=KTML_Bold=ئەفسانەی بەربژێرانی هەڵبژاردن!=KTML_End=
#ئاسۆ عەبدوللەتیف#
دیموکراسیەت و کردەی هەڵبژاردن چەندە کردەیەکی شەفاف و مۆدێرنە لە دنیای کراوە و لیبراڵدا، لەم وڵاتانەی خۆمان و دەوروبەردا، دوو ئەوەندە کردەیەکی ترسهێن و جێگەی پرسیار و راڕایی و کوشتنی فیزیکی و ئەخلاقیی یەکدییە، هەر ئەوەش وایکردووە پرۆسێس و کردە دیموکراسییەکان ببنە قوربانیی ململانێ و بەرژەوەندییە حیزبی و کەسییەکان، ئەوەی ئەو پۆپۆلیزم و کورەخانەیەی تاوداوە، بەربژێرانن.
بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، بەربژێرەکان چۆن پرۆسەی هەڵبژاردنێکی دروست بەڕێوەدەبەن و خۆیان بۆ بردنەوە ئامادەدەکەن، بێگومان ئەوەندەش گرنگە نەبنە سووتەمەنی و ئایکۆنی ناشیرین، دەبێ بزانن پلان و ئیرادە و کاریزمای سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆیان چەندە و چۆن وەبەرهێنانی تێدا دەکەن، ئەگەر لەو رەهەندە ئەنترۆپۆلۆژیانەوە لاوازن، نابێت بێنە نێو ئەو سەرئێشە و دۆڕاندنە حەتمیەوە، چونکە کورەی ئاگرەکە گەرم دەکەن و دەبنە سووتوو، بۆ کەسانی بەرژەوەندیخواز و سایکۆپات.
ئایا جنێو دەدەیت، یان داهێنان لە جنێودا دەکەیت، هەر بەو کارە تۆی بەربژێر هەموو وزەی مەیدانی و سیحری خۆت بەتاڵ دەکەیتەوە و لەوە دەچیتە دەرەوە بەکەڵک بێیت بۆ ململانێی دروست و مەدەنی و دیموکراسی و هەوێنی گۆڕانکاریی جددی.
کاتێک دژبوون و رقلێبوونەوە لەگەڵ ئەدای حوکمڕانی سیاسی و گەندەڵی تێکەڵ دەکەیت لەگەڵ گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی و قەوارە سیاسییەکەی، ئیدی لەوکاتەدا تۆ دەبیتە بەشێک لە ئەجێندایەکی سیاسی ئایدۆلۆژیی مەترسیدار دژی نیشتمانەکەت و بەخۆت نەزانیوە لە مەتەرێزی بەرگریی بۆ نیشتمان دەرچوویت بۆ مەتەرێزی دژە نیشتمان.
بەربژێری راستگۆ و خاوەن دید بۆ گۆڕانکاریی رادیکاڵانە، پێویستە دوو جۆر هێزی لەبەردەستدا بێت، هێزی خۆڕسک و بیروباوەڕ و هێزی خۆڕسکی جەماوەرەکەی، پاشان خۆی لە دوو هێزی نێگەتیڤ بپارێزێت، ئەویش هێزی غرور و نەخۆشییەکانی خۆی و هێزی خۆبەگەورەزانی خورافە و ئوستورەسازییەکانی، بەربژێر تەنیا بەربژێرە و تەواو، نە سەرۆک و رابەرە، نە ئەفسانە و پاڵەوان، نە موفتی و زاهید و زانا، نە داهێنەر و نە جیاوازە لە خەڵکی دیکە، کەی جیاواز دەبێت و ئەفسانەکانی دەردەکەون وەک سیمبوول، ئەو کاتەی دەچێتە نێو پەرلەمان و ویژدانی خۆی و گەلەکەی دەکاتە دادوەر نەک بەرژەوەندییە حیزبییەکانی بخاتە پێش.
گرنگە بەربژێر پلاتفۆرمێکی روون و ئاشکرا و بیرکردنەوەی ئەرێنی باشی هەبێ و وەک خەڵک بێ، نەک لە ئازاری خەڵک تێنەگات، بەربژێر هەیە دوو سێ خولە پەرلەمانتارە و منداڵەکانی فێرنەکردووە، #هەولێر# پایتەختی کوردستانە و #هەڵەبجە# و ئەنفال زامێکی قووڵن بە جەستەمانەوە، منداڵەکانی نازانن بایکۆتی قوتابخانەکان چی بوو، بەهۆی ئەوەی خوێندنیان بەردەوام بوو لە خوێندنگە و قوتابخانە هایکۆستەکان، باوکیشی لە تیڤییەکان و تیکتۆکەوە بە بۆنی مارکەوە خەرکی پیشەسازیی سوکایەتی و جنێو بوو، کاتێ منداڵەکانی خۆی فێرنەکردووە بە ئەخلاق و کوردپەروەر بن، ئیدی چۆن دەتوانێ ژانی منداڵانی هەژار هەڵگرێ و تێبگات ژیانی قورس چییە؟
ئینجا بۆ حیزب، مەرج نییە هەمیشە لە قازانجت بێ بەربژێر و سیمبوولە بەهێزەکان بهێنیتە پێشەوەی ململانێکان و گەرمەی یارییەکان بۆ هەڵبژاردن و بردنەوە جاری وا هەیە بەربژێری لاوازی کۆمەڵایەتی عیززەت بەرز و بە ئەخلاق و خاوەن رەوشت ئیشی سەت بەربژێری بریقەداری ئەکادیمیستی فرەلەقەبت بۆ دەکات بە زیادەوە. بەربژێر بۆ پەرلەمان دادەنێیت خزمەتی خەڵک بکات نەک بۆ کڵاسی زانکۆ و تیۆری زانستی و ئینستیتیوتی فیکری و خەبیری فرتوفێڵ و بزنس و کەین و بەین.
چونکە هەڵبژاردن تەکنیکە پێش ئەوەی عاتیفەسازی و هۆسە و قەرەباڵخی بێت، شیعەکان ئەو تەکنیکە زۆر بەکاردەهێنن لە عێراق و ئێران و لوبنان، سیمبوولە دینی و رووحانی و کاریگەرەکانیان تۆزاوی و خۆڵاوی ناکەن بۆ ململانێی هەڵبژاردن و کابینە وەزارییەکان و هەمیشە ئەکتەرە لاوەکییەکان دەکەنە درعی هەڵبژاردن و دەهێننە پێشەوەی سیاسەتکردن و ناو حەلەبەی بۆکسێنەکە، کوردیش هەرچی سەرۆک عەشیرەت و مەلای ئایینی و رەمز و داعی و مێژوونووس و مامۆستای زانکۆی هەبوو، ناشیرینی کردن بەو تۆزە مووچەیەی پەرلەمان.
بۆ ئۆپۆزیسیۆنیش گرنگە وەک دەم پارتی بکەن، هاوسەنگ و خاوەن گوتار و ستراتیژ، لەم هەڵبژاردنەی دوایی شارەوانییەکاندا، هەم لە گفتوگۆدا بوو لەگەڵ ئاک پارتی دەسەڵاتدار بۆ سوککردنی سزا سیاسییەکانی سەر کارەکتەرەکانی و لابردنی کۆتوبەندی قەیومکردنی شارەوانییەکانی لە ئایندە و ئاسانکردنی دەسەڵاتی دادگەی دەستووری لەسەر پارتەکەیان، کە بۆ پێنجەم جار رێگری کران بۆ هەڵوەشاندنەوە، هەم لەگەڵ پارتی گەلی کۆماریی-چەهەپە، خەریکی دانوستاندن بوو تاوەکو بەربژێرەکەیان دەنگی زۆر بهێنێت لە ئیستەنبووڵ و شکست بە بەربژێری ئاک پارتی، مورات کورووم، بهێنێت، لە دەرئەنجامدا کردیان.
یان هەموو یان هیچ نا، ئەوە یاری دۆڕاندنە؛ یەک گرام، حوکمی هاوسەنگی کیلۆکەی هەیە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=