هەوار ئیسماعیل
هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێ، حکومەتی تورکیا دەیەوێت لە پرۆسەیەکدا کە هەڵپەڕکێی کوردی قەدەخە دەکرێت، دەستوورێکی نوێ دابڕێژێت.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، رۆژی چوارشەممە 18ی ئەیلوول لە شاری مێرسینی تورکیا، لە دیدارێکدا لەگەڵ میدیاکاران قسەی لەسەر هەمواری دەستوور کرد و گوتی: لە قۆناخێکدا کە هەڵپەڕکێی کوردی قەدەخە دەکرێت و بۆ دەهۆڵ و زوڕنا داوای مۆڵەت دەکرێت، دەسەڵات دەڵێ پێویستە لە دەستووری سەربازی رزگارمان بێت و دەستوورێکی نوێ دابڕێژین. هەمووان دەستوور دروست دەکەن و کەنعان ئەڤرەنیش دەستووری دروست کرد. لە دروستکردنی دەستوور گرنگتر، چۆنیەتییەکەی گرنگە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، لە وڵاتێکدا کە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، سیاسەتڤانان و رۆشنبیران لەسەر بۆچوونەکانیان دەستگیر دەکرێن، کەس پڕۆسەی ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ بە هەند وەرناگرێت. ئێمە ئەم پرۆسەیە بە هەند وەرناگرین. دەستوور شتێک نییە سێ چوار پارتی لە پەرلەمان کۆببنەوە و دروستی بکەن. بەڵکو گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە.
پرسی داڕشتنی دەستووری نوێ ماوەیەکە لە کارنامەی تورکیادایە. ئەو دەستوورەی ئێستا تورکیا بەڕێوە دەبات لە ساڵی 1982 دوای کودەتای سەربازی ساڵی 1980 بە سەرکردایەتیی کەنعان ئەڤرەن ئامادە کراوە. دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن، یاساکە لە سەردەمی کودەتاکە بەجێماوە و پێویستە گۆڕانکاریی تێدا بکرێت.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە!