=KTML_Bold=شەڕی ئیرادەی ئەمریکا و ئێران لەنێو عێراق=KTML_End=
#دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین قەرەداغی#
ململانێی ئەمریکا و ئێران لەنێو عێراق و هەرێمی کوردستاندا لە هەڵکشاندا بەردەوامە. ئامانجی ئێرانییەکان تەنیا کشانەوەی ئەمریکا نییە لە عێراق، بەڵکو کشانەوەیەتی بە زەلیلی، هاوشێوەی سیناریۆی ئەفغانستان. ئێران بوونی سەربازی ئەمریکا لە عێراق بە هەڕەشەیەکی ستراتیجی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت و دەیەوێت لەم کاتە گونجاوەدا ئەو هەڕەشەیە لەناوبچێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەستیان لە سەرتاسەری لێڤانت (وڵاتی شام)دا واڵا بێت، و پشتیوانیی ئەمریکا بۆ عەرەبەکانی کەنداو لاواز بکات و هەیکەلی ئەمنی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لەسەر مەرجەکانی ئێران دابڕێژێتەوە.
ئێران هەست بە لاوازی لە ئیدارەی ئێستای ئەمریکادا دەکات، بە تایبەتی لەم ساڵەی هەڵبژاردنەکاندا. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا سەرنجی چووەتە سەر ئەولەویەتی دیکە، لەوانە شەڕەکانی ئۆکرانیا و غەززە. دەشزانن کە ئەمریکا هێشتا بە هیوایە (راست بن یان هەڵە) کە لەگەڵ ئێرانییەکان لەسەر زنجیرەیەک پرسی ئەمنی سازان بکەن و رێککەون. رەنگە ئەم پەنجەرەی دەرفەتە دواتر دابخرێت، بەتایبەتی ئەگەر دۆناڵد ترەمپ جارێکی دیکە هەڵبژێردرێتەوە. بۆیە بەلایانەوە کاتی ئەوە هاتووە یارییەکی قورس بکەن و زۆرترین فشار لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بخەنە سەر ئەمریکا. ئەوان پێیان وایە کە ئەمریکا وەک هەمیشە لە عێراقدا، قابیلی گوشار لەسەرکردنە، خۆی لە پەرەسەندنی گرژییەکان بەدوور دەگرێت و کاتێک تۆڵە دەستێننەوە، لە شوێنی دیکەی دوور لە خودی ئێران، بەدوای ئەو چەکدارە پرۆکسییانەدا دەچن کە بۆ ئێران ئاسانە دەستبەرداریان ببێ.
لەگەڵ ئەوانەشدا، ئێران نایەوێت بە تەواوی ئەمریکا لە رووی دیپلۆماسی و ئابوورییەوە لە عێراقدا هەڵکەندرێت، چونکە ئەمە زیان بە بەرژەوەندیی خۆیشیان دەگەیێنێت. عێراقێکی دابڕاو و شکستخواردوو بۆ ئێران باش نییە، ئێرانێک کە هێشتا پێویستی بە عێراقە تاوەکو بە ناڕاستەوخۆ دەستی بە رۆژئاوا رابگات. ئێران عێراقی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی هەم سزاکانی ئەمریکا بنکۆڵ بکات و هەم پشتگیری لە پرۆکسییەکانی (هێزە بریکارەکانی) بکات لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
لە بەرامبەریشدا ئەمریکییەکان نایانەوێت لەم کاتە گرنگەدا (یان هەرگیز) عێراق بەجێبهێڵن و هەر کاتێکیش بڕیاری کشانەوەی هێزەکانیاندا، ئەوا بە مەرجی خۆیان و لە و کاتەی کە خۆیان هەڵی دەبژێرن دەردەچن. بۆ ئەمریکا بوونی سەربازی و ئەمنییان لە عێراق گرنگییەکی ستراتیژی گەورەی هەیە، نەک تەنیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی #داعش# و چاودێریکردنی ئێران، بەڵکو بۆ پێشکەشکردنی پاڵپشتی بۆ بنکەکانیان لە سووریا. ئەگەر بەپەلە پاڵیان پێوە بنرێت بۆ ئەوەی بە هەراسانییەوە لە عێراق بچنە دەرەوە، ئەوا بۆشاییەک دروست دەکەن کە هیچ هێزێکی رۆژئاوایی ناتوانێت پڕی بکاتەوە و ئەمریکاش بۆ ساڵانێک، ئەگەر دەیان ساڵ نەبێت، ناگەڕێتەوە. لە روانگەی ئەمریکاوە، رۆشتنێکی لەو شێوەیە بە شێوەیەکی دۆستانە ئەنجام نادرێت و رەنگە عێراق لە دەرئەنجامە نەرێنییەکان رزگاری نەبێت.
