=KTML_Bold=حکومەتی هاوبەشی نیشتیمانی=KTML_End=
#عومەر نورەدینی#
=KTML_Bold=سوودەکانی و ئاستەنگەکان=KTML_End=
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی (1992) ی هەموارکراو، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی پەرلەمان دەستنیشانکردنی سەرۆکی حکومەتە و دواتر متمانەدانە بەکابینەی حکومەت.
لەسەر ئەم بنەما یاساییە دەبێت خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان دوای سوێندخواردنی ئەندامەکانی و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، یەکەمین کاری بریتی بێت لە دامەزراندنی کابینەی هەشتەمی حکومەت.
بەپێی ئەو عورف و پێشینە پەرلەمانییەی کە هەمانە، لە سەرینی هاوپەیمانییەکی سیاسییەوە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی رادەسپێردرێت بۆ ناوزەدکردنی سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەت و دوای دەستنیشانکردنیان لەلایەن پەرلەمانەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایاندەسپێرێ بۆ پێکهێنانی حکومەت.
لەو روانگەیەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان و فراکسیۆنەکەی، ئەو لایەنەن کە بەرپرسیارێتی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی سیاسی و پەرلەمانییان بۆ دامەزراندنی حکومەت دەکەوێتە ئەستۆ و ئەم ئەرکەش قورسەو ئاسان نییە.
یەکێک لە ئەگەرەکانی بەردەم پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت بریتییە لە حکومەتی هاوبەشی نیشتیمانی یان وەک ناوزەد کراوە بە حکومەتی بنکەفراوان.
سیناریۆی حکومەتی هاوبەشی نیشتیمانی، بە بەشداری زۆربەی هەرەزۆری ئەو حیزب و قەوارە سیاسیانەی کورسییان دەبێت لەپەرلەمان و لەسەروویانەوە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەگەر هەمووشیان نەبن، سیناریۆیەکە کە پێدەچێت شانسی ئەوەی هەبێت وەکو یەکەم سیناریۆ تاقیبکرێتەوە.
ئەگەر بەوردی دیقەت لە سروشتی حکومەتی هاوبەشی نیشتیمانی بدەین، بۆمان دەردەکەوێت کە لایەنی ئەرێنی و پۆزەتیڤ و لایەنی نەرێنی و نێگەتیڤی هەن و لەخوارەوە ئاماژەیان پێدەدەین:
=KTML_Bold=یەکەم: لایەنە باش و پۆزەتیڤەکانی حکومەتی هاوبەشی نیشتیمانی:=KTML_End=
1 بەشداری زۆربەی ئەو حیزبە سیاسییە گەورانەی کە خاوەنی فراکسیۆنی پەرلەمانین، دەبێتە مایەی ئەوەی کە زەمینەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی باش بۆ حوکمڕانی بڕەخسێ و مەترسی ناسەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەبەردەم دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستان کەم ببێتەوە، بەدەربڕینێکی دیکە ژینگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووریی ئارام بۆ حوکمڕانی دێتە ئارا.
2 حکومەتی هاوبەشی نیشتیمانی دەبێتە هۆکار بۆ هاتنەئارای کارکردنێکی پەرلەمانی ئارام و دوورکەوتنەوە لەپەشێوی و توندوتیژیی پەرلەمانی.
هەروەها دەرفەتی پێکەوەسازانی سیاسی و قانونی لەناو پەرلەماندا باشتر دەڕەخسێت، بۆیە ئەو پڕۆژە یاساو بڕیارانەی لەلایەن حکومەتی هاوبەشەوە رەوانەی پەرلەمان دەکرێن، هەلی پەسەندکردنیان زۆرتر دەبێت و پرۆسەی گفتوگۆو پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکان ناکەوێتە ناو بەرداشی ململانێیەکی نێگەتیڤی فراکسیۆنەکان، بەڵکو فۆرمۆلەبوونی راو هەڵوێستی هاوبەش لەسەریان ساناتر دەبێت.
لەمەش زیاتر بوونی حکومەتێکی بنکەفراوان کاریگەری باش و بەرچاوی دەبێت لەهێنانەئارای پەیوەندییەکی خۆش و هەماهەنگ و هاریکاریخواز لەنێوان پەرلەمان و حکومەتدا.
3 حکومەتی هاوبەشی نیشتیمانی جۆرێک لەیەکگرتوویی سیاسی لەهەڵوێست و گوتارو رەفتار دەربارەی پرس و رووداو و پێشهاتە سیاسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دێنێتەئارا کە بێگومان قۆناغی ئێستای سیاسی هەرێمی کوردستان چ بۆ مانەوەو بەردەوامبوونی و چ بۆ بەهێزبوونی پێویستی زۆری پێیەتی.
4 حکومەتی هاوبەشی نیشتیمانی دەبێتە هۆی کۆکردنەوەی تواناو سەرمایەی مەعنەوی و حوکمڕانی و میدیایی و سیاسی حیزب و لایەنە سیاسییە بەشداربووەکان و وەگەڕخستنیان بەئاراستەی پشتیوانیکردن لە حکومەت یان هەرنەبێت دژایەتی نەکردنی، بەمەش حکومەت سەرچاوەی بەهێزی پشتیوانی سیاسی و میدیایی و مەعنەوی بۆ مەیسەر دەبێت.
=KTML_Bold=دووەم: لایەنە خراپ و نێگەتیڤەکانی حکومەتی هاوبەشی نیشتیمانی=KTML_End=
1 حکومەتی هاوبەشی نیشتیمانی و بنکەفراوان حکومەتێک دەبێت کە زیاتر خاوەن سروشتێکی سیاسی دەبێت نەک تەکنۆکراتی و پراکتیکی و کارا لە بڕیاردان و راپەڕاندنی کار و چالاکی، چونکە زۆریی لایەنە بەشداربووەکان زۆری و جیاوازیی هەڵوێست و بیروڕاو بۆچوون دەباتە ناو کابینەی حکومەت، ئەمەش وادەکات پرۆسەی بڕیاردان و وەگەڕخستنی توانا دامەزراوەیی و مرۆیی و داراییەکانی حکومەت زەحمەت بێت.
بە دەربڕینێکی دیکە، کابینەی حکومەت گیرۆدەی جۆرێک لە نەخۆشی و دەردی قەڵەویی سیاسی دەبێت و شلی و خاوی لە بڕیاردان و کارکردنی پێوە دیاردەبێت.
2 حکومەتی هاوبەش و بنکەفراوان تاڕادەیەک دەبێتە مایەی لاوازبوونی پێگەو جێگەی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی، چونکە ئەم جۆرە حکومەتە دەرەنجامی هاوپەیمانێتی و بەرنامەی هاوبەش و نەخشەی کاری هاوبەش و هەڵوێستی سیاسی و یاسایی هاوبەش دەبێت جا لەناو حکومەتدا بێت یان پەرلەمان، واتا زۆربەی زۆری لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی ناو ژیانی سیاسی وڵات لەناو بەرەی دەسەڵاتدا کۆدەبنەوە، بەمەش ئەگەر کۆی جیاوازییەکانیش نەسڕێنەوە، ئەوا پانتایی و پەراوێزەکانیان تەسک دەکاتەوە، سەرەنجام دەنگی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی لە بڵندگۆی پەرلەمانەوە کزتر دەبێت.
3 بە بەراورد لەگەڵا حکومەتی زۆرینە، حکومەتی بنکەفراوان و هاوبەشی نیشتیمانی زیاتر رووبەڕووی مەترسی (ناسەقامگیریی کابینە) دەبێتەوە، واتا کابینەیەک دەبێت گونجاوی و پتەویی ناوخۆیی کەمتر دەبێت و هەمیشە ترسی هەڵوەشانەوە یان دەست لەکارکێشانەوەی تاکی و دەستەیی وەزیرەکانی وەک شمشێرەکەی دیمۆکلیس بەسەر سەرییەوە دەبێت، بەمەش ئەرکی سەرکردایەتیکردنی کابینەی حکومەتی هاوبەش دژوار و ئاستەنگاوی دەبێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=