=KTML_Bold=سوپاس بۆ ژنانی ڕۆژئاوا و پیاوانی ئێزدی=KTML_End=
#سەلام سەعدی#
لە 24 ساڵی ڕابردوودا، کورد وەک جیهانێکی تازە کەشفکراو بۆ دەرەوەی خۆی و بەتایبەتی بۆ ڕۆژئاوا، کۆمەڵێک وێنەی جۆراوجۆر و زۆر لێکجیاوازی پێشانی دنیا داوە. هەر ئەم وێنانەش کاردانەوە و پێناسە و جۆری تێڕوانینی دەرەوەی بۆ کورد دیاری کردووە.
یەکەمجار لە وێنەی قوربانییەکدا خۆمان پێشانی دەرەوە دا، بە دیمەنەکانی کۆڕەو و کیمیاباران و گۆڕی بەکۆمەڵ. زۆری نەبرد پاشماوەی ئەم کارەسات و تراژیدیایانە کەوتنە گیانی یەکدی و بۆ شەڕکردن لەسەر ئەوەی نووسەر حەمەسەعید حەسەن ناوی لێنابوو عەرشی کەلاوە، هێزە بیانییەکانی دەوروبەرمان بۆ قەلاچۆکردنی یەکدی پەلکێشی وڵات کرد. دواتر خۆمان وەک گەلێک کە نازانین ئیدارەی چارۆگە عەردێک بدەین و خەریکی جیاکردنەوەی ماڵین، بۆ دەرەوە نمایش کرد. لە جەنگی ئەوەی پێیدەڵێن ئازادکردنی عێراقدا بووینە بەشێک لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و شەریک لە عێراقی نوێ و واجیهەی ئەو دەوڵەتە نوێیە.
لەماوەی ئەم ساڵانەدا، نیوەی گەل، ئەوانەی لەم ئازادییەی دوای سەردەمی سەددام هەڵاتبوون، سەری خۆیان هەڵگرت و بە ئەوروپادا بڵاوبوونەوە. بە خۆیان و کۆڵی کێشەکانیانەوە. بەخۆیان و نەریت و تێگەیشتن و نەگونجانیانەوە لەگەڵ جیهانی مۆدێرن. چ ئەوان و چ ئێمە لەناوەوە بەشدارێکی کارابووین لە بەرهەمهێنانی وێنەیەکی دیکەی کرێت. وێنەی میللەتێکی توندوتیژی نالێبووردەی ژنکوژ کە پیاوەکانی ئامادەن لەسەر وێنەیەک، سووسەیەک، گومانێک و پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئابڕووی تکاوی خۆیان بە کوشتنی وەحشیانەی ژنەکانیان بکڕنەوە. ساڵ هات و ڕۆی، بە میدیا و دەسەڵات و یاسا و سەدان ڕێکخراوی ژنان ئەم وێنەیە نەگۆڕدرا. لەناکاو دوو کاراکتەر بە هێزی ئەفسووناویی خۆیانەوە، بەوپەڕی عەفەویەتی خۆیانەوە، لەناو کارەساتێکەوە ڕاستبوونەوە و وێنەیەکی تەواو جیاوازیان لەبارەی کۆمەڵگای نامووسپەرستی کوردی پێشانی دەرەوە دا. وێنەی گەلێک کە ئەوپەڕی ڕێز لە ژن دەگرێ و متمانەی بە تواناکانی هەیە و لەهاوشانی پیاو دەیبینێ.
بەرهەمهێنەرانی ئەم وێنەیە لەلایەک پیاوانی ئێزدین کە بەدەم هەنسک و ناڵە ناڵی ناخ و بەگریانی بەکوڵەوە باوەش بە کچ و ژن و خوشکە دەربازبووەکانیاندا لەچنگی تاڵانچیانی #داعش# دەکەن. ئەو پیاوانەی سەرلەنوێ و لەبن خێوەتدا ژیانێکی نوێیان دەستپێکردووە و ئەو تاقیکردنەوە سەختەیان تێپەڕاند و دەیانەوێ ئازارەکانی لەبیر بکەن.
بەشەکەی دیکە ژنانی ڕۆژئاوای کوردستانن کە چاونەترسانە لەبەرامبەر زەحفی مەغۆلئاسای جەنگاوەرانی ڕیشنی داعشدا وەستانەوەو پێیانگوتین کە ڕاگرتنی پێشڕەوییەکانی نامومکین نییە.
لەوەتای شەڕ لە کۆبانی دەستیپێکردووە سەدان ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی لەسەر ئەم #شەڕڤان#ە ژنانە لە میدیای ڕۆژئاواییەوە کراون. جیهان لەئاستی ئەم وێنەیەدا سەری سوڕماوە. وەک نووسەرێکی عەرەب گوتبووی ئەمە بۆ ئەوان هێندەی دۆزینەوەی ڕۆژهەڵات سەرسوڕهێنەرە. ئەمە دووبارە کەشفکردنەوەی ڕۆژهەڵاتە بە هەموو مانای وشە. ئەمە بۆ ئێمەش دووبارە خۆپێناسەکردنەوەیە، خۆناسینێکی نوێیە. هەنگاوێک ئێمەی بردووەتە پێشەوەو دەبێ لەم پێگەوە نوێیەوە کە پێمان لەسەر داناوە تەماشایەکی دەوروبەرمان بکەین و لەسەر بنەمای ئەم بینینە نوێیە زۆر لە شتەکانمان دووبارە پێناسە بکەینەوە.
ژنانی ڕۆژئاوا و پیاوانی ئێزدی بە قسە نا، بەکردەوە پێشانیانداین کە مرۆڤ دەتوانێ هەندێ نەریت لەخۆی داماڵێ. من ئەگەر لەم گۆشەیەوە تەماشای بکەم، دەڵێم داعش دیاردەیەکی پۆزەتیڤ بوو، ئێمە پێویستمان بە ڕاچڵەکاندنێکی ئاوا هەبوو بۆئەوەی هەندێ تۆزی مێژوومان لێ داتەکێنێ، بەڵام ئەوەی لێرە بەدواوە گرنگە، جێگیرکردنی ئەم پێشڤەچوونە و تەوزیفکردنیەتی بۆ هێنانەئارای تێگەیشتنێکی گشتیی نوێ کە ژن تەنیا بریتی نییە لە عەورەت. ژن ئەو زەعیفەیە نییە کە هەر دەبێ لە سێبەری پیاوێکدا چاولەدەست بژی و کڕین و فرۆشتنی لەسەر بێ و لەگەڵ ژنی عەشیرەتی ئەولا بکرێ بیگۆڕیتەوە و لەبری خوێنێک کە برا کەللەشەقەکەی ڕشتوویەتی بە مێرد بدرێ و ئاگری تۆڵەی پێ دابمرکێنرێتەوە.
لەم ڕووەوە ئەو یاسایەی کە کانتۆنی جەزیرە لە ڕۆژئاوای کوردستان سەبارەت بە مافەکانی ژنان و ڕێکخستنی پەیوەندی خێزانی دەریکرد، دەکرێ وەک هەنگاوێکی زۆر گرنگ تەماشای بکەین بۆ جێگیرکردنی ئەم پێشڤەچوونە نەک هەر لە ڕۆژئاوا بەڵکو لە باشووری کوردستانیش. ئەو یاسایە بەپێچەوانەی ئەوەی هەندێ مەلای باشوور کە وەک یاسایەکی بەزۆر سەپێنراو دەیبینن، لەخۆوە و لە بۆشاییەوە نەهاتووە و بەرهەمی خەبات و بەرخۆدانی ژنان خۆیانە و بۆ هێنانەئارای ئەم تێگەیشتنە نوێیە خوێنێکی کەم نەڕژاوە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=