هاوبەشە ئەوروپییەکان و هاوبەشەکانی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش لەم بابەتەدا پشکیان هەیە. ساڵانێکە وەبەرهێنانیان لە سەقامگیری و یەکپارچەیی عێراقدا کردووە و بەکۆی پێکەوەییان ملیارەها دۆلار و گیانی ژمارەیەکی زۆر سەربازیان بەخشیوە. ئەوانە توانییان پاڵپشتیی عێراق بکەن تەنیا بەهۆی ئەوەی هێزەکانی ئەمریکا چەتری ئەمنی و ژێرخانی سەربازییان لە عێراقدا دابین کردبوو. رۆیشتنی ئەمریکا دەبێتە هۆی رۆشتنی ئەوانیش بە ناچاری. هاوبەشەکانی هاوپەیمانی پێیان وایە پێگەی خۆیان لە عێراق بە ماندووبوونەوە بەدەستهێناوە، مافی خۆیانە گوێیان لێ بگیردرێت و نیگەرانییەکانیان پشتگوێ نەخرێن.
عێراقی ناسک لەنێوان شاخێک و بەرداشێک گیر بووە. لەلایەکەوە ناتوانێت تەحەدای هەژموونی ئێران بکات، لە لایەکەی دیکەشەوە ناتوانێت دەستبەرداری زلهێزێکی سەرسەخت بێت کە پێی دەکرێ عێراق هەتا رادەی شکستپێهێنان سزا بدات. عێراق ئامادە نییە ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە هاوپەیمانان وەدەربنێت. هێشتا خۆشی توانای رێگریکردنی لە هەڕەشە ئەمنییەکانی داعش یان گرووپە چەکدارەکانی فەسائیل نییە کە خاوەنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانن. بە دەرکردنی ئەو 2500 سەربازە ئەمریکییەی کە لە عێراق ماونەتەوە، لەژێر گوشاری ئێران، ئەوا عێراق ئەو تۆزقاڵە نیازپاکییەش لەدەست دەدات کە لە واشتنتن هێشتا بۆی ماوەتەوە. عێراق وەک ئێران نییە؛ زۆر لەوە ناسکتر یان لەرزۆکترە لەوەی کە بتوانی بەرگەی سزادان و گۆشەگیری دارایی و دیپلۆماسی بگرێت.
سەرکردەکانی عێراق درک بەوە دەکەن کە ئەگەر ملکەچی داخوازی گرووپە چەکدارە لایەنگرەکانی ئێران بن و ئەمریکییەکان وەدەرنێن، لەوێ بەدوا دیار نییە ئامانجی داهاتووی ئەو گرووپانە چی دەبێت. لایەنە کوردی و عەرەبییە سوننەکانیش پێیان وایە ئەوان لە دوای ئەمەریکییەکان نۆرەیان دێت و لە لیستی بەئامانجکردندان. کاتێک هاوبەشەکانی هاوپەیمانان بە زۆر دەربکرێن، هەرێمی کوردستانی عێراق زیاترین هەست بە لاوازی دەکات. فەسائیلەکان نەک تەنیا بنکەکانی ئەمریکایان لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج، بەڵکو بۆمبیان لە نزیک نووسینگەکانی سەرکردە کوردەکان فڕێداوە و لەناو جەرگەی #هەولێر#دا هێرشی راستەوخۆیان کردووەتە سەر گەورە سەرمایەدارانی هەرێمی کوردستان و یەکێک لەوانەیان بە میوان و ئەندامانی خێزانەوە شەهید کرد.
