=KTML_Bold=لە لووتکەی شەڕی ئیرادەوە لەنێو ماڵی شیعە: رێگەچارەکان=KTML_End=
#دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین قەرەداغی#
لە هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی لووتکەی دەسەڵات، موقتەدا سەدر شەڕێکی دیکەی دۆڕاند. ئەمجارەیان لە خولەکانی پێشوو بە زەرەرمەندتر و تاڵتر لێی دەرچوو. بەڵام هێشتا زووە و با تواناکانیشی بەکەم نەزاندرێ، چونکە جارێ جەنگەکەی نەدۆڕاندووە.
لە 29ی ئابی 2022، موقتەدا وازهێنانی خۆی لە سیاسەت راگەیاند، بەڵام بەبێ ئەوەی داوا لە لایەنگیرانی بکات واز لە داگیرکاریی ئەنجوومەنی نوێنەران بهێنن. بە پێچەوانەوە، لێدوانەکەی سەدر وەک ئاماژەیەک بۆ پەرەسەندنی زیاتر وەرگیرا کە دوای ئەوە و دەستبەجێ لە ناوچەی سەوزی بەغدا هێرش برایە سەر کۆشکەکانی حکومەت. تەنانەت خۆپیشاندەران هەوڵیاندا لە پردی هەڵواسراودا (جسر المعلق) بپەڕنەوە بۆ ناو جادریە، کە مۆڵگەی نەیارەکانیانە. ئەمانە وەک هەوڵێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەغدا و تەواوی دەسەڵات لێکدرانەوە. دیارە سەدرییەکان پێشبینیان لە سەرهەڵدانی تووندوتیژیی کردبوو، بەو پێیەی کە چەند گرووپێکی باڵی سەربازیی بزووتنەوەکەیان، سەرایا سەلام گەیشتنە نێو خۆپیشاندەران. بەڵام ئەو هێزە بچووکەی سەرایا کە بە باشی ئامادە نەکرابوون، لە ئاستی (فەسائیل)ە پڕچەک و چەسپاوەکەی سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگی نەبوون. سەدرییەکان لە مەڕ بێبەزەیی و گوڕی نەیارەکانیان سەریان سوڕما، ئەوەبوو رێژەیەکی زیاتریان لە قوربانیان بەرکەوت کە زۆربەیان لە ریزی خۆپیشاندەرانی بێچەکدا بوون.
هاوکات موقتەدا کەوتە ژێر فشارێکی زۆرەوە، چ راستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ، لەلایەن ئەکتەرە شیعەکانەوە لەنێو ناوەندەکانی دەسەڵاتی شیعی لە نەجەف، قوم، تاران و ئەولاتریش. لە ئەنجامدا، سەدر لە بارێکی دەروونیی خراپدا بڕیاری کشانەوەی هێزەکان و خۆپیشاندەرانی لە سەرجەم ناوچەی سەوز راگەیاند. رەخنەشی لە بزووتنەوەکەی گرت و دیسانەوە جەختی لە وازهێنانی خۆی لە سیاسەت کردەوە. ئەوەش پەیامێکی چەند بارەیە کە خووی پێوە گرتووە و هیچ لایەنێک قسەکانی سەبارەت بە کشانەوە بە جیدی وەرناگرێت. بە پێچەوانەوە، خەڵک نیگەرانن لەوەی ئەگەری زیاتر ئەوەیە کە سەدر بە تۆڵەکردنەوە بگەڕێتەوە مەیدانی شەڕ.
=KTML_Bold=وەستانی ئێستا=KTML_End=
لە وتارێکی ئەم دواییەدا جەختمان لەوە کردەوە کە سەدر ئاڵۆزیی سیستەمی سیاسیی عێراق و هەژموونی 'جیهانی شیعە'ی لەسەر سیاسەتی عێراق بە کەم سەیر کردووە کە دواجار ئەوانە دەبنە رێگر لەوەی بە ئامانجە کۆتاییەکەی بگات، کە بریتییە لە زاڵبوون بەسەر دەسەڵات لە عێراقدا. هەروەها توانای خۆی، وەک ئۆرکێسترایەکی یەک کەسی و، توانای لایەنگیرانی بۆ ملکەچکردنی نەیارەکانی، بە زۆر زانی. بۆیەش لە هەڵبژاردنی رێچکەکانیدا سەرکەوتوو نەبوو و بەڵکو هەڵەش بوو.
لە بەرامبەردا، نەیارانی سەدر، بە تایبەتی چوارچێوەی هەماهەنگی، توانای سەدریان بۆ بەکارهێنانی ئامرازەکانی لە دەرەوەی سیستەمی دەوڵەت بە کەم زانیوە. بەڵێ توانیویانە هاوپەیمانیەکەی نێو خۆیان بە تۆکمەیی رابگرن و سەدرییەکان لە پەرلەمان و دەرەوەیدا بگەیێننە چەقبەست، بەڵام ئەڵتەرناتیڤێکی گونجاویشیان پێشکەش نەکردووە. بەڵکو دوای ئەوەی سەدرییەکان لە پەرلەمان کشانەوە، ئەوان کەوتنە ئاهەنگگێڕانی پێشوەختە و کاتەکانیان بەفیڕۆدا و نەیانتوانی حکومەتی نوێ بە خێرایی پێک بهێنن. نەیانتوانی بە زوویی کورد و سوننە بەلای خۆیا رابکێشن یان هاوسۆزییەکی زیاتر لەنێو شیعەکاندا بەدەست بهێنن. ئێستا، دوای ئەوەی سەدرییەکان ناوچەی سەوزیان چۆڵ کردووە، پێدەچێت جارێکی دیکە چوارچێوەی هەماهەنگی زێدە متمانەیان بەخۆیان پەیدا کردبێتەوە. تەنانەت رەتیانکردووەتەوە دان دابنێن بە دەستپێشخەرییەکەی سەدر بۆ کۆتاییهێنان بە تووندوتیژی، و بگرە دەستیان کردووە بە ورووژاندنی سەدرییەکان بە شێوازی جیاواز، هەروەک ئەوەی کە داوای دانیشتنی پەرلەمانیان کردووە بۆ بەردەوامبوون لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت بەپێی کارنامەی خۆیان.
لەم نێوەندەدا، دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراق لە باشترین حاڵەتدا تەنیا رۆڵی چاودێرێکی ناکارامەیان بینی، یان لە خراپترین حاڵەتدا بە هاندانی پەرەسەندنی تووندوتیژیەکان تاوانبارکراون. هەروەها لایەنە غەیرە شیعەکانی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بوونەتە چاودێرانی نیگەران و بێزار، بەجۆرێک کە دەستەوەستان بوون لەوەی چۆن بەشێوەیەکی بنیاتنەرانە مامەڵە لەگەڵ لایەنە ململانێکەرەکان بکەن. بێگومان گلەییان لێناکرێ چونکە ساتێ کە سەرکردە شیعەکان لە سەرکردایەتیکردنی پێکهاتەکەیان شکست دەهێنن، رۆڵی لایەنە ناوەکی و دەرەکییەکانی دیکە (جگە لە ئێران) هەمیشە سنووردار دەبێ.
=KTML_Bold=داهاتوو=KTML_End=
داهاتووی نزیک تاریک دەردەکەوێت، چونکە سەرسەختی رکابەرەکان دەتوانێت عێراق بەرەو شکستێکی درێژخایەن ببات. شیعەکان دەتوانن بەرگەی تووندوتیژییەکی سنووردار بگرن کە لەو ماوەیەدا گەیشتنە ئەو سنوورە، ئەگەر لەوە تێپەڕی عێراق رووبەرەو ناوەوە دەتەقێتەوە. بەڵام دەکرێ رێگە لەو رێچکەیە بگیردرێت.
