێک دێتە سەر پێداچوونەوەی دەستوور یان دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵات، هیچ متمانە و رێککەوتنێکی هاوبەش لەنێوان هیچ دوو لایەنی سیاسی عێراقدا نییە، تەنانەت لەنێو ئەندامانی یەک هاوپەیمانیشدا بەدی ناکرێ. جارێ کورد هەرگیز بە گۆڕانکاری بەپەلە و نیوەکوڵی دەستوور رازی نابێت، دەستوورێک کە خۆیان لەگەڵ شیعەکان بە ئەنجامیان گەیاند.
دووەم 'رژێم' بریتییە لە جیهانی شیعە، کە لە ئاراستەکردنی دەسەڵاتی عێراقدا خاوەن قسەیە. ئەو رژێمەش ئەکتەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی شیعەکانی عێراق و مەرجەعیەکانی نەجەف و قوم و دامەزراوەکانی دەوڵەتی ئێران و کۆمەڵانی شیعەی لوبنان و باقی جیهان دەگرێتەوە. ئەم 'جیهانە' بۆ ماوەی پێنج سەدە تێدەکۆشا بۆ بەدەستهێنان و چەسپاندنی دەسەڵاتی شیعە لە ئێران و عێراق، ئێستاش رێگە بە گرووپێکی داهێنەری نێو شیعە نادات کە دەستی شیعە لاواز بکەن یان دەسەڵاتیان بخەنە مەترسییەوە.
سەدرییەکان شایەتییان بۆ دراوە کە بوێرن و متمانەیان بەخۆ هەیە کە دەستپێشخەری داهێنەرانە ئەنجام بدەن، بەڵام ناسراویشن بەوەی کە سیاسەتکاری مەزاجی و پۆپۆلیستین و زێدە کاردانەوەیان لێ بەدی دەکرێت. ئەمەش رەنگدانەوەی جۆری سەرکردایەتییانە کە وەک ئۆرکێسترایەکی تاکە کەسییە. بەپێی گوتەی چەندین کادری پێشکەوتووی نێو سەدرییەکان، زۆرجار بڕیارەکانی سەرکردەی رەوتەکە زیانی گەورە بە خۆیان و شەرعییەتی دامودەزگە دەوڵەتییەکانی عێراق دەگەیێنێت. لە دواین هەنگاویشیاندا، ئەو دەستوورەی کە دیموکراسییانە لە ئامێزگیراوە، رەتیان کردەوە و بێڕێزییان بەرامبەر پەرلەمانێک نیشاندا کە تاکە رێگەیە بۆ شەرعییەتدان بە داواکارییەکانیان. جا بۆ پێداچونەوە بە دەستوور یان ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ بێ، ئەوا پێویستیان بە کاراکردنەوەی هەمان ئەو پەرلەمانە دەبێت کە ئێستا لێی دەرچوون و رەتیان کردووەتەوە. ئەو حاڵەتەش بۆ ئەوان وەک قوتدانی مووس وایە، هەر جوڵەیەک بۆ سەرەوە یان خوارەوە بکات تووشی زیان یان شەرمەزاریان دەکات.
=KTML_Bold=شکستی رکابەرەکان=KTML_End=
سەدرییەکان هەردەم پشتئەستوور بوونە بە لاوازیی یان شکستی سەرجەم ئەو ئەکتەرە ناوەکی و دەرەکییانەی کار لە رووداوەکان دەکەن. بێسەروبەری نەیارە سەرسەختەکانی سەدرییەکان، کە بەرچاوڕوونییان سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ تەحەداکانی دوای هەڵبژاردن لێ بەدی نەکرا. بەڵێ سەرکەوتوو بوون لە رێگریکردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ لەلایەن سەدری و هاوپەیمانەکانیانەوە، بەڵام خۆشیان سەرکەوتوو نەبوون لە خێراکردنی پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی تەوافوقی دوای ئەوەی سەدرییەکان بۆشاییان جێهێشت. چوارچێوەی هەماهەنگی شکستی هێنا لە دڵنیاکردنەوەی خودی سەدر، یان راکێشانی هاوپەیمانە سوننە و کوردەکانی سەدر.