بێگومان حکومەتی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی دەبێت زۆر نیگەران بێت لەوەی عێراق بووەتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان دوو زەبەلاح، یەکیان دراوسێیەکی هەمیشەیی بەڵام بە هەژموون و، دژەکەشی زلهێزێکی جیهانیی هاوبەش. ئەم حکومەتە ئێستا سەرقاڵکراوە و دابڕێندراوە لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی وڵاتەکەی. لەوەش خراپتر، لایەنگرە سیاسییە سەرەکییەکانی حکومەت، واتە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەرکی سەرۆکوەزیرانیان بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی باوەڕپێکراو بۆ کشانەوەی ئەمریکا هێندەی دیکە قورستر کردووە. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پشتگیری لە رێبازی حکومەت دەکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا هانی هەڵمەتی پۆپۆلیستی دژە ئەمریکی دەدەن و بەرگری لە کردەوە نایاساییەکانی فەسائیل دەکەن. سەرۆکوەزیران هێرشەکانی سەر بنکە ئەمریکییەکان بە تیرۆر وەسف کرد، لە کاتێکدا زۆرێک لە ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە رەوا و دادپەرەورانەیان دەزانی. شاراوە نییە کە گرووپە لایەنگرەکانی ئێران (لەوانەش سەرکردەکانی فەسائیل) ئێستا بەسەر دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرییدا زاڵن و لەم دواییانەشدا، بەسەر ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە سەرانسەری عێراقدا (بەدەر لە هەرێمی کوردستان) زاڵ بوون. ئەکتەرە حکومییەکان ئێستا وەک دەوڵەت مامەڵە دەکەن، سیاسەت بەسەر دەوڵەتدا دەسەپێنن و رێگری لە چاکسازی دەکەن. بەو کاریگەرییە سەرسەختانە، موعجیزەیەکی دەوێت بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق دڵی هەمووان رازی بکات و بە سەرکەوتوویی لەو قەیرانە دەربچێت.
سەرەڕای ئەوانەش، حکومەتی عێراق دەتوانێت پرۆسەیەکی شەرعی پەیڕەو بکات، پێداگری لەسەر ئەو رێگەچارانە بکات کە تەرکیزیان لەسەر عێراقە و عێراق لە رکابەریی زەبەلاحەکان دەپارێزێت. عێراق دەبێت دانوستان بۆ رێککەوتن لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بکات بەبێ هیچ وادەیەکی کاتی یان دواساتی پابەندبوون (دێدلاین). پێویستە گفتوگۆیەکی هەمەلایەنە دەست پێبکات بۆ بەشداریکردنی هەموو هاوبەشەکانی هاوپەیمانی و هەموو کەرتەکان بگرێتەوە، لەوانەش کەرتەکانی ئەمنی، ئابووری، ژینگەیی، کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری. هەر رێبازێکی دیکە مەترسیدار دەبێت و لەوانەیە ببێتە هۆی هێنانەدی دەرئەنجامی دۆڕان-دۆڕان بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان. ئەمریکا دەتوانێ و پێویستە سەبرێکی ستراتیجی لەخۆ بگرێ، دەرفەت بە حکومەتی عێراق بدات و ناچاری نەکات کە لایەنێک هەڵبژێرێت، ئەگینا حکومەتی سەر بە زۆرینەی شیعە، ئەمریکا بەسەر ئێراندا هەڵنابژێرێت. ئێرانییەکانیش نابێ لەوە زیاتر دەوڵەتی عێراق و حکومەتی عێراق و بگرە هەرێمی کوردستان بنکۆڵ بکەن، ئەگەرنا، رەنگە ئاستی پەرەسەندن لە داهاتوودا لەژێر کۆنترۆڵی ئەوانیش دەربچێت و ئاگرەکە راستەوخۆ ئێران بگرێتەوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=