=KTML_Bold=کەلێنی ئەنجوومەنی فیدراڵی رێگرە لە دەوڵەتسازی=KTML_End=
#دلاوەر عەبدولعەزیز عەلائەدین قەرەداغی#
لە سەرەتای ئەو مانگەدا بوو، کە گرووپێکی تووندڕۆ لە یاسادانەرەکانی نێو شیعەی عێراق زیاتر لە 100 واژۆیان کۆکردەوە، داوای دانیشتنێکی بەپەلەی پەرلەمانیان کرد بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسایەک بۆ دەرکردنی ئەمریکا و هێزە بیانییەکانی دیکە لە عێراق گەڵاڵە بکەن. پەرلەمان لە 10ی شوباتی 2024 کۆبووەوە، کەچی نەیتوانی رێژەی یاسایی بەدەستبهێنێت، بەڵام رەنگە لە هەوڵێکی دیکەی لەوجۆرەدا شکست نەهێنن، چونکە لە ساڵی 2020 سەرکەوتوو بوون لە دەستەبەرکردنی دەنگی زۆرینە بۆ بڕیارێکی پەرلەمانی بۆ دەرکردنی هێزە سەربازییە بیانییەکان. هەڵبەتە بڕیارەکە پابەندکەر نەبوو. جا کێشەکە لێرەدا لە بابەتی دانیشتنەکە نییە، بەڵکو لەوەدایە؛ پەرلەمانێکی لەرزۆکی بەوشێوەیە لە عێراق دا لە لووتکەی دەسەڵاتی یاسادانان دا بەتەنیایە و قۆرخکارە، بەبێ ئەوەی لەژێر کاریگەریی هیچ جۆرە فیلتەر و چاودێرێک یان میکانیزمێکی هاوسەنگیدا بێت.
دەبووایە تائێستا و بەپێی دەستوور، عێراق ئەنجوومەنێکی فیدراڵی (ئەنجوومەنی پیرانی) هەبێت، کە رۆڵی فیلتەری بەسەر پەرلەمان و پڕۆسەی یاسادەرکردنەوە هەبێت و، لە رێگەیەوە بتوانێت رۆڵێکی بێهاوتا لە بنیاتنانی دیموکراسی و دەوڵەتسازی و سەروەریی یاسا لە وڵاتدا بگێڕێت. پێکهێنانی ئەم ئەنجوومەنە لە مادەکانی 48 و 65ی دەستووری ساڵی 2005دا سەپێنرا و وا بڕیاربوو لە یەکەم خولی ئەنجوومەنی نوێنەران (2006-2010) یاسای بۆ دابڕێژرێت و دابمەزرێنرێت. ئەو ئەنجوومەنە بە شێوازێک دەبێت، کە نوێنەرانی هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی لە چوارچێوەی هەرێمێکدا رێکنەخراون، تێدابێت. لەو چوار ساڵەشدا، تاوەکو کاتی دامەزراندن، دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی فیدراڵی بە ئەنجوومەنێکی سەرۆکایەتی کۆمار سپێردرا، کە لە سەرۆکێک و دوو جێگری سەرۆک پێکدێت. ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی دەیتوانی بە کۆدەنگی، ڤیتۆ لەسەر یاسای نوێ دابنێت، یان رەتیبکاتەوە و بیگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان.
بەڵام ئەنجوومەنی فیدراڵی دانەمەزرا، ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی کۆماریش دوای ئەو خولە هەڵوەشایەوە و جێگەی تەنیا بە (سەرۆک) پڕکرایەوە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە جێگری سەرۆک بکرێت. سەرۆک کۆماریش لە ئەڵقەی یاساداناندا کەمترین دەسەڵاتی پێدراوە و دەسەڵاتەکانی دیکەشی رێوڕەسم و تەشریفاتین. تەنانەت، لە ماوەی 19 ساڵی رابردوودا چەندین جار ئەو بڕە دەسەڵاتەشی کە بۆ سەرۆک کۆمار ماوەتەوە لەلایەن پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی دادوەرییەوە پێشێلکراوە یان پشتگوێخراوە. پەرلەمان بە ئەنقەست و وەک کارێکی رۆتینی لە سەرجەم پڕۆژەیاساکاندا دەنووسێ کە کاتێک یاساکە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە دەرچوو، کاری پێدەکرێ، واتە پێش ئەوەی بخرێنە بەردەم سەرۆک کۆمار بۆ پەسەندکردن. ئەمەش نە کارێکی یاساییە و نە دەستوورییە و لە شکۆی سەرۆک کۆمار دەدات، چونکە یاساکان تەنیا دوای 15 رۆژ لە رۆژی وەرگرتنی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە بە پەسەندکراو دادەنرێت (مادەی 73-سێیەم).
سەرۆکە یەک لە دوای یەکەکانی کۆمار هەمیشە جەختیان کردووەتەوە لەوەی ئەوان مافی دەستوورییان هەیە بۆ گەڕاندنەوەی هەر یاسایەکی نوێ بۆ پەرلەمان بەبێ پەسەندکردن، بەڵام تەنیا بۆ یەک جار. لە واقیعدا پەرلەمان توانیویەتی لەسەر یاساکە سووربێت و گوێنەداتە سەرۆک کۆمار. لەوکاتەدا، سەرۆک کۆمار تەنیا بڕە دەسەڵاتێکی لەبەردەستدا ماوە بۆ رێگریکردن لە دەرکردنی هەر یاسایەکی نوێ، ئەویش بە رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی (ئەلوەقائیع ئەلعیراقیە)، کە پێشمەرجێکە بەر لە بەکارخستنی یاسای نوێ. ئەو یاسایانە تەنیا کاتێک دەکرێ لەو رۆژنامەیە بڵاوبکرێنەوە کە بە واژۆی سەرۆک کۆمار ژمارەی سەرچاوەیان پێدەدرێت، بەڵام تەنانەت ئەم بڕە دەسەڵاتە تایبەتەش پێشتر پێشێلکراوە و یاسا بەبێ واژۆ و پەسەندکردنی سەرۆک کۆمار بڵاوکراونەتەوە و کاریان پێکراوە. لە ساڵی 2020، یاسادانەران دەیانویست پاڵ بە یاسایەکی مشتومڕاوییەوە بنێن سەبارەت بە یەکسانکردنی بڕوانامەکانی خوێندنی باڵا، کە سەرۆکی ئەوکات (و کابینەی حکومەت) ناڕەزایی بنەڕەتییان لەسەری هەبوو، بەڵام یاسادانەران، سەرۆک کۆماریان ناچارکرد بە پاشەکشەکردن، ئەویش بە هەڕەشەکردن لە گۆڕینی یاسای (ئەلوەقائیع ئەلعێراقییە) (ژمارە 78ی ساڵی 1977). بەوە سەرۆک کۆمار یاساکەی پەسەند کرد و دواتر کاریشی پێکرا. ئەم کێشەیە لە سیستەمی یاسادانان ئاستی لێکترازان و پێشبڕکێی نێوخۆیی یان رکابەریی نێوان دامەزراوە یاساییەکان نیشاندەدات، کە لە راستی دا دەبێت تەواوکەری یەکتربن.
شاراوە نییە کە زۆر لە یاسادانەران، بەتایبەتی لەنێو کورد و عەرەبی سوننە، هۆشداری دەدەن لەوەی پەرلەمان ببێتە - ئامرازێکی کول- کە لەلایەن پێکهاتەی زۆرینەی شیعەی عێراقەوە بەکاردەهێنرێت، لە بەرامبەر ئەوانی دیکە. دیارە کە هەر سێ پێکهاتەکەی عێراقیش بە قووڵی دابەشبوون و تووشی جەمسەرگیری بوونە بەبێ توانای بەرگری لەخۆکردن لە بەرامبەر هەر یاسایەکی نیوە کوڵاو، یا خراپ داڕێژراو یان زیانبەخش.
خۆشبەختانە عێراق پابەندە بە دیموکراسییەکی پەرلەمانییەوە و ئەرکی پەرلەمانە، دەستوور بکاتە نەخشەڕێگەیەک بۆ دەوڵەتسازی و نیشتمانسازی، بەڵام لە وڵاتێکی ناسک و لەرزۆک دا، کە قەیرانە ناوخۆییەکانی بێکۆتایین و لە رکابەرییەکانی نێو هێزە هەرێیمەکاندا تێئاڵاوە، ئەم پرۆسەیە هەرگیز ئاسان نەبووە. لەڕاستی دا نزیکەی دوو دەیە دوای پەسەندکردنی دەستووری 2005، هیچ نیشانەیەکی دەستوورخوازیی لە عێراق دا بەدیناکرێت. لە ئاستی کردەوەدا، کەس لە وڵاتەکەدا دەستوور وەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی پیرۆز یان ناوبژیوانی لووتکەیی نابینێت. سەرکردە سیاسی و دامەزراوەییەکانی عێراق، بەبێ هەڵاوێردن، لە جێبەجێکردنی دەستووردا، بە بژاردەی، خۆویستی یان تایفەگەریەوە مامەڵەیان کردووە. لەڕاستی دا دادوەرە باڵاکانی عێراق بە راشکاوانە و بە کراوەیی فیدراڵی لە عێراق رەتدەکەنەوە کە دەستووری لەسەر بنیات نراوە. بۆیە سەیر نییە کە تائێستا 33 لە کۆی 144 مادەی دەستوور چاوەڕێی دەرچوواندنی یاسان و دەیان یاسای دیکەش چاوەڕێی هەموارکردنەوەن، وەک لە دەستووردا هاتووە. زۆربەی ئەم یاسایانە گرنگن بۆ دانانی عێراق لەسەر رێڕەوێک بەرەو سەروەری یاسا، بەدامەزراوەییکردنی پەیوەندییەکانی ناوەند و هەرێمی کوردستان، بەهێزکردنی میکانیزمەکانی حکومڕانی و باشکردنی بەڕێوەبردنی سەرچاوە و سەروەت و سامانی نیشتمانی. لە ئەنجام دا ئێستا چەندین بۆشایی یان لاوازی پێکهاتەیی و کارایی لە سیستەمی حوکمڕانی عێراق دا هەن، کە ناسکی وڵاتەکەیان زیاتر کردووە و وەک بزوێنەری سەربەخۆی ململانێیەکان رۆڵیان گێڕاوە.
بە کورتییەکەی، ئێستا هیچ دامەزراوەیەکی باڵاتر لە عێراق دا نییە کە دەسەڵات و پێگە و شەرعیەتی پاراستنی سیستەمی یاسادانانی وڵات و رێگریکردن لە دەرکردنی یاسای کرچوکاڵ یان زیانبەخشی هەبێت. بەداخەوە هیچ کام لە سەرۆک کۆمارە یەک لە دوای یەکەکان و سەرۆکی پەرلەمانەکان و سەرۆک وەزیرانەکان ئەولەویەتیان نەدایە دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی و ئەمەش تاوەکو رادەیەکی زۆر بەهۆی نەبوونی ئیرادەی سیاسییەوە بوو. ئەگەر بۆ سرووشت بەجێبهێڵرێت، رەنگە یەک تاوەکو دوو نەوەی دیکە بخایێنێت تاوەکو ئەنجوومەنەکە بە جیدی مشتومڕی لەسەر دەکرێت، چ جای دامەزراندنی. لەم نێوەندەدا، ناسکی و ناسەقامگیری عێراقێک کە ئایندەکەشی پێشبینی لێکراو نابێ، وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر گەلەکەی خۆی و بۆ سەر هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان دەمێنێتەوە. پێناچێت عێراق ببێتە ئەو دەوڵەتە بەهێز و سەروەر و کاراییەی کە ئاواتەخوازە، بەبێ ئەوەی ئەنجوومەنێکی فیدراڵی بەهێز و تەواو کارای هەبێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=