لە ماوەی دەستبەجێدا، پەنجەرەیەکی تەسکی دەرفەت لە ئارادایە بۆ ئەوەی ئەکتەرەکان پلانێک بۆ چارەسەرێکی بەردەوام بخەنەڕوو. ئێستا تا زیارەتی چلە (ئەربەعین، لە 16ی ئەیلوول)، سەرکردە جەنگخوازەکان ناچارن پشوو بدەن و لەخۆ بفکرن. لەم نێوەندەدا گرژییەکان هەر دەمێننەوە و ئەگەری ئەوە هەیە تووندوتیژی لێرە و لەوێ رووبدات، خۆ دوور نییە جارێکی دیکە شەڕێکی سەرتاسەری لێبکەوێتەوە یان نەکەوێتەوە. بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەبێ چارەسەر بمێنێتەوە، ئەوا پێشبینیکردن لە رووداوەکانی داهاتوودا ئاسان نابێ. بە ئاڵوگۆڕکردنی لێدوانی نادیپلۆماسی و ناتۆرە و پەیامی رەق، رەنگە هەمان ئەکتەرەکان دوای چلە دەست پێ بکەنەوە و عێراق بەرەو کۆتاییەکەی ببەن.
درەنگ یان زوو سەدرییەکان درک بەوە دەکەن کە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی تەواوی سیستەمی حوکمڕانی بژاردەیەکی واقیعی نییە و گرتنەبەری رێگەی دەرەوەی دەستوور بۆ زاڵبوون بەسەر عێراقدا ئەنجامی نابێت. تاکە رێگەی گەڕانەوەیان بۆ شەرعیەت ئەوەیە کە رێگە بە پەرلەمان بدەن کۆببێتەوە، یاسا بۆ هەڵبژاردنێکی نوێ دابنێت و دەنگ بۆ خۆ هەڵوەشاندنەوە بدات. بە پێچەوانەشەوە، دەبێ چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوە قبووڵ بکەن کە ناتوانن ئۆپۆزیسیۆن پشتگوێ بخەن، چ جای سڕینەوەیان. لێرەوە سازانی دوولایەنە پێویستە.
هەرچی لایەنە غەیرە شیعە عێراقیەکان و لایەنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکانن، پێویستە فشار بخەنە سەر هەردوو دیوە رکابەرەکە بۆ ئەوەی لەسەر زەمینەیەکی ناوەڕاست ڕێکبکەون. باشترە کورد و سوننە پەلە لە رێکەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی نەکەن، بەتایبەتی بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە لەسەر حیسابی سەدرییەکان بێت. بەڵکو پێویستە بەشداریکردنیان بە مەرجی بەدیهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام و عێراقێکی سەقامگیر بێ. پێویستە ئەمریکا و ئەوروپییەکان و یونامی بەردەوام بن لە مامەڵەکردنیان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بە شێوەیەکی بنیاتنەر و دیبەیتەکان لەسەر سەقامگیری و شەرعیەت و کارایی دەوڵەت چڕ بکەنەوە.
پێویستە ئێران درک بەوە بکات کە رووداوەکانی ئەم دواییانە هەستی دژە ئێرانی لەنێو شیعەکاندا زیاد کردووە و رەنگە لە کۆتاییدا زێدە تووندوتیژی لە ئێران دوورتریان بخاتەوە. دەبێ ئێران رۆڵی بنیاتنەر لە رازیکردنی هەموو لایەنەکان بۆ سازشکردن بگێڕێت. هەرچەندە ئێران بە پشتیوانیکردن لە چوارچێوەی هەماهەنگی بووەتە بەشێک (لایەنگیر) لە ململانێکان، بەڵام لەتوانایاندایە کە چوارچێوەی هەماهەنگی ناچار بکەن بۆ سازشکردن. دیارە ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی دابەشبوونە بەسەر گرووپی تووندڕەو و میانڕەودا. نهێنی نییە کە لە ناوەوە بێ سەرکردایەتیەکی یەکگرتوون و دیارە لەلایەن ئێرانەوە بە باشتری رێنمایی دەکرێن. لە کاتێکدا ئەوانە و ئێران هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دەبێت سەدر لە هەوڵەکانی بووەستێنرێت، بەڵام نەیانتوانی لەسەر باشترین رێگەچارە رێکبکەون. کاتی ئەوە هاتووە چاو بتروکێنن و بەرەو ناوەڕاست بڕۆن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=