=KTML_Bold=پێویستیمان بە رێککەوتننامەیەکی دیکەی وەک واشنتۆنە=KTML_End=
#عومەر نورەدینی#
لە دنیای سیاسەتدا کۆتایی شەڕ و جەنگە خوێناوییەکان دەبنە سەرەتا بۆ رێککەوتن و ئاشتی، کۆتایی رێککەوتنەکانیش دەبنە سەرەتای قۆناخێکی دیکە لە جەنگ و شەڕ. رێکەوتی 17ی ئەیلوولی 1998 ئەو رۆژەی رێککەوتننامەی واشنتۆن لەنێوان پارتی و یەکێتی بەنێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەلایەن جەنابی سەرۆک #مەسعود بارزانی# و خوالێخۆشبوو #جەلال تاڵەبانی# لە واشنتۆن واژۆکرا و خاتوو مادلێن ئۆڵبرایت، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا وەک شاهید واژۆی کردووە، نموونەیەکی زیندووە بۆ کۆتایی شەڕی ناوخۆ و سەرەتای وێستگەیەکی گرنگی ئارامی و ئاشتی لە مێژووی سیاسیی هاوچەرخی کوردستاندا.
ڕێککەوتننامەی واشنتۆن کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی ژمارە سێی رۆژی 15-2-2002 پەسەندکرا و رەوایی پەرلەمانی پێدرا، چەندین لێکەوتە و دەرهاویشتەی باشی بۆ گەل و قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خۆی هێنا، لەوانە:
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= بەرجەستەکردنی زەوینەی سیاسی گونجاو و هێنانە ئارای هاوهەڵوێستی و یەکگرتوویی گوتار رەفتاری سیاسی بۆ رووخاندنی رژێمی #بەعس#ی شۆڤێنی لە عێراق.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= باڵکێشانی ئارامی و سەقامگیری سیاسی و ئاسایش لە هەرێمی کوردستان و زیاتر بووژانەوەی متمانەی سیاسیی جەماوەر بە سەرکردایەتیی سیاسی و حیزبە سیاسییە باڵادەستەکانی هەرێمی کوردستان.
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End= یەکگرتنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لە کار و چالاکیی پەرلەمانی کوردستان بە بەشداری هەموو فراکسیۆنەکانی ئەوکات.
=KTML_Bold=چوارەم:=KTML_End=چالاکتربوونی رەوتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان.
=KTML_Bold=پێنجەم:=KTML_End=مسۆگەریی بەردەوامبوونی پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان، ئەوکات وڵاتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بە شێوازی جۆراوجۆر خۆشحاڵی و پشتیوانییان بۆ رێککەوتننامەکە و پرۆسەی ئاشتەوایی نێوخۆی کوردستان دەربڕی.
=KTML_Bold=شەشەم:=KTML_End= مانەوە و بەهێزبوونی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی دەرهاویشتەکانی شەڕی ناوخۆ، ئەوەندە هەڕەشە و مەترسیی لەسەر بوو، لە دۆخی نەمان و داڕووخان نزیک ببووەوە.
سرووشتی رێککەوتننامەی واشنتۆن لە دنیای رێککەوتننامە و پەیماننامەکاندا تایبەتمەندیێکی دەگمەنی هەیە ئەویش ئەوەیە؛ یەکەم جار بوو لە مێژوودا لەسەر دەستی دەوڵەتە سەرکردەکەی سیستەمی جیهانی نوێی ئەوکات، واتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، نێوەندگیری و ناوبژیوانی لەنێوان دوو پارتی سیاسیی نەتەوە و گەلێکی بێدەوڵەت لەنێو دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری کە عیراق بوو، بکات و خۆشی وەک شاهید واژۆ لەسەر رێککەوتننامەکە بکات.
لە خوێندنەوە بۆ رێککەوتننامەی واشنتۆن و بەستنەوەی بە رێڕەوی مێژوویی ئەوکات و گرێدانی بە بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستانەوە، دەگەینە هەندێ دەرەنجامی بەنرخی وەک:
1- هەرچەندە ئەمڕۆ شوکر بۆخوا شەڕی ناوخۆ لە ئارادا نییە، بەڵام ئێستاش وەک ئەوکات هەڕەشە و مەترسی مانەوە لەسەر هەرێمی کوردستاندا هەن و بەشێکیان زادەی پەرشوبڵاوی و ناتەبایی سیاسی ناوخۆن، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسییانە و تێپەڕاندنیان و مسۆگەریی مانەوە و بەهێزبوونی قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان، پێویستیمان بە رووح و مانا و جەوهەری رێککەوتننامەی واشنتۆنە.
2- سیاسەت و هەڵوێستی هاوبەش لەنێوان حیزبە سیاسییەکان، تەبایی و یەکگرتوویی سیاسیی ناوخۆ و رێکخراوبوونی نێوماڵی سیاسی کوردستان، بوونی ئامراز و بەرنامەی هاوبەش بۆ هێنانەدیی ئامانجی ستراتیژی، تەنیا درووشمی بێ نێوەڕۆک و روانگەیەکی رووتی ئایدیاڵیستانە نییە، بەڵکو واقیع و ئەزموون سەلماندوویەتی کە ئەم درووشم و روانگە سیاسییە، بزاڤی سیاسیی کوردستان و قەوارەکەی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەکی بەهێز دەکەن و بۆ هەموو حیزبە سیاسییەکان، هەموو پێکهاتەکان، هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان باش بووە و باش دەبێت.
ئێستا مانەوە و بەهێزبوونی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان ئەوە لە پارتی و یەکێتی و سەرجەم حیزبە سیاسییەکانی کوردستان دەخوازێت، کە بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی رێککەوتننامەی واشنتۆن و واقعی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستانی گوشراو، لە فۆرمێکی دیکەدا و لەسەر بنەما و ئامراز و ئامانجی نوێ و لە چوارچێوەیەکی سەردەمییانە رێککەوتننامەیەکی دیکەی مێژوویی ببەستن.
سەرکەوتن لە هێنانەدی ئاشتی و تەبایی نێوخۆیی و دەستپێوەگرتنی، وەک سەرکەوتن لە جەنگ و شەڕدا دژوار و زەحمەتە، بەڵام مەحاڵیش نییە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=