ئێران ئارام و بێدەنگ بووە و دڵنیایە لەوەی کە لە کۆتاییدا دەتوانرێت سەدرییەکان کۆنترۆڵ بکرێن. ئێرانییەکان نایشارنەوە کە بەشێک لە سیاسەتەکانی سەدرییەکان بە هەڕەشەی ستراتیژی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان دەزانن و پێیان وایە هەوڵەکانی سەدرییەکان بۆ دروستکردنی حکومەتی زۆرینە دەبێتە مایەی لەتکردنی کۆمەڵگەی شیعەی عێراق، ئەوەش (بە بۆچوونی خۆیان) لە خزمەتی بەرژەوەندیی ئیسرائیل و عەرەبە کەنداوییەکان و ئەمریکادا دەبێت. بۆ ماوەی زیاتر لە 15 ساڵە ئێران باڵی هەژموونی بەسەر عێراقدا گرتووە. بە پێی لۆژیک، پێویستە ئێرانییەکان وای ببینن کە عێراقێکی سەقامگیر و سەرفراز، کە لەژێر کاریگەریی ئەواندایە، وەک مۆدێلێکی باش دەبینرێت و نیشانی دەدات کە چۆن ئێران دەتوانێت هاوکاریی هاوپەیمانەکانی بکات و خۆشگوزەرانییان زامن بکات، بەڵام بە پێچەوانەوە، ئێران رۆڵی هەبووە لە لاوازکردنی دامودەزگەکانی دەوڵەتی عێراق و بگرە لە پەرتەوازە بوونی لایەنە شیعیەکان و خوردبوونەوەیان بۆ چەندین هێزی سیاسی ڕکابەری بچووکتر و چەندین هێزی چەکداری حکومی و ناحکومی. لەو نێوەشدا، ئێرانییەکان سەرکەوتوو نەبوون لە ئیدارەدانی سیاسەتی عێراق یان وەستاندنی گلۆربوونەوەی عێراق بەرەو ئەنارکی (فەوزا).
=KTML_Bold=خۆگونجاندنی لایەنگرەکان=KTML_End=
سەرەڕای ئەوەی ئێستا سەدرییەکان پەرلەمانی عێراقیان سووک و ئیفلیج کردووە، کەچی زۆربەی لایەنە غەیرە شیعیەکانی عێراق، یان خودی ئەندامانی پەرلەمان، لەجیاتی ئیدانەکردن، بە پشووی درێژەوە سینگفراوانیان نیشانداوە، تەنیا داوای دیالۆگیان کردووە لە ترسی ئەوەی نەوەکا بە لایەنگیر ببینرێن. لەوەش زیاتر، سەرۆکی پەرلەمان، لە جیاتی دەربڕینی تووڕەیی، کەچی سەرجەم چالاکیەکانی دامەزراوەکەی هەڵپەسارد.
هاوکات، بە پێچەوانەی هەڵوێستیەکانیان سەبارەت بە رەفتاری هەوادارانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس لە کاپیتەڵ هیل، کەچی ئەمریکا و باقی هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەکان لە رەفتاری سەدرییەکان و داگیرکردنی پەرلەمانی عێراق هەڵوێستیان نەرم بوو. هیچ جۆرە رەخنەیەکیان لە خۆپێشاندەران و سەرکردەکانیان نەگرت بەوەی کە حەڕەمی پەرلەمانیان داگیر کردووە. ماوەیەکی زۆرە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی وڵاتانی خۆرئاوا و عەرەبە کەنداوییەکان، وەبەرهێنانیان لە بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق کردووە بۆ ئەوەی وڵاتەکە سەقامگیرتر بێ و باشتر حوکمڕانی لێ بکرێ. ئەوان لە مێژە لە دژی هەژموونی ئێرانن بەسەر عێراقەوە و دژی پاڵپشتیکردنی ئەو دراوسێیەن بۆ هێزەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی یان ئەکتەرە چەکدارە ناحکومیەکانیان. وڵاتانی خۆرئاوا و عەرەبە کەنداوییەکان سەدرییەکانیان پێ پەسندترە و بە ناڕاستەوخۆ پشتگیری پلانەکانیشیان بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە، بەو هیوایەی کە لە کۆتاییدا عێراق لە بەرامبەر ئێراندا بەهێز بکەن.
