=KTML_Bold=گاز و سەرئێشەی سیاسی=KTML_End=
#ئاسۆ عەبدوللەتیف#
کۆتایی بیستەکان لە عێراق، بۆ یەکەم جار سامانی نەوتی وەک سەرمایەی ئابووریی دەوڵەت دەرھێنراو هیچ دەستکاریی دۆخی عێراقییەکانی نەکرد بەرەو دەوڵەتی مەدەنی و دامەزراوەیی و فۆڕمێک لە بەڕێوەبەریی دیموکراتیک. ئەوەش بەهۆی زاڵبوونی نەفەس و دیدی فاشیزم و ناسیۆنالیزمی عەرەبی و لێدان لە پرسی نەتەوەکانی دیکە بەتایبەت کورد، بۆیە سامانی نەوتی بەو قەبارە گەورەیە بووە نەخۆشییەکی کوشندە و پەتایەک بۆ ماڵوێرانی و جەنگ و هاڕینی گوتاری نیشتمانی.
دانانی مەلیک غازی یەکەم و فەیسەڵی دووەم و شۆڕشی رەشید عالی گەیلانی و نووری سەعید، فۆرمێکی ئیمپریالیانە و کۆلۆنیالیزمانەی دووبارەی دەوڵەتان و ئینگلیزبوو، بۆ شەرعیەت و مانەوە تا ئەوکاتەی جمھوریەتی عێراق راگەیێندرا، ئەو سەردەمە کورد حیزب و رێکخراوی سیاسی نەبوو، ئەوەی ھەبوو کاریگەریی دەرەبەگ و عەشیرەت و سەرهەڵدانی شوانکارەیی و ھەندێ ئەفسەری نیشتمانخواز بوو، بۆیە نەیتوانی ھیچ جێدەست و کاریگەرییەک بەجێبھێڵێت لەسەر دروستکردنی دەوڵەت - نەتەوە.
ئێستاش ئەو مەتبەخە سیاسییە گەرمە ئایدۆلۆژی و بلۆکبەندییە نەوتییەی، میری قەتەر و سەرۆککۆماری تورکیا و عەرەبستانی سعودی، پشتگیریی دەکەن و کاریان بۆ کردووە، بۆ هەرێمی کوردستان شێوەیەکە لە تەحەدای زاڵ، دژی دەستوخەتەکانی دەوڵەتی سێنتراڵ و شیعەی عێراقی و وەلائی و رەنگە کورد بکەوێتەوە نێو هەمان ئاریشەوە.
رووسیا و ئێران ئەو بلۆکبەندییە تازەیە قبووڵ ناکەن، پارێزبەندییان هەیە و بە مەترسی دەزانن دژی ناوچەی ئابووری و جیۆسیاسی و دۆستەکانیان و بۆ کوردیش کە هەرێمێکی نادەوڵەتیی هەیە، سەرئێشەی سیاسییە ئەگەر نەزانێت چۆن بچێتە نێو هاوکێشەکەوە، چونکە لێدانە لە ئابووریی ئەو دوو کامپە و قەبارەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانیان. ئەوان بە دوو شێوە رووبەڕی دەبنەوە: یەکەمیان، لێدانە لە گوتاری دارایی و بانکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت تورکیا کە زۆنە نەوتی و گازییەکان بە هیی خۆی دەزانێت، دواتر بە مەرکەزیکردنەوەی عێراق دژی هەر جۆرە هەوڵدانێک بۆ پارچە پارچەکردنی عێراق کە دیسان تورکیا پیشەسازی بەو کارتانەوە دەکات. ئەوی دیکەیان ناردنی مووشەک و درۆنە بۆ کێڵگە نەوتی و گازییەکان و ئیفلیجکردنی ئابووریی نەوتی و گازیی بۆ هەندێک دەوڵەت، وەک هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ بنکەی هەناردەی گازی کۆرمۆر، چونکە بەهۆی هێرشی مووشەکی بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر و زۆنە نەوتی و گازییەکان بەرهەمهێنان کەمدەبێتەوە و، بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکان دادەبەزێ، بەتایبەت کۆمپانیای دانەگاز کە 20 ساڵە وەبەرهێنانی وزە لە هەرێمی کوردستان دەکات و ستراتیژیی ئابووری دەیان دەوڵەتی پێوە بەندە.
نەخشەڕێگەی نیۆعوسمانیزم و پڕۆژەی ئاکپارتی سواربوونی مەددی سوننەگەرایی و ئوممەتگەرایی ئایینییە، هەمان ئەو یارییەی شیعە دەیکات، وەک نەزەریەی نەخشەی سەربازیی میساقی میللی کۆن، دژی یەکپارچەیی عێراق و ئێرانیزمی شیعە و دەوڵەتی وەلائین، یەکپارچەییەکە بە مەترسیی راستەقینە دەزانن دژی قەڵەمڕەویی خۆیان و خاوەندارێتیی موسڵ و #کەرکووک# و میساقەکەیان، هەر بۆیە هەرێمی کوردستان بە حەوشەی خۆیان دەزانن و کار بۆ تۆخکردنەوەی سنوورەکانی کۆلۆنیالیزمی عوسمانی دەکەن و کێ هاوکارە و کێ دژیەتی ئەوە باسێکی دیکەیە.
ئێرانییەکان زیرەکن لە دەستنیشانکردنی جوڵەکانی تورکیا و عیللەتە سیاسییەکە، بۆیە لە جوڵەی رێبەرەکانی سوننە، قەتەر، ئەمریکا و هاتنیان بۆ بەغدا و #هەولێر# بەدگومانن و ئارامیی کوردستان دەخەنە ژێر پرسیار بە مووشەک و درۆن و گوشارەکانی بڕینی مووچە و بودجە بۆ ناردنی سیگناڵ و ئازاردانی ئەو دەوڵەتانەی دیکە، ئەوەش بە دەستی خۆیان نا بەڵکو بەدەستی دوو، لەڕێگەی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی و بریکار و پرۆکسییەکانیان، چونکە دەترسن هەولێر وەک سەنتەری ئەو نمایش و جوڵەیە لەنێو ئەو هاوکێشەیە جێ بگرێ و ببێتە پردی پەڕینەوە گەورەکە و لێدان لە گوتاری زاڵی شیعەگەرایی. بۆیە لێدان لە کۆرمۆر و کێڵگە نەوتی و گازییەکان لەژێر تایتڵی جیاواز جیاواز درێژەدانە بە هێزی قبووڵنەکردنی ئێران و کەمپی رووسیا لەو مەتبەخ و بلۆکبەندیی و جوڵە سیاسییانە و، کورد دەبێت عاقڵانە دەستی لەگەڵ نەرم بکات. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=