=KTML_Bold=چارەسەر و دەرئەنجامەکان=KTML_End=
بێگومان، ئەم قەیرانەی ئێستا کۆتایی پێ دێت، جا بە توندوتیژی یان بێ توندوتیژی. هەڵبەتە هەوڵی رێگریکردن لە بەرپابوونی توندوتیژی لە ناو ماڵی شیعی دەدرێت، بەڵام بە هەڵگیرسانی ئاژاوە و تووندوتیژی کارێکی ئاسانە بە تایبەتی ئەگەر رێگە بە بەردەوامبوونی ناکۆکیەکان بدرێت. بەهەر چۆنێک بێت، بۆ ئەوەی چارەسەریەکان بەرەو پێش بچن دەبێ سەدرییەکان دواتر رازی ببن بۆ سازان و گەڕانەوە بۆ ناو هەمان سیستمە سیاسییە کۆن بووەکە. دەکرێت سەدرییەکان 73 کورسییەکەی خۆیان لە پەرلەمان دەست بکەوێتەوە (کە ئیرادەیەک هەبێ، رێگەیەکیش دەبێ)، یان لایەنەکان لەسەر نەخشە رێگەیەک رێکبکەون بۆ هەڵبژاردنێکی نوێ یان تەنانەت پێداچوونەوەی دەستوور. بێ گومان هەموو ئەم چارەسەرانە پێویستیان بە دووبارە کاراکردنەوەی پەرلەمانە راگیراوەکەی ئێستا دەبێ.
ئێران لە کۆتاییدا رۆڵێکی سەرەکی لە ئاشتبوونەوە و قایلکردنی هەموو لایەنەکان بۆ سازان دەبینێت. ئەوان تائێستا ئارام بوونە، بەڵام کاتێک ساتەوەختەکەی دێت، ئەوان باشترین پێگەیان هەیە بۆ ئەوەی کارەکان بەرەوە پێشەوە ببەن. ئێران شیاوترین لایەنە کە رۆڵی نێوەندگیری ببینێت، ئەگەرچی خۆشی لایەنگیرە و بەشێکە لەو ململانێیە بەهۆی دژایەتیکردنی سیاسەتەکانی سەدر و پشتگیریکردنی چوارچێوەی هەماهەنگی. ئێران چەندین ئامراز و توانای سیاسی و دادوەری و دارایی و ئەمنییان لە ناو عێراقدا هەیە بۆ ئەوەی سەرسەختەکانی هەر لایەنێک نەرم بکەن، ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی ناچاربکەن بۆ سازان، هەندێک سەرکردەی چوارچێوەی هەماهەنگی وەلا بنێن و بەڵێنی گۆڕانکاری بە سەدرییەکان بدەن.
سەدرییەکان لە قومارەکەیان دەرچەیان لێداوە، دەشزانن کە زەحمەتە سەرکەوتنی تەواو بەدەست بێنن، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە، تازە عێراقیان گۆڕی و دینامیکیەتەکەیان خستە قۆناخێکی دیکەوە. ئەگەرچی ئێستاش سەدرییەکان لە حاڵەتی سەرکەشیدانە و دیالۆگ رەد دەکەنەوە، بەڵام ناسراویشن بەوەی کە سیاسەتمەداری پراگماتیکین و لە رابردوودا سازشیان کردووە، زۆر جار پاشگەز بوونەتەوە و لە کاتی پێویستدا رێچکەیان گۆڕیوە. ئەمەش بەو مانایە نییە کە واز لە ئاواتەکانیان دەهێنن بۆ دەستگرتن بەسەر سیستمی حوکمڕانی. بە پێچەوانەوە، هەمیشە ئامادەن قوربانیشی بۆ بدەن، بەڵام ئەمە بۆ داهاتووە نەک ئەم خولەی ئەمجارە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=